Skip to Content

لە بارەی ئەزموونی شیعرییەوە.. ستیڤان شەمزینی

لە بارەی ئەزموونی شیعرییەوە.. ستیڤان شەمزینی

Closed
by ئازار 12, 2021 General, Literature

شاعیرەکان لە دایک دەبن، بەڵام هەرگیز نامرن

هەرچەند بە پێویستی نازانم، کەچی ئەنگێزەیەک لە ناوەوە پاڵم پێوە دەنێت شتێک لە بارەی ئەزموونی خۆمەوە بخەمە بەر دیدی خوێنەران. لێ راگەیاندنەکان کەمترین گرنگیان بە بەرهەمەکانم داوە، بەڵام ئەمە هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەکردۆتە سەرم، بایەخ پێنەدان و ئاوڕنەدانەوە لە دەق و کتێبەکانم بەڵگەی بێ کەڵکی بەرهەمەکانم نین بە قەدەر ئەوەی نیشانەیە بۆ مۆنۆپۆڵکردنی کایەی رەخنەیی و میدیایی لەلایەن پێڕە رۆشنبیریی و حزبییەکانەوە، بەو هۆیەی نە حزبیم، نە حەواسی ئەوەم هەیە بچمە تەکەتولە رۆشنبیرییەکانەوە، هەمیشە لە پەڕاوێزێکەوە ئاوازی خۆم دەژەنم. بیرمە چەند ساڵێک بەر لە ئێستا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا گووتم “من رۆژنامەوانێکی جیدیم لە زەمەنێکی ناجیدیدا”. رەنگە پاش ساڵانێک، ئەو مافە بەخۆم بدەم، بڵێم لە رۆژنامەوانێک زیاترم، جا بۆ ئەوەی بزانم چیم، دەبێت سەرلەبەر لە ئەزموونی خۆم بڕوانم، هەرچەند جارێ ئەو دەرفەتەم بۆ نەڕەخساوە.

ئەوەی ئامانجمە لێرەدا، باسی شیعر نییە بە ئەبستراکتی، یان پێشکەشکردنی چەند تیۆرییەک نییە لە هەمبەر شیعر، ناشخوازم بچمە ناو پێناسە خودییەکانم بۆ چەمکی شیعر و شیعرییەت. ئەوە هەڵدەگرم بۆ کاتێکی تر. دەمەوێت لە بارەی ئەزموونی خۆمەوە هەڵوەستە بکەم. دەربارەی ئەزموونی خۆم بدوێم بەشێوەیەکی کورت و خێرا. ئەگەرچی لە سەرەتای لاوییەوە ئەکتیڤستێکی کۆمەڵایەتی و جەماوەریی و کادری حزبێکی چەپ بووم، بەڵام هەمیشە و زیاتر لە هەر شتێک بە خوێندنەوەوە سەرقاڵ بووم، پاشتر و دوای ئەزموونێکی زۆری خوێندنەوە و تێڕامان لە دنیا بڕیارمدا بنووسم. یەکەمین نووسینەکانی من بە وتار و ریپۆرتاژی رۆژنامەوانی دەستیان پێکرد، بێ ئەوەی نکۆڵی لەوە بکەم لە تەمەنی دە ساڵاندا شیعری کێش و سەرواداری سادەم دەنووسی، ئەوانە هیچ کات بڵاونەکرانەوە و بە ساوایی ژیانیان لە دەستدا. لە بواری کاری رۆژنامەوانیدا ساڵانێکی زۆرم بەسەر برد و ماوەی یانزە ساڵیش وەک سەرنووسەری چەندین گۆڤار و رۆژنامە کارم کرد، ئەمەش بۆشاییەکی گەورەی خستە نێوان من و کاری ئەدەبییەوە.

گەڕانەوەم بۆ لای ئەدەب، یان جیهانە راستەقینەکەی خۆم، زیاتر لەو کاتەوە دەستپێدەکات تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووم، لەگەڵ ئەوەی بە پرۆسەیەکی سەختی چارەسەرکردندا تێپەڕیم “بە ئێستاشەوە هەر بەردەوامم لە چارەسەرکردن”، بەڵام دوورکەوتنەوەم لە کاری رۆژنامەوانی ئەو دەرفەتەی خستە بەردەستم، بتوانم لە کایەی ئەدەبییدا بە نووسینی شیعر قۆناغێکی تر یان سەردەمێکی تازە لە ژیانی رۆشنبیریی و نووسین دەستپێبکەم. نووسین بۆ من لە هەر شتێکی تر زیاتر بایەخی هەبووە، هەڵبەتە خوێندنەوە لە نووسین زیاتر گرنگی و حزوری هەبووە لام. جارێکیان لێیان پرسیم بۆچی دەژیت؟!. ئەوەی چاوەڕێ نەبوون ئەم بەرسڤە بوو: “دایکم بۆ ئەوە پەروەردەی نەکردم لە غەریبیدا ون بم، باوکیشم بۆ ئەوە گەورەی نەکردم لە دەرەوەی نیشتمان ببمە کرێکارێکی بێدەنگی دەستی کاپیتالیزم. من بۆ ئەوە پەروەردە و گەورە بووم بنووسم”.

زۆجار ئەو هەستەم بۆ دروست دەبێت، وەک “ژاک درێدا” پێداگریی لەسەر دەکرد بەوەی هەموو شتێک گووتراوە. لەبەر خۆمەوە دەمگووت شتێکی تازە نەماوە بینووسم!!. زۆرجاریش دڵنەواییم لە “بلانشۆ”ەوە وەردەگرت بە جەختکردنەوەی لەسەر ئەوەی دەبێت شتە گووتراوەکان بە فۆرمی جیا جیا بڵێینەوە. لەم سۆنگەوە وێڵی فۆرم و سەبکێکی شیعریی بووم تایبەت بێت بەخۆم، نازانم چەند سەرکەوتوو بووم لەمەدا، بەڵام هەموو هەوڵی خۆم لەمەدا چڕ کردەوە. هیچ نەبێت بە فۆرمێکی کوردانەی تایبەت بنووسم. بەشێوەیەک پۆڵێنکردنم لەسەر رێبازێکی ئەدەبی دیاریکراو ئەرکێکی قورس بێت. لەمەدا دەبوو ئەدەبی کلاسیکی کوردیی تا ئەندازەیەکی باش وەلانێم، نەک لەبەرئەوەی کۆن بووە، بەپێچەوانەوە لەو بڕوایەدام نوێگەریی هەمیشە قاچێکی لەناو کۆندایە، بەڵکو بەو هۆیەی شیعری کلاسیکی ئێمە سەر بە کولتووری عەرەبییە، زۆرینەی شاعیرانی کلاسیک جگە لە موفرەدات، تەنانەت کێشی عەرەوزی عەرەبیان بەکارهێناوە. لێ پاشخانی رۆشنبیریی ئێمە تەنێ شیعرە، داخەکەم بۆ ئەوەی شیعرێکی تەواو کوردیی بنووسیت، جگە لە باباتاهیری عوریان و خانی ناتوانیت کەڵک لە هیچ شاعیرێکی تر وەربگریت تا دەگاتە سەردەمی “گۆران”.

تۆزێکی تر دەگەڕێمەوە دواوە بۆ ئەوەی لە باسی ئەزموونی تایبەتی خۆم دوور نەکەومەوە، هەرچەند لە گەنجیدا چالاکوانێکی مارکسیست بووم، چەپڕەوێکی مەکتەبی بووم، ئەمەش هیچ کات نەبووە هۆکاری ئەوەی پاسیڤ بم لە بواری کاری مەیدانی و جەماوەرییدا، لەگەڵ ئەوەی مارکسیزم، فەلسەفە و رێبازێکی هیوابەخشە، ئێمە بە حوکمی ئەو فەزا و هەلومەرجە کەوتبووینە ژێر رەشبینییەکی سەیرەوە، کە لە گروپی “رەهەند”ەوە هەژموونی کردبوو بەسەر ئێمەی چەپڕەویشدا. کەم نەبوون ئەو گەنجانەی خۆیان کوشت یان بیریان لەخۆکوشتن دەکردەوە، لە باشترین حاڵدا نیشتمانیان کردە جانتای سەفەرەوە و بەرەو هەندەران ملی کۆچێکی نادیاریان گرتە بەر. وەک شەخسی خۆم، چەندان جار ختوورەی خۆکوشتن بەناو مێشکمدا گوزەری دەکرد، بەتایبەت دوای ئەو تێکشکانە مەزنەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لە ساڵی 2000دا، کە بەهۆی پەلاماردانی میلیشیاکانی یەکێتییەوە روویدا، ئەوەی پەشیمانی دەکردمەوە نووسین بوو، لێ لە سەرەتای پرۆسەی نووسیندا بووم، بەڵام ئەوە هیوای دەدامێ، ئەگەر ئەو تێکشکانە ئێستاکە بوایە کە خاوەنی چەندان کتێبی چاپکراوم، بێ دوودڵی خۆکوژیم دەکرد، چون ئیدی نووسینیش وەک هیوایەک خۆی نیشان نەدەدا، لەبەرئەوەی ئەودەم لە سەرەتادا بووم، دەبوو بگەمە ئەمڕۆ، ئەو هیوایە زیندوو رایگرتم.

لەم ساتەدا وتەیەکی “سلاڤۆی ژیژەک” وەک بروسکە بە مێشکمدا تێدەپەڕێت: “نووسین ژیانی رزگار کردم، ساڵانێکی زۆر لەمەوبەر بەهۆی کێشەی تایبەتی عەشقەوە، بۆ ماوەی دوو هەفتە لە دۆخی خۆکوشتندا بووم، بە خۆم دەگووت: دەتوانم خۆم بکوژم، بەڵام دەقێکم هەیە دەبێت تەواوی بکەم، سەرەتا تەواوی دەکەم دواتر خۆم دەکوژم!، پاشتر دەقێکی تریش دروستبوو، ئیتر بەو جۆرە بەردەوام بووم، ئەوەتا هێشتا هەم”. هەر لە راستیدا خۆکوشتن زیاتر پیشەی نووسەرانە، ئەوسا بیرم لە خۆکوشتن دەکردەوە!!، هەندێ هاوڕێ پێیان دەگووتم تۆ رۆشنبیریت چۆن ئەو کارە دەکەیت؟ لێ کەمترین بڕوام بەو قسەیان هەبوو سەبارەت بە رۆشنبیربوونم، هاوکات دەیترساندم، چون خۆکوشتن لە ناو رۆشنبیراندا بەرچاوترە وەک لە رەشۆکەکان، بەو پێیەی راددەی هۆشیاریی و هەستیارییان بەرزترە. ئەی کەواتە چۆن خۆم نەکوشت؟. وەک وتم لەبەرئەوەی چەند پڕۆژەیەکی نووسینم لە ئەجیندا دانابوو. نووسینە رۆژنامەوانییەکانم لە خۆکوشتن رزگاریان کردم. ئەی شیعر چی کرد؟. شیعر دنیای لا شیرینتر کردم، بە تایبەت لە هەنووکەدا بەدەم ناڵین و ئازاری شێرپەنجەوە تێکستە شیعرییەکانم بۆ ژن و ژیان دەنووسم.

لە دیتنی مندا، وەزیفەی شیعر گێڕانەوەی مرۆڤە بۆ رەسەنێتی خۆی، ئەگەرچی شیعرەکانم پەیوەندیی بەهێزیان بە نیشتمانەوە هەیە “بێ ئەنگێزەی ناسیۆنالیستی”، لەگەڵ ئەمەشدا خۆشەویستی پانتاییەکی فراوانی لە دەقەکانمدا داگیرکردووە. لە رۆژی ڤالانتاینی 2002دا لە دیدارێکدا “رەسوڵ هەمزاتۆڤ”ی شاعیری داغستانی، پێداگریی لەوە دەکات خۆشەویستی ئیلهامدەر و ژێدەری لە دایکبوونی شیعرە. زیاتر لەمەش دەڕوات و دەڵێت “شیعر بەبێ خۆشەویستی هیچ واتایەک ناگەیەنێت”. ئەمەش دووپاتکردنەوەی هەمان وتەکەی بوو لە یادی سەد ساڵەی فەرمانگەی تەلەفۆناتی وڵاتەکەیدا “شاعیرەکان یەکەمین پسپۆر بوون، ئەوان دڵی مرۆڤەکان پێکەوە دەبەستن”. خۆشەویستی بەشێوەی گشتیی، خۆشەویستی نێوان هەردوو رەگەز بە تایبەت، بۆ من ماتریاڵێکی شیعریی بووە، وەک خولگەیەک کۆی بەرهەمەکانم بە دەوری ئەو پرسەدا دەسوڕێنەوە.

بەدەر لەمە شیعر لە قووڵایی رۆح و هەستمدا وەک وزەیەکی نادیار هەبووە، لەو کاتانەشی خۆم تەرخانکردبوو بۆ کاری رۆژنامەوانی لە هەندێک وتاردا شاعیرانە قسەم کردووە، تەنانەت جارێک وتارێکی سیاسییم بە زمانێکی شیعریی نووسی، پاشتر زانیم ئەمە شیعرە نەک وتاری رۆژنامەوانی، نە توانیم وەک شیعر، نە وەک وتار بڵاوی بکەمەوە. ئێستاش ساڵی 1998م بیرە، منداڵێکی هەشت نۆ ساڵەی لاوازی چاو بە قوڵدا چوو، دەنگی گریاناویی رژایە ناو گوێیەکانم، لەبەردەم پیاوگەلێکی زۆردا بە کوڵ دەگریا، بە سینیەکەی لا کەمەرییەوە واقی وڕمابوو لە تاڵێتی ئەو هەموو ترۆزییەی دەبوو بیانفرۆشێت، تاکو بتوانێت مشتێ پارەی ئاسن دەست بخات بۆ کڕینی نیو کیلۆ ئارد و بیباتەوە بۆ ماڵەوە. ئەو دیمەنە هەستی بزواندم، ئاگری لە هەناوم بەردا. لێی چوومە پێش، پێم وت ترۆزییەکم بۆ قاش بکە ئەگەر تاڵ نەبوو، هەموو ترۆزییە تاڵەکانی تریش کە فڕێتداون بە هەمان نرخ لێت دەکڕمەوە، ترۆزییەکی بۆ قاش کردم، تۆزێک ترش و خوێی کرد بەسەردا، شانسی هێنا ئەمەیان تاڵ نەبوو، نەمدەویست فێری سواڵکردنی بکەم، بەڵام بەو فێڵە هەموو ترۆزییە تاڵەکانم بە نرخێکی شیرین و گەشانەوەی دەموچاوی مناڵەکە کڕی، دەستم کرد بە گیرفانمدا چوار پێنج دینار ئاسنم پێدا. ئەو سوپاسی کردم و رۆشت، نەیزانی ئەویش شتێکی زۆر گرانبەهای بە من بەخشی کە شیعر بوو، ئەوە یەکەمجار بوو دوای ئەو شیعرە وەزن و قافیەدارانەی لە منداڵیدا نوسیبوومن، خولیای شیعرنووسینم بۆ بگەڕێتەوە، لێ شیعرێک لە دایک بوو، هەروەک وتم بە هۆی ونبوونم لە کاری جەماوەریی و رۆژنامەوانیدا نەبووە هۆی بەردەوامی زیاتر. ئەمەش ئەزموونی دووەمی شیعرنووسینم بوو.

ئەزموونی سێهەمم لە رۆژی 18ی شوباتی 2011ەوە دەست پێدەکات. رووداوەکانی رۆژی حەڤدەی شوباتی سلێمانی زۆر کاریگەریی گەورەی لەسەر هەست و دەروونم جێهێشت، بۆیە لەو رۆژەدا شیعرێکم نووسی “لە کۆمەڵەی شیعری سۆناتای خۆشەویسیتیدا چاپ بووە”. ئەوەش بووە هۆی ئەوەی وردە وردە بگەڕێمەوە ناو جیهانە راستەقینەکەی خۆم، وەلێ ئەو شیعرە بڵاوکرایەوە، بەڵام چەند بارە بەهۆی خۆ تەرخانکردنم بۆ کاری رۆژنامەوانی بوارم نەبوو بە تەواوەتی خۆم بۆ شیعرنووسین یەکلایی بکەمەوە. جیاوازیی ئەم قۆناغە لەگەڵ ئەوانی پێشوو لەوەدابوو شیعرەکانم پاراست و زۆریان لە چوار کۆمەڵە شیعرییەکەی پێشوومدا چاپ بوون، “بەم نزیکانە لە نیسانی 2021 کۆمەڵەی پێنجەمی شیعرەکانم دەکەونە بەر دیدی خوێنەر” هەندێکیشیان هەر ماون، لە دیدی خۆمدا لەوە لاوازترن بخرێنە بەر چاوی خوێنەر. لەگەڵ تووشبوونم بە نەخۆشی شێرپەنجە، وردە وردەش دوورکەوتنەوەم لە کاری رۆژنامەوانی بواری ئەوەم بۆ رەخسا زۆرتر لەگەڵ شیعر بژیم. هەروەک هاوڕێیەک تێبینی کردووە، من تاکە شاعیرم لە منداڵدانی رۆژنامەوانییەوە هاتبێتمە دەرەوە، هەمیشە کردەکە پێچەوانە بووە، رەنگە ئەو تایبەتمەندییە زمانییەی منیش سەری لەو نهێنییەوە دەربچێت.

هەر بە دەستی ئەنقەستیش ناچمە سەر شەقامی هیچ رێبازێکی ئەدەبی، هەرچەند زۆرتر بە زمانی بێگانە دەخوێنمەوە، کەم تا زۆر ئاگاداری قوتابخانەکانی شیعرنووسینی خۆرئاوایی هەم، نامەوێت بکەومە حاڵەتی کۆپیکردن، بەڵکو گەرەکمە سەبکی شیعریم تەواو کوردیی بێ، مەگەر هەموو داهێنانی “گۆران” لە نوێکردنەوەی شیعری کوردیدا گەڕانەوە نەبوو بۆ کێشی پەنجەی کوردیی لە بری ئەو عەرەوزە بەرەگەز عەرەبییەی فەراهیدی دایهێنابوو؟. دێتەوە بیرم جارێکیان خانمە نووسەرێکی رۆژهەڵاتی کوردستان پرسیاری ئەوەی لێکردم ئاگاداری دنیای ئەدەبی دەرەوەی کورد هەم؟. چون بە قسەی ئەو، شیعرەکانم بە ئەندازەیەک کوردین وەک ئەوەی هیچ بەرهەمێکی بیانیی کاریگەریی بەسەرمەوە نەبێت!!. ئەم پرسیارە ئەگەرچی بە زمانێکی رووشێنەر بوو، کەچی خۆشحاڵیی پێبەخشیم، بەوەی خوێندنەوە و کاریگەربوونم بە ئەدەبی خۆرئاوایی و غەیرە کوردی، نەیتوانیوە وا بکەن شیعرەکانم مۆرکی کوردەواری خۆیان لە دەستبدەن و وەک لاسایکەرەوە دەربکەوم. ئاخر تۆ ئەگەر کاریگەر بوونت بە “فروغ” ئەوە بێت، کۆپی خەیاڵ و فۆرمی ئەو بکەیت، منی خوێنەر خودی “فروغ”م لەبەردەستە بۆ خوێندنەوە. ناچارنیم کۆپی بخوێنمەوە، مادام ئۆرگیناڵەکەی بە ئاسانی پەیدا دەبێت.

بابەتێکی تر دەمەوێت روونکردنەوەی لە بارەوە بدەم، تایبەت بە کتێبی شیعریی “سۆناتای خۆشەویستی” و کۆی کتێبە شیعرییەکانی پێشووشم. ئەویش دووبارەبوونەوەی چەند وشەیەکە، ئەم دووپاتبوونەوەیە هەژاریی زمان و فەرهەنگی وشە نییە، هێندەی ئەوەی مەغزای تری لە پشتە، یەکێک لەوانە جەختکردنەوەیە لەسەر بایەخی ئەو وشانە!. لێرەدا دەتوانین نموونەی هەردوو وشەی “دڵ و رۆح” وەربگرین وەک لە زۆرێک لە تێکستەکاندا چەندبارە بوونەتەوە. رۆح لێرەدا هەمان ئەو رۆحە نییە لە دیدی ئاینییەوە ئەنالیز کراوە، بەڵکو مەجازە و هەمان ئەو مێشکەیە سەرکردایەتی جەستە دەکات ئەمەش لە ژێر کاریگەریی ئەفلاتۆنیزمدا شکڵی گرتووە. دڵ لە دەقەکاندا دڵێکی سیمبولییە، نەک ئەو ئەندامەی لەش کە دەکەوێتە بەشی چەپی ژێر قەفەزەی سینگ. بەڵکو ئەو وزە چالاکەیە بەرپرسە لە هەستە مرۆییەکانمان، دەتوانم بڵێم هەمان ئەو ئێنرژییە پۆزەتیڤەیە زانستی نوێ زۆرترین جەختی لێ دەکاتەوە.

لە کۆتایشدا دەخوازم ئەوە بڵێم، زۆرترین دەقە شیعرییەکانی ناو هەر چوار بەرهەمە چاپکراوەکەم “1000 لاپەڕەن” لە نەخۆشخانە نووسراون، پشووە ئازاراوییەکانم خۆمم بۆ خوێندنەوە و نووسین قۆستۆتەوە. نیتچە هەمیشە دەیووت “کاتێک پشوو دەدەم دەست بۆ کتێبێک دەبەم”. منیش بەهەمان شێوە لە پشووی نێوان چارەسەرەکاندا دەخوێنمەوە، کاتی خەوتنم قاڕس دەکەم بۆ شیعرنووسین، شیعرگەلێک ئەگەرچی پۆڵێنکردنیان دژوارە بەڵام لە کن خۆم نازناوی شیعریان پێدراوە. جیاواز لەمەش هەموو زۆرینەی ئەو دەقانەی گەیشتوونەتە خوێنەر لەناو نۆتی هاندییەکەم یان لەسەر کاغەز نووسراون، تەنانەت ئەم نووسینە ناپێویستەش هەر لەناو نۆتی مۆبایلەکەمدا تایپ دەکەم، شاعیرێک نیم لەو فەزایەدا بژیم بە فەزای شاعیرانە ناسراوە، بیرکردنەوەکانم ئەگەر تاڵ و کورت نەفەسیش بن، نابێت ئەوەمان لە یاد بچێت مرۆڤ لەم کاتانەدا هێندەی بۆ ئارامی و سەقامگیریی بایۆلۆژیی دەگەڕێت، کەمتر بیری بە لای ئارامییە رۆحییەکانی خۆیدا دەچێت. جگە لەوەش هیچ کات پێداچوونەوە و پاکنووسێک بۆ دەقەکانم ناکەم، چونکە خۆم مەبەستم بووە چۆن لە دایک بوون، بەهەمان شێوەی سروشتی خۆیان بگەنە خوێنەر. تەنیا هەندێ هەڵەی رێزمانی و ئیملایی چاک دەکەم ئەویش هەر خۆم ئەم کارەم دەگرمە ئەستۆ، بۆیە لە بارەی هەڵەی چاپەوە داوای لێبوردن دەکەم، نەدەکرا لەبەر نەبوونی هەڵەبڕێک تا یارمەتیمان بدات، بەرهەمەکانم بۆ چاپ دوابخەم. ئەوەی ماوەتەوە بیڵێم، ئەمە توانای راستەقینەی ئەدەبی من نییە، بەڵام کێ دەڵێت ئەم نەخۆشییە یەخەمان بەر دەدات تاوەکو توانا شاراوەکانم بخەمە گەڕ؟ گرەنتی نییە، هەر لەم روانگەوە کتێبەکانم دەخەمە بەر دیدی خوێنەران.

ئازارى 2021

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress