مەرگی سێبەرەکان لە ئێوارەی کۆچدا.. پاڤێڵ ساڵح
جیهان ئەمرۆ لە چاوی من، کەنارێکی هێندە دوورە
تەنانەت مەرگیش لێرەدا، وەک نزا کز و ملوورە
لە نێوان تەم و ڕەشەبادا، هاژەی باڵی مەلێک دێت
دەڵێی ڕۆحی مرۆڤێکە و لە ناو عەرشدا بەدیلکراوە
ڕوونە وەک زەنگی تەنیایی، لە شوشە و زیوی شکاوم
دەنگی مەل نییە، هاواری مرۆڤێکی جێهێڵدراوە
لە ئاسمانێکی کڕ و مات، لەو پەڕی هۆشیاریی کاتدا
تەقەی شووشەی دڵێک دێت و کەچی کەسیش پێی نەزانیوە
بە تەنیا لەم ئێوارەیە، سوجدە بۆ کزیی تیشک دەبەم
تەمەن وەک مۆم کورت دەبێتەوە و لە ناو دەستما دەتوێتەوە
پاییز لێرە نییە ئازیز، پاییز لە ناو ڕەگی منە
بەم زووانە چراکەی منیش، لە ڕەشەبادا دەکوژێتەوە
ئازیزەکەم خۆزگە ماڵئاوایی فۆرمێکی تری هەبووایە، فۆرمێک کە تێیدا پێویستی نەکردبایە مرۆڤ جەستەی خۆی لێرە بەجێبهێڵێت و ڕۆحی ببات بۆ غەریبی
پاییز کە دێت گەڵاکان ناوەرێن ،ئەوە یادەوەرییەکانن کە لەبەر قورسیی خەمەکانیان چیتر لقی دارەکان ناتوانن بەرگەیان بگرن.
تراژیدیا ئەوە نییە کە دەڕۆیت ئەوەیە کە دەزانیت لە دوای خۆت، ئەو چاوانەی ڕۆژێک نیشتمانی تۆ بوون دەبنە گۆڕستانێکی سارد کە ناوی تۆیان تێدا نێژراوە
مرۆڤ کە دەڕوات، نابێتە تەپوتۆز، دەبێتە بێدەنگییەکی هێندە قورس کە گوێی زەمەن کەڕ دەکات
دەمەو ئێوارەیە و کۆچە، کە تۆ خەریکی ماڵئاوایی
دەمەو ئێوارەیە و کۆچە، کە تۆ دەست بەرداری منیت
هەموو دونیا غەرق بووە، لە نێو زەردەپەڕی تەنیایی
ئەوسایە کە تێدەگەیت، مرۆڤ وەک سێبەرێک وایە
هەموو شتێک بەجێدەهێڵێت و خۆشی لەناو کاتدا ون دەبێت
دەمەو ئێوارەیە، کاتێک تۆ لە من جیادەبیتەوە،
ساتەوەختی نوقمبوونی ڕۆژە لە نێو زەردەپەڕی قەتراندا.
ئەوسا تێدەگەیت کایەی ژیان چەند بێڕەحمە،
مرۆڤ پێش ئەوەی شوێنەکان بەجێبهێڵێت،
خودی خۆی لە ناو چاوی ئەوانەدا دەکوژێت کە جێیان دەهێڵێت.
تۆ دەبیت بە هیچ
منیش دەبم بە سێبەری ئەو هیچەی کە دوورکەوتەوە.
