لە ئاوێنەی غەریبیمەوە… دکتۆر ئەحمەد فاتح محەمەد
بۆ جەژنی قوربان…
بەیانییە…
تەمێکی قورس، قژی کێوەکانی ئەم وڵاتەی داهێناوە،
شەونم لەسەر گەڵای هەنارەکان نزا دەکات،
مەلای مزگەوتی گەڕەکیش، بە دەنگێکی ماندوو بەڵام تژی لە ڕۆح،
ناوی خودا بەسەر شەقامی خەواڵوودا دەبارێنێ.
ئەمڕۆ جەژنە…
بەڵام بۆ من، جەژن تەنها گۆڕینی بەرگی کۆن نییە،
جەژن، غەریبایەتییەکی قووڵترە لە ناو ماڵێکی بێدەنگدا.
ئەمڕۆ کۆڵانەکان پڕن لە دابەشکردنی شیرینی و دەنگەدەنگ و خۆشی ڕووکەشانە،
بەڵام لە ماڵی مندا، بێدەنگییەکی پیرۆز و قورس نیشتووە.
چۆن باسی جەژن بکەم، کاتێک بەرماڵەکەی دایکم کۆکراوەتەوە و
سێبەری باوکم، چۆڵ و کڕ ومات ماوەتەوە؟
ئەی خودای وشە و ڕووناکی!
ئەمڕۆ لەم ڕۆژەدا، کێ دەبێتە قوربانی؟
مێژوو دەڵێت: ئێمە مێژوویەکە خۆمان و حەسرەتمان دەکەینە قوربانی!
ئێمە، کە لە جیاتی هەموو شتەکانی تری دنیا،
خوێنی غەریبی، خوێنی یادگاری، و خوێنی تەنیاییمان
بەسەر بەردی ئەم ڕۆژگارە بێبەزەییەدا ڕشتووە.
ئەمڕۆ، من لە جیاتی دەستە کانی دایکم کە بۆنی نانی گەرم و خوانی ڕازاوەی لێدەهات،
بەرماڵی خەیاڵ ڕادەخەم ونوێژی شوکرانە دەکەم.
لە جیاتی تەسبیح وچاویلکەکەی باوکم کە جێماوە ،
دەنکە دەنکەی یادگارییەکانیان دەبژێرم و
لەگەڵ هەر دەنکێکدا، حەسرەتێکی قووڵ بۆ تێپەڕینی زەمەن هەڵدەکێشم.
ئەوان نەماون… بەڵام لە ناو هەموو دێڕێکی ئەم شیعرەدا، هێشتا پیاسە دەکەن.
منیش لێرەم…
تەنیام وەک موسافیرێکی جێماو لە وێستگەیەکی چۆڵدا،
شیعرێک بۆ جەژن دەنوسم.
شیعرێک کە لە جیاتی دیاری و شیرینی،
ماچ و ئاشتی و سەبوری بەسەر دڵە بریندارەکاندا دابەش دەکات.
ئەی ئەو کەسانەی لە پشت پەنجەرەی تەنیایی خۆتانەوە
سەیری ئەم جەژنە دەکەن و چاوتان لە جێ پێی ئازیزانتانە!
ئەی ئەو دڵانەی وەک پەلکە زێڕینە، دوای بارانی غەم، دەرکەوتوون!
جەژنتان پیرۆز…
با ئەم جەژنە، ببێتە جەژنی سەبووری بۆ دڵە تەنیاکان،
جەژنی ئاشتبوونەوەی مرۆڤ بێت لەگەڵ چارەنووسی خۆی.
جەژنتان هەر شاد بێت و
ڕۆحی ئازیزانتان هەمیشە غەرقی ڕووناکی… بێت.
