Skip to Content

كۆمه‌ڵگه‌… ته‌كنه‌لۆژیا… میدیا  په‌راوێزێك له‌ناو تێكستدا … نه‌ژاد عزیز سورمێ

كۆمه‌ڵگه‌… ته‌كنه‌لۆژیا… میدیا په‌راوێزێك له‌ناو تێكستدا … نه‌ژاد عزیز سورمێ

Closed
by ئازار 18, 2019 General, Literature


بیركردنه‌وه‌ له‌ پێشكه‌وتنی به‌ پلان دیواری ترس و دڵه‌ڕاوكێ ده‌ڕوخێنێ و سنووران واڵا ده‌كا و ده‌رگایان ده‌كاته‌وه‌ بۆ ناو ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی كه‌ ئێستا له‌سه‌ر زارو زمانانه ‌، مه‌به‌ستم (كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی)یه‌ ..
كه‌ باس له‌ پلان و نه‌خشه‌یش ده‌كرێ ، ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێ هه‌روا به‌ئاسانی و بێ گرێ و گرفت ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و قۆناخه‌… ئه‌مه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كه‌ كاری ده‌وێ ، كۆشش و و ماندووبوونی ده‌وێ…(جیدیه‌ت)ی له‌ بیروبۆچوون و هه‌ڵسوكه‌وت و هه‌وڵدان بۆ خۆ ده‌ربازكردن له‌ گومان و ڕاڕایی و خۆپه‌رستی له‌ سنووران به‌ده‌ر و پاشماوه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی دواكه‌وتوویی به‌ گیانی ئینتیمای گه‌ره‌كه‌.


ئه‌گه‌ر ( تاقه‌تت هه‌بێ ) بیری لێ‌ بكه‌یه‌وه‌، ئێمه‌ حاڵی حازر له‌ گه‌لێك بواری جیاجیادا ته‌كنه‌لۆژیای نوێمان له‌ده‌سته‌ به‌ تایبه‌تی له‌ بواری پێكگه‌یشتن و گه‌یاندندا ، به‌ڵام با بپرسین تا چه‌ند توانیمانه‌ له‌گه‌ڵ مه‌ودا و ڕه‌هه‌نده‌ پێشڤه‌بڕ و پاشڤه‌بڕه‌كانیدا بێینه‌وه‌… باس لێره‌وه‌ دێته‌ گۆڕێ ، ئێمه‌ به‌ كولتوور و بیركردنه‌وه‌ی قۆناخی شوانكاره‌یی و كشتوكاڵییه‌وه‌.. هاتووین چووینه‌ پێش كۆمپیوته‌ر و ناو تۆڕی ئه‌نته‌رنێت وسواری پێشكه‌وتووترین ئۆتۆمبیل بووین!
تۆ ته‌ماشا میدیاشمان به‌هه‌مان پێوه‌ر چووته‌ ناو تونێلیك تا ئێستا ئه‌وسه‌ری دیار نییه‌… ئه‌و ڕوناهییه‌ی ناو تونێلیش كه‌ به‌رپێی خۆمانی پێ ده‌بینین ، ڕوناهی ده‌سكرده‌، شه‌وقی ئه‌و گڵۆپانه‌یه‌ تێیدا هه‌ڵكراون… تونێل كه‌ ڕوناهیه‌كی ناگاتێ… چ جای ئه‌وه‌ی ئه‌وسه‌ری دیار نه‌بێ… له‌وه‌ش سه‌یرتر ، له‌و ساته‌ی هه‌ستی له‌خۆڕازیبوونمان له‌ ئاست كار و كرده‌وه‌كانمان كز ده‌بێ‌ ، هه‌ر له‌و كاته‌دا خه‌یاڵی خۆدیده‌یی دامانده‌گرێ و به‌جۆرێك خۆمان لێ‌ ون ده‌بێ‌ به‌رپێی خۆیشمان نابینین…


ئه‌م وڵاته‌ی ئێمه‌ كه‌ له‌ قسان هه‌ر له‌دێره‌وه‌ بێشكه‌ی شارستانییه‌ت بووه‌ ، كه‌ به‌ڕاستیش هه‌روا بووه‌ ، ئه‌وه‌ قسه‌ی من نییه‌ ، كنه‌و پشكنینه‌ ئاركیۆلۆژیه‌كان وایان سه‌لماندوه‌، ئایا ئێمه‌ ڕۆژێ له‌ ڕۆژان له‌ خۆمان پرسیوه‌ ، ئه‌و هاوسه‌نگییه‌ چۆن و بۆ تێكچوو… ئه‌و باڵانسه‌مان بۆ پێ ڕانه‌گیراوه‌..؟
ئایا ڕاسته‌ ئۆباڵی هه‌موو هه‌وڵه‌ سیزیفیه‌كانمان هه‌میشه‌ بخه‌ینه‌ پاڵ خه‌ڵكی تر وفاكته‌ری دیكه‌ی ده‌ره‌وه‌ی خۆمان؟
به‌رابه‌ر پرسێكی ئاوه‌ها ، ڕه‌نگه‌ دیسان قه‌وانه‌ كۆنه‌كه‌ی نه‌بوونی ئازادی و چی و چی لێبده‌ینه‌وه‌… لێره‌شدا باس نه‌ له‌ ئازادی ڕه‌هایه‌، كه‌ له‌ هیچ كونجێكی ئه‌م دنیایه‌دا نییه‌ و نه‌ له‌ ئازادی به‌قه‌دخۆ… باس له‌و په‌راوێزه‌یه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ ده‌زگاكانی میدیا هه‌یانه‌و تا ئیستا نرخی نه‌زاندراوه‌…. یا به‌ واتایه‌كی دیكه‌ به‌رهه‌ستیی ئه‌و ده‌زگایانه‌ له‌ به‌رابه‌ر ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵك نه‌گه‌یوه‌ته‌ ئه‌و ڕاده‌یه‌ی شتان له‌ واقیعی خۆیاندا بخوێنینه‌وه‌ نه‌ك به‌ چاویلكه‌ی واقعێكی نامۆ و وێكنه‌چوو ، هه‌ر ئه‌وه‌یشه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ چاره‌نووسسازه‌كانی له‌ مامه‌ڵه‌دا له‌به‌رچاوان دوور ڕاگرتووه‌ ، به‌ نموونه‌ ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌ی به‌ ئه‌زموونی كوردستان ناسراوه‌ به‌ هه‌موو ڕه‌هه‌ند و مه‌وداكانییه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌و ته‌نكه‌ته‌مه‌ نائومێدییه‌ش وای لێ ‌ده‌خوێندرێته‌وه‌ له‌به‌ر ئاستانه‌ی وه‌چه‌رخانێكی تازه‌دا بێ‌ ، پێشهاته‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كان له‌وێنه‌ی دووڕیانێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ له‌ ئاسۆدا ده‌رده‌كه‌ون…


بێگومان وه‌ختێ كار ده‌گاته‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی له‌و ڕه‌نگه‌ ، ڕه‌خنه‌ و ئیرادیشمان لێی هه‌بێ ، به‌شێكی به‌رپرسیاریه‌تی هه‌نگاوهه‌ڵێنان و هه‌ڵوێست وه‌رگرتن ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی هه‌ڵسوڕاوانی میدیا و ده‌زگاكانی ، به‌تایبه‌تی له‌وه‌ی ده‌چێته‌وه‌ ناو هه‌ر دوو بواری په‌روه‌رده‌ و ته‌ندورستی كه‌ ڕۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ و ستراتیژی له‌ بینای ئینساندا ده‌گێڕن… ڕێگایه‌كی ترمان له‌به‌رده‌مدا نییه‌ ، یا ده‌بێ هه‌بین ، یا هه‌بین… ئه‌م ئه‌زموونه‌ به‌ هه‌موو لایه‌نه‌ پۆزه‌تیف و نێگه‌تیفه‌كانییه‌وه‌ ئاسان نه‌هاتووه‌ ( باوه‌كو كه‌موكورتییه‌كان به‌ری ئه‌م ڕاستییه‌شیان گرتبێ‌ ) هه‌زاران ڕۆڵه‌ی دڵسۆزی دیار و نادیار تا ڕاده‌ی خۆفیداكردن بۆی ، پێوه‌ی ماندوو بوون .. خۆنه‌بان كردن لێی ، به‌هه‌ندنه‌گرتنی مێژوو و وه‌ك هه‌میشه‌ نه‌خوێندنه‌وه‌ی په‌ندو عیبره‌ته‌كانیه‌تی..


هه‌رگیز ڕۆژگاره‌چاره‌نووسسازه‌كان به‌ كه‌مته‌رخه‌می و بێموبالاتی و سه‌رقاڵ كردنی نه‌وه‌ی نوێ‌ ( كه‌ سبه‌ی به‌رپرسیاریه‌تی چاره‌نووسسازیان ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ ) به‌ ڕووكه‌شایه‌تی و چاوله‌ده‌ری و خۆنه‌خوێندنه‌وه‌وله‌ده‌ستدانی متمانه‌ و ئینتیما و دواخستنی له‌وه‌ی پێویسته‌ دوانه‌خرێ‌ تێناپه‌ڕن..
ده‌زگاكانی میدیا هه‌قه‌ ئه‌مڕۆ له‌ شایانترین شێوه‌یدا سوود له‌و په‌راوێزه‌ به‌رده‌سته ‌بۆ هه‌موو ئه‌و پرس و ڕوانینه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی له‌ گۆڕێن وه‌ربگرن ، ئه‌وان به‌ هه‌ر ئاراسته‌یه‌كدا بڕۆن یاخود له‌ هه‌ر كه‌نارێكدا بگیرسێنه‌وه‌ ، له‌سه‌ریانه‌ ئه‌گه‌ر پێشزانییه‌كیان هه‌بێ بۆ ڕه‌وتی ڕووداو و پێشهاته‌كان له‌ به‌شداری پێكردن و به‌رچاوڕوونی و خه‌ڵك باخه‌به‌ر كردن نه‌وه‌ستن ، چونكه‌ هه‌ر ئه‌وه‌یان بۆ ده‌مێنێته‌وه‌ و سیمایان له‌و ڕیكلامانه‌ جوانتر و سه‌رنجڕاكێشتر ده‌رده‌خا ‌ بڵاویان ده‌كه‌نه‌وه‌ .


گرینگه‌ ئه‌و ده‌زگایانه‌ له‌ كاره‌كانیاندا هه‌وڵ بده‌ن بڕیاربه‌ده‌ستان ڕووه‌ شاراوه‌كان له‌ وه‌كو خۆی ڕوونتر ببینن.، به‌ڵام گرنگیشه‌ له‌ ئاست و پێكهاته و هاوكێشه‌كانی ئێستای كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واریدا ئه‌مه‌ بكه‌ن با گریمان دیمه‌نێكی تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵیش بنوێنێ‌…
ئه‌وه‌ ئێمه‌ین كڵاشیش ده‌دروین و ئه‌نته‌رنێتیش به‌كارده‌هێنین و سیاسه‌تیش ده‌كه‌ین و دیپلۆماتكاریشین و نه‌خوێنده‌واریشین و سواری نوێترین ئۆتۆمبێلیش ده‌بین كه‌ دوا ته‌كنیكی تێدایه‌ ، ئاژه‌ڵ و په‌له‌وه‌ر و ته‌ماته‌و خه‌یاریش له‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌هێنین ..!
ئه‌وه‌ ئێمه‌ین له‌ پێناوی بوونی خۆماندا نانی وشكمان خواردووه‌ و بێكه‌س به‌چۆل و چیایان كه‌وتووین ، ئێمه‌ین ڕۆژگاره‌ تاڵكانمان له‌بیر ده‌كه‌ین و هیوامان پشت گوێ‌و ئاینده‌مان ڕۆژێ‌ به‌ چاو و زه‌ینی خۆمان نه‌بینیوه‌ ، هه‌ر ئێمه‌شین ده‌بین به‌ هاوپه‌یمانی زلهێزه‌كانی دنیا ، كه‌ دیسان به‌پێوانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی ، جارێ‌ فه‌رشی سوورمان بۆ ڕاده‌خه‌ن و جارێ‌ پشتمان تێ‌ ده‌كه‌ن و بكوژ و ببڕانمان تێبه‌رده‌ده‌ن .


ئێمه‌ وا ده‌خوازێ‌ هه‌وڵ بده‌ین هاوكێشه‌ تازه‌كان به‌ چاوی ئه‌مڕۆ ببینین و بڕیار بده‌ین هه‌موومان پێكه‌وه‌ بژین نه‌ك یه‌ك یه‌ك ، ئه‌وه‌ مێژوو و پێشهاته‌كانی ڕابردوومانه‌ ئاماژه‌ی مه‌ترسییه‌كانمان پێ‌ ده‌ڵێ تا ئه‌گه‌ر سبه‌ینێ حسابێكمان پڕ به‌ هه‌ناسه‌ی خۆمان ، پاش ئه‌و هه‌موو زوڵم و غه‌دری ڕابردوو بۆ نه‌كرا كه‌ مافی ڕه‌وای خۆمانه‌ ، تین و تاوی ئه‌وه‌مان تێدا بێ‌ ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ ڕووی میواننه‌وازییه‌وه‌ یا له‌ خۆنه‌دیتن یا پاراستنی چه‌ند به‌رژه‌وه‌ندیه‌كی كاتی بێهووده‌ ، بێده‌نگی لێ كراوه‌ ، به‌هۆی زۆر ئه‌گه‌ر كه‌ بێگومان له‌ مووقه‌ڵێشان ون نین ، هه‌ر وا نه‌مێنێته‌وه‌…

Previous
Next
Kurdish