Skip to Content

فلاشباک- 20.. لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە.. ستیڤان شەمزینی

فلاشباک- 20.. لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە.. ستیڤان شەمزینی

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 21, 2021 General, Opinion


بەشی بیست

ئێستا کاتژمێر چواری عەسرە، دوێنێ لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی دەرچووم، پاش ئەوەی سێ رۆژ لەوێ مابوومەوە، بەهۆی ئەوەی لەلایەن گروپێک لە ئیسلامییەکانەوە بە سەرپەرشتی “فەرهەنگ نامۆ” لە نزیک گۆڕستانی شێخ محێدین “پشت مۆزەخانەی سلێمانی” بە چەقۆ هێرشم کرایە سەر، لە دوو لاوە برینداریان کردم، ئەمە زنجیرەیەک رووداوی بەرنامە بۆ داڕێژراوە دژی کۆمۆنیستەکان. سێ رۆژ بەر لەو رووداوەی من، هاوڕێی کۆمۆنیستمان “فەرهاد فەرەج”ی نووسەر و سەرنووسەری رۆژنامەی “پەیڕەو” لە شەوی 17-10 ماڵەکەی خۆیدا بە دەمانچەی بێدەنگ تیرۆر کرا. تیرۆری کۆمۆنیستەکان لەهەشت ساڵی دوای راپەڕینەوە بۆتە دیاردەیە. چوونکە هەردوو لایەنی ئیسلامی و ناسیۆنالیزم، ئەجیندای چەپ بە هەڕەشە لەسەر ئایندەی سیاسیی خۆیان ئەبینن.
پێشتریش لەلایەن “فەرهەنگ نامۆ”ەوە هەڕەشەی کوشتنم لێکرابوو، کە چەندان گەنجم لە گەڕەکەکەی ئەو و ناو مزگەوتەکانەوە هێنایە دەرەوە و بە بیری چەپ و کۆمۆنیزم هزرم رۆشن کردنەوە. زیاتر لە پەنجا گەنجم تەنیا لە گەڕەکی سەهۆڵەکە و شێخ محێدین لە دەوری حەلقەکەی خۆمان کۆکردۆتەوە کە هەندێکیان زۆر چالاکن لە نموونەی هاوڕێیان “سۆزدار، خالید ئەژی، دۆستی کەمال، بەهادینە سوور، نەوشیروان، نەوزاد مام حەسەن”. ئەمانە بەشێکیان پێشتر هاتۆچۆی مزگەوتیان ئەکرد، بەڵام ئێستا لە چالاکترین کۆمۆنیستەکانن، چالاکترین خوێنەرەکانن، ئەوان سەرەتا بەهۆی منەوە بوون بە کۆمۆنیست، بەڵام هەنووکە لە خۆم چالاکتر فەعالیەتی سیاسیی و رۆشنگەریی ئەکەن. ئەوەش بووە هۆی تەقینەوەی تووڕەیی ئیسلامییەکان لە بەرامبەرم.
هۆکارێکی تریش ئەوەیە، سەرەتای ئەمساڵ کاتێ ئەندامێکی سەرکردایەتی بزووتنەوەی یەکبوونی ئیسلامی کە وا بزانم جێگری وەزیری ئەوقافیشە لە بڵندگۆی مزگەوتی “عوسمانی کوڕی عەفان” لە گەڕەکی شێخ محێدین، وتاری ئاگرینی ئەخوێندەوە بۆ سەدان هەرزەکار و تێیدا فەتوای کوشتنی کۆمۆنیستەکانی ئەدا، سەدان گەنجی بەنجکراو بە تریاکی ئاین حەماس گرتبوونی،. تیمەکەی ئێمەش بڕیارماندا بچینە ناو مزگەوتەکە و دەمکوتی بکەین، تیمەکەش پێکهاتبووین لە”عەباس، خالید ئەژی، هەڵکەوت کۆنفۆ، سۆزدار، خۆم”. بەهۆی ئەوەی کارەبا نەبوو بە پاتری ئۆتۆمبیلیش بڵندگۆکەیان خستبووە کار، دوو لۆکز هۆڵی مزگەوتەکەی رووناک ئەکردەوە، عەباس چووە ژێر دانەیەکیان، سۆزداریش چووە ژێر ئەویتر. خالید و هەڵکەوت کۆنفۆ و من چووینە نزیکی مەلاکە، کە دە دوانزە چەکداریش پاسەوانیان ئەکرد. کۆدی ئێمە ئەوەبوو کە کەوتنە هاوار هاواری تەکبیر، سۆزدار و عەباس لۆکزەکان بکوژێننەوە و ئێمەش پەلاماری مەلا بدەین.
هەر بەو جۆرە بوو کاتی مەلا وتی “ئەبێ رەگی ئەو کۆمۆنیستە مەلعونانە لە ریشەوە دەربکەین، بۆ ئەوەی بزانن ئوممەتی ئیسلام و کوردی موسڵمان قبوڵیان ناکا”. عەباس و سۆزدار خێرا پڕیان دایە لۆکزەکان و کوژاندیانەوە ئێمەش بە مشتەکۆڵە و شەق کەوتینە سەر دەموچاوی مەلا، لە هەر چوار لاوە بووە بە تێکڕژان و میلی چەک راکێشان، بەڵام بە خێرایی کارەکەمان ئەنجامدا و بەرەو دەرگای سەرەکی مزگەوتەکە هەڵاتین. کە هاتینە دەرەوە “سمکۆی تەهای سەید عەلی” کە هاوڕێمان بوو بەڵام کۆمۆنیست نەبوو، ئێمەی بینی و بەهۆی ئەوەی باوکی ئەفسەرێکی باڵا بوو، هەمیشە چەکی پێبوو، کڵاشینکۆفێکی مزەلی پێبوو کە مەخزەنی هەفتا و پێنجی لەسەر بوو، میلی راکێشا رووەو مزگەوتەکە تا ئێمە دوور کەوتینەوە، ئیتر بەو جۆرە دەرباز بووین، دواتر هەواڵمان بۆ هات کە مەلاکەمان باش وێران کردووە.
لە تۆڵەی ئەمەدا ویستیان بە چەقۆ لەناوم ببەن، “فەرهەنگ نامۆ” کە ناسیاویشمان هەیە، باشترین تیرۆریست بوو ئەو کارەیان پێ سپاردبوو، چوونکە بیرمە پێش چەند ساڵ چەندین پەیکەر و کاری تەشکیلی “شیلان”ی خوشکی شکاندبوو بە بیانووی ئەوەی حەرامە، ئەو سڵ لە هیچ توندوتیژییەک ناکاتەوە. لای کەسێکیش وتبووی گوایە من زانیاریی لە دژی ئیسلامییەکان لە رۆژنامەی “رۆژنامەنووس” لەسەر شێوەی چالاکی و شانە و رێکخستنە ئیسلامییە چەکدار و بێ چەکەکان بڵاو ئەکەمەوە. بەڵام راستییەکەی ئەوەیە دوور و نزیک پەیوەندییم بەو رۆژنامەوە نییە، تەنیا ئەوە نەبێ سەرنووسەری ئەو رۆژنامەیە هاوڕێیەکی ئاساییمە. سەیرە خانەوادەی ئێمە ئەزموونێکی تاڵمان هەیە لەگەڵ ماڵی “نامۆ”! چوونکە پێش چەند ساڵیش “حەمەسوور”ی برای کە مفەوەزی ئاسایشی یەکێتییە هاتە سەر ماڵمان لەگەڵ ئەو تیمەی ماڵەکەیان پشکنین کە نیازیان وابوو خانووەکەمان لێ داگیر بکەن.!.
بیر لە شتی ناخۆش ناکەمەوە، دڵنیام رۆژێک ئێمە سەرئەکەوین، ئەوانیش وەک تیرۆریست ناویان ئەچێتە ناو چیرۆکەکانی مێژووەوە. دڵنیام کە خۆری ئێمە هەڵهات، ئەوان شەمشەکوێرەئاسا ئەچنەوە ناو تاریکایی.
دێڕە شیعرێکم هەیە ئێستا:
خۆر وەک خەنجەرێکی زێڕ جەرگی تاریکی هەڵدەڕێ
ئاسمان دوای هەورە رەشەکان روون روون ئەبێتەوە
زەوی دوای لافاو دڵی وەک خامێکی سپی پاک ئەبێتەوە
مرۆڤیش پێویستی بە خەنجەری تیژی بیرێکی رووناک و
راماڵینی هەوری رەشی کینە و لافاوی شۆڕشێکە

24-10-1999

ستیڤان شەمزینی

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 67-72 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە

Previous
Next
Kurdish