Skip to Content

لە کۆچى دوایى جەلالی میرزا کەریمدا.. عه‌بدوڵڵا عه‌باس

لە کۆچى دوایى جەلالی میرزا کەریمدا.. عه‌بدوڵڵا عه‌باس

Closed
by ئازار 29, 2023 General, Literature


دواهەواڵى ئەمجارەى شار، شاری بینایى چاوان و شارى هەردەم وشەى پیرۆز لە ئاسمانی داگیرساو، شارى داهێنان و شیعر و شارى (گۆران)، شارى سلێمانى و بەردەرگاى سەرا و (بێکەس) و دەنگى دلێرى (کامەران موکری)، واى ڕاگەیاند: ئەستێرەیەکى دى هەرەگەشی ئاسمانى شیعری هاوچەرخ، هێمن و لەسەرخۆ ڕێى ماڵئاوایى گرتەبەر و خۆى و تیشکى کشاو ماڵئاوى لەدنیاکرد.
جەلالى میرزا کەریم، ئەو شاعیرە داهێنەر و نوێخوازە، ئەو ئینسانە خۆشی لەدنیا نەدیوەی هەرکە چاوى کردەوە لە بەندیخانەدا و مەچەک بەزنجیر، دەستى لەملى ماناى وشەى شیعری پیرۆزکرد و زڕەى زنجیرى کرد بەسروودى بەرگرى و مانەوە و پێداگرى.
ئەو شاعیرەى لەسەرەتاى حەفتاکانەوە، ئەو بوو، نەک کەسی دى، ئەوانى دى دواى ئەو کەوتن، گۆمى شیعری کوردى شڵەقاند و ڕێگاى بەهرەى داهێنانى ڕاستەقینەى دیاری کرد و ئێمە بەدواى ئەوادا ڕۆیشتین و هەڵگرى بەهرە و هونەرى ئەو بووین.
لەچەند ڕۆژێ ڕابووردوو دڵى شاعیرى گەورە و نیشتمانپەروەرى بەسەلیقەى تواناى داهێنان و قەدرزانى ڕەوشت لە پەیوەندى و برایەتى و هێمن و ژیر و بەئەمەک لەدۆستایەتیدا. براناس و بەوەفا، ئەو ئینسانەى دەستى دەیانی گرت و خستنیە سەر ڕێگاى شیعر و داهێنان و نوێخوازى و هەڵوێست، ئەو ئینسانەى ئەوەندە لەخۆبوردوو و بەئەمەک بوو، پێناسەى ناکرێ، مەگەر لەگەڵى ژیابی و کردەوەکانیت بیربێتەوە.
ئەو شاعیرە قەڵەم ڕاڕایەى ئەوەندە لەبازاڕ و سەودا و مامەڵەى (هەڵپەى) پەیداکردنى ناو و ناوبانگدا غەدری لێ ئەکرد، چەپڵەى شیعرى بەغەدر لەو ئەدزى، کەچى ئەو هەست ڕۆشانى خۆى بەخۆشەویستى وەڵام ئەدایەوە، ڕقلێبوونەوەى نەئەزانى، کردەوەیەکى نەنگیى بەرامبەر بەکەس لێنەوەشایەوە ، دڵى گەورەبوو، هێندەى دڵى قوربانیانى ڕاپەڕینى بەردەرکى سەرا، قوربانیانى شانازى.
جەلالى میرزا کەریم لەسەرەتاى پەنجاکاندا بەگوڕ هاتە مەیدانى تێکۆشان، بەنوێخوازی مووتووربە کراو، بە باوەڕى چەپڕەوى پێشکەوتنخوازانە، قەڵەمى داهێنانى خستەکار و وشەى شیعرى ئەهۆنیەوە و ڕوانینى بۆ پاشەڕۆژ، تیشکۆى ڕووناکبین بوو، بێ گرێ بوو، ئەو و بەدەستى ئەو چراى (ڕوانگە) داگیرسا، بەڵام ویستیان لە بازاڕى حەزى ناو و ناوبانگ هەموو شتێکى لێ بدزن و شیعرەکانى بسووتێنن، بەڵام پێچەوانەى ویست و خەونى ڕەشی ئەوان شیعرەکانى بوون بە مەشخەڵ.
ئەو دەستى لاوانى گرت و زۆریانى خستە سەر ڕێگا، ڕێگاى ڕۆشنى داهێنان و هەڵوێست، بەڵام ژمارەى ئەوانە کەم نەبوون بێ وەفا بوون لەگەڵیدا، لەگەڵ ناو و بەهرە و گەورەیى ئینسانى و ڕۆحى شاعیرانەیدا.
سەرنووسەرى (هیواى کوردستان) بوو، کە بەهیواى هەڵهاتنى خۆرى نەتەوەی ئەژیا، ڕۆژنامەنووسێکى ژیر و بێڕیابوو، ئەوبوو، مۆمى یەکەم ژمارەى گۆڤاری (بەیان) ى داگیرساند، کە بوو بە سەرچاوە و چاکترین گۆڤارى ئەدەبی لەڕەوتى رۆژنامەنووسیى کوردیدا، یەکێک بوو لەو پێنج ڕۆژنامەنووسە لاوەى مۆمى یەکەم ژمارەى (هاوکارى) یان داگیرساند، سی ساڵ گەشترین ڕۆژنامەى کوردى بوو.
لە رۆژى 14 ى کانوونى دووەمى 1993دا، لەشاری قەڵا و منارە، شارى شیرپاکى کوردان. دڵى ئەو ئینسانە فریشتە ئاسایە لە لێدان کەوت، زۆر هیلاک بوو، لەبەرچاومە، ئەو، لەو دووریییە، ئەزانم چەند هیلاک بوو، بەبێ خۆشەویستى نەیدەتوانى و نەیدەزانى هەنگاو بنێ، هەرئەوەش بوو هیلاکى کردبوو، هەرلەبەر ئەوەیش، بەحەق شاعیربوو، شاعیرێک، نەدەگونجا لەگەڵ بازاڕى خۆهەڵکێشان بە بەرگى پیرۆزى شیعرەوە، نەیدەزانى، یان نەیدەویست شیعر بکات بە پلیکانەى زلبوون. هەرلەبەر ئەوەبوو بێدەنگی پڕ هێمای هەڵبژارد تا ئەستێرەى ڕۆحى کشا. لەچارەى ئینسانى داهێنەر وانووسراوە: لەدواى مەرگی دووبارە زۆر بەشەوقەوە داگیرسێتەوە، ڕۆحى جەلال لەو ڕۆحە بەهێزانەبوو، لەشێوەى چلچرا داگیرسایەوە.
سەربەرز و داهێنان بەرز بنوو، ئەى شاعیرە هەرە بەسەلیقە دڵسۆزە دڵپاکە لەخۆبردووە بێ فیزەکە، ئەى شاعیرە بێ دەنگەکە، زۆر دەنگى گەورە لەبەردەمتدا، کە لەژیانى بەخششی شیعردابووى، سڵى لەوە دەکردە و بەئاشکرا و ڕووبەڕووت بدوێ.
کەسێکى وەک من، کە لەیەکەم هەنگاوەوە دەستت گرتم، من دەزانم چ هاندان و دەستکراوەییەکت لەدڵدابوو، من ئەزانم چ بێ وەفایەکت بەرامبەر ئەکرا، چەند خۆشەویستیت بەخشى. چاوەڕیمان کە لە لاوانەوەت لەتۆ شاعیرتربین، چاوەڕێشمان بکە، وەک تۆ سەربەرز و داهێنان بەرز بنووین، ئەى جەلالی نوێخواز و گەورە و داهێنەرى ناوەندى شیعرى هاوچەرخى کوردى.

سەرچاوە: ڕۆژنامەى هاوکارى، ژمارە (1635)، 24/1/1993.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish