Skip to Content

خاک و هونەر لە پەنجەکانی«خاتووزین» دا.. د. شەماڵ ئیسماعیل پوور

خاک و هونەر لە پەنجەکانی«خاتووزین» دا.. د. شەماڵ ئیسماعیل پوور

Closed
by ئازار 29, 2023 General, Opinion

ناوچەی تورجان بەشێک لە موکریانە و خاوەنی گەلێک ئاوایی ناودارە کە هەرکامیان بە بۆنەی کەسایەتییەک یاخۆ چەندین کەسایەتی خاوەنی ناو و ناوبانگێکی کوردستانین. تورجان وەکوو دارولعیلم و ناوەندی زانین چەندین کەسایەتی سیاسی و ئەدەبی و هونەری گەورەی لە خۆیدا پەروەردە کردووە کە شوێن پەنجەیان بەسەر مێژووی ئەم گەلەدا دیارە. زەمبیل وەکوو ناوەندی تەریقەی قادری خاوەن چەندین کەسایەتی ئەم بوارە بووە و هەر وەها شاعێر و هونەرمەندی ناوداریش لەو ئاواییەوە سەریان هەڵداوە . قاقڵاوای ئاوات و شێعریش وەکوو ئەستێرەیەکی پرشنگدار لە نێو ئەو کۆمەڵە گوندەدا دەدرەوشێتەوە. قەرەگوێزیش خاوەنی پرشنگی خۆیەتی و بە خێڵی پیرەشاهۆ و سوارەوە خاوەن ناوە. گەردیگلان و جەمیان و شیلاناویش هەرکام خۆیان بە کەسایەتی ئەدەبی و نووسەری چالاکەوە دەناسێنن و هەرکامیان بێشکەی کەسایەتی ناوداری ئەم نیشتمانەن. لە پەنا ئەم ئاواییە پرشنگدارانەدا بۆگەبەسی خاوەن قەڵا و مێژووی کۆنیش بە بۆنەی خاتووزینی هونەرمەندەوە پرشنگ داوێی و سەرێکە لە نێو سەراندا. با بزانیین خاتووزین کێیە و چۆن بە پلەی هونەرمەندی گەیشتووە؟

بە پێی ڕێکەوتی سەر پێناسەکەی خاتووزین ساڵی ١٣٠٠ لە ئاوایی بۆگەبەسی لە دایکبووە، بەڵام بنەماڵەکەی دەڵێن گوایە زەمانی قاجارەکانی لە بیربووە. وەکوو هەموو کچانی ئەو کاتی گوندەکەی گەورە دەبێ ونەخوێندەواری و بەشخوراوی پێناسەی سەرەکی و تایبەتییان دەبێت. لە زستانی دوور و درێژی کوردستاندا و لە بن کورسی و لە دەوری تەندووردا ڕۆحی لە گەڵ ئەدەبی زارەکی ئاشنا دەبێت و ڕەنگە ئەوەش سەرەتا بووبێت بۆ دروست بوونی خەیاڵات و بیری فانتازیای خاتووزین. لە ڕێی ئامۆژنییەوە لە گەڵ هەوڕگەری ئاشنا دەبێت و پەنجەکانی بە قوڕە سوورە دەسپێرێ و قاپ وقاچاغی گڵین دروست دەکات.

بە تەنیا مانەوە و ناچاربوون بۆ بژیو پەیدا کردنی ژیان، مەجبووری دەکات بۆ فرۆشتن گڵینە و گۆزە وشتی قوڕین دروست بکات. هەر ئەوە دەبێتە هۆی کارامە بوون و لێهاتوویی و دەست ڕەنگینی خاتووزین. ڕۆژ لە دوای ڕۆژ شارەزاتر و لێزانتر یاری هونەرمەندانە بە قوڕ دەکات و وردە وردە دەچێتە حەوزەی هونەر و ئافراندنەوە.

خاتووزین بە گشتی خاوەنی بەهرەی هونەری بووە. گۆرەوی بەنی بە نەخش و نیگاری تایبەتەوە دروست کردووە . کڵاوی گوڵینگداری مەرەزی پیاوانەی جیاواز لە حاڵەتی ئاسایی چنیوە. بەداخەوە بۆ ماوەیەک مەجبوور دەبن ماڵیان بەجێ بێڵن و بچنە ئاوایی قڕوچای گەورک و لەم ماوەیەدا هەمووشتەکانی لە بۆگەبەسی دەدزرێ. خاتووزین بە زەوقی خۆی کە تەواو هونەرمەندانە بووە، کاری جیاوازی بە ئەنجام گەیاندووە و دەفری زۆر تایبەتی درووست کردووە. دەڵێن جاروبار شێعریشی هۆنیوەتەوە و لەو مەیدانەشدا چالاکی بووە و بە داخەوە کەس نەبووە شتێکی لێ تۆمار کردبێت یاخۆ شتێکی لێ لەبیرمابێت. خاتووزین جوانپەرەست بووە، هەرکەسێکی جوانی دیتبێ لێی چۆتە پێشێ و بەجۆرێک پێی گوتوە کە جوانە و جوانی یەکەی سەرنجی ئەوی بۆلای خۆی ڕاکێشاوە. بۆخۆشی خاتوونێکی جوان و لەبەردڵان و ڕەزا شیرین و بەژن و باڵا جوان بووە.

خاتووزین لە فیناڵی پەیکەرتاشانی ئێراندا ساڵی 73ی هەتاوی لە تاران بەشداری دەکات و پلەی یەکەمی ئەو فیناڵە بەدەست دێنێ. نموونەی کارەکانی ئەم هونەرمەندە لە خانەی کورد لە شاری سنە هەڵگیراوە و خراوەتە بەر دیدی بینەران.

کارەکانی خاتووزین لە بەشی پەیکەرتاشیدا دووبەشن: یەکێک ئەو ئاژەڵانەن کە بە جۆرێک لە جوگرافیای ژیانی هونەرمەند دا هەن و ڕۆژانە دەیان بینێ و لە گەڵیاندا دەژی و دووهەم بوونەوەری ئەفسانەیین کە هەرکامیان لە چەند ئاژەڵ دروست بوون کە وێنەی ئەم بوونەوەرانە لە پەیکەرەکانی ئیلامی کۆنینەدا زۆر دەبینرێ و نموونەی زۆر بەرچاوی ئەم بوونەوەرانە پەیکەری شێرداڵە کە شێرێکی باڵدارە.

پرسیاری جەوهەری لێرەدا ئەوەیە کە خاتوونێکی هونەرمەندی نەخوێندەوار لە ساڵانی چل و پەنجا و شەستی هەتاویدا و لە گوندێکی کوردستاندا چۆن توانیویەتی ئەم ئاسەوارە بخولقێنێ و ئەو مامەڵە هونەرمەندانە لە گەڵ هونەر و پەیکەرسازیدا بکات؟
تەنیا دوو وڵام بە زەین دەگات: یەکەم ئەوەیە کە بۆگەبەسی گوندێکی کۆن و پڕ لە ئاسەواری کۆنینەیە و خاوەنی قەڵایەکی دەسکردە و وێدەچێ خاتووزین ئاسەواری مێژوویی لەم چەشنەی بە چاو دیتبێ و لە دیتنی ئەو ئاسەوارە بەهرەی وەرگرتبێ و ئەو پەیکەرە تایبەتانەی سازکردبێ و پەیکەری گریۆفێنی خستبێتە دونیای هونەرەوە و نەتەوەی کوردی لەم پەیکەرە ناوازانە بێ بەش نەکردبێ. بەڕای نووسەر ئەمە زۆر ڕێتێدەچێ و زۆر لە ڕاستەقینەوە نزیکە. دیسان لێرەدا پرسیاری دیکە دێنە ئاراوە و ئەویش ئەوەیە کە ئەو هەموو ئاسەوارە تایبەتی یە چیان لێدێ و سەر لە کوێ دەردێنن و بە کام خەرەند دا ڕۆدەچن و چۆن بێ سەر و شۆێن دەکرێن؟ مەگەر دەکرێ گوندێکی وەکوو بۆگەبەسی هیچ شتێکی لێ نەدۆزرابێتەوە؟ کێن ئەوانەی هەموو ئەو شتانە بە ئاسایی بێ سەروشوێن دەکەن و سووک وئاسان دەیان توێننەوە؟ ئاسەوار و شتی بە نرخی ئەم گەلە چی لێدێ؟

دووهەم وڵام ڕەنگە ئەوەبێ کە خاتووزین بە بیستنی چیرۆک و حەکایەتی ئەفسانەیی و ئوستوورەیی وەها نەخش و حاڵەتگەلێکی لە زەیندا خولقابێت و ئەو پەیکەرە فانتازیا و خەیاڵاویانەی دروست کردبێ کە بەڕای نووسەری ئەم دێڕانە کەمتر ڕێی تێدەچێ و لەوەناچێت وەها بووبێت.

ژیانی خاتووزین وەکوو دیکەی هونەرمەندانی کورد پڕە لە دەرد و ژان و بێکەسی و تەنیایی. بەداخەوە تا زیندوو بوو کەس ئاوڕی لێنەداوە و کەس بە هونەرمەندی نەناسی! پاش مەرگی ناو و ناوبانگ دەردەکات و بە قەولی موفتی پێنجوێنی قەبرەکەی دەکرێ بە باغچە و بە گوڵ!

شایانی باسە کە کەسوکار و بنەماڵەکەی هاوکاری دەبن و گڵی بۆ دێنن و قوڕی لە گەڵ دەگرنەوە وخۆشی دەکەن و کارەکەی بەهێند وەردەگرن و گوایە یەکێک لە بووکەکانی وەکوو قوتابییەکی باش هونەرەکە فێر بووە و دەتوانێ کاری هونەری ئەوتۆ بکات. بەڵام بەداخەوە نایکات و هیچ ناوەند و شوێنێکیش نییە ئەو خاتوونە هونەرمەندە بۆ کاری هونەری هان بدات و پشتیوانی بێت.

کۆتا قسە ئەوەیە کە خاتووزین هونەرمەندێکی گەورەی کوردە وکارەکانی لە گەڵ ئەوەدا پێناسەی ئاکادمیکیان نییە، جێگە و پێگەیەکی تایبەتیان هەیە و دەبێ بەهای تایبەتیان پێ بدرێن. لە ڕاستیدا هونەری مودێڕن قەرزداری ئەو کارانەن و دەبنە سەرچاوەیەک بۆ کاری جوان و ڕیشەداری هونەری.
شتێکی تریش کە دەبێتە هۆی حەسرەتێکی ئەبەدی بۆ ئەم گەلە، ئەوەیە کە بەداخەوە دەیان و سەدان کەسی خاوەن بەهرەی هونەری وەک خاتووزین ژیاون و هەلیان بۆ نەڕەخساوە و هونەرەکەیان لە گەڵ خۆیان بردۆتە گۆڕەوە.دەیان هوەرمەند بە ناوی تەنەکەساز و هەوڕگەر و عەڕابەساز و تەختەتاش وئاشەوان و بەردکونکەر و بیرهەڵکەن و هتد لەم وڵاتەدا ژیاون و خاوەنی بەهرەی ناوازەی هونەری بوون و کەس کاری بەهێند وەرنەگرتوون و کەس سەرنجی نەداونەتێ و بەداخەوە مۆمی هەست و خوڵقێنەرییان کوژاوەتەوە وهونەرەکەیان لە گەڵ خۆیان بردۆتە ژێر خاک.

ئێساش ئەرکی ئێمە ئەوەیە کە چی‌تر خەمسارد نەبین و ئەو کەسانە بناسین و هەلی کار و چالاکی هونەرییان بۆ بڕەخسێنین و دەستیان بگرین. نەتەوەی بێ هونەر بوونی نییە و هونەر بە هەموو لقەکانییەوە دەبێتە پێناسەی گەل.

د. شەماڵ ئیسماعیل پوور_سەقز

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish