Skip to Content

میدیای کوردیی و بەرهەمهێنانی پووچگەرایی.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

میدیای کوردیی و بەرهەمهێنانی پووچگەرایی.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

Closed
by ئایار 5, 2021 General, Opinion

هەواڵی درۆ لە خۆراکی ئێکسپایەر زیان بەخشترە
ویکهام ئەستیدی

لە کوردستان دوو جۆری سەرەکیی میدیا هەیە، هەردووکیان بەدوو ئاڕاستەی دژ بەیەک و پێچەوانە مرۆڤی کورد دەخزێننە ناو دوورگەی بێزاریی و نائومێدییەوە، میدیایەک هەیە دەیەوێت کوردستان وەک بەهەشتێک پێناسە بکات و هەموو بۆشایی و کەموکوڕییەکان لە بیر خۆی دەباتەوە و هەر جۆرە رەخنەیەکیش بە پیلانی دەرەکیی سەیر دەکات. لە بەرامبەردا میدیایەکی تر هەیە، کار لەسەر رەشبینکردنی هاووڵاتیان دەکات و سەرقاڵی وێنەکێشانێکی دۆزەخییە بۆ کوردستان کە هیچ پەنجەرەیەک نەماوە لێوەی هەناسە بدرێت. ئەم دوو جۆرە روانگەیە هیچکامیان ناتوانن رۆڵی میدیایەکی پرۆفیشناڵ و راستگۆ ببینن، کوردستان نە بەهەشتێکی ئامادەکراوە و نە دۆزەخێکی هەتاهەتاییە، ژیان بەم جۆرە تەوزیف ناکرێت، کاری میدیاییش بەو جۆرە ئەدا ناکرێت. کاری میدیا نییە پێناسەی واقیع بکات بەڵکو ئەو واقیع نیشان دەدات، بەڵام نیشاندان بە ئامانجی سیاسیی و تایبەتیی نا، چوونکە بەرەی ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات لە کوردستان لەنیشاندانی واقیع لە رێی میدیایەوە، ئامانج و مەرامەکانی خۆیان مسۆگەر دەکەن.

میدیای کوردیی بە میدیای دەسەڵات و نەیارەکانییەوە کۆمەڵێک گرفتی ناوەکیی هەیە، نەک لەگەڵ سروشتی پیشەی راگەیاندندا نایەتەوە، بەڵکو بە هەموو شێوەیەک لە دژیەتی، چوونکە ئەم میدیایە بە ناوی رەخنەوە، شمشێربازیی دەکات و بە کەرەستەی جەنگییەوە هاتۆتە مەیدان، رەخنە لەکن ئەم میدیایە نەک مەعریفە و دەرخستنی بۆشاییەکان نییە، بەڵکو چەکێکە بۆ ریسواکردن و هەلاهەلاکردنی بەرامبەر، لێرە رەخنە مانای شمشێر وەشاندن و رووشاندنی کەرامەتی مرۆڤەکانە، بۆیە هەمیشە ئەم میدیایە لە بری ئەوەی بە رەخنە بنیات بنێتەوە، دنیا وێران دەکات. لە کوردستان جۆرێک لە راگەیاندن لە نەشونمادایە هەڵگری کۆمەڵێک گرێوگۆڵی دەروونییە و گرفتارە بە نەخۆشیی سادییەت، چوونکە شادییەکانی خۆی لە ئازارەکانی بەرامبەردا دەبینێتەوە، پێکەنینەکانی خۆی لەسەر هەڵڕژانی فرمێسکی ئەویتر بینا کردووە. راگەیاندنێک لە کوردستان لە بەهێزبووندایە ژیانی تاکە کەس لەلای وی هیچ بەهایەکی نییە، بۆیە زۆرترین دەستدرێژیی دەکاتە سەر ژیانی تایبەتی تاکەکان، بە پێچەوانەی شیعرەکەی فریناندۆ باندینی “بەڵام هەموو شتێک گرانبەهایە”، میدیای کوردیی بۆ ئەوەی خۆی گەورە و گران و بایەخدار نیشان بدات دەست دەبات بۆ ریسواکردن و بێ بایەخکردنی هەموو شتێک، ئەگەرچی ئەو شتانە لە خودی خۆیاندا زۆر گرانبەها و بایەخداریش بن.

میدیای کوردیی لەبری جوانکردنی سبەینێ و داهاتوو، هەمیشە خەریکی بەرهەمهێنانەوەی ناشیرینییەکانی دوێنی و رابردووە، لەبری نیشاندانی ئاسۆیەکی رووناک و گەش، بەردەوام جاڕی تاریکی و داخرانی هەموو دەرگاکانی ئومێد دەدات، ئەم میدیایە لەبری ئەوەی کار لەسەر بیناکردنەوەی کەسێتی تێکشکاوی کورد بکات، بە چەشنی داگیرکەرانی کورد هەموو رێگەیەک دەگرێتە بەر بۆ پتر تێکشکاندن و داڕووخاندنی ئەم کەسێتییە. میدیایەک ئێستا لە کوردستان کار دەکات لە باتی پەروەردەکردنی نەوەیەکی تەندروست و قسەکردن بۆ نەوەیەکی تازە پێگەیشتوو، هەمیشە دیرۆکە تاڵەکان وەک قەوان دەڵێتەوە و لە نێو زەمەنی نەوەکانی رابردوو گیری کردووە و ناتوانێ بێتە دەرەوە. ئەم میدیایە نەک ناتوانێت لەگەڵ زەمەنی تازە و رووداوەکانی رۆژدا وەک ئەوەی هەیە بڕوات، ناچار پەنای بردۆتە بەر گێڕانەوەی حکایەتەکانی دوێنێ و دیسان تەعمیمیان دەکاتەوە بەسەر ئەم ساتەوەختانەشدا. ئەم میدیایە نەک هێز و توانای شیکردنەوەی چەمک و ئەو رووداوانەی نییە لە دەوروپشتی روو دەدەن، ناچار فووی بە شەیپوری جەنگێکی تاکە کەسیدا کردووە و لەناو کورەی گەرمی ئەم میدیایە مافی تاکە کەس و ویژدانی تاکە کەس دەسووتێت و دەتوێتەوە، کەسیش رەخنەیەکی لەم سەرگەردانییە گەورەیە نییە!!.
ئێمە میدیایەکمان هەیە بۆ جوانکردنی خودی خۆی و بیر و ئەندێشە سیاسیی و فەرهەنگییەکەی کار لەسەر نابووتکردنی ئەویتر دەکات، ناچارە لە پێناوی خۆ نواندنێکی فریشتەیی، بەرامبەرەکەی بە ئەهریمەن بکات. میدیایەکمان هەیە بۆ ئەوەی شوورەیی و کەموکوڕییەکانی داپۆشێ، دێت کەموکوڕیی و عەیبەکانی ئەویدی دێنێتە بەر باس، تەنانەت بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە سڵ لە داتاشینی تۆمەتی ئاکارییش ناکاتەوە، وەک ئەوەی لە حاڵەتی گۆڤاری “جیهان”دا دەردەکەوێت، وەختێک سەرنووسەری ئەو گۆڤارە ناتوانێت بەرگەی رەخنە بگرێت، ناچارە دەست بۆ ئابڕووی تاکە کەسێک رابکێشێت، ئەگەرچی ئەو تاکە کەسە گەلێک گومانی لەسەرە و زۆر کاری ناپەسەندیشی لە رێی میدیاوە ئەنجامداوە. ئێمە میدیاکمان هەیە دنیا و خودا و پێغەمبەر و فەیلەسووفەکانی داوەتە بەر نەشتەری رەخنە و تەنانەت جنێویان پێدەدات، بەڵام وەختێ رەخنە دێتە سەر خۆی باڵانسی تێکدەچێت، ئاگر دەگرێت و لە پەرچەکرداردا سڵ لە سووتاندنی تەڕ و وشک پێکەوە ناکاتەوە و بە جارێک قیامەت هەڵدەستێنێ. ئەم دۆخە، هەمان ئەو دۆخەیە پێش دوو ساڵ و نیوێک “بەختیار عەلی” پێناسەی کردووە، وەختێک دەنووسێت “قۆناغی ئەمڕۆی ئێمە کە لە ئاستی سیاسیدا قۆناغی رەزامەندیی نوخبەیەکی سیاسییە، کە بێ هۆ لە خۆی رازییە، قۆناغی تووڕەبوونی خەڵکانێکیشە تووڕەییان خاڵییە لە ئاسۆ و خاڵییە لە ئەڵتەرناتیڤ، لە ئاستی رۆشنبیریدا بۆتە ئەو قۆناغەی تێکستەکان و رستەکان و گووتارەکان بە وێڵی وبێ مانا و بێ یاوەر دەسوڕێنەوە، ئەو قۆناغەیە کە پەیامەکان دەڕۆن و هەرگیز ناگەنە وەرگر و گوێگرەکانیان، نووسین لە بۆشاییەکی قووڵ و پوچگەراییەکی بێ ئەندازەوە ئاڵاوە”(1).

میدیای کوردیی بە تایبەت رۆژنامە و گۆڤارەکان لەبەر بێ بابەتی و ئیفلاسیی بیرکردنەوە نەک ناتوانن رەنگێکی جوان بدەن بە ژیان و مانایەک بۆ وجودی مرۆڤی کورد بدۆزنەوە، تەنیا ئەوەیان لە دەست دێت پووچگەرایی و رەشبینیی بەرهەم بهێنن، ئاخر دروستکردنی رەشبینی هەزار جار سووک و ئاسانترە لە گێڕانەوەی هیوا بۆ مرۆڤ. میدیای کوردیی چوونکە هەمیشە خۆی ناڕەنجێنێت و ئاسان کارەکەی بە دەستەوە دێت، پیشەی راگەیاندنی لە دەسەڵاتی چاودێریکەری گشتییەوە کردووە بە چاودێریکاری تایبەتیی و میکرۆسکۆبی چاودێریی خستۆتە تەنانەت سەر پەیوەندییە خێزانییەکانمان، لە چاوی زەڕبین ئاسایەوە بچووکترین مافی کۆمەڵایەتیمان کە کەس بۆی نییە دەستی تێوەردات سەیر دەکات و کێچێک دەکاتە گایەک و لەولاشەوە رووداوە گەورەکان وەک گەردەلوولێک تێدەپەڕن و چاوی ئەم میدیایە توانای بینینی نییە و هیچیش لێی تێناگات. ئەگەر کەمێک لە هەندێک مانشێت و سەروتار و لیدی رۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردستان وردبینەوە، تاکە راستییەک پێش هەر شتێک لێی تێبگەیت ئەوەیە: تاک ناتوانێت خاوەنی هیچ نهێنییەکی تایبەتی خۆی بێت، تاک هەمیشە موعەرەزە بەوەی مافە تاکە کەسییەکانی لەسەر رووپەڕی رۆژنامەیەک وەک تاوانێک پێ بفرۆشرێتەوە، موعەرەزە بەوەی ممارەسەکردنی مافە سەرەتاییەکانی وەک سکانداڵێک لە گۆڤارێکدا بۆ بڵاو بکرێتەوە.

ئەم تێکەڵوپێکەڵی و سەرگەردانییە مەزنەی بەسەر میدیای کوردیی هاتووە، هەر تاکی رۆژنامەنووس و نووسەرەکان لێی بەرپرس نین، پێش هەر شتێک حکومەت و حزبەکان بەرپرسی سەرەکین، چوون حکومەت هیچ رێوشوێنێکی نییە بۆ پرسینەوە لە سووکایەتی بە مرۆڤی کورد، حکومەت و حزبەکان وەختێ گوشار دەخەنە سەر میدیاکان باسی خۆیان و کارەکتەرەکانیان کرابێت، لەوە بەولاوە مافەکانی تاکەکەس جێگەی بایەخ نەبووە بەلایانەوە، حزبەکان بە جۆرێکی تریش بەرپرسن چوون ئەوان لە پشتی ئەو لافاوە گەورەیەوەن لە رۆژنامە و گۆڤار ئەویش بە ئامانجی شەڕی سیاسیی و تاکە کەسی و دەستەگەریی و..تد. لە واقیعی حاڵیشدا بوونی لەشکرێک رۆژنامەنووس و لێشاوێک لە رۆژنامە و گۆڤار گەواهیدەری ئەو راستییەن، حزب و دەسەڵاتی کوردیی لە کاتێکدا باسی ئیتیکی رۆژنامەنووسی دەکات لە هەمان کاتدا خۆی فاکتەرێکی یارمەتیدەری ئەو بارودۆخەیە و بەشدارە لە بێ بەهاکردنی نووسین و وەرگێڕانی رەخنە لە مەعریفەوە بۆ شەڕە جنێو، بەبێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە “ئەوەی نووسرا، ئەو هێڵانە بۆ هەمیشە دەمێننەوە” (2).

پەڕاوێز:
1-رۆژنامەی “هاوڵاتی”، ژمارە “313”، رۆژی 14-2-2007.
2- دەربڕینێکی ژنە رۆماننووسی ئەمەریکی “تۆنی مۆریسۆن”ە.

کۆتایی سێپتامبەری 2009
سوێد – ستۆکهۆڵم

Previous
Next
Kurdish