Skip to Content

زمانی مرۆڤ لە کوێوە دێت ؟! …  دکتۆر: مەولود ئیبراهیم حەسەن

زمانی مرۆڤ لە کوێوە دێت ؟! … دکتۆر: مەولود ئیبراهیم حەسەن

Closed
by ئایار 4, 2019 General, زمان

بابەتێک بۆ گفتوگۆ ..

(هه موو ڕؤژێک کە خاتوو ( میکایلا ئەر مەر ) لە خەو هه ڵدەستێ ،ئەو بەزمانێک قسە دەکات کە جیایە لەگەڵ زمانی ئیتالی بۆ چینی ،پاش ئەوە ی توشێ حالەتیکی سەیربوو لە نێوان شەوو ڕۆژێکدا .ئەو دایکە( ٤٧ سال)یە، توشی زمانگؤڕان بووە ،ئەو پێی وایە قوربانی یەکی ڕەگەز پەرستیە !میکایلا لە ناکاولە (ساڵی ٢٠١٥) زمانی –لانکشایەر –ی لەبیرکرد، کە پێی وایە هۆکەی وێنەگرتنی لەرزە ییە ،ئێستا ئەو هه موو بەیانیەک کە لەخەو هه ڵدەستێ نازانێ بە کام زمان قسان دەکات !زمانی چێنی یان فللیپینی یان زارێکی باشوری ئەفریقایە ،یا ئەوەتە ئیتالییە یان پۆلەندیە یائەوەتە فرەنسیە .ئەو پێی وایە کە ئەو کەسێکی نێوان ژمارەیەکی یەکجارکەمی تووشبووە بە زمانگۆڕان !ئە م ڕەوشە وادێتە بەر چاو کە ئەو کەسە بەزمانی بیانی قسان دەکات .کە زۆر بەی جاریش بە هۆی وەستانی میشک و کێشەی دەماغ و کێشە دەروونیەکانە .

میکایلا کە کاری دیکۆرسازی دەکات دەڵێ :لە دووساڵی رابردوودا زۆر کاری ڕەگەزپەرستی لەگەل کراوە !یەکەمجار کەوای لێدێت بگرێی لە ساڵی ٢٠١٥ لە سۆپەرمارکێتەک بووە ، کە یەکێ گوتی : ئەو پۆلەندیانە لە هه موو شوێنێک هه ن ! ئەمەش یەکجار ناخۆش بوو ،هه ندێ کەسیش پێیان وایە من بەردەوام بەزمازنی چێنی قسان دەکەم .هه ندێکی تر بە تەلەفۆن پەیوەندی دەکەن و بە پێکەنینەوە دەڵێن :دەتوانم مریشکێکی سورەوەکراوەی نیو برنجم دستکەوێ ؟ ئەمە زۆر جار روودەدات ، هه روەها بەردەوام دەبێت و دەڵێ: ئەگەر ئەمە جارێک بێت مایەی پێکەنینە ! بەڵام ، کە زۆرجار ئەمەدەبیسیەوە ، دەشێ کارەکە ڕوخێنەرو بیزارکەربێت .هه روەها میکایلا بەردەوام دەبیت و دەڵێ :لەوەتەی مانگی پێنجیی ساڵێ ٢٠١٥ توشی ئەم کارەساتە بووە ، بەردەوام هه وڵدەدات زمانی خۆی بگێڕیتەوە بە هۆی بەردەوامی گۆرانی گوتنەوە .- گۆرانی گوتن بەزمانی دایکی !!) ئەمە حاڵی خاتوو میکایلایە ڕۆژانە کە بەیانیان لە خەو هه ڵدەستێ ، ئەوە هیچ کە بەزمانی دایکی قسان ناکات ؛ هه ر ڕۆژەش بە زمانیک قسان دەکات کە خواستی خۆی نیەو وەک کاریکی ئۆتۆماتیکی بەسەریدا دەچەسپێ ! ئێمە لیرە بە شێوەیەکی جیا لە نموونەکانی – فێربوونی زمان بە لە بەرگرتنەوە – قسەی لە بارەوە دەکەین و دەیکەین بە نموونەی زۆر پرسیاری بێ وەڵام و گەڕان بەدوای وەڵام دا.

زمانی مرۆڤ لە کوێوە دێت ؟
خاتوو میکایلا ئەرمەر

لە لێکۆڵینەوەی ( فێربوونی زمان بەلەبەرگرتنەوە ) (١)دا نموونەی زۆرمان بینی لەوەی کە کە سانێک بە هۆیەک لە هۆیەکان ، زمانی قسەکردنیان دەگۆڕێ . زمانی دایکیان لە بیر دەکەن و بە زمانێک قسەدەکەن کە پێشتر نە یانزانیوەو هه ندێ جار ناوێشیان نە بیستووە ! نموونە هه یە کە کە سانێک بەم زمانگۆڕانە فێری زمانیک بووین کە بەزمانی مردوو دەژمێردرێ ! وەک زمانی فیرعەونییەکان ، هه ندێک لە زمانگۆڕاوانە فێری زیاتر لە زمانێک بوون لە هه مان ڕووداودا ، دوو زمان و سێ زمان و چوارێشمان بەر چاو کەوتووە ؛ ئەمانە کە زمانیان گۆڕاوە ..زمانە تازەکە زمانێکی جێگیر بووەو لە گەڵی ماوەتەوە و بەردەوام قسەی پێکردووە . بەڵام خاتوو (میکایلا ئەرمەر )کە بەزمانی لانکشایەر قسەی دەکرد لە ناکاو ساڵی ٢٠١٥پاش گرتنی وێنەیەکی لەرزە موغناتیزی زمانی دەگؤڕێ و هه موو بەیانیەک کە لە خەو هه ڵدەستێ ؛ بە زمانێک قسە دەکات جیایە لە زمانەکەی ڕۆژی پێشتر ! ئەو زمانە خۆشی نازانێ کام لە م زمانانەیە .

.ئایا بە زاری سینی یان فلیپینی یان بە زاری خوارووی ئەفریقیا یا ئەوەتە بە زمانی ئیتالیایی یان پۆلەندی یا ئەوەتە بە زمانی فەڕەنسی قسان دەکات !؟ ئەم ڕەوشە بارێکی دەروونی خراپی لای ئەم ژنە دروستکردووە وهه ربۆیە پزیشکەکان ئەم زماگۆڕانە بە نەخۆشێ(٢) دەزانن وزۆریش بە زەحمەت بۆیان چاک دەبنەوە ، چاک بوونەوە بە مەبەستی گەڕانەوەی ئەوکەسە بۆ ڕەوشی پێش سەدمەو زمانگۆرانەکە ، تەنیا نموونەیەک کە من بینیم چاکبوووەوە ئەوێش پیاوێکی ئیزەدی بوو بە ناوی ( نەواف )(٣)، کە پاش ئەوەی لە خەو هه ڵدەستێ زمانە کوردیە کرمانجیە ئیزەدیەکەی لە بیردەکات و بە زامانی ئینگلیزی دەکەوێتە قسە کردن و کەسو کاری بەهۆی وەرگێڕ لێی حالی دەبن و قسەی لەگەل دەکەن ، سەرەڕای ئەوەش باوەڕەئایینیە کەشی کە ئایینی( ئیزەدی) بوو گۆڕا بوو بە ( مەسیحی ) ئەو پیاوە مامۆستا (مە ڵا عەلی کوردی کەلەک )(٤)چاکی کردەوەو بەکوردییەکەی خۆی کەوتەوە قسە کردن و گەڕاوە سەر ئایینی ئیزەدیەکەی جارانی ؛ ئێمە لێرە نامانەوێ بەوردی باسی هۆی زمانگۆڕان و هه وڵی چارەسەری زمان و بارە دەروونیەکەی خاتوو (میکایلا ئەرمەر ) بدەین ئەمە مەبەستی ئێمە نیەو کاریئێستای ئێمە ش نیە . ئەوەی ئێمە بە گرنگی دەزانین و جێگای پرسیارەو وەڵامە کەی زۆر ئەستەمە ! کۆبوونەوی ئەم هه موو زمانە یە لە کەسێکداو بێ خواستی خۆی هه ر ڕؤژەی بە یەکێکیان قسان دەکات یان ڕۆتتر هه ر ڕۆژەی یەکێک لە و زمانانە چاڵاک دەبێت و خاتوو میکایلا هیچ ڕۆلیکی نیە لە چالاککردنی زمانی ئەورۆژە. کە بە م زمانە تازانە دەدوێ، دیارە هه موو پێویستیەکانی زانینی زمانەکەی لا جێگیر بووەو بەوشەو فەرهه نگ و فۆنەتیک و دەستورەکانی زمان و کلتوریشەوە ؛ هه ربۆیە دەتوانی لە گەڵ کەسانی ئەو زمانە قسان بکات وتێیانبگات و لێی تێبگەن . کە ئەم ڕەوشە زۆر جیایە لە ڕەوشێ فیربوونی زمانێکی تازەو ڕێگای فێربوون و زەمەنی فێربوون و ژمارەی زۆری زمانەکان .کە سانی ئاسایی کاتێکی زۆریان دەوێ تا فێری زمانێکی تازەببن بۆ ئەوەی بە تەواوی قسەی پێ بکەن .کەچی ئەم ڕووداوەی بەسەر ئەم خاتوونە دا هاتووە هه موویاساکانی پێشووی تێکشکاندووە !

ئێمە دەزانین منداڵێکی ئاسایی تا زمانی دایکی بەتەواوی فێر دەبێت نزیک بە دووساڵ زمەنی پێویستە . بەڵام ؛ ئەم زمانگۆڕاوانە بە کتوپڕیی و لە ناکاو زیاتر لە زمانێک فێردەبن و قسەی پێ دەکەن ؛ پرسیاری زۆر هه ڵدەگرێ.
پرسیاری گرنگ ئەوەیە کە ئەو زمانانە لە کوێندەرەوە دێن ؟ ئایا لە دەرەوەی جەستەی مرۆڤەکانن ، یان لە نێو جەستەی دان و بەم ڕووداوانە چالاک دەبنەوە ؟ زانست باس لەوە دەکات کە =جینی زمان فۆکس پ ٢ –foxp2 )
)لە مێشکی مرۆڤ دا بەرپرسە لە زمان و دەستوورو فەرهه نگی زمانی مرۆڤ و قسەکردنی ،ئەمەش لە بارە ئاساییە کەیدا بە هۆی کەلەکە بوونی فیربوون تەواوی زمانە کە لە نێو ئەم جینە بەرپرسەدا کۆ دەبێتەوە ، سەرەتا تەنیا زمانی دایکەو دواتر بە هۆی ڕێگاکانی فێربوونی باو لە نیوەندەکانی فێربوون زمانی تریشی دەچێتە سەر بە پێی تواناو خواستیی کە سەکە ؛ پرسیارە گرنگە کە ئەوەیە :ئەم هه موو زمانانە لە کوێ هاتن و پێشتر لە کوێندەر بوون ؟! کە ئەو پێشتر هیچیانی نەدەزانی . ئەگەر هه ر لە نێو جینی بەر پرسی زمان دابوون ؟ بۆچی خاوەنەکەی قسەی پێنەدەکردن ؟ چۆن ئەم هه موو زمانە لە ویدا کۆببوونەوە ؟ ئەگەر بە هۆی ڕووداوە کتوپڕەکەوە هاتوون لە کوێندەرەوە هاتوون ؟ ئایا دەکرێ مێشکی مرۆڤ بە تایبەت جینی بەرپرس لە زمان و قسە کردن وەک( ڕادیۆ)یەک تەماشا بکەین و ئەو شووێنەی کە زمانە کانی لێوە هاتووە وەک (ئێستەگە)یەکی پەخشکردن قبول بکەین ؟ باشە ئەوە جینەکە لە نێو جەستەی مرۆڤ دایە ،گوتمان ڕادیۆی وەرگرتنە ! ئەی ئەو ئێستگە یەی ناردنە لە کوێندەرەو چۆن کاردەکات و چەند زمانی تێدا کۆبووەتەوە ؟
ئێستا ئێمە لە کۆمبیوتەردا دەتوانین چەند زمانی بمانەوێ دایبەزێنین و بیخەینەسەر کیبۆرد و بە شە جیا جیاکانی لاپتۆپەکەمان . لیرەدا شوێنی هێنانی زمانە کە دیارەو جێگای وەرگرێش دیارە . بەڵام لە زمانگۆڕانە کەدا لە مرۆڤ جیگای لێوە هاتنی زمانە تازەکان دیار نیە ؟!!
ئەگەر ئێمە بە وردی سەیری کۆی زمانگۆڕاوەکان بکەین کە دەبینین ..هه موو زمانە کانی مرۆڤ قسەی پێکردوون لە کۆن و ئێستا بە مردوو و زیندووەکانەوە ، لەم زمانگۆڕانانەدا دەبینرێن و هه ن . هه ن واتە لە نێو میللەتێک و لە وڵاتێکدا قسەیان پێکراوەو ئێستاش قسەیان پی دەکرێ . بەڵام ؛ لە نێوان ئەم دووری زەمەن ودووری شوێنانەدا ئەم زمانە چۆن دەگاتە ئەو کەسەو دەبێتە زمانی قسەکردنی ؟؟

تیئۆرەکانی دروستبوونی زمان هه رچیەک بن بۆ ئێمە گرنگ نیە !چونکە ئێمە خاڵێ هاوبەشی زۆر دەبینین لە نیوان تیئۆرەکانی زمان دروست بوون ؛ بە تێئۆرە ئایینی و ئەفسانەیی و زانستیەکانیشەوە ! ئەوەی گرنگەو هۆکەی بزانین ئەو زمانانە لە کوێندەر هه لگیراون وچۆن بە سەدمەیەک و تایێک و کەوتنێک ئاوا زوو لە کەسی بەرکەوتوو ئامادە دبن ویەکسەر دەبن بە زمانی قسەکردنی !؟
ئەگەر تائێستا زانست وەڵامێکی پێ نیە ! هێندەی ئێمە بیزانین – واچاکە پەنا بۆ چێڕۆکە ئایینیەکان ببەین و دان بەوە دابنێن کە خودا مرۆڤەکانی فێری زمان کرد !!

باشە ، ئەو زمانە چ زمانێک بوو کە خودا مرۆڤەکانی فێرکرد ؟؟ئایا تەنیا زمانێکی فێرکردن ؟ ئەوەتە لە قورئاندا دەفەرمووێ 🙁 ئادەمی فێری هه مووناوەکانکرد ) (٥)ئێمە ئەم واتایە واوەردەگرین ، کە خودا ئادەمی فێری هه موو ناوەکان کرد ، لە ناویشدا وای لێکدەدەینەوە کە مەبەست لەناو – وشە – یە و وشەش واتە زمان .واتە وشە مەبەست ناوەو ناوێش وشەیەو وشە ش مە بەست – زمان – ە و لە دەقەکەشدا –ناوەکان – هاتووەو بە شێوەی (کۆ) کە دواجار زمانەکەش دەکاتە – زمانەکان – .ئێتر خودا ئادەمی فێری هه موو زمانە کان کرد . لە گۆکردنی – ئادم – دەتوانرێ بە مانای کۆوەربگیرێ و بکاتە ئادەمەکان واتە هه موو مرۆڤەکان .واتە خودا هه موو مرۆڤەکانی فێری هه موو زمانەکان کرد !! پرسیارێکی لۆژیکی دێتە پێش ، ئەی بۆچی هه موو مرۆڤەکان ، هه موو زمانەکان نازانن و زۆربەیان هه ربە منداڵیەوە زۆر بەزەحمەت فێری تەنها زمانێ دەبن ؟!! دەکرێ وەڵامی ئەم پرسیارە بەم شێوەیە بدرێتەوە: ئەی ئەوە نیە هه موو مرۆڤەکان پێکەوە ..هه مووزمانەکان دەزان !! ئێمە کە خودا بەو سفەتەوە بناسین و قبول بکەین کە کیتابە یەکتا پەرستەکان پێناسەی دەکەن ! ئەوکاتە خودا دەتوانێ هه موو شتیێک بکات و هه موو کارێکی لەدست دێت .بەڵام ؛ هێشتا پرسیاری تر زۆر ماون و وەڵاممان دەستنەکەوتووە !! باشە ئەگەر ئادەمیەکان هه رهه موویان فێری هه موو زمانەکان کراون ، بۆچی مرۆڤ هه رلەدایک بوو قسان ناکات و نادوێ ؟ بۆچی زۆر بەزەحمەت و زۆریشی پی دەچێ هه تا فێری زمانی دایکی دەبێت !ئەگەر فێرکراون دەبێ زمانە کە بەشێک بێت لە جەستەی و هه رزوو ئامادەی بەکارهێنان بێت ، وەک دیتن و بیستن وجولەی سەرو مل ودەست و پێ و دەنگە دەنگ !! ئەوە هه موومان و بەردەوام دەبینین کە منداڵ وشە بە وشە و بەدووبارەکردنەوەی زۆرو بەردەوام و هه ڵەکردن و بۆ راسکردنەوە و کەلەکە بوون فێری زمانی دایکی دەبێت . ئەوشمان دیوەو زانیوە ، کە منداڵێک بە بچوکی دەکەوێتە نێو گورگان و جگە لەوەی وەک گورگ لە سەر چوار لەپ دەڕوات وەک گورگیش دەلوورێنێ ! واتە زمانە مرۆڤیە ئادەمیە کە فێرنابیت و قسە ناکات !!؟ ئەم ئەنجامە بەرەو تیئۆری ئەوەمان دەبات کە منداڵ بە – پرۆسەی خانوادەیی – فێری زمان دەبێت ، وەک ئەوەی ئەگەر منداڵێک لە بچوو کیەوە کەدایک و باوکی کوردبن و بدرێت بە دایک و باوکێکی فەڕەنسی ..ئەوا منداڵە کە زمانی دایک و باوکە فەڕەنسیەکە فێر دەبێت ، نەک دایک و باوکە کورد ەکە .کەواتە منداڵە کە فێردەکرێ ، نەک فێرکراوە و بڕاوەتەوە .

دەگەڕێینەوە بۆ ئینجیل و بابزانین خودا لەوێ چۆن باسی زمان و فێربوونی زمان دەکات ؟!
لە ئینجیل داهاتووە : (لە سەرەتادا وشە بوو ، هه روەها وشە لای خودا بوو ، وشە هه ربۆخۆی خودا بوو .) ئەگەر بەوردی سەنجی ئەم سێ ڕستەیە بدەین ، ڕستەی یەکەم و سێیەمیان زۆر لێک نزیکترن ، تا ڕستەی دووەم .لەسەرەتادا وشەبوو، وشە هه ربۆخوی خودابوو .ئەم دوو ڕستەیە دەکرێ یەکتر تەواو بکەن و مە بەست بدەنە دەست .واتە ماناکەی وادەکەوێتەوە کە .. لەسەرەتادا وشە بوو وشەش هه ربۆخۆی خودا بوو .ئەم ڕستە تازەیە کارەکە ڕێك دەخات و مەبەستەکە دەداتە دەست .

واتە خودا- وشە – وشە زمان بوو ..زمان خودا بوو . کەواتە ئەم خودا زمانە وەک لە قورئاندا هاتووە : (خودا مرۆڤی بەجوانرتین شێوە دروست کرد .)لە فەرموودەیەکی پێغەمبەریش دا هاتووە :(خودا ئادەمی لەسەر شێوەی خۆی دروست کرد .)کەواتە ئەو جوانترین شێوەیە ، شێوەی خودایە کە مرۆڤی لەسەر دروست کراوە ، ئەو خودایەی کە لەسەرەتاوە وشە بوو ..وشەش هه ربۆخۆی خودابوو ! دەئ ئەو خودا جوانە کە وشە بوو مرۆڤی لەسەر شێوەی خۆی دروست کرد ، کە خودا وشە بوو !!دیارە لە دەقە ئایینی و ئەفسانەییە کان باس لەوەش دەکەن کە خودا مرۆڤی لە خۆڵ و ئاو خوێن و نووری خۆشی دروست کردووە ، واتە مرۆڤ ، نە بەتەنیا لەوشە دروست کراوە نە لەئاوو نە لە خوێن و نووریش ! بەلکو پێکهاتەیەکە لەمانەو زۆری تریش ، کەزمان یەکێکیانە دروستکراوە! واتە هه ر ئەمەشە ، واتە زمانە مرۆڤ لە هه موو کائینەکانی تر جیادەکاتەوە ئەوێش قسەکردنە .واتە بەکارهێنانی ناوو وشەیە . ئەمە لەوەمان نزیک دەکاتەوە کەبلێین : بەشێکی پێکهاتەی دروستکراوی جەستەی مرۆڤ.. زمانە . ئەوەتە زانستی نوێش دەیسەلمێمێ کە (جینی فۆکس پی ٢) لە نێوجینەکانی جەستەی مرۆڤ بەرپرسە لە زمان و قسە کردنی مرۆڤ خۆی .

لە چێڕۆکە ئایینیە ئیسلامیەکە (ناو=زمان) وا دەخاتە بەر زیهن کە خودا زمان دەزانێ و ئەوە خودایە ئادەم فیری زمان و قسە کردن دەکات .بەڵام ، لە ئینجیل دا دەڵێ (لەسەرەتادا وشە بوو ،هه روەها وشە لای خودا بوو ، وشە هه ربۆخۆی خودا بوو) واتە وشە خودا بوو ..خودا وشە بوو،ئەم دوو باسکردنەش وەک یەک ناکەونەوە ، سەرە ڕای ئەوەی کە لە قورئان دا زۆر بە ڕوونی باسی ئەوە دەکات کە خودا ئادەمی فیری ناوەکان = زمان کردووە . بەڵام لە ئینجیل دا بە م شێوەیە نیە !

هه رچەندە دەقی چێڕۆکە ئایینیەکان دەکرێ بە جۆریکی تر بخوێندرێنەو،وەک ئەوەی یەکێ لە ڵیکۆڵەرانی چیڕۆکەکانی قورئان دەنووسێ :ئێمە نابێ چیرۆکەکانی قورئان واوەر بگرین کە چۆنە ئاوها ڕوویانداوە ، بەڵکو حیکمەتی چێڕۆکەکە گرنگە .هه روەها چیڕۆکە ئەفسانە ییەکانیش زۆر جار دەبێ وەک هێما وەریان بگێرێن ، نەک وەک ئەوەی لەدەقەکەدا باسی ڕوودانەکانیان دەکرێت .ئەوتە لە کتێبی پیرۆز دەڵێ :بڵاو بوونەوەو پەرت بوونی زمان و هه لەت و پەلەت بوونی مرۆڤەکان لە خاکی – شینعار – بوو، ئەوەی دواتر بوو بە بابیل وزەمەنی ئەم ڕووداوەش بۆ(٤٢٠٠)ساڵ دەگێڕنەوە !ئەگەر بەوردی ئەم دەقە شێبکەینەوە ، ئەوا دەردەکەوێ پێش پەرت بوون و لێکپچڕانی خەلک و خاک و زمانە کە ، زمانێک هه بووە خەلکەکە قسەیان پێکردووە ! دواتر کە لێکدابڕاون زمانەکە پارچە پارچە بووەو زۆر زمانی تری لێ پەیدابووە .ئەم هه واڵە ئایینیەو ئەگەر باسی زۆر بوونی زمان دەکات ..ڕاستە ، دەشێ وابێت ! بەڵام ، ئەم چیڕۆکە پێمان ناڵێ ئەو زمانەی خەڵکە کە پێی دەدوان پێش ئەوەی – یەهوا – دەریان بکات و پەرت و بڵاویان بکاتەوە ، چۆن دروست بووە ؟ کە ئێمە لیرە زیاتر پێویستیمان بەچۆنیەتی دروستبوونی زمان هه یە لە سەرەتاوە . نەک پەرت و بڵاو بوونەوەی . ئەو زەمەنی( ٤٢٠٠ )ساڵەش بۆ دروستبوونی زمان دایان ناوە ، لە گەڵ ڕەوتی ژیان و سەر هه ڵدانی شارستانییەت ناگونجێ ! کە هه رتەنی پەیدابوونی نووسین لێکۆڵەران بۆ( ٣٢٠٠ تا ٣٥٠٠ )ساڵ پێش زایینی دەگەڕێننەوە ، کە دەکاتە نزیک(٥٥٠٠ – ٦٠٠٠) ساڵ ، دیسان ئەم (٦٠٠٠) ساڵەش هه رزۆر کەمە بۆ سەرەتای پەیدا بوونی زمان ، ئەگەر پشت بە زانستی مرۆڤناسیی و شوێنەوارناسیی ببەستین !


مردووەکانی ئەشکەوتی شانەدەر:

ئەگەر بەوردی ئەنجامی پشکنینەکانی( ئەشکەوتی شانەدەر )(٦) بخوێنیەوە ، بۆمان دەردەکەوێ کە لە( ٦٥٠٠٠)سال پێش زایین ئەشکەوتنشینەکان مردووەکانی خۆیان ناشتووە ! زاناکان لەم جۆری ناشتنە زۆر ئەنجامیان بە دەست هێناوە ، وەک ئەوەی کە مردووکانیان وەک منداڵ لە ناوزگی دایکیاچۆن گرمۆلە دەکات ئاوایان ناشتوون ، مردووکانیان پیکەوە ناشتوون ، کەرەستەی سادەی دروستکراوی خۆیان، ئەوانە ڕؤژانە بە کاریان دەهێنان ..ئەوانیشیان لە گەڵ ناشتوون . لە سەر هه موو ئەمانەش بە هه شت جۆر گوڵ جەستەکانیان گوڵپۆشکردوون . ئەمانە هه مووی وای لە ( ڕالف سوالکی ) سەرۆکی تیپەکە و جەماعەتەکەی کرد . بڵێن ؛ ئەم مرۆڤانەی ئەشکەوتی شانەدەر کە( بە نیاندرتالی شانەدەر) ناسراون ..جۆرەئایینەکیان هه بووە .چوون وەک لە کۆی کاری ناشتنی مردووەکان دەردەکەوێ ، بڕوایان وابووە ئەم مردووانە زیندوو دەبنەوەو جارێکی تر پیکەوە دەست بە ژیان دەکەنەوەو کەرستەکانی خۆیان بە هه مان شێوەی پێشوو بەکار دەهێننەوە !ئەمە ئەگەر جۆریک بێت لە بیرۆکەیەکی ئایینی و مرۆڤەکان بڕوایان پێی هه بووبێت ..ئەوا ئەو باوڕەی کە لایان وابووە مردووکان بە شێوەی پێشو زیندوو دەبنەوەو بە هه مان شێوەش کەرستەکانیان بەکاردێننەوە ؛ ئەوا ئەم باوەڕە باوەڕێکی ئەفسانەییە !! چۆن ئەگەر مردووەکان بەپیی جۆریک لە ئایینەکان بەجۆرێک لە جۆرەکان زیندوو دبنەوە؛ ئەوا بە هیچ شێوەیەک بەشێوەی پێشو زیندوونابنەوەوهه مان کەرستە بە هه مان شێوە بەکار نا هێننەوە ؛ کە بەڕای ئێمە وەک لێکۆڵەریکی ئەفسانە ..ئەمە ڕایەکی ئەفسانەییە ! کەواتە لیرە پێکەوە ئایین و ئەفسانە سەریان هه ڵداوە .بەهیچ شێوەیەک ئاقڵ نایبڕێ کە ئەم هه موو کارو بڕوائایینی و بیرۆکە ئەفسانەییە بەبێ قسەکردن ڕووی دابێ !! هه ربۆیە دەبێ ئەشکەوتنشینەکان ئەووەختە بەزمانیک.. هه رزمانیک بیت قسەیان کردبێ ، کەدەکرێ بە ( زمانی ئەشکەوت ) ناوی ببەین .کە ئەشکەوتەکەش شانەدەرە ؛ کەواتە زمانەکەیان زمانی (ئەشکەوتنشینانی شانەدەر )ە ئەگەر ئەوەش لە بیرنەکەین کە زەمەنی مردووناشتنەکانی ئەشکەوتی شانەدەر( ٦٥٠٠٠)ساڵ پێش زایینە ! دەبێ ئەوش ڕەچاو بکەی کە زمانەکە زۆر پێش ئەو زەمەنە دروستبووەو بەرە بەرە پێگەیشتووە .

هه ربۆیە هه ندێک لەزاناکان لەسەر ئەو باوەڕەن کە باپیرانی مرۆڤ لە فێربوونی زماندا توانایەکی گەورەیان هه بووە ، ئەگەر سەیری ئەو وێنانەی ئەشکەوتەکان بکەین کە بۆ( ٣٠٠٠٠٠ تا ٧٠٠٠٠٠)هه زار ساڵ دەگەڕێتەوە بۆ چەرخی بەردینیی کۆن ،کە هه ندێ لە زاناکان دەڵێن : مرۆڤ بەر لە( ١٠٠٠٠٠)ساڵ پێش ئێستا دەستی بەوەکردووە کە زمان فێر ببێت .بۆ دروستبوونی زمان زاناکان زمەنی تریشیان دەستنیشانکردووە بۆ نموونە زمان لە نێوان (١٥٠٠٠٠ تا ٣٠٠٠٠) ساڵ پێش زاین دروست بووە ، ڕایەکی تر هه یە دروستبوونەکە بۆ (٥٠٠٠٠٠) هه زار ساڵ پێش ئێستا دەگێڕنەوە .وەک دەبینن تیئۆرەکانی دروستبوونی زمان و سەردەمەکانی دروستبوونی زمان زۆرن و لێک جیان .

دەقێکی ئەفسانەیی بۆ دروستبوونی زمان “

وەک دەقە ئایینیەکان دەقی ئەفسانەییش هه یە باس لە دروستبوونی زمان دەکات ، لەم ئەفسانەیەدا دەڵێ :هه بوو نەبوو لە زەمانی کۆنداخەلک هه موویان لە گوندێکی گەورەدەژیان و تەنیا بە یەک زمان قسەیان دەکرد .ئەم ئەفسانەیە لەنێو هۆزەکانی( بەرزاییەکانی میانمار) دەگێڕدرێتەوە .هه روەها دەلێن : وەستاکان خەریکی دروستکردنی بورجێکی بەرزبوون، بەم هۆیەوە بەرە بەرە شێوازی زۆرو جیا جیایان لە قسەکردن بەدست هێنا،دواجار بە سەر زەویدا بڵاو بوونەوە . دوور نیە کە دانیشتوانی ڕەسەنی ئەفریقاوڕۆژهه ڵاتی ئاسیاو مەکسیک و زۆر جێگای ترئەمانیش ئەفسانەی هاوشێوەیان هه بێت .

ئەگەر سەرنج بدەین ..دەبینین کە ئەفسانە کە دەڵی: لە زەمانی کۆندا خەڵک لە گوندێکی گەورە دەژیان و بە یەک زمان قسەیان دەکرد .! باسی قسەکردن بە یەک زمان دەکات ، کەچی؛ ناڵی ئەم زمانە چۆن وکەی دروست بووە !؟ بەڵام ئەوێش باس لە شێوازی ز ۆرو هه مە جۆر دەکات کە دواجار زمانە کە پێی بڵاو دەبیتەوە . واتە لێرەش لەم دەقە ئەفسانەییە شدا زەمەنی دروستبوونی زمان باسی لێنەکراوە ، هێندەهه یە قسەکردنەکەی خەلکی گوندە گەورەکە بۆ زەمەنی( هه بوو.. نەبوو )دەگەڕێنێتەوە .واتە زەمەنی ئەفسانەیی لە کۆنیدا .
کەواتە تائیستا نە گەیشتینە ئەوەی بزانین زمان چۆن دروستبووەو کەی دروستبووە ؟هێندە هه یە لە نێوهه موو تیئۆرەکان تیئۆری – لاسایی کردنەوەو گۆڕین دەنگی هێمائی بۆ وشەی مانادار و ورد ورد کەلەکەبوون – لە هه مووان نزیکترن لەواقیعی دروستبوونی زمانی مرۆڤ .

ئەگەر چیڕۆکە ئایینە کان زەمەنی دروستبوونی یەکسەرەیان لێوەربگرینەوەو ئەوە قبول بکەین ئەوانیش بەجۆرێک لە جۆرەکان باس لە فیربوونی بەرە بەرە دەکەن ، ئەوا لە گەڵ تیئۆرە زانستیەکان لیکنزیک دەبنەوەوکێشەی دروستبوونە کە هه تا ڕاددەیەک ئاسان دەبێت ، بەڵام؛ زەمەنی دروستبوونەکە ، وەک زەمەنیکی دیارو چەسپاو هه ردەمینێ ! ئەوسا چاکترین زەمەن بە پێی تیئۆری گەشە کردن ئەوەیە لە گەڵ گەشە کردنی جەستەی مرۆڤ و گەشەی شارستانیەت بگونجێ ، ئەوسا هه ر تیئۆری پێ بە پێ دروستبوون دەمێنێتەوە کە هه موو لایەک قبووڵی بکان .

ئێستا جارێکی تر دەگەڕێینەوە سەر ئەوەی کە زمانە کان هه موو لە کوێندەر هه ڵگیراون ؟ئایا هه موو زمانە کان لە زماندانی هه موو مرۆڤەکان هه ڵگیراون ؟! واتە هه رمرۆڤێک لە نێو( جینی فۆکس پ ٢ ) کەیدا هه موو زمانەکانی لەگەڵ خۆی هه ڵگرتووە !؟ یان هه موو زمانەکان لە نێو زماندانی هه موو مرۆڤەکان پێکەو – واتە هه رمرۆڤەو چەند زمانێکی لا هه ڵگیراور ە ! یان لە جێگایەکی ترە کە بەردەوام پێوەنددارە بە مرۆڤ کۆبوونەتەوە ؟ باشە ئەگەر وابێت ..ئەو جێگایە کوێندەرە ؟

لە گواستنەوەی زمان لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی تر ، دەتوانین پەنا بۆ شێوەی هاو بەشێ و زگماکی و جمکانەی مرۆڤەکان ببەین ، کە دوو جمک هه ر چەندە لیکدووربن ، بەڵام؛ جۆرێک یەک هه ستیان هه یەو هه ست بە خۆشی و ناخۆشی یەکتر دەکەن ، کاتێک یەکێکیان نە خۆش دەکەوێ ئەوەی تریش نە خۆش دەکەوێ و کاتێ یەکیان دڵخۆش دەبێت ئەوەی تریشیان دڵخۆش دەبێت .ئێمە ئەم تیئۆرە جمکیە بۆ هه موو مرۆڤەکانیش قبووڵ بکەین ..کە ئەوانیش لە سەرەتای دروستبوونیان بە پێی هه موو تیئۆرەکان جۆرێک جمکانەن ! واتە هاو بەشی و وەک یەکیان هه یە .هه ر لە خاڵێ سەرەتاو پێکهاتەی جەستەو خوێن و ئیحساس و هه ستەوە تا دەگاتە جۆری بیرکردنەوەو بەکارهێنانی زمانەوە .بۆیە ئەم هه موو هاو بەشێە پیکهاتەییە جەستەییە یارمەتی ئەوەمان دەدات کە بڵێین : پەیوەندیەکی بۆماوەیی لە نێوان هه موو مرۆڤەکاندا هه یەو لەم جۆرەکاتانە – مەبەست کاتی سەدمەو زمانگۆڕان – ە بێ خواستی مرۆڤەکان خۆیان هه ندێکیان زمان ئالوگۆڕ دەکەن ! وەک ئەوەی بێ خواستی خۆشیان تاکەکان زمانیان دەگۆڕێ .

ئەگەر ئەمە کارە میکانیکیە ئۆتۆماتیکیەکە بێت ! ئەی باشە زمانەکان چۆن هه رهه موویان بە تەوای و ئامادەن بۆ بەکارهێنان و قسەپێکردن لە کن مرۆڤەکان کۆبوونەتەوە و هه ن ؟ چۆن لەسەرەتادا مرۆڤەکان تاک تاک و گروپەبچوکەکان تەنیا یەک زمان فێردەبن ، دواتر بە پەرتی و لێکدووری بە زەمەن و بە جوگرافیاوە زمانی تر دروست دەبن . کە ئەم تیئۆرە یارمەتی ئەوەمان دەدات کە بڵێین : مرۆڤەکان بە تاک تاک هه رتەنیا یەک زمان فێردەبن ؛ کەواتە چۆن هه موو زمانەکان لەکن هه موو مرۆڤەکان عەمباربوونە ؟! ئەم ژنە بە هۆی سەدمەیەکەوە ، ئەم هه موو زمانەی لە کوێ بۆ هات و چۆن لای ئەوهه ر ڕۆژەی یەکێکیان چاڵاک دەبێت ؟

ئەگەر زەمەنی فێربوونی زمان و چۆنیەتی دروستبوونەکەی تیئۆری زۆری هه یە ! ئەوا تا ئێستا من ڕاوبۆ چوون و تیئۆریکم نە دۆزییەوە کە بۆمان ڕوون بکاتەوە کە چۆن ئەم هه موو زمانە بە هۆی سەدمەیەکەوە لای تەنیا مرۆڤێک کۆبوونەوەو چاڵاک بوون ؟ من خۆشم نە گەیشتم بە قەناعەتێک و هۆیەکم دەستنەکەوت بە گونجاوی بزانم بۆ ئەوەی خوێندەوارانی پێ ڕازی بکەم ! تا ئەو ڕۆژەی کە زانست ئەم نهێنیە و زۆری ترمان لە نهێنیەکانی کەون و جەستەی مرۆڤ بۆ ئاشکرا دەکات ، دەبێ هه وڵدەین و چاوە ڕێی داهێنانای زاناکان بین !. ئەم کەونە پڕ لە نهێنیە و کە مێکی زۆر کەمی زانراوەو زۆری ماوە بزانرێ ، جەستە و پیکهاتەی مرۆڤ پڕە لە نهێنی و کەمێکی زۆر کەمی زانراوەو زۆری ماوە بزانرێ.!!

ئەم دوو بارە بوونەوەی – زمانگۆڕان – ە بەبەردەوامی لە مێژووداو لە نێو هه موو وڵاتان و میللەتان ، هه روەها زۆرجار کەسی زمانگۆڕاو زیاتر لە زمانێک جیگەی زمانی خۆی دەگرێتەوە ، دواجار ئەم خاتوو ( میکایلا مەرمەر )ە کە هه ربەیانیەو بەزمانێکی ترو جیا لەوەی ڕۆژی پێشتر قسان دەکات ؛ حالەتەکان زۆر پرسیار بە دوای خۆی دادێنێ !
یەکەم : ئەوەیە کە ئەم زمانانە لە چ زماندان و عەمبارێک دا هه ڵگیراون؟
دووەم : ئایا هه موو زمانەکان لە نێو جینی بەرپرسی زماندا کۆبوونەتەوە ؟
سێیەم : ئایا زمانەکان لەدەرەوەی جەستەی مرۆڤ و لەشوێنێک دا هه ن ؟
چوارەم : چۆنە ئەم زمانگۆڕانە کتوپرە فێربوونی تەواوو یەکسەرەی بەدواوەیە؟
پێنجەم : هۆی چێە زمانگۆڕاو هه ندێ جار زیاتر لە زمانیک فێردەبێت و پێیان دەدوێ ؟
شەشەم : هۆی چێە ئەم ژنە میکایلا مەرمەر بەم زمانگۆڕانە هه ر ڕۆژەی بە زمانێکی جیا لەزمانی ڕۆژی پێشتر قسە دەکات و ئەم بەردەوام زمانگۆڕانەشی لەدەرەوەی خواستی خۆیەتی ؟
ئەم پرسیارانە ئەرکی زاناکان گران دەکات و وادەخوازێ زانست بەدوای وەڵامەکاندا بگەڕێت ، چوونکە ئەم دیاردە مێژووییە ئەم دووبارەبوونە بەردەوامەی نێو جوگرافیای مرۆڤایەتی ناکرێ هه روا بمێنتەوەو زانستانە کاری لە سەر نەکرێ و تەنیا بە نەخۆشیەکی بێ جارەسەری ناوببرێ !
ئەگەر نۆرەدڵ و وەستانی مێشک و تای گران و سەرێشەی زۆر نەخۆشین و زۆر جار دەبنە هۆی ئەم زمانگۆڕانەو کەوتن و سەدمەش دەبنە هۆی نەخۆشی ؟ ئەی ئەم ئەنجامە کە زمانگۆڕانەکەی لێدەکەوێتەوە ، ناکرێ ئەم بەشی زمانگۆرانەکە بۆ سودی مرۆڤ بەکار بێت و هۆی زمانگۆڕان و شوێنی زمانگۆران و کاری زمانگۆڕانەکە بزانرێ و مرۆڤ لە ڕێی زانستەوە دواجار ئەم زمانگۆرانە کۆنترۆل بکات و زانستیانەو بۆ سودی مرۆڤایەتی و بەتایبەت بۆ ( فێر بوونی زمان بە لەبەرگرتنەوە ) بەکاری بهێنێ و زمەنی زمان فیر بوون کورت بکاتەوە ؟

ئێمە بە شێوەیەکی تیئۆری لە کتێبەکەماندا (فێر بوونی زمان بەلەبەرگرتنەوە ) بەپشت بەستن بەم بەردەوامییەی زمانگۆڕان ، ڕیگامان بۆ ئەوە خۆشکردووە کەدواجار زانست دەتوانێ ئەم کارە بکات . خۆشبەختانە ( دکتۆرنیکۆلاس مۆنتی گرۆپۆنتە ) زانای مێشک و کۆمپیوتەر لەزانکۆی ئێم –ئای –تی لەکەنەدا ئەم هه واڵەی ڕاگەیاند و گوتی ؛ لە داهاتوودا دەتوانین بە کەبسولێک مرۆڤ فێری زمانی ئینگلیزی بکەین .
باشە.. ئەوە ئەم کە پسولە بەرهه می زانستە و فیربوونەکەش وەک دەردەکەوێ کتوپرە !ئەم کە پسولە چێ دەکات ؟زمانە کە لە نێو کەپسولەکەیەو لە جینی بەر پرسی فێربوونی زمانی کە سەکەدا کۆپی دەکات ؟ یان کە پسولە کە ئەو زمانە ئینگلیزیە چالاک دەکات کە خۆی هه یە لە نیو زماندانی مرۆڤەکەدا !؟ ئەمانەش پرسیارن و وەڵامەکانیان ڕوون نیە ! بەڵام ؛ فێربوونە کتۆپڕەکە بە هۆی کە پسولەکەوە نزیکمان دەکاتەوە لە فێربوونی کتووپڕی ئایینی و ئەفسانەیی و هه روەها فیربوونی کتوپڕی دوای سەدمەوە .لێکۆڵینەوە لە م ڕووداوو دیاردانەو گەڕان بە دوای وەڵامی پرسیارەکان ، سەرەتای قۆناخێکی نوێی زانستە لە بارەی زمانەوە بە هه موو ڕەهه ندەکانی زمانەوە . بابزانین زانستی داهاتوو چ وەڵاێکمان دەداتەوە !؟


تێبینیەکان:-

-(١) بۆ ئەوەی باشتر لەم بابەتە نزیک بیتەوە ، پێویست دەکات کتێبی (فیربوونی زمان بەلەبەر گرتنەوە – لە ئەفسانەی کوردیەوە بۆ زانستی سەردەم ) لێکۆڵینەوەیەکی زانستی ئەکادیمی تیئۆری پێشبینیکارە باس لە داهێنانێکی گرنگ دەکات ، کە دواجار ڕوویدا بخوێنیتەوە .
-(٢)لە ڕاستیدا ئەم زمانگۆرانە وەک نە خۆشیەک جاو لێدەکرێت و خۆشی لە ئەنجامی نۆرەدڵ و سەکتەی دەماغ و سەدمەی توند پەیدا دەبێت ، بەڵام هه موو جارێ زمانی کەسەنە نەخۆشەکە دەگۆڕێ بە زمانێکی تر یان زیاتر لە زمانیک و ئەو کە سە بەوزمانانە دەدوێت و قسە دەکات و زمانە نوێکە بەتەواوی فێردەبێت ، ئەوەی بۆ لێکۆلینەوەکەی ئێمە گرنگە ..ئەم زمانە تازانەیە کە کەسەکان بەکتوپڕی فێری دەبن . ئەم زمانفێربوونە ئەوەدەهێنێ لێکۆڵینەوەی زۆری لەسەر بکرێت ، کە تا ئێستا ئەم لێکۆڵینەوەو کتێبەکەی خۆم من بەم شێوەیە بە تاقانە ەبینم ، هیوادارم داهاتوو لێکۆڵەران چاکترو زۆرتری پیوە خەریک بن .
-(٣)(٤) نەواف پیاوێکی ئیزەدی بوو ئەوێش کە لە خەو هه ڵدەستێ بەزمانی ئینگلیزی قسان دەکات و ئایینەکەشی لە ئیزەدیەوە دەگۆڕێ بۆ مەسیحی ، مامۆستا مە لا عەلی کوردی – کەلەک کە بیست سال زیاترە وەک خۆی باسەدەکات ئەو جۆرە نەخۆشانە چاک دەکاتەوە ، کە لە نە خۆشخانەکان بێهیوادەبن ، هه رئەویش نەوافی چاککردەوەو بە زمانی کوردی کەوتەوە قسەو گەڕایەوە سەر ئایینەکەی خۆشی و وازی لە مەسیحیەت هێنا، ئەم کارەی (مامۆستا مەلا عەلی کوردی) وەک (دکتۆر ئاڕئاڕ سواریز)وایەو ئەوێش کە پیاوێکی مەسیحیە ئەوە چل سالە خەریکی ئەم جۆرە پزیشککارییەیەو بەشێوازی خۆی چارەسەری ئەم جۆرە نە خۆشانە دەکات ، ئەم دوانە ئەوە هه ڵدەگرن لە چەندین لاوە لێکۆڵینەویان لەسەر بکرێ . من تا ئیستا ئەم ئایینگۆڕانەم بە م شێوەیە نەدیوەو نەمزانیوە کەسیش بە شێوەی مامۆستا مەلا عەلی بەم جۆرە نەخۆشی لا چاکبووبێتەوە !!
-(٥) بۆ ئێمە وەک لێکۆڵەرێک هه موو دەقەکان ، دەقی ئایینی و ئەفسانەیی و مێژوویی و واقیعی و هه ردەقێکی تر کە سودی بۆ بابەتەکە هه بێت ، دەقی لیکۆڵێنەوە ن .
-(٦)ئەشکەوتی شانە دەر گرنگیەکی جیهانی هه یە لە ڕووی پڕ نهێنی و زانیاری کۆنی ژیانی مرۆڤەوە ، یەکێ لە پسپۆرانی شوێنەوارناسی و شارە زا لە ئەشکەوتی شانەدەر دەلێ:( ئەشکەوتی شانەدەر کۆنترین و گرنگ ترین و دەوڵەمەندترین ئارشیفی مرۆڤایەتیە ) یەکێکی تریان لەکاتێکدا پەنجە بۆ دەرگای ئەشکەوتی شانەدەر درێژ دەکات ، دەڵێ :(:: هه رچی شارستانیەت هه یە لە دەرگای ئەم ئەشکەوتە هاتووتە دەرەوە .) مە بەستی هه موو شارستانیەتەکانی مرۆڤایەتیە . چونکە لەڕووی زەمەنەوە لەهه مووان کۆنترە .

Previous
Next
Kurdish