Skip to Content

ئەو پرتەوبۆڵەیەت لەچیە؟ … عەباس ئیسماعیل حەمەد

ئەو پرتەوبۆڵەیەت لەچیە؟ … عەباس ئیسماعیل حەمەد

Closed
by حوزه‌یران 23, 2019 General, Poems

کوردستان 2015-2-4

سەراسۆی بانیم لێمەگرە چیدی!
خۆت مەگرمخێنە ئیدی!
بێرەوە سەر عەرز!
خۆت لێنەگۆڕێ!
ئەمن نەبام،
تۆ نەدەبووی!
کەڵەبابی سەربارەدارێ‌ نی
وەرەوە خوارێ!

تۆ کۆتایی سەرەتایەکی
چەقت بەستووە.
تۆ تابلۆیەکی سەرەخۆرەی!

من بیر نەکەمەوە، ئەتو ئەو زمانەی لە کێندەرێ دینی؟
من کتێبەکان دەنووسمەوە!
تۆ بازدەدەیتە نێودێڕەکان.

من هەگبەی پێوەرەکانم بەتوو دەسپێرم‌، نەک خۆم.
تۆ وێنەیەکی ئەودیوی منی.
با تۆ بابیت یان لەگەڵدا بیت،
هێشتا نەتتوانیوە ببی بەیەک‌
من هەر لەوێت دەتهێلمەوە.
دەزانم دەگەیت بەوێ،
دەستت دەگا بەوێ،
بەڵام نەک ئەو ئەوێیەی من لەوێم!

ئەتوو دەبی بە بیر لە مندا
ناتوانی ببی بە زمان!
یا زەمەنەکانم دەستکاری بکەیت‌و ببی بە کردار.
ئەتوو:
بیرم،
زمانم،
کردارم دەهۆنیتەوە،
دەبی بە دەق،
لەنێو دێڕەکانمدا سەرهەڵدێنی
هێشتا نابیت بە قسە.
چونکە من نەبم تۆ نابیت!

تۆ ئەودیوی منی، من دیوەکەی تر
تۆ پیرۆزی منی، تۆ بیری،
تۆ لەمنی!
تۆ جیامدەکەیتەوە لەوانی دی.
تۆ لە روخسارمدا دەبیندرێی‌،
بە ئادگارمدا دەردەکەوی:
من ئەو نیم‌و منم،
لە خۆم نەبێ،
لە تۆ نەبێ،
لە چی دی ناچم.

بێ هودەیە، لێگەڕێ!
وازبهێنە!
هەوڵیش بدەی
پەلکێشی ناو تۆ نابم،
من لە ناوەوەم، تۆ لەدەرەوەی.

من خۆم چم!() من ئەسڵم. لەگەڵ مندا دەبیت بە چ!().
تۆ هەر لە خۆم دەچیت‌‌،
وێنەکەی ئەو دیوی منیت!

سەرقاڵم بە تۆ
نەک هێندە بەخۆم.
من نەبم، تۆ نیت‌!
تۆش نەبی
لە مۆنۆمێنت،
لە پەیکەری سەر سەکۆیەک دەچم،
نە بە بارانێ زیندودەبمەوە،
نە بەرەونەقی سەردانێ،
نە بەنزا،
نە بەگریانێ،
نە لەگەڵ هەناسەش دێمەوە!

تۆ هی من نیت
تۆ لەمنی!
تۆ هەردەمێ رەنگێکی
تۆ دەنگی.

تا من بیر نەکەمەوە
نەتکەم بە وێنە‌،
نەتکەم بە ئاواز،
تۆ لەدەرەوەی سنورەکانی!
من لێرەم،
تۆ لەوێ‌ی.

تۆ بووی بەبار
لەمندا،
لەناخمدا،
لەبیرمدا.
نە بەبێ‌ی تۆ هەڵدەکەم
نەتۆش بێ‌ی من ئەوی تری!

مردن تۆ داتهێناوە!
من تۆ.
تۆ ئەهرێمەنت داهێنا
من ئەهرۆمزدا!
من خەون، گەڕان بەناو ئۆقرەیی ئەبەدیدا
گەڕان بەناو ناخی خۆمدا
هەڵاتن لەدەست تۆ.

تۆ دەبیت بە وەهم‌،
بە گێرە.
تۆ بە وشەوە دەنووسێیت،
هەندێ جار دەبی بە مانا
جاروبار لێم هەڵدەگەڕێیتەوە،
دەبیت بە رەهەندەکەی ئەودیو.
لەوەتەی من هەم
لە ئەزەلەوە
من‌و تۆ کێشمەکێشممانە
لەسەر تۆ، لەسەر من!
من چم؟ یا تۆ چی؟

لە یەکەم تەقینەوە
من سەرەتاو کۆتا
یا تۆ کۆتا‌و سەرەتایت؟
من وزەبووم؟ تۆ بوویت بە مادە؟
یا من ماددە بووم‌؟ تۆ خۆت کرد بە وزە؟

لێم عەیانە:
من وزەم،
من ماددەم،
من سەرەتام
کۆتا بەدەست خۆمە
نەک بە دەست تۆ.
من چم،(*) ئەتوو وەنی.
من ئێرەم،
من لێرەم
من ئێستاکەم
تۆ دووای ئەوی
من هەوکانەم،
تۆ هێشتا نی.

من نە بام‌و نە لەگەڵیشدام
من کەس زەفەرم پێ نابا
دەتگۆڕن، خۆت لێدەگۆڕێ
من هەر وەک خۆمم ئەمن
من لە ناوەوەم.
تۆ لەوێندەرێ نی.
تۆ لەوانی دی ناچی
تۆ، هەرجارێ رەنگێکی
دەنگێکی
ئەوانیش وەک خۆیانن
رەنگێکن
دەنگێکن
هیچتان لە هیچتان ناچن
ئەگەر ئەوان نەبن
ئێوە چ(*) نین.

” هەستیدەروونم قسەی زمانم… ”
زۆر لەیەک نزیکن دەزانم! (**)

(سوید 2019-6-22 )

عەباس ئیسماعیل حەمەد
. . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . .
() (چ) خۆی لەخۆیدا دەربڕینە، وشەیە، بە ماناکانی Entity, Being لە زۆردەربڕین بەکارمهێناون. (*) دێڕی یەکەم لە گۆرانیەکی کوردی وەرگیراوە،
دێڕی دووەمیش هەر هی ئەوێیە، خۆی دەستکاری خۆی کردووە.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish