Skip to Content

دەمامکەکانی زانیاری: هەڵوەشاندنەوەی ئەفسانەی سەربەخۆیی ناوەندەکانی بیرکردنەوە لە جیهانی هاوچەرخدا.. ئەکرەم سەعید

دەمامکەکانی زانیاری: هەڵوەشاندنەوەی ئەفسانەی سەربەخۆیی ناوەندەکانی بیرکردنەوە لە جیهانی هاوچەرخدا.. ئەکرەم سەعید

Be First!
by تشرینی یەکەم 15, 2026 General, Opinion, Slider
image_print


سەرمایە، دێوەزمەیەکی دڕندە و تۆقێنەرە
کێیە بوێریی ئەوەی هەبێت توڕەی بکات؟
هیچ شتێک کڵپەی شێتییەکەی دانامرکێنێتەوە،
جگە لە تاڵانکردنی سامان و خوێن ڕشتن.

شمشاڵژەنەکانی حەساری سەرمایە: لێکۆڵینەوەیەک لە پاشکۆیەتیی پێکهاتەییی دامەزراوە فیکرییە بۆرژوازییەکان:


هەردوو ئابووریناسی مارکسیست پۆڵ باران و پۆڵ سویزی لە کتێبی هاوبەشیاندا بە ناوی «سەرمایەی قۆرخکار» (١٩٦٦)، دەستەواژەی خوازراوی «ئەوەی پارەی شمشاڵژەن دەدات، ئاوازەکە دیاری دەکات» بەکاردێنن؛ بە مەبەستی توێژینەوە و لەبەرشیکردنی ئەو پاشکۆیەتییە ڕەهایەی کە دەزگاکانی ڕاگەیاندن، دامەزراوە فیکری و ئەکادیمییەکان لەبەرژەوەندیی چینی بۆرژوازی و سەرمایەی قۆرخکار بەدەستیەوە دەناڵێنن. ئەم شیکارییە دەسەلمێنێت کە ناوەندەکانی توێژینەوە، ڕۆژنامەگەری، زانکۆکان و دامەزراوە فیکرییەکان لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا، مەعریفە و زانیارییەکانیان لە فەزایەکی سەربەخۆ یان بێلایەنییەکی ئەخلاقیی پاكدا بەرهەم ناهێنن؛ بەڵکو بەردەوامی و کارەکانیان بەستراوەتەوە بە بەخشینی کۆمپانیا قۆرخکارە گەورەکان و ئەو پاڵپشتییە داراییە حکومییەی کە کەوتووەتە ژێر فەرمانەکانی دەوڵەتی سەرمایەداری و سەربازییەوە.

لە واقیعی کرداریدا، زۆربەی نوخبەی ڕۆشنبیر و دامەزراوە فیکرییەکان دەکەونە ژێر ڕکێفی پارەی بۆرژوازییەوە . بە پشتبەستن بەم بنچینە ئابوورییە، ئەو دوو توێژەرە پێیان وایە کە «داخوازیی کاریگەر» لە بازاڕی سەرمایەداریدا، سەرەنجام داوای «خستنەڕوویەکی مەعریفیی هاوتا لەگەڵ خۆی» دەکات؛ چونکە دامەزراوە داراییەکان مەرج و ئاڕاستە ئایدیۆلۆژییەکانی خۆیان بەسەر توێژەر و ڕۆشنبیراندا (شمشاڵژەنەکان) دەسەپێنن، ئەمەش وای لەو ئەکادیمیانە کردووە پەنا بەرنە بەر داڕشتنی تیۆری و پاساوی وەزیفی بە جۆرێک کە پارێزگاری لە پێکهاتە کۆنەکە بکات و میکانیزمەکانی چەوساندنەوەی پێکهاتەیی بشارێتەوە، و خۆیان لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی عەقڵانیی ڕاستەقینە لەگەڵ واقیعی سیستەمەکە بەدوور بگرن. ئەم پێوەندییە پاشکۆییەی نێوان دەسەڵات، ڕۆشنبیران و دامەزراوەکانیان، دەرکەوتەکانی لە نێوان وڵاتانی جیهاندا لە ڕووی شێوازی ڕێکخستن و ئاستی شەفافیەتەوە جیاوازە، بەڵام لە ڕووی جەوهەری فیکرییەوە وەک یەک دەمێنێتەوە، ئیتر چ لە (ئەمریکا، ئەڵمانیا، ئیتالیا، عەرەبستانی سعوودی، ئیمارات، و هتد) بێت.

ئەم توێژینەوەیە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی «ئەفسانەی کارایی عەقڵانی» دەدات لە ڕێگەی پێشکەشکردنی خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی پێکهاتەیی بۆ کارکردنی ناوەندەکانی بیرکردنەوە (Think Tanks) لە ژینگەی سەرمایەداریی هاوچەرخدا. کێشەی ناوەندیی توێژینەوەکە لە دەوری ڕوونکردنەوەی ئەو دژایەتییە پێکهاتەییە توندە دەسووڕێتەوە کە لە نێوان ڕووکەش و ناوەڕۆکدا هەیە؛ چونکە لە کاتێکدا وڵاتانی سەرمایەداری شایەتی هەڵاوسانێکی چەندایەتیی گەورەن لە ژمارەی سەنتەرەکانی توێژینەوە و دامەزراوە مەعریفییەکانی تایبەت بە بەرهەمهێنانی ستراتیژییەکان، بەڵام سیاسەتە گشتییەکان و ئاڕاستە سەربازییەکان و ئۆپەراسیۆنە جەنگییەکانی ئەم وڵاتانە بەرەو ئاستێکی بێپێشینە لە ناعەقڵانییەتی خۆکوژانە گلۆر دەبنەوە، کە لە چەقینی مەعریفی و گەمژەیی ستراتیژی نزیک دەبێتەوە. توێژینەوەکە بەرگری لەو تێڕوانینە دەکات کە ئەم دژایەتییە بەهۆی کەمیی لێهاتوویی تەکنیکی یان ئەکادیمی لای نوخبە فیکرییەکان نییە، بەڵکو دەرەنجامێکی حەتمیی بەستراوەتەوەیی بابەتە مەعریفییەکەیە بە یاساکانی بازاڕی سەرمایەداری و دارایی قۆرخکارییەوە. بە بەکارهێنانی چەمکەکانی ئابووریی سیاسیی مارکسیستی، دەردەکەوێت کە ئەم دامەزراوانە ڕۆڵێکی وەزیفیی پاساودەرانە دەگێڕن کە سروشتی «داخوازیی کاریگەر»ی چینی بۆرژوازی و دەوڵەتی جەنگ سەپاندوویەتی؛ بەو پێیەی «شمشاڵژەنەکان» لەم سەنتەرانەدا ناچارن نزیکبوونەوە و دیدگایەک بەرهەم بهێنن کە پارێزگاری لە دۆخی پێکهاتەیی ئێستا بکات، و شەرعیەت بدات بە «ستراتیژییەکانی دڕندەیی» بە مەبەستی بەڕێکردن و چارەسەرکردنی قەیرانە خولییەکانی سیستەمەکە. ئەم گەمارۆدانە ئایدیۆلۆژییە خودییە، لە ڕووی بابەتییەوە هەر ئەگەرێکی بەرهەمهێنانی چارەسەری عەقڵانیی ڕاستەقینە وەدەر دەنێت، و ئەو دامەزراوانە لە ئامرازی ڕۆشنگەری و پلاندانانی زانستییەوە دەگۆڕێت بۆ ئامێری بەرهەمهێنانی هۆشیاریی ساختە و سڕکردنی هۆشیاریی بەکۆمەڵ، ئەمەش تەواوی سیستەمی نێودەوڵەتی بەرەو لێواری بەربەریەت و وێرانکاریی بێمانا پاڵ پێوە دەنێت، تەنیا لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی سەرمایەدا.

لە سیستەمە سەرمایەدارییە دیموکراتیکەکاندا، بوونی ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆ (لیبراڵەکان، چاکسازیخوازان، یان داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ) کە ڕەخنە لە سیاسەتەکانی دەوڵەتەکانیان دەگرن، وەک دیاردەیەکی بەردەوام و ئاسایی سەیر دەکرێت. بەگوێرەی مێتۆدی ئابووریی سیاسیی مارکسیستی، دەسەڵاتی سەرمایەداری مامەڵە لەگەڵ ئەم ڕەخنەگرانەدا ناکات لە ڕێگەی قەدەغەکردنی توند یان سڕینەوەی جەستەییی ڕاستەوخۆوە، مەگەر لە حاڵەتە ناوازە و فریاگوزارییەکاندا نەبێت. لەبری ئەوە، دەسەڵات پشت بە میکانیزمە «نەرم و پێکهاتەیییەکان» دەبەستێت بۆ هەرسکردنی ئەم ڕەخنانە و بێلایەنکردنیان؛ ئەمەش بەهۆی چەند هۆکارێکەوەیە:

١/ بەخشینی شەرعیەتی دیموکراتی: ئەم ڕۆشنبیرە سەربەخۆیانە وەک ئەو بەڵگەیە وایە کە دەوڵەتە سەرمایەدارەکان پێشکەشی دەکەن بۆ سەلماندنی ئەوەی کە ئەوان «کۆمەڵگەی ئازاد و فرەخواز»ن. بوونی ڕەخنەگران لە سیاسەتی باج، ژینگە، یان سیاسەتی دەرەوە لە ناو ڕۆژنامە گەورەکاندا، پسوڵەی لێخۆشبوونی سیاسی دەبەخشێتە سیستەمەکە و لە تۆمەتی دیکتاتۆریەت دەیپارێزێت.

٢/ زمانەوانەی دڵنیایی (هەڵمژینی تووڕەیی): ڕەخنەی نادۆژمنکارانە و نادژبەر (ناسۆسیالیست) وەک میکانیزمێک بۆ کەمکردنەوەی بارگرژی و تووڕەیی گشتی کار دەکات. چاکسازیخوازان داوای «باشترکردنی مەرجەکانی کایەکە» دەکەن (وەک زیادکردنی باج لەسەر دەوڵەمەندەکان یان توندکردنەوەی یاسا ژینگەیییەکان) بەبێ دەستکاریکردنی کرۆکی سیستەمەکە کە بریتییە لە «خاوەندارییەتی تایبەت و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری». ئەم ڕەخنەیە یارمەتی سەرمایەداری دەدات کە ڕێڕەوی خۆی ڕاست بکاتەوە و لە قەیرانە شۆڕشگێڕییە توندەکان بەدوور بێت.

جێبەجێکردنە مەیدانییەکانی ناعەقڵانییەتی سەرمایەداری: جەنگەکانی وزە و ڕێڕەوەکان وەک نموونە:
«دەمامکەکانی زانیاری» لە جیهانی هاوچەرخدا بە شێوەیەکی زەق و تۆقێنەر دەردەکەون کاتێک بڕیارە ستراتیژییەکانی هەڵگیرساندنی جەنگە هاوچەرخەکان دەخرێنە ژێر لێکۆڵینەوەی ڕەخنەیی و زانستییەوە؛ وەک ململانێی توندی نێوان ڕووسیا و هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لەسەر گۆڕەپانی ئۆکرانیا، پەرەسەندنی سەربازی و جیۆپۆلەتیکی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران لە ناوچەی کەنداوی عەرەبی، و ئەو جەنگەی کە سعوودیە لە یەمەن دژی گرووپی حوسییەکان سەرکردایەتی دەکات. کاتێک لۆژیکی پشت ئەم ململانێیانە دەپشکنرێت، ڕوون دەبێتەوە کە دیاریکەرە ئابوورییەکان و بەرژەوەندییە جیۆپۆلەتیکییە بەرتەسکەکان، پاڵنەری پێکهاتەییی یەکەم و ڕاستەوخۆی نوخبە دارایی و دەسەڵاتخوازە باڵادەستەکانن لە هەردوو بەرەی دڕندەی جەنگەکان، لە کاتێکدا ئەم بڕیارانە ڕێک بە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی چینی کرێکار و توێژە کۆمەڵایەتییە هەژارەکانن، و تەنانەت دژ بە کەرتە بەربڵاوەکانی بۆرژوازیی وەبەرهێنەر لە کاڵا و خزمەتگوزارییە مەدەنییەکان و بۆرژوازیی بچووک کە لەژێر قورسیی ئابووریی جەنگدا پان دەکرێنەوە.
لێرەشدا ئەو دژایەتییە پێکهاتەییە بەدیار دەکەوێت کە ساختەکاریی ئەو «عەقڵانییەتە» ڕادەماڵێت کە ناوەندەکانی بیرکردنەوەی (Think Tanks) بۆرژوازی بانگەشەی بۆ دەکەن؛ ئایا چ زانیارییەکی عەقڵانیی گریمانەکراو لە پشتی بڕیاری پەرەپێدانی ڕووبەڕووبوونەوە دژی ڕووسیا و پووچەڵکردنەوەی تواناکانی ئۆکرانیادا هەیە، لە کاتێکدا ئەم بژاردەیە لە ڕووی بابەتییەوە بووە هۆی وێرانکردنی پێکهاتەی ئابووریی ئەورووپا بەهۆی پچڕانی هێڵەکانی گواستنەوەی گاز و نەوتی کەم تێچووی ڕووسی؟ ئەم بڕیارەی کە بووە هۆی بازدانی تیژ و توند لە نرخەکانی وزەدا، لە دەرەنجامیشدا بووە هۆی لاوازکردنی توانای پێشبڕکێی بنەڕەتیی پیشەسازییە گەورەکانی ئەورووپا لە بەردەم گەشەسەندنی ئابووریی چیندا. لە هەمان چوارچێوەدا، عەقڵانییەتی ستراتیژی لە هەوڵەکانی هەڵگیرساندنی جەنگ یان چوونە ناو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی کراوە لەگەڵ ئێراندا دەسڕێتەوە، بەهۆی ئەو مەترسییە وێرانکەرانەی کە دەبنە هەڕەشە بۆ سەر ناوچەی کەنداوی عەرەبی وەک شاڕەگی سەرەکی و سەرچاوەی بنەڕەتیی وزە بۆ ئابووریی جیهان.

ئەم ناعەقڵانییەتە زیاتر چڕ دەبێتەوە کاتێک بڕیاری جەنگی سعوودیە لە یەمەن دەپشکنرێت؛ ئایا چەند دەستکەوتی ئابووریی ستراتیژی لە پشتی هەڵمەتێکی سەربازییەوە هەیە کە سەرەنجام بووە هۆی بەئامانجگرتنی دامەزراوەکانی کۆمپانیای زەبەلاحی «ئارامکۆ» و ژێرخانی پیشەسازیی گرنگی شانشینی سعوودیە؟ ئەمەش لە کاتێکدایە کە هیچ ئامانج یان دەستکەوتێکی ئابووریی خاوەن بەهای ڕاستەقینە لەو سنوورە جوگرافیایەدا نییە کە لەژێر کۆنترۆڵی حوسییەکاندایە، و قورسترین باج و تێچووش تەنیا کەوتە سەر شانی مەدەنییەکان. ئەم نموونە زیندووانە ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە (ئەو مەعریفەیەی لە پشتی بڕیاردانی دەسەڵاتدارانن بۆ ئەو جەنگەگانە، چەند پووچ و نائەقڵانییە). ئەو شتانەی ناوەندەکانی بیرکردنەوەی سەرمایەداری وەک «ستراتیژی و عەقڵانییەتی سیاسی» پڕوپاگەندەی بۆ دەکەن، تەنیا دەمامکی ئایدیۆلۆژین؛ کە ئەرکیان شاردنەوەی سروشتی خۆکوژانەی سەرمایەداریی درەنگوەختە (Late Capitalism)، کە بە شێوەیەکی غەریزی بەرەو بەربەریەت و وێرانکردنی بنەماکانی ژیانی هاوبەش پاڵ پێوە دەنێت، تەنیا بۆ دەستەبەرکردنی مانەوەی کارتێلەکانی چەک، وزە و هەژموون، تەنانەت ئەگەر باجەکەشی وێرانکاریی ئابووریی گشتگیری کۆمەڵگاکان بێت.

دەمامکەکانی زانیاری لە نێوان ئەفسانەی تەمومژاویبوونی فوکۆیی و ڕەخنەی سۆسیالیستیدا:
لە چوارچێوەی هەڵوەشاندنەوەی «ئەفسانەی کارایی عەقڵانی»ی دامەزراوە فیکرییە سەرمایەدارییەکاندا، لە ڕووی مەعریفییەوە دەبێتە پێویستییەک کە بچینە ناو ململانێ لەگەڵ ئەو تێڕوانینە فەلسەفییانەی کە هەوڵیان داوە دیدگای جێگرەوە بۆ دژایەتیی نێوان زانیاری و هێز دابڕێژن؛ لە سەرووی هەمووشیانەوە تێڕوانینی فەیلەسوفی فەڕەنسی میشێل فوکۆ سەبارەت بە «دژایەتیی نێوان دەسەڵات و زانیاری». ڕەنگە ئەو برەو و باوە گەورەیەی کە تێڕوانینە فوکۆییەکە لە ئەکادیمیا هاوچەرخەکاندا بەدەستی هێناوە، پێویستیی ئەوە بسەپێنێت کە بخرێتە ژێر چەقۆی ڕەخنەی سۆسیالیستییەوە، بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە چۆن ئەم پێشنیارە ــ بە پێچەوانەی بانگەشە هەڵوەشێنەرەوەکانی خۆی ــ بەشدار دەبێت لە بەهێزکردنی دۆخی سڕکردنی ئایدیۆلۆژیی باو و پاساودانی دەستەوەستانیی ئەم دامەزراوە مەعریفییانە.
فوکۆ خاوەنی دیدگایەکی مایکرۆ-فیزیاییی تەمومژاوییە کە پێی وایە دەسەڵات ناوەندێکی جێگیر نییە (کورت نابێتەوە لە دەوڵەت یان چینی باڵادەستدا****)، بەڵکو تۆڕێکە لە ناو هەموو جومگەکانی کۆمەڵگەدا چوووەتە خوارەوە، و لە ڕووی پێکهاتەییەوە لە ڕێگەی گوتار و زانیارییەوە شێوە دەگرێت. بەڵام ئەم تێڕوانینە دەکەوێتە ناو لێژییەکی ئێپیستەمۆلۆژیی توندەوە کاتێک ڕووبەڕووی توندیی ماددیەتی دیالێکتیکی و ئابووریی سیاسیی مارکسیستی دەبێتەوە:

یەکەم/ پێچەوانەکردنەوەی هۆکارێتیی پێکهاتەیی (ڕەوتی نموونەیی/ ئایدیالیستیی فوکۆ): تێڕوانینەکەی فوکۆ پێوەندیی دیالێکتیکیی نێوان ژێرخان و سەرخان پێچەوانە دەکاتەوە؛ بەو پێیەی مامەڵە لەگەڵ زانیاری و گوتاردا دەکات وەک قەوارگەلێکی سەربەخۆ کە دەسەڵات لە ناخی خۆیانەوە بەرهەم دەهێنن. لە بەرامبەردا، ماددیەتی مێژوویی دەیسەلمێنێت کە دامەزراوە مەعریفییەکان و ناوەندەکانی بیرکردنەوە (Think Tanks) دەسەڵات لە بۆشایییەوە دروست ناکەن، بەڵکو ئەو چینەی کە کۆنترۆڵی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی ماددی دەکات (بۆرژوازیی قۆرخکار)، هەر خۆشی خاوەندارییەتی و بەڕێوەبردنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی فیکری دەکات. «داخوازیی کاریگەر»ی سەرمایە، دیاریکەری جەوهەریی سروشتی «خستنەڕووی مەعریفی»یە؛ بۆیە ئەو دەمامکانەی زانیاری کە ئەم دامەزراوانە دەیپۆشن، فەزای ئازاد نین بۆ بەرهەمهێنانی گوتار، بەڵکو ئامرازی ئایدیۆلۆژین کە چەکدار کراون بە دارایی بۆرژوازی بۆ پاراستنی شێوازی بەرهەمهێنانی هه‌بوو.

دووەم/ تەمومژاویکردنی ململانێی چینایەتی و بێلایەنکردنی جەلادی پێکهاتەیی: فوکۆ لە ڕێگەی پەرشوبڵاوکردنی چەمکی دەسەڵات و نیشاندانی بەوەی کە لە هەمووانەوە سەرچاوە دەگرێت و بە یەکسانی بەسەر نەخۆشخانە دەروونییەکان، بەندیخانەکان و گوتارە ڕۆژانەکاندا دابەش بووە، پرۆسەیەکی کوێرکردنی ئایدیۆلۆژی پەیڕەو دەکات کە ناوەندی ڕاستەقینەی ڕووبەڕووبوونەوە ون دەکات. ئەم پارچەپارچەکردنە مەعریفییە، ڕاستییە تاڵەکەی سیستەمی سەرمایەداریی هاوچەرخ دەشارێتەوە، کە تێیدا دەسەڵاتی زۆردار و بڕیاری ستراتیژی بە شێوازێکی یەکلاکەرەوە و زەق لە دەستی دەوڵەتی بۆرژوازی و کارتێلەکانی چەک و نەوتی کۆمپانیا فرەنەتەوەکاندایە. ئەفسانەی تەمومژاویبوونی فوکۆیی ئەم ناوەندە چینایەتییە لە بەرپرسیارێتیی مێژوویی بێبەری دەکات، و ڕەخنە دەگۆڕێت بۆ تەنیا مانۆڕ، یان جووڵەی فێڵاویی و شەڕەچەقەڵێکی پەراوێزی کە هەرگیز هەڕەشە لە کۆڵەکەکانی سیستەمەکە ناکات.
سێیەم/ دەستەوەستانی لە ڕوونکردنەوەی بەربەریەت و جەنگەکانی وزە: تێڕوانینی پۆست-پێکهاتەخوازیی فوکۆ ناتوانێت ڕوونکردنەوەیەکی زانستی بۆ «ناعەقڵانییەتی خۆکوژانە» و ئۆپەراسیۆنە جەنگییە هاوچەرخەکان پێشکەش بکات کە شایەتی وێرانکاریی ڕێکخراوی سەرچاوەکانی وزە و ژێرخانە کۆمەڵایەتییەکانن. لە کاتێکدا فوکۆ جەنگەکان و تەکنەلۆژیاکان وەک ئامرازی ڕێکخستن و بێلایەنیی زیندەیی (Bio-neutrality) دەبینێت، ئابووریی سیاسیی مارکسیستی ئاشکرای دەکات کە ئەم دڕندەیی و هەمجیەتە سەربازییە هاوچەرخە، وەڵامدانەوەیەکی زۆرەملێ و حەتمییە بۆ قەیرانی داکشانی پێکهاتەیی و زیادبوونی بەرهەمهێنانی سەرمایە. وێرانکاری بە بڕیارێکی «گوتارێکی مەعریفیی ڕووت» ڕوونادات، بەڵکو یاسا توندەکانی جووڵەی سەرمایە پاڵی پێوە دەنێت کە بەدوای بازاڕ و ڕێڕەوی نوێی دابینکردنی وزەدا دەگەڕێت.

چوارەم/ گلۆربوونەوە بۆ ناو لێواری نەهێلیزم (پوچگەرایی) و پانکردنەوەی ڕابوونی شۆڕشگێڕانە:
لۆژیکەکەی فوکۆ بەرەو ئاسۆیەکی سیاسیی بەستراو و پوچگەرایییەکی ڕەها کۆتایی دێت؛ چونکە مادام هەر زانیارییەک دەسەڵاتێکی نوێ بەرهەم بهێنێت، و هەر بەرگرییەک تەنیا ئەڵقەیەک بێت لە ناو تۆڕی هێزدا، ئەوا هەر جووڵانەوەیەکی جەماوەری دەبێتە کارێکی بێمانا و مەحکووم دەبێت بە بەرهەمهێنانەوەی سەرەڕۆیی و ستەمکاری. ئەم تێڕوانینە لووتکەی چەسپاندنی دۆخی «خەوزڕانی سیاسی» (ڕۆیشتن و قسەکردن لە کاتی خەودا) نیشان دەدات؛ چونکە جەماوەر قەناعەت پێدەکات کە گۆڕانکاریی ڕیشەیی بێسوودە. بە پێچەوانەی ئەمەوە، ڕەخنەی مارکسیستی جەخت لەوە دەکاتەوە کە ڕابوونی شۆڕشگێڕانەی ڕێکخراو، کە چەکدار بێت بە هۆشیاریی چینایەتی و تیۆری زانستی، توانای تێکشکاندنی پێکهاتە بۆرژوازییەکانی هەیە و دەتوانێت جێگرەوەیەکی عەقڵانیی سۆسیالیستی بونیاد بنێت کە کۆتایی بە چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە بهێنێت، لەبری خولانەوە لە ناو بازنەیەکی بەتاڵی گوتارە گریمانەیییەکاندا.
بەهای مێتۆدیی ئەم بەشە بەراوردکارییە لەوەدا کورت دەبێتەوە کە نیشانی دەدات هەڵاوسانی چەندایەتیی دامەزراوە فیکرییە سەرمایەدارییەکان و هاوکاتبوونی ئەمە لەگەڵ «گەمژەیی ستراتیژی و ناعەقڵانییەت» لە سیاسەتەکاندا، مەتەڵێکی ئەستەم نییە بۆ تێگەیشتن؛ بەڵکو دەرەنجامێکی سروشتیی گۆڕانی زانیارییە بۆ کاڵایەکی ملکەچی قۆرخکاری. هەڵوەشاندنەوەی ئەفسانەکانی تەمومژاویبوونی فوکۆیی، بایەخ دەگەڕێنێتەوە بۆ ناوەندیێتیی ململانێی چینایەتی، و بۆ خوێنەر پشتڕاستی دەکاتەوە کە چوونەدەرەوە لە لێواری بەربەریەتی هاوچەرخ بە گۆشەگیری لە ناو گوتارە ناڕوون و بێقاڵبەکاندا جێبەجێ نابێت، بەڵکو بە بەشداریکردن لە ڕێکخستنێکی مادیی هۆشیاردا دەبێت کە لە واقیعی ژیاودا ڕووبەڕووی دەسەڵاتی سەرمایە دەبێتەوە *****.
(ویژدانی ئەو ڕۆشنبیرەی کە لە ڕەوتی مێژوو دابڕاوە، قیبلەنمایەکی شکاوە کە ناتوانرێت متمانەی پێ بکرێت. مێژوو پرسی هەڵبژاردنی کردووە بە بابەتێکی ڕادیکاڵ و سادە کە هیچ شوێنێک بۆ گومان ناهێڵێتەوە: یان پاراستنی سەرمایەداریی دڕندە، یان بەشداریکردن لە شۆڕشی سۆسیالیستیدا.) – (وەرگیراوە لە دەقی “مرۆڤایەتی بێ ڕووبازی” (١٩٥٢) / جۆزێف شالاسینسکی). ئەم دێڕە وەرگیراوانەی دەقی جۆزێف شالاسینسکی، گورزێکی کوشندە نیشان دەدەن بۆ سەر ئەفسانەی «ڕۆشنبیرانی سەربەخۆ»ی نادژبەر و ناسۆسیالیست؛ چونکە بە لۆژیکی ماددیەتی مێژوویی ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە «بێلایەنیی فیکری» لە سەردەمی قەیران و بەربەریەتدا تەنیا وەهم و خیانەتێکی بابەتییە. ئەو ڕۆشنبیرەی کە هەوڵ دەدات لە ناوەڕاستدا بوەستێت (ڕەخنە لە سیاسەتەکان دەگرێت بەبێ دەستکاریکردنی ڕەگی سیستەمەکە)، خاوەنی «قیبلەنمایەکی شکاوە»؛ چونکە مێژوو لە قۆناغی هاوچەرخی خۆیدا هه‌ڵبژاردنێکی دووانیی بڕاوە دەسەپێنێت کە هیچ سێیەمێکی نییە: یان دەبیتە ددانەیەکی تەرخانکراو بۆ پاراستنی بەربەریەتی سەرمایەداریی هاوچەرخ، یان خەباتکارێکی هۆشیار لە پێناو شۆڕشی سۆسیالیستی و جێگرەوەی مرۆیی عەقڵانیدا.

پەراوێزەکان:

  • دەستەواژەی خوازراوی «ئەوەی پارەی شمشاڵژەن دەدات، ئاوازەکە دیاری دەکات» (Who pays the piper calls the tune)، لە لاپەڕە ٣ی دەقە ڕەسەنەکەی کتێبی «سەرمایەی قۆرخکار»دا هاتووە.
    ** میکانیزمەکانی مامەڵەکردنی سیستەمە بۆرژوازییەکان ــ کە لەسەر بنەمای دیموکراسیی نوێنەرایەتی (هەڵبژاردن) دامەزراون ــ لەگەڵ ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆدا، لە ستراتیژییەکی کارکردنی دووانی پێکهاتووە، کە لە نێوان هەرسکردنی ئایدیۆلۆژی و وەدەرنانی پێکهاتەییی نەرمدا هاوسەنگی ڕادەگرێت. سیستەمی سەرمایەداری لە هەنگاوی یەکەمدا بەدوای سەرکوتکردنی مادیی ڕاستەوخۆ یان لەناوبردنی جەستەییی ئۆپۆزسیۆنی فیکریدا ناگەڕێت، بەڵکو ئەو فەزا ڕەخنەییانەی کە هەن بەکاردێنێت بۆ بەرهەمهێنانەوەی شەرعیەتە سیاسییەکەی خۆی؛ بە شێوەیەک کە بوونی نوخبە سەربەخۆکان وەک بەڵگەیەکی ڕێکاری بۆ پڕوپاگەندەکردنی چەمکەکانی «فرەخوازی و کۆمەڵگەی کراوە» بەکاردەهێنرێت، و تێڕوانینە چاکسازیخوازییەکانیان دەگۆڕێت بۆ پسوڵەیەکی دڵنیایی (زمانەوانەیەک)ی پێکهاتەیی کە تووڕەیی کۆمەڵایەتی هەڵدەمژێت و سەقفی داواکارییەکانیش لە چوارچێوەی «هەموارکردنی یاساکانی کایەکە»دا کورت دەکاتەوە، بەبێ دەستکاریکردنی کرۆکی سیستەمە ئابوورییەکە کە لەسەر خاوەندارییەتیی تایبەت دامەزراوە.
    بەڵام لەو چرکەیەی کە ئەم ڕەخنەیە لە سنوورە ڕێگەپێدراوەکان دەپەڕێتەوە و لە لەبەرشیکردنی ڕەگە پێکهاتەیییەکانی قەیرانەکانی سەرمایە یان کارتێلەکانی چەک و وزە نزیک دەبێتەوە، دەسەڵات جبەخانەی پارێزگاریی ناڕاستەوخۆی خۆی کارا دەکات. ئەم میکانیزمانەش خۆیان لە پەراوێزخستنی ئابووریی زۆرەملێدا دەبیننەوە لە ڕێگەی وشککردنی سەرچاوەکانی دارایی، و پەیڕەکردنی چاودێریی خودیی نەرم، سەرەڕای گەمارۆدانی بیرۆکە ڕادیکاڵەکان لە ڕێگەی ئەوەی کە بە «پیشەسازیی کۆدەنگی» ناسراوە؛ بە جۆرێک کە تێڕوانینە ڕەخنەییە قووڵەکان وەک بیرۆکەی «پەراوێزی یان نادروست و نادیدەیی» پۆلێن دەکرێن بۆ لاوازکردنی متمانەی کۆمەڵایەتییان. لەو کاتانەشدا کە قەیرانە جیۆپۆلەتیکییەکان توند دەبن، ڕەنگە ئەم دیموکراسییە ڕێکارییانە پاشەکشە بکەن بۆ ئامرازی تۆتالیتیاریی دەمامکدار بە یاسا، بۆ ماندووکردنی دەنگە سەربەخۆکان بە شەڕی دادوەری یان گوشاری کارگێڕی، ئەمەش ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە پەراوێزی ئازادیی فیکری لە ژینگەی بۆرژوازیدا لە ڕووی بابەتییەوە بەندە بەوەی کە نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ڕێڕەوەکانی کەڵەکەکردنی سەرمایە و سەقامگیریی سەرخانی سیستەمی فەرمانڕەوا.
    *** ئەم بەشەی گوتارەکە (ڕەخنە لە تێڕوانینی فوکۆ بۆ دەسەڵات)، وەرگێڕانی بەشێکە لە گوتارەکەم بە ناوی (ڕوانگەی مارکس بۆ دەسەڵات ــ وەڵامێک بۆ گوتارە ڕەخنەیییەکانی گۆڤاری ڕەهەند) کە لە گۆڤاری (بیری نوێ / ١٩٨٨) دا بڵاوکراوەتەوە، لەگەڵ ئەنجامدانی هەموارکردن و زیادکاری تێیدا.

    **** دەوڵەت لە نێوان مەعریفە و بەرژەوەندیی ئابووریدا: هەندێک لە نووسەران تێڕوانینەکەی فوکۆ دووبارە دەکەنەوە کە دەڵێت (دەسەڵات لەسەر بنەمای مەعریفە بونیاد نراوە). ئەم تێڕوانینە خۆی لە خۆیدا شتێکی نوێ نییە، بەڵکو نووسەرانی سەردەمی ڕۆشنگەری و لە دوای ئەوانیش هیگڵ، بەم شێوازە دایانڕشتووە: (پێویستە دەوڵەت لەسەر بنەمای عەقڵ دابمەزرێت). هەموارکردنی داڕشتنی ئەم تێڕوانینە نایکاتە شتێکی نوێ. ئەم تێڕوانینە خۆی لە خۆیدا ناتەواوە، و نوێنەرایەتیی دیدگایەکی لیبراڵانە دەکات بۆ دەوڵەت. لە واقیعدا، دەوڵەتی سەرمایەداران لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندیی ئابووریی چینی بۆرژوازی بونیاد نراوە. دەوڵەتی سەرمایەداران خاوەنی دوو فەرمان و ئەرکە:
    دەوڵەت خاوەنی چەندین دەزگای بیرۆکراتییە کە تێیدا چەندین دەستە لە پسپۆڕان و شارەزایان کار دەکەن بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگە بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی چینی بۆرژوازی؛ واتا دەوڵەت لە یەکێک لە ڕووەکانیدا دەستەیەکی کارگێڕییە لە خزمەت چینی خاوەن سەرمایەکاندا. هەروەها دەوڵەت لە ڕووەکەی تریدا هێزێکی زۆردار و زبرە: چونکە خاوەنی دەزگای توندوتیژییە [وەک پۆلیس و سوپا] کە کۆمەڵگە بە زەبری هێز ملکەچی ئەو یاسا ئابووری و سیاسییانە دەکات کە لە خزمەت چینی سەرمایەدارانداندایە.

    هیگڵ پێی وابوو کە “وێستگەی کۆتاییی مێژوو بریتییە لە ئازادی، و بەرجەستەبوونی ڕاستەقینەی ئەم ئازادییەش دەوڵەتە”، هەر لەبەر ئەمەش بوو کە هیگڵ بەرگریی لە دامەزراندنی “دەوڵەتی حەق” دەکرد کە تێیدا عەقڵی ڕەها بەرجەستە دەبێت. بەڵام مارکس پێی وابوو کە “مرۆڤایەتی ئازادیی ڕاستەقینە بە خۆیەوە نابینێت مادام دەوڵەت بوونی هەبێت، چونکە دەوڵەت ئامرازێکە بۆ دەسەڵات، و دەسەڵاتی سیاسی تەنیا هێزێکی ڕێکخراوی چینێکە بۆ چەوساندنەوەی چینێکی تر، و دەسەڵاتی جێبەجێکردنی دەوڵەتی مۆدێرن تەنیا لێژنەیەکی کارگێڕیی هاوبەشە بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری گشتیی تەواوی چینی بۆرژوازی” – مارکس / ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانی.

    ***** ڕەخنەکانی سۆسیالیستەکان لە فۆکۆ بە کورتی: دیدگای مارکسیستیی پێیوایە چەمکی “دەسەڵات و زانیاری” لای میشێل فوکۆ، لەبری ئەوەی ڕاستییەکان ڕوون بکاتەوە، دەبێتە هۆی شاردنەوەی سەرچاوەی ڕاستەقینەی دەسەڵات. تەوەرە سەرەکییەکانی ڕەخنەکان لە فوکۆ بەم شێوەیەن:
    ۱/ ڕەتکردنەوەی چەمکی “دەسەڵاتی شل و ناوندۆز”:
    میشێل فوکۆ پێیوایە کە دەسەڵات لە دەستی قەوارەیەکی دیاریکراو یان چینێکی کۆمەڵایەتیدا چڕ نەبووەتەوە، بەڵکو وەک تۆڕێکی شل و بڵاو لە ناو تەواوی زمان، دامەزراوەکان و پەیوەندییە ڕۆژانەکاندا بوونی هەیە.
    ڕوانگەی سۆسیالیستی بۆ دەسەڵات ئەم تێڕوانینە فەلسەفییە ڕەت دەکاتەوەو پێیوایە کە فوکۆ بەم کارە چاوی مرۆڤ لە ئاست ناوەندی سەرەکی و دڕندەی دەسەڵات کوێر دەکات. لای سۆسیالیستەکان، دەسەڵات بێ خاوەن نییە، بەڵکو ناوەندێکی مادی ڕوونی هەیە کە ئەویش “سەرمایەی قۆرخکار و چینی بۆرژوازی”ـە کە هەموو شتێک بۆ بەرژەوەندی خۆی ئاڕاستە دەکات.

    ٢. باڵادەستیی دارایی مادی بەسەر دەسەڵاتی گوتاردا:
    کاتێک فوکۆ جەخت لەوە دەکاتەوە کە زانیاری و گوتار خۆیان دەسەڵات دروست دەکەنەوە، سۆسیالیستەکان هاوکێشەکە پێچەوانە دەکەنەوەو دەیبەنەوە سەر بنەما ماددی و ئابوورییەکە:
    “ئەوەی پارەی شمشاڵژەن دەدات، ئاوازەکە دیاری دەکات”- سۆسیالیستەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ناوەندەکانی بیرکردنەوەو توێژینەوە (Think Tanks) خاوەن دەسەڵاتێکی مەعریفی سەربەخۆ نین، بەڵکو ئەوان لە ڕووی پێکهاتەیی و مادییەوە بە تەواوی بەستراونەتەوە بە خاوەنانی سەرمایەوە. پۆشینی داتاکان بە بەرگی “زانستی و بێلایەن”، تەنیا دەمامکێکی ئایدیۆلۆژییە بۆ شەرعیەتدان بەو سیاسەتانەی خزمەت بە کەڵەکەکردنی سەرمایە دەکەن.
    ٣. ئامرازی شاردنەوەی ململانێی چینی:
  • فوکۆ پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کورتکردووەتەوە لە تەنیا “پەیوەندییەکانی هێز”ی بچووک (Micro-politics). لە بەرامبەردا، سۆسیالیستەکان نیشانی دەدەن کە زمانی ئەکادیمی و تەکنۆکراتی ئاڵۆزی ئەم ناوەندانە، تەنیا ئامرازێکن بۆ شاردنەوەی “چەوساندنەوەی ئابووری و ململانێی ڕاستەقینەی چینایەتی”.
Previous
Next

Leave a Reply