Skip to Content

چاوپێکەوتن لەگەڵ خاتوو فرمێسک مستەفا خانمە شانۆکار و نووسەر.. ئا.ڕێپۆرتاژ/ ایوب احمد قادر

چاوپێکەوتن لەگەڵ خاتوو فرمێسک مستەفا خانمە شانۆکار و نووسەر.. ئا.ڕێپۆرتاژ/ ایوب احمد قادر

Be First!
by تشرینی یەکەم 15, 2026 General, Opinion
image_print

زمانی دایک و ناسنامەی کوردی،خێزانە کوردەکان لە ئەڵمانیا چۆن ڕووبەڕووی کێشەی فێربوونی زمان دەبنەوە؟
ڕاپۆرتاژێک لەسەر گرنگیی پاراستنی زمانی کوردی و ڕۆڵی خێزان و سیستەمی پەروەردە لە فێرکردنی منداڵانی کورد لە ئەڵمانیا.

زمانی دایک تەنها ئامرازێک بۆ قسەکردن نییە، بەڵکو بەشێکی گرنگی ناسنامە، کولتوور و ڕەگ و ڕیشەی هەر کەسێکە. بۆ خێزانە کوردەکانی نیشتەجێی ئەڵمانیا، پاراستنی زمانی کوردی و فێرکردنی بە نەوەی نوێ یەکێکە لەو ئەرک و بەرپرسیارییانەی کە پێویستی بە هەوڵی بەردەوام هەیە.
بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە: خێزانە کوردەکان تا چەند گرنگی بە فێربوونی زمانی دایک بۆ منداڵەکانیان دەدەن؟ چۆن دەتوانن هاوسەنگی لەنێوان زمانی کوردی و زمانی ئەڵمانی دروست بکەن؟ ئایا ناوەندە کوردییەکان و سیستەمی پەروەردەی ئەڵمانیا دەرفەتی پێویست بۆ فێربوونی زمانی کوردی بۆ منداڵان دابین دەکەن؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ خاتوو فرمێسک مستەفا خانمە شانۆکار و نووسەرێکی کوردی تاراوگەنیشین
کە ئەزموونی پەروەردەکردنی سێ منداڵی هەیە و ساڵانێکە گرنگی بە پاراستنی زمانی کوردی و ناسنامەی کوردیی منداڵەکانی دەدات، باسی ئەزموون و تێڕوانینەکانی دەکەین.
دوو شێوازی جیاواز بۆ پەروەردەکردنی منداڵانی کورد لە ئەڵمانیا
پرسیار: تا چەند خێزانە کوردەکان گرنگی بە فێربوونی زمانی دایک بۆ منداڵەکانیان دەدەن؟
وەڵام:
بە گشتی، دوو جۆر خێزان دەبینین.
جۆرێکیان ئەو خێزانانەن کە دایک و باوکەکەیان هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی منداڵەکانیانەوە زمانی ئەڵمانیی خۆیان پتەوتر بکەن. واتە منداڵەکان دەبنە مامۆستای دایک و باوکیان لە فێربوونی زمانی ئەڵمانیدا.
لە هەندێک لەم خێزانانەدا، منداڵەکان بە تەواوی نازانن سەر بە چ نەتەوەیەکن و ڕەگی کوردییان هەیە. ڕەنگە دایک و باوکیان پێشتر پێیان وتبێتن کە کوردن، بەڵام زیاتر تەرکیزیان لەسەر فێربوونی زمانی ئەڵمانییە و هەوڵ دەدەن منداڵەکانیان بەو زمانە قسە بکەن ،چونکە باوەڕیان وایە منداڵەکانیان لە قوتابخانە فێری زمانی ئەڵمانی دەبن و بە باشی لەگەڵ ژینگەی ئەڵمانیا دەگونجێن،خۆم بینیمووە کە دایک و باوک بە منداڵەکەیان دەڵێن: ئەگەر لە قسەکردنمدا هەڵەم هەبوو، تکایە ڕاستم بکەرەوە.
جۆرێکی تری خێزانەکان بە پێچەوانەی ئەمەوە هەڵسوکەوت دەکەن. لە هەندێک لەم خێزانانەدا، دایک و باوک زمانی ئەڵمانی بە باشی نازانن بۆیە لە ماڵەکەیاندا کوردستانێکی بچووک دروست دەکەن،ئەوان لە ڕێگەی کەناڵەکانی تەلەفزیۆنی کوردی، قسەکردن بە زمانی کوردی، خواردن، بەڕێوەبردنی جەژن و بۆنەکان و هەروەها پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە، کولتوور و زمانی کوردی لە ماڵەکەیاندا دەپارێزن.بەم شێوەیە منداڵەکە لە ماڵەوە لە ژینگەیەکی کوردیدا گەشە دەکات، بەڵام کاتێک دەچێتە دەرەوە، ڕووبەڕووی سیستەمێکی تری ژیان دەبێتەوە سیستەمێک کە زمانی ئەڵمانی و کولتووری ئەڵمانی تێیدا زاڵن.بەڵام ئەوەی زۆر گرنگە، بە بڕوای من کە دایکی سێ منداڵم، ئەوەیە کە دەبێت هاوسەنگییەک لەنێوان ئەم دوو ژینگەیەدا دروست بکەین.
کە زمانی دایک هەڵگری کولتوور و ناسنامەکەیە ،دایک و باوک دەتوانن لە ماڵەوە زمانی دایک بپارێزن و لە هەمان کاتدا منداڵەکانیان بە سیستەم و یاساکانی وڵاتی ئەڵمانیا ئاشنا بکەن. ئەمە پێویستی بەوە هەیە کە دایک و باوک خۆشیان لەگەڵ بارودۆخی ژیان بگونجێنن و بزانن چۆن هاوسەنگییەک لەنێوان ئەم دوو کولتوورەدا بپارێزن،لەبەرئەوە زمانی دایک بە تەنها وشە و ڕستە نییە، بەڵکو کولتوور و ڕەگ و ڕیشەش دەگەیەنێت. بۆ نموونە لە ڕێگەی خواردنەوە، دایک و باوک کولتووری خۆیان بە منداڵەکانیان دەناسێنن. لە ڕێگەی جل و بەرگی کوردییەوە کە لە بۆنەکاندا دەیپۆشن، منداڵەکانیان بە فەرهەنگ و کولتووری کوردی ئاشنا دەکەن. هەروەها لە ڕێگەی کەناڵە کوردییەکانی تەلەفزیۆنەوە بە منداڵەکانیان دەڵێن کە کوردن و بەشێکین لە کولتوورێکی دەوڵەمەندن.
بەڵام لە هەمان کاتدا، پێویستە منداڵەکە بزانێت لە وڵاتی ئەڵمانیا دەژی و ئەم وڵاتە سیستەم و یاسای تایبەتی خۆی هەیە. بۆیە، دەبێت هاوسەنگی لەنێوان هەردوو ژینگەکەدا دروست بکرێت ،من بۆ منداڵەکانم جەژنی ڕەمەزان و نەورۆزم بەڕێوە بردووە، لە هەمان کاتیشدا جەژنی کریسمس و سەرساڵ و بۆنەکانی تری ئەڵمانیمان وەک خێزانێکی ئەڵمانی بەڕێوە بردووە.ئەم کارانەم بۆ ئەوە کردووە کە منداڵەکانم بزانن هەڵگری دوو کولتوورن. پێم وایە هەڵگرتنی دوو کولتوور دەتوانێت کەسایەتیی منداڵ بەهێز بکات.بە ویستی خۆمان بێت یان نا، منداڵەکانمان لەگەڵ هاوڕێیانی خۆیان لەو وڵاتەدا پەیوەندی دروست دەکەن کە تێیدا دەژین. بۆ نموونە، هاوڕێکانیان ڕەنگە ئەڵمانی، سویدی یان سەر بە نەتەوەیەکی تریش.،دواتر منداڵەکان وردەوردە کە دەگەڕێن بەدوای ناسنامەی خۆیاندا و پەیوەندی لەگەڵ منداڵانی نەتەوەکانی تر دروست دەکەن چونکە ئەوانیش وەک خۆیان لە ژینگەیەکی جیاوازدا گەورە دەبن و لەوانەیە بەدوای ناسنامەی خۆیاندا بگەڕێن.
لەو ڕەنگەی ئەم گەڕانەدا منداڵەکە تێدەگات کە ئەڵمانیا وڵاتی ڕەسەنی ئەو نییە، بەڵام لێرە دەژی و بەشێکە لە کۆمەڵگا.ئەگەر دایک و باوک بتوانن ئەو هاوسەنگییە دروست بکەن، منداڵەکە هەست دەکات کە دوو کولتووری لە ناخیدا هەڵگرتووە، دوو جۆر پەروەردەی هەیە و دەتوانێت لە هەردوو ژینگەکەدا خۆی بدۆزێتەوە. ئەمەش یارمەتیی بەهێزبوونی کەسایەتیی منداڵ دەدات.
پرسیار: منداڵەکانی خۆت چۆن فێری زمانی کوردی کردووە؟ لە ڕێگەی ناوەندێکی کوردیی فێرکردنی زمانەوە، یان بە هەوڵی خۆت؟
وەڵام:
لە سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠ەوە، لەگەڵ خاتوونێکی کورد، لە چوارچێوەی چالاکییە کوردی و کولتوورییەکان لە شاری شتوتگارت، قوتابخانەی زمانی کوردیمان هەبوو. ناوی ئەو ناوەندە «ڕۆژینا» بوو و منداڵەکانمان دەبردە ئەوێ بۆ ئەوەی فێری زمانی کوردی ببن.
بەڵام دواتر تێگەیشتین کە تەنها فێرکردنی زمانی کوردی و گوتنی سروودی نیشتمانی بەس نییە بۆ ئەوەی منداڵەکان بە باشی فێری زمانەکە ببن،کاتێک منداڵ دەچێتە قوتابخانەی ئەڵمانی، دەبێت لە هەمان کاتدا دوو سیستەمی فێربوون بەڕێوە ببات. ئەمە دەتوانێت فشارێکی زیاتر بخاتە سەر منداڵەکە چونکە دەبێت لە قوتابخانە بە زمانی ئەڵمانی فێر ببێت و لە دەرەوەش ئەرکی فێربوونی زمانی کوردی لە ئەستۆ بگرێت،بۆیە ئێمە هەوڵمان دا شێوازی فێرکردن بگۆڕین. شانۆگەریمان بە زمانی کوردی ئەنجام دا و پێشکەشمان بە منداڵە کوردەکان کرد. ئەوە یەکێک لە کارە گرنگەکان بوو کە بۆ منداڵانی کورد ئەنجامم دا.
هەروەها لەگەڵ منداڵەکانم کتێبی ‌”ئەلف و بێی کوردی”ی ئیبراهیم ئەمین باڵدار و هۆنراوەکانی کاکەی فلاحم بەکاردەهێنا. کاتێک منداڵەکانم بچووک بوون، چیرۆک و هۆنراوەم بۆ دەخوێندنەوە. هەر دەستەواژەیەک کە منداڵەکەم تێی نەدەگەیشت، بە زمانی ئەڵمانی بۆم ڕوون دەکردەوە.دەمویست منداڵەکانم گوێیان بە دەنگ و فۆنەتیکی زمانی کوردی ڕابێت. بۆیە هەمیشە لە بۆنەکاندا جل و بەرگ و کڵاشی کوردیمان دەکردە بەر، بە تایبەتی لە جەژنی نەورۆزدا. ئەگەر لە ماڵەوە بووینایە، هەموومان بەو جل و بەرگەوە جەژنەکەمان بەڕێوە دەبرد.
هەروەها من خۆم هەموو ڕۆژی یەکشەممەیەکم بۆ فێربوونی زمانی کوردی لە ماڵەوە تەرخان کردبوو. دەفتەرێکم دەهێنا و پیتە کوردییەکانم پێ دەوتن ،بۆ نموونە بۆ فێرکردنی پیتی ‌(ن)، منجەڵەکەم لە مەتبەخەکە دەهێنا و لەسەر غازکە دادەمنا. پاشان کفتەیەکم دەخستە ناو مەنجەلەکە کە بەو شێوازە ئاشنای پیتی (ن) دەبوو و پەیوەندیی نێوان ووشەکان بۆ منداڵەکان ڕوون دەکردەوە. بەو شێوەیە، لە ڕێگەی کەلوپەل و شتەکانی ناو ماڵەوە هەوڵم دەدا فێری زمانی کوردییان بکەم و لە هەمان کاتدا بە خواردن و کولتووری کوردی ئاشنایان بکەم جگەلەوە پیتەکانمان لەگەڵ منداڵەکانم پێکەوە دەنووسی و وێنەمان بۆ دەکێشا. هەندێک جار وێنە و پیتەکانمان لە ناو ماڵەکەدا هەڵدەواسی بۆ ئەوەی هەردەم لەبەرچاویان بایە.بئەمەش یەکێک بوو لەو میتۆدانەی کە خۆم بۆ فێرکردنی زمانی کوردی بەکارم دەهێنا.
پرسیار: تا چەند لێرە دەرفەت بۆ فێربوونی زمان بۆ خێزانە کوردەکان ساز کراوە؟ بۆ نموونە ئەو خێزانانەی کە خۆیان ناتوانن منداڵەکانیان فێری ئەلفوبێی کوردی بکەن، ئایا پێویستە ناوەندێک هەبێت کە منداڵەکانیان فێری زمانی کوردی بکات؟
وەڵام:
ئامانج لە فێرکردنی منداڵەکان تەنها فێربوونی زمان نییە، بەڵکو بابەتەکە گوتارێکی قووڵتری لە پشتەوە هەیە.کاتێک منداڵەکەت فێری زمانی کوردی دەکەیت، یارمەتیی دەدەیت تێبگات کە ڕەگ و ڕیشە و ناسنامەی کوردیی هەیە. بۆیە کاتێک منداڵ ڕەگی خۆی دەناسێت ەسایەتییەکەی بەهێزتر دەبێت.ئەو منداڵەی لە ئەڵمانیا لەدایک بووە یان لەگەڵ خێزانەکەی کۆچی کردووە بۆ ئەم وڵاتە، پێویستە بزانێت ڕەگ و ڕیشەیەکی پتەوی هەیە، ڕەگ و ڕیشەیەک کە زمان و جل و بەرگو کەلەپوور و کولتووری تایبەتی خۆی هەیە.لە هەمان کاتدا ئەو منداڵە لە ناو سیستەم و کولتووری ئەڵمانیا گەشە دەکات. ئەگەر بتوانین ئەم دوو بەشە لەگەڵ یەکتر ببەستینەوە، منداڵەکە هەست بە ونبوونی ناسنامەی خۆی ناکات.ئەگەر ڕۆژێک بگەڕێتەوە کوردستان، هەست دەکات کوردستانیش وڵاتی ئەوە. لە هەمان کاتدا، ئەڵمانیاش وڵاتێکە کە لێی ژیاوە و پەروەردەی تێدا وەرگرتووە هەر وڵاتی ئەوە.بۆ من ئەمە ئامانجی سەرەکیی فێرکردنی زمانی دایک و پاراستنی ناسنامەی کوردییە.
پرسیار: بەداخەوە، تا ئەو شوێنەی من ئاگادارم ژمارەی ناوەند و قوتابخانەکانی فێرکردنی زمانی کوردی لە ئەڵمانیا زۆر نییە. بە گشتی هەندێک کەس هەوڵ دەدەن زمانی دایک وەک وانەیەک لە ناو قوتابخانەکاندا بخوێنرێت،وەک ئەوەی لە سوید و هەندێک وڵاتی ئەسکەندەناڤی دەبینرێت. بەڵام لە ئەڵمانیا، ئەم وانەیە هێشتا وەک وانەیەکی فەرمی لە سیستەمی پەروەردەدا جێگیر نەکراوە. تۆ لەم بارەیەوە چۆن دەڕوانیت؟
وەڵام:
بەداخەوە، ئەوەی دەیبینین ئەوەیە کە زمانی کوردی هێشتا نەیتوانیوە بە شێوەیەکی فەرمی بچێتە ناو سیستەمی پەروەردەی ئەڵمانیاوە،لە ئەڵمانیا هەندێک کەس هەوڵ دەدەن زمانی دایک وەک وانەیەک لە ناو قوتابخانەکاندا بخوێنرێت، بەڵام تا ئەو شوێنەی من دەزانم، زمانی کوردی هێشتا بە شێوەیەکی فەرمی و جێگیر لە سیستەمی پەروەردەدا جێگیر نەکراوە.بە بڕوای من ئەمە کێشەیەکی گرنگە چونکە منداڵانی کورد پێویستیان بە دەرفەتی فێربوونی زمانی دایک هەیە، بە تایبەتی ئەو منداڵانەی کە لە ماڵەوە دەرفەتی فێربوونی نووسین و خوێندنەوەی زمانی کوردییان نییە.
پرسیار: ئەو وانەی زمانی دایکەی کە دەمەوێت وەک وانەیەکی قوتابخانە بخوێنرێت، ئایا حکومەتی ئەڵمانیا پەسەندی نەکردووە، یان کورد خۆی ستافی پێویستی بۆ وانەگوتنەوەی لە پۆلەکاندا نییە؟
وەڵام:
تا ئێستا ئەم دەرفەتە بە شێوەیەکی فەرمی بۆ زمانی کوردی نەڕەخساوە. بەڵکو چەند ساڵێکە باس لەوە دەکرێت کە ئەم بابەتە لە ژێر لێکۆڵینەوە و گفتوگۆدایە، بەڵام بە شێوەیەکی فەرمی نەهاتووەتە ناو سیستەمی پەروەردە و خوێندنی قوتابخانەکانی ئەڵمانیاوە.
پرسیار: ئایا فێربوونی دیالێکیتی کرمانجی یا سۆرانی کێشەی بۆ منداڵ دروست کردووە ؟
وەڵام:
بۆ ئەو خێزانانەی کە دایک و باوکیان بە دیالێکتی سۆرانی قسە دەکەن، پێویستە منداڵەکانیان بە هەمان دیالێکت فێری زمانی کوردی بکەن. ئەمە پرسیارێکی زۆر گرنگە.لەبەر ئەوەی لە ماوەیەکدا ژمارەی پەنابەرانی کوردی ڕۆژئاوا زۆر بوو، لە هەندێک شوێن کرمانجی زیاتر لە سۆرانی بەکارهاتووە.
کاتێک تۆ دەڵێیت وانەی زمانی کوردی ڕەنگە لە هەندێک ناوەنددا بە شێوەیەکی سەرەکی کرمانجی بخوێنرێت، چونکە کتێب و سەرچاوەی چاپکراو بە دیالێکتی کرمانجی و پیتی لاتینی بەردەستە،لە هەمان کاتدا، لە هەندێک شوێن سەرچاوە و کتێبی سۆرانی بە پیتی کوردی بە هەمان ئاست بەردەست نییە. ئەمە دەتوانێت کاری فێرکردن بۆ هەندێک ناوەند قورس‌تر بکات.بەو پێیە لە هەندێک ناوەند و ژینگەیەکدا کرمانجی زیاتر لە سۆرانی دەخوێنرێت. بەڵام پێویستە هەردوو دیالێکتەکە گرنگییان پێ بدرێت و منداڵەکان بتوانن بەو دیالێکتە فێر ببن کە لە ماڵەوە قسەی پێ دەکەن.
پرسیار: جگە لە فێربوونی زمان، ئایا ڕێکخراو یان ناوەندێک هەیە کە چالاکیی کولتووری و فێستیڤاڵ بۆ منداڵانی کورد ەکان ڕێک دەخات ؟
وەڵام:
نەخێر، بەداخەوە چالاکییەکانی ئەم جۆرە زۆر سنووردارن.لە قوتابخانەکاندا هەندێک جار باسی کولتوور و پێکەوەژیانی نەتەوە جیاوازەکان دەکرێت. بۆ نموونە، لە منداڵەکان داوا دەکرێت شتێک لە وڵاتی خۆیان بهێنن و وەک بەشێک لە پیشانگای قوتابخانە پیشانی بدەن. بەڵام چالاکییەکان زۆرجار لەوە زیاتر ناچن.
بەداخەوە، تا ئەو شوێنەی من دەزانم، چالاکییەکی بەردەوام و تایبەت بە کولتوور و هونەری کوردی بۆ منداڵان زۆر کەمە.تەنها فێستیڤاڵێکم لەبیرە بە ناوی «شانۆی دیاسپۆرا» کە من خۆم لە بۆردی ڕێکخستنی ئەو چالاکییەدا بەشدار بووم. ئەو فێستیڤاڵە تایبەت بوو بە شانۆی کوردی لە دیاسپۆرا و خێزانە کوردەکان دەتوانیان لە شاری هێسن بەشداریی تێدا بکەن.
منداڵەکانم هەرسێکیان ئێستا گەورە بوون و بچووکترینیان ٢٦ ساڵە. یەکێکیان زۆر حەزی لە گۆرانیی کوردییە، بەڵام ئەو دووەی تریان بەزمانی پاراوی کوردی قسەدەکەن و دەزانن بە کوردی و بخوێندنەوە وبنووسن.لەگەڵ ئەوەشدا زۆر حەزیان لە ملۆدی و گۆرانیی کوردییە ئەمە زۆر دڵخۆشم دەکات چونکە منداڵەکانم دەتوانن لە ڕێگەی هونەر، گۆرانی و کولتووری کوردییەوە پەیوەندییان بە زمان و ناسنامەی خۆیانەوە بپارێزن.
زۆر سوپاس بۆ ئەم دیدارە و بۆ ئەو ئەزموونە دەوڵەمەندەی کە لەگەڵمانتان هاوبەش کرد.


ئا.ڕێپۆرتاژ/ ایوب احمد قادر
پێشەنگای نێودەوڵەتی کتێب فرانکفورت
10.10.2026
a

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next

Leave a Reply