Skip to Content

ستراتیجیەتێک بۆ کوردانی ڕۆژاڤا  …. شێرکۆ کرمانج

ستراتیجیەتێک بۆ کوردانی ڕۆژاڤا …. شێرکۆ کرمانج

Closed
by ئه‌یلول 14, 2016 General, Opinion

گەلەکۆمەکی هێزە ناوخۆیی‌و دەرەکەییەکان لە سوریا بۆ سەر گەلی کوردو ئەزمونەکەی لە ڕۆژاڤا بە هێرشکردنە سەر جەرابلس‌ لەلایەن لەشکری تورکیاو هاوپەیمانەکانی لە ئۆپۆزسیۆنی سوریا لەگەڵ داواکەی ئەمریکا بە کشانەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات‌و یەکینەکانی پاراستنی گەل‌ (یەپەگە) و یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) گەیشتە ترۆپک. هەوڵەکانی بەیەکەوەگرێدانی کانتۆنی کۆبانێ‌و عەفرین لەکورتمەوداو لەدرێژمەودا بووە بەئەگەرێکی سەخت ئەگەر نەڵێین موستەحیل. بۆیە پێداچوونەوەیەک بە ستراتیجیەتی کوردانی ڕۆژڤاو هاوپەیمانەکانیان پێویستە. ستراتیجیەک کە خۆی لە کۆچی گشتی کوردانی سوریا دەبینێتەوە بۆ کانتۆنەکانی جەزیرەو کۆبانێ. ئەم نوسینە هەوڵێکە بۆ خستنەڕووی ستراتیجیەکە لەگەڵ هۆکارەکانی پشت ستراتیجیەکە، واتە ڕاشنالیتی پێشنیارەکە.
سەرەتا دەبێت ئەوە بگوترێت کە ستراتیجیەتەکە بنەمای لەسەر سێ تێگەیشتن داناوە: یەکەم، سیاسەتی ئەمری واقیع؛ دووەم، ناهاوسەنگی هێز لەنێوان بەرەی کوردان‌و هێزە نەیارەکانی؛ سێیەم، ئاڵوگۆڕ لە سیاسەتی ئەمریکاو ڕوسیاو تورکیا لەماوەی چەند حەفتەی ڕابردو، کە لە بەرژەوەندی کورد نەبوون.
خاڵێکی دیکە کە لە داڕشتنی ئەم ستراتیجیەتە لەبەرچاوگیراوە ئەوەیە کە لە هاوکێشە سیاسییەکان‌و سەربازییەکان پاراستنی دەسکەوتەکان بەگشتی زەحمەتترە لە بەدەستهێنانیان. لە ٢٠١٢ ـەوە كوردەکان لە ڕۆژاڤا دەستکەوتی هێندە گەورەیان بەدەستهێناوە کە لە خەیاڵی هیچ کەسێکدا نەبووەو نییە بەتایبەتی ئەگەر قەوارەی کوردو پچڕپچڕی ناوچەکانیان بەبیرخۆمان بێنینەوە. ئەم ستراتیجیەتە هەوڵێکە بۆ پاراستنی سەرکەوتنەکان.
ژمارەی کوردەکان لە سوریا لە دوو ملیۆن تێپەڕناکات‌و کێشەی هەرە گەورەش لەپاڵ کەمی ژمارەی کوردان لەو وڵاتە پەرشوبڵاویانە بەسەر شارو پارێزگاکانی سوریا. بەشێکی گەورە لە کوردان نیشتەجێی شارەکانی ‘حەلەب‌’ و ‘دیمەشق’ـن. ئەمەش چڕی کوردانی لە ناوچە کوردستانییەکان کەمکردۆتەوە.
بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە کۆچپێکردنی کوردەکان لە حەلەب‌و دیمەشق‌و تەواوی شارو شارۆچکەکانی دیکەی سوریا بۆ کانتۆنەکانی جەزیرەو کۆبانێ پێویستییەکی هەنوکەییە. کۆچپێکراوەکان واچاکە لە شاری حەسەکەو ئەو ناوچانەی کە چڕی کوردیان کەمە لەنێوان هەر دوو کانتۆنی کۆبانێ‌و جەزیرە، وەک شەدادی‌و گرێسپی‌و تەلحەمیس‌و تەلتەمر، نیشتەجێبکرێن.
ئەم کۆچپێکردنە کە کڕۆکی ئەم ستراتیجیەتە پێکدەهێنێت دەبێت هەر ئێستا لەسەر داوای دەسەڵاتدارانی هەر دوو کانتۆنی جەزیرەو کۆبانێ دەستپێبکات‌. هەر ئەوانیش دەبێت تەواوی ڕێوشوێنە ئیداری‌و لۆجیستیەکانیان بۆ دابینبکەن.
کۆچی بە کۆمەڵی کوردانی سوریا بۆ ناوچە کوردییەکان بێجگە لەوەی کە چڕی کورد لە ڕۆژاڤا زیاددەکات‌و ئەمنیەتی ناوچەکانیان باشترو تۆکمەترو پارێزراوتر دەکات، هاوکات، کوردانی دەرەوەی کانتۆنەکان لە لەناوچوون لەڕێگەی توانەوە دەپارێزێت‌. لەپاڵئەمەش، کوردانی شارە سورییەکان هەر ئێستا بەگشتی لەنێوان مەرگ‌و ژیندا دەژین، بەتایبەتی ئەوانەی حەلەب کە ژمارەیان لەوانەیە خۆی لە ١٠٠ هەزار کەسێک بدات.
خاڵی نەرێنی سەرەکی ئەم ستراتیجەتە ئەوەیە کە کورد دەبێت دەسبەرداری یەکگرتنەوەی کانتۆنی عەفرین‌و کۆبانێ بێت کە لە ڕاستیدا ئەم هەوڵە، سەرەڕای ئەوەی کە شەهیدێکی زۆری بۆ درا، بەڵام هەم واقیعی نەبوو هەم قومارێکی گەورە بوو چونکە زۆربەی ئەو ناوچانەی کە کەوتونەتە نێوان عەفرین‌و کۆبانێ ناوچەی عەرەبی‌و غەیرە کوردین یان بە چڕی تەعریبکراون.
ئەو تێگەیشتنە بان-نەتەوەییەی کە پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) باسیلێوەدەکات لە ڕووی تیورییەوە زۆر جوانە بەڵام تەنیا لەو ناوچانە دەکرێت بەرجەستەبکرێت کە زۆرینەی کوردن‌و خۆیان بە هەڵگری ئەو پەیامە بان-نەتەوەییە دەزانن. دەیان ساڵە مێژووی دنیاو ناوچەکە پێماندەڵێت کە سنوری دەسەڵات‌و جوگرافیای ڕاپەڕینی کوردان، یان هەر گروپێکی نەتەوەیی یان مەزهەبیی، لەو شوێنە کۆتاییپێدێت کە چڕی نەتەوەیی‌و مەزهەبیی کۆتایی دێت. پەیەدەو یەپەگەو یەپەژە واچاکە درکی ئەو ڕاستییە بکەن کە حوکمکردنی ئەو ناوچانەی کە چڕی کوردیان کەمە یان هەر کوردی تێدانییە سەختەو پاراستنیشی موستەحیلە. ئەگەر لە کورتمەوداش نەبێت لەدرێژمەودا ئەو ڕاستییە دەردەکەوێت.
کورد لە زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژاڤا زۆرینەی ڕەها نییە، بۆیە ئەم کۆچە دەستەجەمعییەی کە لێرە پێشنیازکراوە بۆ گۆڕینی دیموگرافیای ناوچە کوردییەکانە. گۆڕینی دیموگرافیای ڕۆژاڤا بەو مانەیە نییە کە عەرەب‌و کریستیان‌و تورکمان‌و خەڵکانی سەر بە نەتەوەو دینەکانی دیکە لەو ناوچانە دەربکرێن. بەپێچەوانەوە ئەو ئەزمونە فرەکەلتورییەی کە ئێستا لە ڕۆژاڤا جێبەجێدەکرێت دەبێت بەردەوام بێت‌و پێکەوژیانی نەتەوەکان‌و دینەکان تۆکمەترو قوڵتربکرێتەوە.
ئەو ناوچانەی کە ئێستا دوو کانتۆنەکەی ڕۆژهەڵاتی ڕوباری فورات پێکدێنن ناوچەیەکی بەرفراوان‌و دەوڵەمەندە بە سامانی سروشتی‌و ئاویی‌و دەکرێت کیانێکی سیاسی‌و ئابوری‌ پشتبەخۆبەستوی لێدروستبکرێت. بەڵام سەقامگیری ئەو ناوچانە بە چڕی کورد پەیوەستە بۆیە کوردانی ناوچەکانی دیکەی سوریا دەبێت بگوازرێنەوە ئەوێ.
بێجگە لەم هۆکارانە دەبێت ئەوەشمان لەبیرنەچێت کە زۆر زەحمەتە سوریا وەک وڵاتێکی یەکگرتو وەک جاری جاران دروستبکرێتەوە، بۆیە بوونی کورد لە حەلەب یان لە دیمەشق، یان هەر شوێنێکی دیکە، دەیانکات بە کەمینەیەک لەو شوێنانە کە هیچ سەنگێکی سیاسیان نابێت‌. لە ئەگەری دابەشبوونی سوریا یان دروستبوونی چەند فیدڕالییەتێک ئەوە ئەگەرەکانی توانەوەی کوردە دابەشبووەکان بەسەر شارو شارۆچکەکانی دیکەی سوریا زۆر زیاددەکات.
مانەوەی کورد لە شارەکانی دیکەی سوریا هێزەکانی یەپەگەو یەپەژە ناچار بە پەرشوبڵاویی دەکات بۆ پاراستنی کوردەکان لە شوێنەکانی دیکەی سوریا. ئەمەش بارێکی دیکەی قورس دەخاتە سەر هێزە ئەمنییەکانی ڕۆژاڤاو تواناکانیان ئیستینزاف پێدەکات‌و مایەپوچیشە.
لە حالی حازردا کانتۆنی عەفرین تاڕادەیەکی چاک توانیویەتی پارێزگاری لەخۆی بکات. ئەگەر بارودۆخەکە ئاوابمێنێتەوە ئەوە دەکرێت قسە لەسەر ئەو کانتۆنە نەکرێت بەڵام ئەگەر هاوکێشەکانی هێز لەوێش گۆڕان ئەوە دەکرێت لەژێر تیشکی ئەم ستراتیجیەتە بیر لە خەڵکی ئەوێش بکرێتە.
بەکورتییەکەی کاتی ئەوە هاتوە کە ڕۆژاڤا هەنگاوی جدی بهاوێژێت بۆ چڕکردنەوەی ڕێژەی کورد لە کانتۆنەکانی جەزیرەو کۆبانێ‌ بەمەبەستی چاکتر پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی کە لە چەند ساڵی ڕابردو بەدەستهاتون. دابەشبوون‌و پەرشوبڵاوی کورد لە سوریا مەترسییە لەسەر ئەزمونی ڕۆژاڤاو دەستەکەوتەکانی کە بیرکردنەوەی جدی گەرەکە.

Previous
Next
Kurdish