Skip to Content

فیستیڤاڵ و دەرخستنى شانۆى ئۆرجیناڵ.. شکۆ عومەر کاکەڕەش*

فیستیڤاڵ و دەرخستنى شانۆى ئۆرجیناڵ.. شکۆ عومەر کاکەڕەش*

Closed
by تشرینی دووه‌م 24, 2022 General, Literature, Theatre


فیستیڤاڵ لە وێنە گشتییەکەیدا بریتییە لە کۆکردنەوەى چەند ئەزموونێکى جیاوازى هونەرمەندان و دواتریش لەشێوەى پاکێجێکدا سەرجەم ئەو نمایش و ئەزموونە جیاوازانە پێشکەش بە بینەران بکات ئەوەش بەو ئامانجەى کە ببێتە ئامرازێک بۆ ئاڵوگۆڕى کلتورى لە نێوان ئامادەبووان و بەشدارانى ئەو ئیڤێنتە هونەرییە. بەم پێیەش فیستیڤاڵى نێودەوڵەتى هەولێر بۆ شانۆ، کە ساڵانێکە وەک دیاردەیەکى هونەریى گرنگى ناوچەکە، خۆى راگەیاندووە و بەردەوامى بە خۆى داوە و بووەتە ناوەندێک بۆ کۆبوونەوەى هونەرمەندانى زۆربەى ووڵاتانى جیهان لە هەرێمى کوردستان و هاوردەکردنى چەندین نمایشى شانۆیی وڵاتانى جیهان و ئاشناکردنى بینەر و شانۆکارى کورد بەو ئەزموونە گرنگانە و لە زۆربەى خولەکانى رابردووشدا ئەگەر بەرێژەیەکى کەمیش بێت توانیویەتى نمایشى جوان و جیاواز بانگهێشت بکات. ئەمساڵیش بۆ خولى حەوتەم دیسان توانى ئەو ئەزموونە دووبارە بکاتەوە و کۆمەڵێک نمایشى گرنگ و جیاوازى بانگهێشت کرد و بە بینەرى کوردى ئاشنا کرد. زیاتر لەوەش خولى حەوتەمى فیستیڤاڵ بۆ من خاڵێکى گرنگیی ترى هەبوو ئەویش ئەوەبوو لەرێى بانگهێشتکردنى یەکێک لەو نمایشانەوە بینەر رووبەرووى شۆکێک بکاتەوە. کە من لێرەدا هەوڵ دەدەم لەسەرى بوەستم جگە لەوەى کە خوێندنەوە بۆ دوو نمایشى ترى ئەو فیستیڤاڵە بکەم.
یەکێک لە نمایشە زۆر جیاواز و گرنگ و جوانەکانى ئەم فیستیڤاڵە بریتی بوو لە شانۆیی (کالیگۆلا) کە بەرهەمى وڵاتى ئۆکرانیا بوو. لە نمایشى (کالیگۆلا)دا جگە لەوەى کە هۆڵى نمایش وەک هەمیشە لە خزمەتى کارەکەدا نەبوو بەڵام هەر لەسەرەتاوە کاتێ بینەر دەچێتە هۆڵەکەوە و لە یەکەم ساتدا چاوى بەر پێدراوەکانى سەر ستەیج و کۆى گشتى سینۆگرافیاى بینراو دەکەوێت، تێدەگات لەوەى کە ئەقڵێکى جدى لە پشتى نمایشەوە وەستاوە و سنۆگرافیا تەنها بریتی نیە لە ریزکردن و دانانى کۆمەڵێک کەرەستە لەسەر ستەج. واتا سینۆگرافیا لە کالیگۆلاى ئۆکرانیدا بریتی نیە لە سینۆگرافیایەکى زەخرەفیی دەرەوەى گوتارى گشتى نمایش، بەڵکو سینۆگرافیایەکى دارێژراو و تێکهەڵکێش لەگەڵ سەرجەم رەگەزەکانى دیکەى نمایش. ئەمەش دواجار بە سوودى کردەى داهێنان لە نمایشدا تەواو دەبێت و کار لەسەر دامەزراندن و پاراستن مەوداى ستاتیکى دەکات و لێناگەڕى ئاسۆى پێشبینکراوى بینەر زاڵ بێت، بەپێچەوانەوە بەردەوام ئەو ئاسۆى پێشبینیە تێکدەشکێنێت. سینۆگرافیا دەبێتە ئامرازێکى سەرەکى بۆ هونەرى باوەرپێهێنانى بینەر، ئەفلاتون دواى ئەوەى کۆمەڵێک بنەما بۆ هونەرى باوەرپێهێنان دەخاتەروو کە بەرمەبناى بنەمایەکى زانستى نین بەڵکو لەسەر چەند مەبەستێکى تایبەت دانراون و هاوکات دەشڵێت هونەرى باوەرپێهێنان ئامرازێکى هەڵخەڵەتێنەرە بۆ ئەوەى حەق بکاتە پوچەڵ و پوچەڵیش بکات بە حەق. بۆیە سینۆگرافیاى کالیگۆلا دروست بەو شێوەیە بوو کە لە رێگەى چەند دۆشەکێکى خەوتنەوە کە بەشێوەى ستونى دانرابوو کارى لەسەر کردەى باوەرپێهێنان کردبوو و ئامانجەکەشى پێکا و چەندین دەلالەتى جیاوازى بە نمایش بەخشیبوو.
جیاوازى زمانى نمایش و ئەکتەر لە شانۆیی کالیگۆلادا لەگەڵ زمانى بینەر یەکێک لەو خاڵانە بوو کە پێشبینى دەکرا ببێتە لەمپەر لەو نێوانەدا و پرۆسەى پەیوەندى نێوان بینەر و نمایش گرفتى تێبکەوێت و بە ئاسانى دروست نەبێت، بەڵام ئەو گرفتە نەک هەر دروست نەبوو بەڵکو تەواو پێچەوانەکەى هاتەئاراوە بەو پێیەى سەرەڕاى درێژى ماوەى نمایش و گرفتە تەکنیکییەکانى هۆڵ، بەڵام بینەر بەدرێژایی زیاتر لە 100 خولەکى نمایش لەسەرەتاوە ئەو پەیوەندییەى دامەزراند و بەردەوام پەیوەندى خۆى لەگەڵ نمایشدا نوێدەکردەووە بەتەواوى بوو بوو بە بەشێک لە نمایش و چەمکى ژیانکردن و هاوبەشیکردن لەو نێوانەدا بەدروستى بەدیدەکرا. کە ئەوەش لە ئەنجامى تۆکمەیی داڕشتنەوەى نمایش و دروست کارکردن لەسەر رەگەزەکانى نمایش دێتە ئاراوە. جگە لەوەى بونیادى نمایش و کارەکتەرەکانى بەجۆرێکى وا داڕشتبوەوە کە هەست بە هیچ نەنگ و بۆشاییەک نەکرێت و گوتارى گشتى نمایش بەجۆرێک دارێژرابوو کە گوزارشتى لە دۆخى ئەمرۆى ووڵاتەکەی خۆیان دەکرد کە چۆن جەنگ چووەتە هەموو کون وقوژبنێکى ژیانەوە و سیستەمە سیاسى و داراییە خاوەن بڕیارەکان بوونە بە مۆتەکەیەک بەسەر ژیانى مرۆڤایەتییەوە. لەگەڵ ئەوەشدا لە پەراوێزى ئەو بابەتە سەرەکییەوە کارى لەسەر سیستمى دیکتاتۆرییەت و سەرکوتکارى و بوودەڵەیی پیاوانى ئایینى کردبوو کە هەمیشە وەک مشەخۆرێک سوود لە قەیران و تەنگەکان دەبینن بۆ پتەوکردنى پێگەکانى خۆیان. لەگەڵ ئەوەشدا ناکرێ رۆڵ و تەکنینکەکانى نواندن فەرامۆش بکرێت لەم نمایشەدا کە لە ئاستێکى باڵادا بوو، بەتایبەت ئەو ئەکتەرەى کە رۆڵى کالیگۆلاى بەرجەستە دەکرد، گاهێک وەک ئەکتەرێکی باڵادەستى نمایش و گاه وەک ئەکرۆپاک و جارێک وەک جمناستیک و دەمێک وەک سەماکارێکى بالێ دەردەکەوت و هەموو جوڵەیەکى پلان بۆدارێژراوبوو و دوور بوو لە عەفەویەت و زیاتر لەو بۆچوونە ئەنترۆپۆلۆجیەى (یۆجینۆ باربا) نزیکمان دەکاتەوە کە باسى جووڵە دەکات و دابەشى دەکات بۆ سێ ئاست، ئاستى سێیەمى بە قۆناغى گوزارشتخوازى وێنا دەکات پێیوایە لەو قۆناغەدا ئیدى جوڵە بەپێى سات و بارودۆخى پێویست دێتە ئاراوە و دەبێتە پاوەرێک بۆ جوڵاندنى هەست و هۆشى بینەر و تێکهەڵکێشکردنى نمایش و بینەر و یەکخستنیان لە یەکەیەکى تەواو سەربەخۆى و یەکگیردا. و لەرێگەى ئەم تێکەڵکێشییەوە و جوڵە مسداقیەتى و راستگۆیی تەواو وەردەگرێت و بینەر بەشێوەیەکى تەندروست وەریدەگرێت.
بەڵام ئەوەى مایەى هەڵوەستە و شۆکى بینەر بوو لەم نمایشەدا بریتییە لە لێکچوونى زۆر نزیکى نێوان بونیادى کەسایەتى کالیگۆلا لە شانۆگەرى (کالیگۆلا)ى ئۆکرانى و بونیادى کەسایەتى بابلۆى شانۆگەرى (دوارۆژەکانى بابلۆ)ى شوان کەریم! ئەم لێکچوونە لە سەرەتاوە بەشێوەیەکى کاڵ دەردەکەوێت کەچى نابێتە جێى سەرنج، بەڵام کاتێ لە نیوەى دووەى نمایشەوە دەبینین ئەکتەرەکان هەموو لە کالیگۆلا نزیک دەبنەوە و بە تەکنیکێک جلوبەرگێکى لەبەر دەکەن و دەیخەنەوە قاوغەکەى خۆى، دەقیق هەمان وێنە دروست دەبێت کە کارمەندانى نەخۆشخانە لە نمایشى (دوارۆژەکانى بابلۆ)دا هەمان کردار بەرامبەر بابلۆ ئەنجام دەدەن و دەیانەوێت بیرى بخەنەوە کە ئەو لە دۆخێکى نەخوازراودایە و دەبێت بگەڕێتەوە دۆخى پێشووى خۆى و لە واهیمەى ناو مێشکى خۆى رزگار بکات. لێرەدا لێچوونەکان هێندە نزیکن کە پێویستە بینەر توشى راچەڵەکین بێت و لە خۆى بپرسێت ئایا من پێشتر ئەم دیمەن و نمایشەم بینییوە؟! بەتایبەت کە دەبینى جگە لە بونیادى کارکتەر تەنانەت فۆرمى جلوبەرگ و شێوازى لەبەرکردنیشیان بۆ کالیگۆلا هەمان شێواز و فۆرمە کاتێ کارمەندانى نەخۆشخانە دووبارەى دەکەنەوە بەرامبەر بابلۆ، بەڵام بۆ ئەو پرسیارەى بینەر ساتى پێشوو لە خۆى کرد دەگاتە ئەو بڕوایەى کە بێگومان نەخێر چونکە ئەم نمایشە لە وڵاتێکى بێگانەوە هاتووە و دەرفەتى بینینى نمایشێکى ئۆکرانى بۆ بینەرى کورد لەو دۆخەى کە ئێستا ئۆکرانیاى پێدا تێپەڕدەبێت، ئەستەمە.
ئەمە جگە لە چەند لێکچوونێکى تر وەک بوونى ئەو مایکەى کە لە کالیگۆلادا بەکارهات و لە بابلۆش بۆ هەمان مەبەست و ئامانج بەکارهات. شێوازى ئەندازیارى دارشتنەوەى سەر ستەیج کە لاى بابلۆ بەشێوەى ریالیزم دارێژرابوو بەڵام لە کالیگۆلا بەشێوەى گوزارشتگەرا بوو، بەڵام دواجار هەردووکیان لە رووى هەندەسییەوە لێکدەچوون بەتایبەت لە شێوازى تەوزیفکردنەوە لە نێو نمایشدا و چۆنیەتى مامەڵەى ئەکتەر لەگەڵیاندا.
بۆیە سەرئەنجام بینەر توشى ئەو گومانە دەبێت کە ئایا ئەو دوو نمایشە بۆ هێندە لەیەک دەچن؟ ئاخۆ ئەمە تەنها رێککەوتە یاخود سودبینینە لە یەکتر؟ ئایا کالیگۆلا نوسخەى ئۆرجیناڵە یان بابلۆ؟ ئایا شانۆى کوردى هێندە لە ئاستێکى باڵاى جیهانیدایە کە شانۆى ئۆکرانى کاریگەر بێت پێى؟ ئەمانە و چەندین پرسیار و گومانى تر کە بینەر توشى بەدگومانییەکى ئەوتۆ دەکات تا چیدى متمانەى تەواوى بە هەموو نمایشێک نەبێت کاتێ وەک کردەیەکى داهێنان خۆى رادەگەیەنێت و لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێ لە داهاتوودا سەرجەم یاخود زۆربەى ئەو گومانانە روون ببنەوە و دەربکەوێت ئایا کام نمایش ئۆرجیناڵە و سوودى لەویترى بەرامبەر بینیوە.
یەکێکى تر لەو نمایشانەى لە فیستیڤاڵى شانۆى هەولێر پێشکەش کرا و بۆ من مایەى هەڵوەستەیە، شانۆیی (تروسکاییەک لە تەم) بوو کە بەرهەمى کۆلێژى هونەرەجوانەکانى هەولێر بوو و کاری دەرهێنانى لەلایەن (یوسف یوسفى)ەوە بۆ ئەنجامدرا بوو. (تروسکاییەک لە تەم) هێندە نمایشێکى لاواز و ئاست نزم بوو کە زیاتر وەک شانۆی قوتابخانە و ئارەزوومەندانى سەرەتا و ئەماتۆر خۆى دەنواند و کەمتر ئەو وێنەیەى دەگەیاند کە بینەر بەدیار بەرهەمێکى ئەکادیمیی ناوەندێکى ئەکادیمی وەک کۆلێژى هونەرەجوانەکانەوە دانیشتبێت. مرۆڤ کاتێ خۆى لەبەرامبەر ئەو جۆرە کارانەدا دەبینێتەوە تێدەگات کە ناوەندە ئەکادیمییەکانى ئێمە لە چ هەژارییەکى مەعریفیدان و خوێندکاران چۆن بەرەو هەڵدێر دەبرێن لەو شوێنانەدا.
ناوەندە ئەکادیمیەکان لە وێنە گشتیەکەدا بریتیین لەو شوێنانەى کە زۆرترین کەسانى ئەکادیمیى و پێداگۆگ و مامۆستاى بەئەزموونى تێدا کۆدەبنەوە و لەوێوە ئیدى دوا مۆرى پێگەیاندن و دروستبوون لە دۆسیەى ئەو گەنجانە دەدەن کە بەنیازى فێربوونى دواین تێزەکانى شانۆى جیهانى روویان تێکردوون. بەڵام پرسى گرنگ ئەوەیە ئاخۆ کۆلێژى هونەرەجوانەکانى هەولێر تاچەند هەوڵیداوە ئەو وێنە گشتییە دروست بکات و ئەو کەسانەى لەوێدا کۆبوونەتەوە بەراستى کەسانى ئەکادیمی و پێداگۆگن؟ ئەگەر بۆ دەستکەوتنى وەڵامى ئەو پرسانە بینەرى شانۆیی (تروسکاییەک لە تەم) بین ئەوا سەرجەم وەڵامەکانت بە نەخێرێکى توند وەردەگریتەوە.
ئەم نمایشە لەلایەن د.ژیلوان تاهیرەوە کارى نوسینى بۆ کراوە و بابەت و جەوهەرى نمایش لە ئاستێکى باڵادایە و بینەر درک بەوە دەکات کە بابەت بەووردى کارى لەسەرکراوە و بەریەککەوتنى لەگەڵ دروست دەکات، بەڵام بۆ پرۆسەى پیشەسازى نمایشدا تەنها بابەت پێویست نیە و دەبێت سەرجەم رەگەزەکانى ترى نمایش لە یەکەیەکى گشتگیر و یەکگرتوودا خۆى رێکبخاتەوە و بخرێتەڕوو.
کردەى دەرهێنان لەم نمایشەدا بەرادەیەک سست و لاوازە ئەسڵەن لە زۆر شوێندا سێبەرى دەرهێنەر بەسەر نمایشەوە هەر نامێنێت و زیاتر وەک نمایشێکى راگوزەر و ئیرتیجال خۆى دەخاتەڕوو. کاتێکیش نمایش حزورى دەرهێنەرى بەسەرەوە نەمێنێت و ئەکتەرەکانیش بریتی بن لە چەند خوێندکارێکى قۆناغى سەرەتاى خوێندنى شانۆ بن ئەوا هەموو دۆخێک دروست دەبێت تەنها دۆخى ستاتیکى و هونەرى باڵا نەبێت. هەژارى مەعریفى دەرهێنەر هێندە بە زەقى بە نمایشەوە دەبینرا، کە تەواوى رەگەزەکانى نمایش بووبوون بە قوربانى ئەو هەژارییە و گرنگترین ئەو قوربانییەش بریتی بوو لە ناهاوسەنگى بونیادى درامى نمایش نەبوونى ریتمى نمایش و کارەکتەر و دیالۆگ و هاوکات نەبوونى بونیادێکى روون بۆ کەسایەتییەکان، کە ئەمەیان دەردى کوشندەى هەر بەرهەمێکى شانۆییە چونکە لە غیابى بونیادێکى تۆکمە و روونەوە ئەکتەر توشى سەرلێشێوان دەبێت لە نێو پرۆسەى نمایشدا و بێئامانج دێت و دەچێت. بونیادى کارکتەر لە شانۆیی (تروسکاییەک لە تەم) هێندە ناروون و شێواو بوو کە سێ کچەکە دواى مردنى دایکیان لە حاڵەتێکدا دەیانەوێت لۆمەى باوکیان بکەن کە ئەو هۆکاربووە بۆ مردنى دایکیان و بەیەکەوە هێرش دەکەنە سەرى. بەڵام دواى دەرچوونى باوک لەسەرستەیج ئیدى کچەکان مردنى دایکیان بیردەچێتەوە و دەستدەکەنەوە بە کچێتى خۆیان و خەریکى کەفا و سەفا کچانەى خۆیان دەبن. ئەمەش سەرەتاى دەرکەوتنى هاودژییەکان بوو، ئەم ناروونیەى بونیادى کەسایەتییەکان گرفتى گەورەى بۆ ئەکتەر دروست دەکرد و پێمووایە خودى دەرهێنەریش درکى بەم کەلێنە کردبوو بۆیە بۆ پڕکردنەوەى ئەو بۆشاییە سوودى لە ئەکتەر (چنار عیزەدین) بینیبوو تا بتوانێ بە هەندێ جووڵەى کۆمیدى و تارادەیەک تەهریجی کۆنترۆڵى سستى ئیقاعى نمایش بکات و پەیوەندییەک لەگەڵ بینەر دروست بکاتەوە ئەگەرچى ئەو پەیوەندییەش زۆر زۆر لاواز بوو. لێرەشدا دەرهێنەر دیسان کەوتە ئەو هەڵەیەوە کە ئاستى نواندن لە نێوان ئەکتەرەکان هەمووى لەلایەک و نواندنى (چنار) لەلایەکى دى خاڵى بوو لە هەموو باڵانسێک و جیاوازییەکى زۆرى پێوەدیاربوو کە دواجار بە زیانى نمایش کۆتایی پێهات. دەرهێ،ەر بە فەرامۆشکردنى رەگەزى ریتم و تیمپۆ دەکەوێتە هەڵەى کوشندەوە.
لە کۆتاییشدا شانۆ بەو پێیەى هەوڵێکە بۆ خوێندنەوە و لێکدانەوە و دواجاریش بەستنى پەیوەندى رۆحى نێوان خۆى و بینەر. بۆیە دەبێت بەوپەڕى ئاگاییەوە مامەڵەى لەگەڵ بکرێت و حساب بۆ تەواوى جوڵە فیزیکى نافیزیکییەکان بکرێت.
یەکێکى تر لەو نمایشانەى کە مایەى وەستانە لەسەرى شانۆیی (سرودێک بۆ ئیکارۆس)ە کە بەرهەمى شانۆکارانى هەڵەبجە بوو.
ئەو گروپە لەسەرتاى دروست بوونیەوە دوو چەمکى بۆ کارەکانى خۆى داڕشت و کردنى بە بنەماى کارکردن بۆ پرۆژەکانى داهاتووى ئەوانیش هەردوو چەمکى (زبرییەتى و زیندویەتى) بوو. ئەوەشى کە هەر لەسەرەتاوە روون بوو ئەوەیە کە بەپێى بانگەشەکانى خۆیان ئەو چەمکە دەگەڕێننەوە بۆ شانۆ توندوتیژەکەى ئانتۆنین ئاڕتۆ-ى فەرەنسى.
بەڵام با ئێمە سەرەتاى قسەکانمان بەوە دەست پێبکەین ئایا بەراستى شانۆى توندوتیژى ئاڕتۆ بریتی بوو لە توندوتیژى و هەرا و زەنا؟ ئایا ئارتۆ مەبەستى لە توندوتیژى لایەنە فیزیکییەکە بوو؟ ئایا ئەسڵەن شانۆ فەلسەفییەکەى خۆى بۆ بەناوى توندوتیژییەوە ناونا؟ ئاخۆ رەچەڵەکى شانۆکەى لە کوێوە سەریهەڵدا؟
ئەگەر ئێمە بگەین بە وەڵامى ئەم پرسیارانە ئەوا بەروونى لەوەش تێدەگەین کە بابەتى (زبرییەتى و زیندویەتى) لە کوێى نەخشەى شانۆ توندوتیژەکەى ئاڕتۆ دایە.
ئارتۆ لەسەرەتاى مانیفێستۆى یەکەمى شانۆکەیدا دەڵێت: شانۆ ناگەڕێتەوە بۆ کارتێکەرە دەرەکیەکانى و هێز و زمانەکەشى لەوەوە وەرناگرێت و پێویستە لەو بنەمایە دوورکەوێتەوە کە پاڵپشت بە هەیمەنەى دەقى ئەدەبى خۆى بخاتەروو و و بەپێچەوانەوە دەبێت پشت بە دەقە رەسەن و پیرۆز و خاوەن رەهەندە مێژووییەکان ببەستێت بۆ ئەوەى زمانە دەگمەن و تایبەتەکەى خۆى بدۆزێتەوە کە خۆى لە نێوان جووڵە و بیرۆکەدا دەبینێتەوە.
ئەم داوایەى ئارتۆ زۆر دژى ئەو نمایشەى شانۆکارانى هەڵەبجەیە چونکە ئەوان لە دەستپێک تا کۆتایی ئەوەى کە باڵایە لەلایان بریتییە لە زمان و دەق و دیالۆگ و بەپێچەوانەشەوە جوڵەى مەدروس و حیساب بۆکراو کەمترین ئامادەیی هەیە، ئەم حاڵەتە بە رادەیەک بوونى هەیە کە بینەر هێندێ جار پێویستى بە هاوکارێک هەیە تا گرێکانى دەق و ئەدەبیاتى نێو نماایشى بۆ شیبکاتەوە و هاوکارى بێت لە بەیەکەوەگرێدانى سەرەداوەکانى چیرۆک!کە ئەمەیان من پێوایە بۆ ئاڵۆزى بیرۆکەکانى نێو خەیاڵى دەرهێنەر دەگەڕێتەوە، کە پێویستى بە رێکخەرێک هەیە توانا و دەسەڵاتى لەسەرووى ئەوەوە بێت و لێنەگەڕێت ئەتمۆسفێرى گشتى نمایش بەو جۆرە ئاڵۆز بکات، چونکە هەمان حاڵەت لە ئەزموونەکانى پێووى ئەو دەرهێنەرەدا دەبینرێت بەڵام لەبەر ئەوەى لەوانى تردا تەنها خۆى بوونى هەیە و هەر لە ژێر تایتڵى (دەهێنەر)دا کاریکردووە کەمتر بینەر هەستیان پێدەکات. بەڵام لە (سرودێک بۆ ئیکارۆس)دا ئەو باسە بە زەقى هەستى پێدەکرا لەبەر چەند هۆکارێک کە گرنگترینیان ئەمانەن: لێرەدا ئەو هاوڕێیانە بەوپەڕى بڕواوە چەمکى دەرهێنانى رەدکردەوە و لەبرى ئەوە وشەى دراماسازیان داتاشى بەو بیانووەى گوایە چەمکى دەرهێنان لە بنەڕەتەوە بە هەڵە لە عەرەبەوە بۆ نێو کلتورى شانۆیی ئێمە گوازراوەتەوە و ئیدى پێویستە ئەو هەڵە باوەى خۆمان چاک بکەینەوە، هەڵبەت من کاتى خۆشى لەگەڵ ئەو دۆستانە کەتمە گفتوگۆیەکى هونەرییەوە کە دژى رایەکەى ئەوان بووم. بەڵام نەگەیشتین بە ئەنجام. چونکە من پێداگریم لەوە دەکرد کە دەرهێنان چەمکە دروستەکەیە چونکە ئەو کەسەى بە کردەى دەرهێنان هەڵدەستێ لە عەدەمەوە نمایشێک دێنێتە بوون ئەمەش رێک هەمان حاڵەتى لەدایکبوون (ولادە) یەوە و وەک ئەو پرۆسەیە بریتییە لە دەرهێنان و پێویستە هەر بە دەرهێنان بمێنێتەوە بەڵام ئەوان مکوڕ بوون لەسەر بۆچوونەکەى خۆیان. جگە لە هەموو ئەمانە ئەو هاوڕێیان دواى ئەو هەموو روونکردنەوەى کە دایان بۆ گۆڕینى چەمکى دەرهێنان بە دراماساز، بەڵام داواجار لە پۆستەرى گشتى فیستیڤاڵ هەر بە دەرهێنان ناویان هێنرا و تەنانەت ئەو خەڵاتەى کە پێشیان بەخشرا هەر بە ناوى (باشترین دەرهێنان) وەریانگرت! ئیدى شتێک لە گۆڕى نەما بە ناوى دراماساز و هەر وشەسازییەکى تر کە ئەو چەند مانگێک بوو ئامادەکارییان بۆى دەکرد. جگە لەمە هۆکارێکى ترى ئاڵۆزى پر لە هەرایی ئەم نمایشە دەگەڕێتەوە بۆ بوونى زیاد لە دەرهێنەرێک لە نمایشدا، کە بەراى من ئەگەر لە ئەزموونەکانى پێشوودا تەنها جەنجاڵییەکانى نێو خەیاڵى (راڤیار نەوزاد) باڵى بەسەر نمایشدا کێشابێت ئەوا لێرەدا دوو کەس هەن و هەر یەکەیان دەیەوێت هەیمەنەى خۆى بەسەر نمایشەوە بەدەربخات. کە ئەمەش دواجار وەک بینرا بەقوربانیبوونى نمایشى لێکەوتووە چونکە ئەزموونى (سرودێک بۆ ئیکارۆس) دوو دەرهێنەر (دراماساز)ى هەبوو.
ئارتۆ لە هەموو ژیانى شانۆیی خۆیدا شەڕى بۆ دەربازکردنى شانۆ لە ژێر دەسەڵاتى ئەدەبدا دەکرد و تەنانەت باجى زۆر گەورەشیدا لەو پێناوەدا، بەڵام دەرهێنەرى ئەم نمایشە کە هەموو هەوڵى بۆ ئەوەیە ببێت بە تاکە ئاڵاهەڵگرى ئارتۆ لەم جوگرافیایەدا، لەم ئەزموونە و هیچ ئەزموونێکى پێشوویدا نەیتوانییوە شانۆکەى ببکاتە خاوەن زمانێکى تایبەت لە دەرەوەى دەسەڵاتى دەق و هەمیشە باکگراوندە ئایدۆلۆژییە تایبەتەکانى خۆى و سەرسامییەکانى خۆى بە مرۆڤە باڵاکە نیتشەى لە نمایشەکانى بکاتە دەرەوە و ئەمەش وایکرووە کە راڤیار و ئەزموونە شانۆییەکانى هەمیشە بارگاوی بن بە چەندین رەهەندى ئایدۆلۆژی.
لەپاڵ ئەمانەدا راڤیار ئەزموونەکانى پێشووترى چونکە خۆى دوا کەسى بریار بەدەست بووە بەردەوام هەوڵیداوە کە سروت و ئەتمۆسفێرى دێرین و رەسەنى رۆژهەڵات لە نێو نمایشەکانى ئامادەییان هەبێت دروست بەو شێوەیەى کە ئارتۆ بانگەشەى بۆ دەکات و پێیوایە ئەوە بنەماى رەسەنى شانۆیە و دەبێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو پێگەیە. ئەمەش بە روونى لە ئەزموونى (شینە لە شیندام)دا دەردەکەوت. بەڵام لە (سرودێک بۆ ئیکارۆس)دا کەمترین سروت بوونى هەبوو و کەمترین ئیشکردن هەبوو لەسەر چەمکى جووڵە و شانۆى بینراو و جێهێشتنى قۆناغى دروشمگەرا و ئارامگرتن لە زۆنى شانۆى بینراودا. ئارتۆ لە هەردوو مانیفێستۆکەیدا یەکێک لەو خاڵانەى کە زۆر جەختى لەسەر دەکاتەوە بریتییە لە سروت. هێنانەوەى سروتە کۆن و سەرەتاییە کۆمەڵایەتى و ئایینییەکان و دووبارە داڕشتنەوەیان لە بۆتەیەکى شانۆییدا و پێشکەشکردنەوەیان بەبینەر، ئەمەش بە هۆکارى بوونى هێڵى رووحى لە نێو ئەو سروتانە و زیندویەتی و کاریگەرییان لەسەر تاکى بەرامبەر (بینەر)، بەو ئامانجەى لە کۆتاییدا پرۆسەى هاوبەشیکردنى نێوان بینەر و نمایش بێتەئاراوە و هەردووکیان لە یەکەیەکى گشتگیردا ئاوێزان بن. بەڵام لە کۆی نمایشى (سروتێک بۆ ئیکارۆس) جگە لە دیمەن و ساتى مردنى سەرەتاى کەسایەتى (پارێزگار) و کەوتنى لە نێو حەوزە ئاوەکە و سەرکەوتنى میزەڵانەکە بەرەوە ئاسمان هیچ سروتێکى ترى تێدا نەبوو. بابەتى (التشارکیە) هاوبەشیکردنى بینەریش لە هەموو ئاستەکانیدا لەگەڵ نمایش لەوپەڕى لاوازیدا بوو چونکە لەتەواوى نمایشەکە ە تەکنیکێکى زۆر لاواز کاتێ ویستى بەشداری بە بینەران بکات لە رێگەى دەنگدانەوە، ئەنجامێکى ئەوتۆى بەدەست نەهێنا و تەنانەت چەند بینەرێک راى پێچەوانەیان بۆ درووست بوو کاتێ لە نێو نمایشدا هاواریان کرد کە ئەوان تەنها یەک جۆر کارتیان پێیە و ناتوان هەڵبژاردەى دووەم بەکاربهێنن، ئەوەش تارادەیەک ئاڵۆزى لاى ئەکتەرەکان دروست کرد و چارەسەرکردنى دۆخەکەش ئاسان نەبوو.

سەرچاوەکان:

  1. د. علي صباح. الاقناع في الخطاب المرئي. الشؤن الثقافية العامة، ط.1، بغداد، 2017.
  2. د. قاسم بياتلي. لغة الحركة والجسد وفن الممثل. الهيئة العربية للمسرح. ط.1، المصر. 2016.
  3. د. قاسم بياتلي. المسرح الوسيط. دائرة الثقافة الشارقة. ط1، الشارقة 2022.
  4. الكسندر دين. اسس اخراج المسرحي. مصر.
  5. اريك بنتلي. نظرية المسرح الحديث. تر: يوسف عبدالمسيح ثروت. دار اشؤون الثقافة العامة، بغداد، 1986.
Previous
Next
Kurdish