
كوشتنی مردوویه‌ك … نووسینی: گه‌ڵاڵی
مردن دراوسێمانه، ئه‌و دراوسێیه‌ی به‌رامبه‌ر ماڵمان. ماوه‌یه‌كه كاوه له‌به‌رخۆیه‌وه شتی وا ئه‌ڵێت، هه‌موو شه‌وێك خه‌ون به مردنی ئه‌وه‌وه ئه‌بینێت، له خه‌ونیدا مردنی جیا جیا ئه‌بینێت، مردنی جیا جیا ئه‌چێژێت، به‌ڵام هه‌چیان وه‌ك مردنی ئه‌و نین. له سه‌یركردنی هه‌موویان قێزی ئه‌بێته‌وه، ئازار ئه‌چێژێت؛ خه‌فه‌ت دای ئه‌گرێت. كه‌چی بینینی ئه‌و به مردوویی چێژی پێ ئه‌به‌خشێت، ده‌سته‌كانی ڕائه‌وه‌شێنێت و سه‌ما ئه‌كات، به قاقاوه ئه‌ڵێت:” ئه‌و مردنه‌ی ئه‌و دووباره ژیانم پێئه‌به‌خشێته‌وه”. به‌یانیانیش كه هه‌ڵده‌ستێت جه‌سته‌ی بۆنی ئه‌و مردوانه‌ی لێدێت كه شه‌و له خه‌ونیدا بینیویه‌تی، یه‌كسه‌ر دوای له‌خه‌وهه‌ستانی ڕائه‌كات بۆ گه‌رماوه‌كه و خۆی ئه‌شوات، به‌ڵام نه سابوون و نه شامپۆ و نه دیتۆڵیش بۆنی ئه‌و مردووانه‌ی له‌سه‌ر لانابات. پاشان دوایی نیو كاتژمێر و زیاتر خۆشووشتن تا ئاوی گه‌رمی له‌سه‌ر سارد ئه‌بێته‌وه، به‌و بۆنه گڵاوه‌وه كه ئه‌و نه‌بێت كه‌سی تر بۆنی ناكات، دێته ده‌ره‌وه و له په‌نجه‌ره‌كه‌وه كه شیشه‌كانی ژه‌نگیان بردووه و لایه‌كی شكاوه سه‌یری ماڵه دراوسێكه‌ی به‌رامبه‌ریان ئه‌كات، هه‌ر له‌و ده‌مه‌شدایه كه بۆنه گڵاوه‌كه‌ی له‌سه‌ر لائه‌چێت، چونكه له خه‌یاڵیدا ئه‌و مردووه‌ی ئه‌وێ بۆنی نێرگز و گوڵاو ئه‌دات.
له‌و ده‌مه‌دا ئه‌بینێت دوو پاسه‌وان كه وه‌ك بڵێیت پاسه‌وانی مردوویه‌ك بن یاخود پاسه‌وانی له گۆڕێكی ڕازاوه‌ی به نه‌خش و نیگاری كه‌سێك بكه‌ن له گۆڕستانێكی كۆنی وێرانه‌دا كه چوارده‌وریان پڕه له گۆڕی كێل شكاو، ده‌رگای ماڵه‌كه ئه‌كه‌نه‌وه كه ده‌رگایه‌كی ڕازاوه‌ی سوور و ڕه‌شه، یه‌كێك له پاسه‌وانه‌كان كه قژێكی زه‌رد و چاوێكی سه‌وز و باڵایه‌كی مامناوه‌ندی هه‌یه ده‌رگای ئۆتۆمبێله سپییه پێنج ده‌فته‌ر دینارییه‌كه ئه‌كاته‌وه، كه ئه‌وه‌نده نابێت له لایه‌ن ئه‌وانی تری سه‌روو خۆیه‌وه وه‌ك دیاریه‌ك بۆی هاتووه. كاوه چیتر نایه‌وێت له‌به‌ر په‌نجه‌ره‌وه سه‌یر بكات و به ڕاكردن ئه‌چێته به‌رده‌م ده‌رگای حه‌وشه‌كه‌یان، له‌وێوه به تامه‌زرۆیه‌وه سه‌یر ئه‌كات، پیاوێكی كورته‌بنه‌ی سه‌ر ڕووتاوه له قاتێكی نیلی و ڕیباتێكی زه‌رد و قه‌میسێكی سه‌وز و قایشێكی پرته‌قاڵی له‌گه‌ڵ پێڵاوێكی قاوه‌یی دا سه‌یرێكی ده‌ورووبه‌ری ئه‌كات و له ژێره‌وه و به پێكینینێكی سامناكهوه كه وه‌ك ئه‌و ئه‌هریمه‌نانه وایه كه به گه‌مژه‌یی فریشته‌كان پێئه‌كه‌نن به كاوه پێئه‌كه‌نی، پێئه‌كه‌نێ و هیچی تر ناڵێت، پێكه‌نینێك كه چه‌ندانی گه‌مژاندوه، به‌ڵام بۆ كاوه ئه‌و ته‌نها مردوویه‌كه كه پێئه‌كه‌نێت، نیگه‌ران بوو له‌وه‌ی كه چۆن ئه‌بێت مردوویه‌ك پێبكه‌نێت، له‌به‌رخۆیه‌وه ئه‌یووت: “هه‌ر ئه‌بێت ڕۆژێك ئه‌و پێكه‌نینه بكوژم، ئه‌بێ كارێك بكه‌م گریانیش نه‌توانێت جێی ئه‌و پێكه‌نینه‌ی ئه‌و بگرێته‌وه”.
له لایه‌ن پاسه‌وانه‌كه‌ی تریه‌وه كه باڵایه‌كی به‌رز و جه‌سته‌یه‌كی چوارشانه‌ی هه‌یه ده‌رگای ئۆتۆمبێله‌كه‌ی بۆ كرایه‌وه و ڕۆیشتن. ئه‌وه‌نده‌ی نه‌مابوو سه‌ری گێژبخوات، بینینی ئه‌و به زیندوویی زۆر بێزاریی ئه‌كرد. به ناچاریی چووه ماڵه‌وه، له‌به‌رخۆیه‌وه ئه‌یوت و ئه‌یوته‌وه:”ئه‌بێ ئه‌و مردووه بكوژم، ئه‌و مردووه ئه‌بێ بیكوژم، نا نابێت ئه‌وێكی مردوو زیندوو بێت، هه‌ر ئه‌مشه‌و، ئه‌مشه‌و له‌ناوی ئه‌به‌م”. له‌سه‌ر دۆشه‌كه ڕزیوه كون كونه‌كه دانیشت و پاڵی به بالیفه ڕه‌قه سووفه‌كه‌یه‌وه دا، كۆنتڕۆڵی تیڤیه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و ویستی ههڵیبكات به‌ڵام بۆی هه‌ڵنه‌ئه‌بوو، چه‌ندجارێك هه‌وڵی دا‌و هه‌ر بۆی هه‌ڵنه‌ئه‌بوو، ناچار پاتریه‌كانی سه‌راوژێركردوو و لێی چووه پێشه‌وه تا تیڤیه‌كه‌ی هه‌ڵكرد. خستیه سه‌ر كه‌ناڵی یه‌ك و ئه‌وی بینی، به په‌شۆكاویه‌وه هاواری كرد:” مردووه‌كه! مردووه‌كه! له تیڤیش ده‌رئه‌كه‌وێت”. خێرا گۆڕی بۆ كه‌ناڵی دوو و هه‌مدیسان ئه‌وی له‌سه‌ر بوو، كه‌ناڵی سێ و چوار و پینج و شه‌ش و تا دوازده‌ش هه‌ر ئه‌وی له‌سه‌ر بوو، له كه‌ناڵه‌كاندا وا ده‌رئه‌كه‌وت كه وتار بدات، له وتاره‌كانیدا وه‌ك ئه‌وه وابوو شتێك بخوات و لێی تێر نه‌بێت، هه‌ر ئه‌یخوارد و ئه‌یخوارده‌وه. یه‌كسه‌ر تیڤیه‌كه‌ی كوژانده‌وه، حه‌زی ئه‌كرد بیشكێنێت، به‌ڵام چونكه هه‌ر ئه‌و تیڤیه‌یان هه‌بوو و پاره‌ی ئه‌وه‌شیان نه‌بوو تیڤیێكی تر بكڕنه‌و نه‌یشكاند.
چووه سه‌ربان و له‌به‌رامبه‌ر ماڵیان دانیشت و ده‌ستی به بیركردنه‌وه كرد، بیركردنه‌وه له‌وه‌ی چۆن ئه‌مشه‌م ئه‌و بكوژێت و ڕۆحی ئارام بكات، نه‌شیئه‌زانی بۆ به كوشتنی ئه‌و ڕۆحی ئارام ئه‌بێت؛ ڕه‌نگه بشیزانیبێت. ئه‌وه‌ی به بیردا هات كه هه‌ر ئێستا به دزیه‌وه بچێته ماڵه‌كه‌یان و دواتریش بچێته ژووری نووستنه‌كه‌ی تا شه‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه چاوه‌ڕێی بكات یاخود ڕه‌نگه زووتریش بگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام ده‌بێت ئاگادار بێت خێزان و منداڵه‌كه‌ی پێنه‌زانن. چووه خواره‌وه بۆ چیشتخانه‌كه و ده‌گه‌ڕا بۆ شتێك كه به كه‌ڵكی كوشتن بێت، هیچی وای نه‌دۆزیه‌وه، ناچار چووه ژووری پشته‌وه و ئه‌و سندوقه‌ی هه‌ڵدایه‌وه كه شتی كۆنی خێزانه‌كه‌یانی تێدابوو و دایكی زۆرباش ئه‌یپاراست. له‌ناو سندوقه‌كه‌دا خه‌نجه‌رێكی باپیری تێدابوو، ئه‌و باپیره‌ی كه كاتی خۆی له لایه‌ن كۆمه‌ڵێك جاشه‌وه كوژرابوو. دایكی كه بینی خه‌نجه‌ره‌كه‌ی به ده‌سته‌وه‌یه به په‌شۆكاویه‌وه پێی ووت:”كوڕی خۆم! چی له‌و خه‌نجه‌ره‌ی باپیرت ئه‌كه‌یت!؟” كاوه‌ش زۆر به نه‌رم و نیانییه‌وه پێی ووت:”دایه گیان پیشانی هاوڕێیه‌كی ئازیزمی ئه‌ده‌م و ته‌واو، هه‌ر ئه‌وه‌نده” دایكیشی به سه‌رله‌قاندنیكه‌وه ووتی: “باشه به‌ڵام باش ئاگاداری به هه‌ر ئه‌وه‌مان ماوه‌ته‌وه له باپیرت”.
خه‌نجه‌ره‌كه‌ی به په‌ڕۆیه‌ك تووند به‌ست و خستییه نێو چاكه‌ته‌كه‌یه‌وه و ده‌ركه‌وت، له ده‌ره‌وه بایه‌كی زۆر سارد هه‌ڵی كردبوو كه مرۆڤ به زه‌حمه‌ت خۆی له‌به‌ردا ڕائه‌گیرا. خێرا له ماڵه‌كه‌یان نزیك بوه‌وه، نه پاسه‌وان و نه كه‌سی تریشی به‌دی نه‌كرد. له دیواری حه‌وشه‌كه‌وه به چاوترووكانێك خۆی ئاودیو كرد، حه‌وشه‌كه‌یان پڕبوو له داری ههمهجۆر و گوڵی ڕه‌نگاو ڕه‌نگ. هه‌ستێكی ڕاگرت و گوێی له هیچ ده‌نگێك نه‌بوو، وه‌ك ئه‌وی خانووه‌كه كه‌سی تیانه‌بێت، له ده‌رگاكه چووه پێشه‌وه و به ئاسته‌م كردیه‌وه بێ ئه‌وی كه‌س گوێی له ده‌نگی ده‌رگاكه بێت، وه‌ك ئه‌وه وابوو ئه‌زموونی چه‌ند ساڵ دزیكردنی له ماڵان هه‌بووبێت له‌كاتێكدا پێشتر هه‌رگیز به‌دزیه‌وه نهچووبوه ماڵی كه‌س. به ئه‌سپایه‌وه به‌ره‌و په‌یژه‌كان چوو، كه نزیك بوه‌وه له په‌یژه‌كان گوێی له ده‌نگی قاپ و قاچاخ بوو كه له چێشتخانه‌كه‌ی دوواوه ئه‌هات، دیاربوو خه‌ریكی خواردنی نانی نیوه‌ڕۆ بوون. له قاتی سه‌ره‌وه یه‌كسه‌ر چووه ژووری ئه‌و، كه چووه ژووره‌كه‌ی سه‌ری سوڕما له قه‌شه‌نگی ژووره‌كه‌ی، دیواره‌كانی وه‌ك ئه‌و بریسكانه‌ی له‌سه‌ر ڕووی ئاو ده‌بینین كاتێك كه خۆره‌تاو لێیان ده‌دات ده‌بریسكانه‌وه، فه‌رش و شته‌كانی تری ئه‌م ژووره ئه‌وه‌نده سه‌رنجڕاكێش بوون كه وه‌سف ناكرێن، ببوورن كه ناتوانم وه‌سفیان بكه‌م. خه‌ریك بوو له‌به‌ر جوانی ژووره‌كه ئه‌وه‌ی له‌بیربچێته‌وه كه بۆ كووشتنی كه‌سێك هاتووه، به‌ڵام كه سه‌یری جێگای نووستنه‌كه‌ی كرد یه‌كسه‌ر بۆنی مردووه‌كه‌ی كرده‌وه، یه‌كسه‌ر خۆی خزانده ژێر سیسه‌مه‌كه و لێی مات بووه.
پاش چارێگێك له چاوه‌ڕوانی گوێی له ده‌رگای ژووره‌كه بوو كه ده‌كرێته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌یده‌بینی نه‌یده‌زانی كێیه، به‌ڵام دواتر به بۆنی ناسیه‌وه كه ئه‌وه، ئه‌و مردووه‌ی كه ئه‌بێت بكوژرێت، به‌لایه‌وه سه‌یر بوو كه ئه‌و وا زوو گه‌ڕاوه‌ته‌وه، چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ی ئه‌كرد شه‌و بگه‌ڕێته‌وه، دیاره زۆر به په‌له‌یه بۆ كوشتنی خۆی. پاش ئه‌وه‌ی جلی نووستنی له‌به‌ركرد له‌سه‌ر سیسه‌مه‌كه پاڵكه‌وت و یه‌كسه‌ر خه‌وی لێكه‌وت، هه‌موو ئه‌وانه‌ی مردوون زۆر زوو خه‌ویان لێئه‌كه‌وێت. ده‌ستبه‌جێ دوای ئه‌وه‌ی زانی خه‌وی لێكه‌وتووه له ژێر سیسه‌مه‌كه ده‌ركه‌وتوو و ویستی زۆر به په‌له كاره‌كه‌ی ته‌واو بكات، به‌تانیه‌كه‌ی هه‌ڵدایه‌وه و سه‌یری لاشه‌كه‌ی كرد كه وه‌ك لاشه‌ی مردوویه‌ك وابوو، ئه‌یویست له شوێنێكی وای بدات كه یه‌كسه‌ر ته‌واو بێت، ده‌مێك ده‌یویست له‌سه‌ری بدا و ده‌مێكیش ده‌یویست له دڵی بدات، به‌حاسته‌م ده‌ستێكی له‌سه‌ر دڵی دانا بۆئه‌وه‌ی دڵنیابێت له‌وه‌ی كه مردوویه‌ك ده‌كوژێت نه‌وه‌ك زیندوویه‌ك، دڵی لێی نه‌ئه‌دا له كاتێكدا پرخه‌ی ڕانه‌ئه‌وه‌ستا، پرخه‌كه‌ی وه‌ك ئه‌و ڕێویه وابوو كه له‌سه‌ره‌مه‌رگدا ده‌ناڵینێ، كه‌یفخۆشبوو به‌وه‌ی كه دڵی لێی نه‌ئه‌دا، جگه له‌وه ته‌نانه‌ت هیچ هه‌ستیشی به‌وه نه‌ئه‌كرد كه هه‌ر دڵیشی هه‌بێت، ئه‌و مردووه‌یان جیاواز بوو له‌وانی تر ، مردوویه‌ك بوو به‌بێ دڵ له كاتێكدا ئه‌وانی تر ته‌نها دڵیان له لێدان وه‌ستابوو. خه‌نجه‌ره‌كه‌ی به‌رزكرده‌وه و به هه‌موو هێزی كه هه‌رگیز پێشتر ئه‌وه‌نده هێزه‌ی له هیچ شتێك‌دا به‌كارنه‌هێنابوو پیایكێشا، به‌ڵام سه‌یری كرد هیچ خوێنێك له دڵیه‌وه نایه‌ت، ته‌نانه‌ت برینێكیش له‌سه‌ر دڵی دروست نه‌بوو، كه چی خوێن له دڵی خۆی ئه‌هات، خوێنێك كه له هیچ خوێنێكی تر نه‌ئه‌چوو، ڕه‌نگی تێكه‌ڵه‌یه‌ك بوو له سوور و ڕه‌ش، بۆنیشی بۆنی شه‌ڕابی لێ ئه‌هات، شه‌ڕابێك كه نه ئه‌و و نه هیچ كه‌سی تر خواردبوویه‌وه، ئه‌و ژووره‌ی كه پڕبوو له ڕه‌نگی ئاڵ و واڵا ڵیی بوو به یه‌ك ڕه‌نگ، كه ئه‌ویش ڕه‌نگی دۆزه‌خ بوو؛ له ناویشیدا مردووه‌كه وه‌ك ئه‌هریمه‌نێك ده‌رئه‌كه‌وت و به قاقایه‌كی ناسازه‌وه ئه‌یووت:”یه‌كێك دڵی نه‌بێت، چۆن ئه‌كوژرێت، ئێمه هه‌موو جه‌سته‌مان مردووه ته‌نها زمانمان نه‌بیت؛ تۆ ده‌بوایه زمانت ببڕیبامایه بۆ ئه‌وی بمكوژیت”. كاوه‌ش به ده‌نگێكی نزمه‌وه كه پڕبوو له ئازار ئه‌یویست پێش ئه‌وه‌ی هه‌ناسه‌ی لێ ببڕێت بڵێت “ژیان، دایك، ئازادی” به‌ڵام هه‌رچه‌ندی ئه‌یكرد نه‌ی ئه‌توانی و زمانی به بێ ویستی ئه‌و هه‌ر ئه‌یوت:”مردن، مردن، مردن…….”.
نووسینی: گه‌ڵاڵی