Skip to Content

بیرەوەریی بەرپرسان و سۆزانییەکانی وڵات.. ستیڤان شەمزینی

بیرەوەریی بەرپرسان و سۆزانییەکانی وڵات.. ستیڤان شەمزینی

Closed
by حوزه‌یران 21, 2021 General, Opinion

ماوەیەکە بەرپرسانی سیاسیی و حزبی کوردستان بیرەوەریی و یادداشتەکانی ژیان و رۆژانی پێشمەرگایەتی و ئەزموونی سیاسیی و پێگەیشتنیان دەنووسنەوە، ئەمەش مافێکی زۆر سادە و هەرە ئاسایی هەر کەسێکە مێژووی قۆناغەکانی ژیان و پەروەردەبوونی بنووسێتەوە، نووسینەوەی ژیاننامە جیا لە هەر شتێکی تر پێمان دەڵێت هەر مرۆڤێک تەنێ وەک یەک تاکەکەس جیهانێکی تایبەتە و دەشێ سوودی زۆری بۆ هەر خوێنەرێک هەبێت کە دەیەوێت رێچکەی ژیانێکی تایبەت بە خۆی بدۆزێتەوە. رەنگبێ یادداشت و رۆژانەکانی (چێ گیڤارا) پەیامێکی شۆڕشگێڕیی تێدا بێت هەروەک چۆن دەشێ بیرەوەرییەکانی (نیلسۆن ماندێلا) مەسجێکی جیاواز بێت و مێژووی ئاپارتایدی ئەفەریکات پێ بناسێنێت، مەخسەد لەوەیە نووسینەوەی یادداشت خوێندنەوەی حکایەتی هەزار و یەک شەوە نییە تاکوو چێژ بە خوێنەرەکانی ببەخشێت بەڵکو دەبێت وانە و ئەزموون بێت سەبارەت بە هەر خوێنەرێک.
بە بۆچوونی خۆم نووسینی ژیاننامە و بیرەوەریی گەلەک قورسترە لە نووسینی رۆمان و چیرۆک، چوونکە لە نووسینی رۆمان یان چیرۆکدا زیاتر فەنتازیا و خەیاڵاتی نووسەر رۆڵ دەبینێت، راستە وێنایەکی واقیعشی تێدایە کە چیرۆکەکەی لەسەر رۆنراوە، بەڵام واقیعی ناو رۆمان و چیرۆکی هونەریی جیایە لە واقیعی راستەقینەی ژیان، دەشێ واقعێکی تەڵخاویی بێت یان وێنەیەکی بارگاویی بە فەنتازیا لە واقعی رووت وەرگیرابێت و بەپێی تەکنیکی هونەریی گۆڕانی تێدا کرابێت، چوونکە چیرۆکننووس ناچار نییە واقع وەک خۆی بخاتە چێوەی ئەدەبەوە ئەگەر ئەم کارەی کرد بێگومان بووەتە رۆژنامەنووس و ریپۆرتاژێکی ئامادە کردووە. بەڵام لە نووسینەوەی ژیاننامەدا نابێت فەنتازیا و خەیاڵات تێکەڵ بە رووداوەکان بکرێت و نووسەری ژیاننامە ئازاد نەکراوە وەک رۆماننووس پاڵەوانەکان بە ویستی خۆی دیاری بکات و رۆڵیان بداتێ و چۆن ئارەزوو دەکات فۆرمی رەفتار و هەڵسوکەوتیان دیاری بکات و مەجرای ژیانیان بگۆڕێت، نووسەری ژیاننامە رۆڵی کامێرامان دەبینێت هەموو ئەو دیمەنانەی هاتوونەتە بەردەمی و لە تەنیشتییەوە روودەدەن یان روویانداوە وەک خۆی دەگوازێتەوە، بەبێ هیچ دەستکاریی و شێواندنێک، لەبەرئەمە نووسینەوەی ژیاننامە کارێکی ئاسان نییە بەڵکو بەرپرسیارییەتییەکی گەلەک قورسە بە راددەیەک هیچی لە مێژوونووسی کەمتر نییە لە رووی ئەستەمیی کار و ئەخلاقی نووسینەوە، دواجاریش بیۆگرافیی نووسین دەبێتە بەشێک لە نووسینەوەی مێژوو، وای دەبینم نائەخلاقیترین کار هەڵپاچین و دەستکارییکردنی مێژوو و شێواندنێتی بە مەبەست و سوودی ئیدۆلۆژیی یان سیاسیی یان نەتەوەیی و تائیفی و تاکەکەسی.
دەگێڕنەوە لە یەکێک لە جەنگەکاندا ئەفسەرێکی پلەداری سوپاکەی ناپلیۆن بە سەختیی بریندار دەبێت و لە ئاکامدا دەمرێ، ناپلیۆن پرسیار دەکات ئەو ئەفسەرە لە سەرەمەرگدا چی دەگووت؟ پێیان وت هەر ناڵە و هاواری برینەکەی دەکرد تاکوو مرد، ناپلیۆن بە تووڕەییەوە وتی چۆن وا دەبێت؟ بانگی مێژوونووسەکەی دەکات و پێی دەڵێت بنووسە فڵانە ئەفسەر بە برینداریی و لە سەرەمەرگدا تاکو مردن هەر هاواری دەکرد بژی ناپلیۆن، بژی ناپلیۆن. ئەم فەرمانەی ناپلیۆن فەرمانێکی نائەخلاقییە و هەوڵدانە بۆ شێواندنی رەوتی رووداوەکانی مێژوو، ئەم نموونەیە دەیسەلمێنێت ئەو تێزەی دەڵێت مێژوو قسەی پیاوی براوەیە لەسەر بناغەیەکی بۆش رۆ نەنراوە. ئەوەی لە بیرەوەریی سەرکردەکانی کورددا نوسراوەتەوە و تۆمارکراوە هەمان شێوازی مامەڵەکردنی ناپلیۆنە لەگەڵ مێژوو چون هەریەکە و ئاڕاستەی رووداوەکان بە بەرژەوەندیی و نیشاندان و سەلماندنی پاکێتی خۆی دەشکێنێتەوە!!، ئەگەر لە نێو بیرەوەریی سەرکردەکانی کورددا سەیری هۆکارەکانی بەرپابوونی جەنگی نێوان حزبەکان بکەین “شەڕی براکوژیی” بێگومان تاوانباری راستەقینە لایەنی بەرامبەرە و هەوڵدراوە بسەلمێنرێت لایەنی نەیار شەڕی بە حزب و لایەنەکەی وی فرۆشتووە، ئەگەرنا حزبەکەی ئەو فریشتەیەکە و پەنجە بخەیتە ناودەمی نایگەزێت، بەڵام لایەنی بەرامبەر دووپشکە رەشە و ئەژدیهایەک بووە کە هەردەم ژاری لە دەمدا بووە بۆ پێوەدان و گەستن.
بەدەر لەوەی لە بیۆگرافیای سەرکردەکانی کورددا خوێنەر بە زۆر توولەڕێ و کۆڵانی تاریکدا دەبرێت لە هەمان کاتدا زۆر مەسەلەی هەستەوەر هەن بڤە بوون و بە هیچ جۆرێک بە دوو دێڕیش بێت ئاماژەیان بۆ نەکراوە، لە نموونەی ئەو مەسەلانە پرسی پەیوەندیی ژێراوژێری حزبە کوردستانییەکانە بە دەزگاکانی هەواڵگریی دەوڵەتانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، یان وردەکاریی ئەو گفتوگۆ و وتووێژانەی لە میانەی چەندان پرۆسەی دانوستان لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی ئەنجامدراون، یاخۆ وردەکاریی و نهێنییەکانی پشت پەردەی شەهیدبوون و کوژرانی چەندین سەرکردە و فەرماندە کە تاکوو رۆژی ئەمڕۆ فۆرمی شەهیدبوونیان تەمومژ و تاریکی زۆری لەسەرە، یان هۆکاری ئینشیقاق و لەتبوونەکانی حزبەکان لە قۆناغی شاخدا بە تایبەت گومان لە هەندێکیان دەکرێت بەپێی رێنمایی دوژمنان و پشتیوانیی دەزگاکانی هەواَلگریی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان بووە، تەنانەت هەندێ شەهید هەن هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە شەهیدی کامە حزبن! بۆ وێنە عەلی عەسکەری لە نێوان یەکێتی و سۆسیالیستدا ون بووە و کەس سەر دەر ناکات شەهیدی کامیانە! هەندێک داستان و شەڕوشۆڕ هەیە بە دە شێوە دەگێڕدرێتەوە بۆ وێنە شەڕی ئەزمەڕی ساڵی 1991 لە نێوان یەکێتی و پارتیدا شەڕی لەسەرە و ون بووە کێن ئەوانەی لەم بەرەنگارییە بەشداربوون. یان کارەساتی هەکاری لە بیرەوەرییەکانی نەوشیروان مستەفادا بە تایبەت لە “لە کەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ” بە جۆرێک باس کراوە، بەڵام لە بەرگەکانی “رۆژژمێری پێشمەرگەیەک”ی کاکە حەمەدا بە فۆرمێکی جیاوازتر.
بە کورتی و کرمانجی بیرەوەریی بەرپرسانی سیاسیی تژیەتی لە چەواشەکاریی و ناڕاستیی، ئەوی پێویستە لە ژیاننامەنووسیدا هەبێت لەوێدا نین بەڵکو کۆمەڵە حیکایەتێکی خورافی و یۆتۆپین لە پێناوی دروستکردنی سیمبۆل و کاریزما و وێنای قارەمان، ئەمەش خووی سەرجەم دیکتاتۆرەکانی دنیایە کە سەرلەبەریان وەک سوپەرمان و مرۆڤی ئەفسانەیی سەیری خۆیان دەکەن و دەیانەوێت هەموو ئەوانی دیکە بە نەرگسییەت و خودپەرستی و نەریتە وەهمییەکانیانەوە سەرقاڵ و خەریک بکەن. ئەگەر لە هەموو ئەمانەش وازبهێنین و بێینە سەر ئەوەی بۆچی بیرەوەریی بەرپرسان قۆناغی دوای راپەڕینی نەگرتووەتەوە؟ یان بۆچی بەرپرسێک نییە جەرائەتی هەبێت درێژە بە نووسینی ژیاننامەکەی بدات تا چەند ساڵێکی دوای راپەڕین؟ رەنگە جیا لەوەی ئەم مێژووەیان پڕە لە شڕەخۆریی و گەندەڵیی و پەشیمانبوونەوە لە وەعد و بەڵێنەکانی شاخ و گۆڕانییان بۆ مافیا و دەستە و تاقمی بازرگان و دەرکەوتنی سیمای راستەقینەیان، لەوانەیە بۆ ئەوەش بگەڕێتەوە دەستەکەیان ئاشکرا بووە و بێ توانابوون لە ساویلکە خەڵەتاندنیش چجای هەڵخەڵەتاندنی نەوەیەکی تازە پێگەیشتوو کە ئەگەر هیچیش لە دنیا نەزانێت و تێنەگات بایی ئەوە هۆشیاریی هەیە تا بزانێت بەرپرس و سیاسەتوانانی کورد چ مەعدەن و قوماشێکن!. بەڵام ئەگەر گریمانەی ئەوە بکەین بەرپرسێکی سیاسیی و حزبی خوا گرتی و دەستی برد بۆ نووسینەوی ژیاننامەکەی لە قۆناغی شاردا، ئاخۆ دەبێت چی بنووسێ؟ ئایا چ دەستکەوتێکیان هەیە شانازیی پێوە بکەن؟ چ سەروەرییەکیان هەیە شیاوی نووسینەوە و دۆکۆمێنتکردن بێت؟ چ ئەجیندایەکی پۆزەتیڤ و کارایان هەبووە لە دوای ساڵی (1991)ەوە تا مێژووی خۆیانی پێ پرشنگدار بکەن؟.
ئەگەر بەرپرسێک ویستی ئەو کارە بکات بێگومان هەموو بیرەوەرییەکانی دابەش دەبێت بەسەر سێ چالاکی و کاردا: ( شەڕی ناوخۆ– گەندەڵیی و فەرهود– شەوە سوورەکان لەگەڵ سۆزانییەکاندا). هەڵبەتە هیچ بەرپرسێک نەماوە هاشا لە پشکداریی لەشەڕی ناوخۆ بکات بەڵکو هەموویان وەک قاز پێکەوە دەقیڕێنن و دەڵێن: شەڕی نەگریسی ناوخۆ هەڵەیەک بوو کردمان و بڕوات و نەیەتەوە، رووداوەکانی ئەم شەڕە لە مێشکی زۆربەماندا تۆمار بووە و مێژوویەکە هیچ مەترسییەکی ونبوون و فەوتانی لەسەر نییە. بۆ گەندەڵیش دیسان هەموویان دەڵێن بەڵێ گەندەڵی بوونی هەیە و بۆتە دیاردەیەکی مەترسیدار، هەمووشمان قەبارە و سەنگی دانە بە دانەی بەرپرسەکان دەزانین لە گەندەخۆرییدا، کەناڵەکانی راگەیاندن و شەڕی خۆبەخۆی تەکەتولەکان و هۆشیاریی خەڵک کارێکی کردووە گەندەڵی دیاردەیەکی پەنهان نەبێت و بەئاسانیی بکەرەکانی بناسینەوە، ئەگەر بمانەوێ لاپەڕە نووسراوەکانی فایلی گەندەڵی بکەینە پەرتووک (قصة الحضارة)کەی (ویڵ دیۆرانت) لاپەڕەیەکە لە چاویدا و رەنگبێ وەک حکایەتی مێش هەرگیزاو هەرگیز تەواوبوونی نەبێت.
کەچی ئەوی کەمترین زانیارییمان لە بارەیەوە هەیە و زۆرترین رووبەری لە ژیانی کاربەدەستانی مەملەکەتدا داگیر کردووە شەوە سوورەکانیانە لەگەڵ سۆزانییەکان، هەموومان تەنانەت شێتەکانیش دەزانن سۆزانییەکان نێزیکترین و گیانی بە گیانیترین دۆست و هاوڕێی بەرپرسەکانن، ئەو بەرپرسانەی وەک گورگی برسی وان بۆ سێکس، بۆیە ئەگەر دەستیان برد بۆ نووسینەوەی ژیاننامەکانیان دەبێ لە سۆزانییەکانەوە دەست پێبکەن و بە سۆزانییەکانیش کۆتایی پێ بهێنن چون هیچ سەروەریی و حکایەتێکیان پێ نەماوە بۆ باس و گێڕانەوە جگە لە رەشبەڵەکی ممارەسەی سێکس و کڕینی جەستەی مرۆڤی کۆیلەکراو (سۆزانی). ئێمە وەک نووسەر و رۆژنامەنووسە ئازادەکان دوو بەشی بیرەوەرییەکانیانمان نووسیوەتەوە (شەڕی ناوخۆ – گەندەڵیی) پێویستە غیرەت بدەنە بەر خۆیان و بەشی سێیەمی بە پەڕەموچی خۆیان تەواوی بکەن، بڕوا بکەن بە تاسەوە چاوەرێی ئەو کارەیان لێدەکەین!!. چاوەڕوانین بۆ کۆتا بەش و سکەنداڵترین بەشی ژیاننامەنووسییەکانیان کە ئەویش نووسینەوەی شەوە سوورەکانە لە رۆژە هەرە رەشەکانی نەتەوەیەکی ماندوو و دادۆشراودا.

2007
ستیڤان شەمزینی
ستۆکهۆڵم

لە ژمارە 43ی رۆژنامەی نیوەند لە ئەیلولی 2007دا بڵاوکراوەتەوە. لە ئێستاشدا کە نووسینەوەی بیۆگرافی سیاسییە کوردەکان تەنانەت سەرکردە سەربازییەکان بەشێوەیەکی نائاسایی تاوی سەندووە ئەم وتارەم بە شایانی دووبارە بڵاوکردنەوەی زانی.

Previous
Next
Kurdish