ئه‌م سێ شیعره‌م خوێنده‌وه … له‌تیف بێوار
…………………
جوانی ماڵپه‌ری سه‌نگه‌کان له‌وه‌دایه که موفاجه‌ئه‌ی له‌لایه‌و له‌پڕێکدا ناوی شاعیرانی وا دێنێته‌وه یادو به‌رهه‌مه‌کانیان پێشکه‌ش ده‌کات که سه‌رساممان ده‌که‌ن به بێده‌نگییان، بۆ نموونه شێعری (میری مه‌ره‌كه‌ب) … ئه‌مین بۆتانی، که وه‌ك دیاری بۆ گیانی عه‌بدلغه‌نی بۆتانی نووسیویه‌تی، به‌شێکی یاده‌وه‌ریی جوانی خۆیانه، به‌شێكی تری باسی جوامێری ئه‌و خامه به‌ده‌سته کوردپه‌روه‌ره ده‌کات، به‌شێکیشی ئاخ و حه‌سره‌ته‌کانی شاعیرن که له‌گه‌ڵ خه‌مه‌کانی ره‌حمه‌تی (غه‌نی) دا یه‌کده‌گرنه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی باسه لێره‌دا و سه‌رنجی خوێنه‌ر راده‌کێشێت توانای شاعیرێتی شاعیر ئه‌مین بۆتانییه، که زۆر قه‌شه‌نگ و داهێنه‌رانه وێنه شیعرییه‌کانی داهێناوهولهمهشدا چاوی له‌که‌س نه‌کردووه‌و خۆماندووکردن و هزرکردنیشی تێدا ده‌خوێنرێته‌وه‌و هه‌ڵهێنجراوی زاده‌ی بیر‌و ئه‌ندێشه شیعرییه‌کانی خۆیه‌تی وه‌ك ده‌ڵێت:
هه‌رچی هێلكه‌ی فڕین هه‌یه
ده‌یگرنه به‌رسیله‌ی مراز.
لێره‌دا وێنه‌یه‌کی قووڵی شیعری په‌لکێشی مانایه‌کی تازه‌مان ده‌کات به‌وه‌ی ده‌زانین که باڵنده له هێلکهیهو ده‌فڕێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به نهتروکاوی ئاماده‌ین بیگرینه دارمێوه‌کان که به‌رسیله‌یان پێوه‌یه‌و پاشتر ترێمان بۆ ده‌گرن، هه‌م هێلکه نهتروکاوهو هه‌م به‌رسیله پێنه‌گه‌یشتووه، ئه‌مه‌ش په‌له‌کردن وناکامڵی ده‌رده‌خات له پێناو گه‌شتنه ئامانج که بێگومان که‌سانێك به‌و جۆره تێده‌کۆشن.
……….
یان له به‌شێکی تردا ده‌ڵێت:
له‌ته‌ك سه‌به‌ته‌ی چاوه‌ڕوانیی
خه‌ریكه مێوژی ئه‌مه‌ل ده‌ڕسكێ؛
چه‌ند جوانه بردنه لای سه‌به‌ته بۆ چاوه‌ڕوانی، ئه‌مه وێنه‌یه‌کی شیعریی داهێنه‌رانه‌یه‌و خوازه‌یه‌کی تازه‌یه‌و شاعیری تری په‌ی پێنه‌بردووه، مێووژیش لێره‌دا مێووژی ئاسایی نییه، به‌ڵکو ئاماژه‌یه بۆ پێگه‌یینی هیواو به‌ڵکو لایرهدا وشك بوونیشی قۆناغی دوای کامڵبوونه، که ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ به‌رسیله که پێشتر شاعیر باسی کرد‌و په‌یوه‌ندییه‌کی جوان پێکه‌وه‌یان ده‌به‌ستێته‌وه. یان که پاشتر دوو پارادۆکس له یه‌ك کۆپله‌دا کۆده‌کاته‌وه وه‌ك: (زه‌هری گومان) و (شه‌كری یه‌قین)،
……..
لێره‌دا ده‌توانین بڵێین هه‌رچه‌نده ئه‌م کۆپله‌یه وه‌ك لاواندنه‌وه‌یه‌ك وایه و تاڕاده‌یه‌ك ساده‌یی و پیاهه‌ڵدانی که‌سی پێشکه‌شکراو ده‌رده‌خات و هه‌ر ئه‌مه‌شه ئامانجی شیعرنووسین بۆ که‌سێك یان مه‌سه‌له‌یه‌ك یان رووداوێك ؛ که تیایدا هه‌ر زه‌قکردنه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌یه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ره‌وانبێژی و ئیستاتیك به‌هێند گیراون و ببینن چۆن کاسهوکهوچك که هۆکاری تێربوونی برسییه و به هۆی دادپه‌روه‌رییه‌وه ئه‌و یه‌کسانییه دێته دی، لێره‌دا وه‌ك زۆر له نه‌هامتییه‌کانی میلله‌تی کورد هێزی شه‌ڕ کاولی ده‌کات و ناهێڵێت به‌رقه‌رار بێت تا مرۆڤه‌کان به ئاسووده‌یی و یه‌کسانی ژیان بکه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ده‌یتوانی (فه‌قیری بکات به هه‌ژاریی و ئه‌مه‌ل به هیوا) و به‌ڵام هێشتا ساده‌یی و ره‌کیکی له‌م کۆپله‌یه‌دا ده‌رده‌که‌وێت، جگه له‌وه‌ی ده‌بوو بینووسیاه (ئه‌و هه‌موو فه‌قیره)نه‌ك ئه‌و هه‌موو فه‌قیرییه) چونکه له ده‌ربڕیه راسته‌که‌ی زماندا ئه‌وه فه‌قیره که ده‌خه‌وێت نه‌ك وه‌سفی فه‌قیریی.. به‌ڵام ئه‌م سه‌رنجه بچووکانه توانای شاعیرێتی شاعیر ناشارێته‌وه.
كاسه و كه‌وچكی عه‌داله‌ت
به سه‌مای ئه‌هریمه‌ن
ورد و خاش..
ئه‌و هه‌موو فه‌قیری یه
چۆن خه‌وی لێ ده‌كه‌وێ غه‌نی؟!،
له هیچی به‌لاش.
بڵێ من خه‌ریكی نووسینم؛
كاتم نیه بۆ خوێندنه‌وه!!!؛
………………
له‌م کۆپله‌یه‌ی خواره‌وه‌شدا ئه‌و ئامانجه‌ی پێشتر شاعیر باسی لێوه‌کردو لای که‌سی پێشکه‌شکراو جێی گرنگی بوو لێره‌دا زیاتر به شێوه‌یه‌کی زه‌ق و روونتر ده‌خرێته روو و خوێنه‌ر به‌رچاوی روون ده‌بێت که کرۆک و سه‌بجێکتی شیعره‌که ده‌رباره‌ی چییه‌و هه‌روه‌ها به‌به‌شێك له ژیانی (غه‌نی) ئاشنا ده‌بین و له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا شاعیر کارامانه توانیوویه‌تی ده‌ست به به‌لاغه‌ی زمانه‌که‌یه‌وه بگرێت و هێنده نزمی نه‌کاته‌وه هه‌ر وه‌ك قسه‌ی رۆژانه بخوێنرێته‌وه، ببینن چۆن له کۆتاییدا چه‌ند جوان ئه‌و به‌رز ده‌کاته‌وه‌و تیشك ده‌خاته سه‌ر به‌شێك له موعاناتهکانی که باسی (سه‌رو هه‌ندرێن) و (قاچ و سه‌فه‌ر) ده‌کات:
پێم بڵێن كورد چی به‌سه‌ر دێ؟
كوا ته‌عقیبی خه‌به‌ری كورد له‌وێ؟!
ئه‌و له مووسڵ
داد و بێدادی بوو
به‌ده‌ست وادی حه‌جه‌ر و دیجله‌وه،
هه‌میشه
سه‌ری لای هه‌وری هه‌ندرێن و
قاچه‌كانی له نێو گیرفانی سه‌فه‌ر،
له راستیدا ئێمه شاعیری باشی ناو ونمان هه‌ن و جارجار لێره‌و له‌وێ به‌رهه‌مێکیان ده‌رده‌که‌وێت و ئێمه وه‌ك خوێنه‌ری شیعر به‌دوای ئه‌و ده‌نگانه‌دا ده‌گه‌ڕێین و ئاواته‌خوازین ئاوها داهێنه‌رانه بنووسن و ره‌سه‌نایه‌تی بۆ شیعری کوردی بگێڕنه‌وه، به‌ڵام لێره‌دا ئه‌و پرسیاره جارێکی تر خۆی زه‌ق ده‌کاته‌وه که وه‌کو ره‌خنه له (بونیاتگه‌ریی)گیرا به‌وه‌ی ئایا چۆن ده‌ق له هه‌موو هۆکارێکی ده‌ره‌کی داببڕین، ئه‌ی چۆن لێره‌دا ده‌توانیین به ته‌واوی له‌م ده‌قه تێبگه‌ین گه‌ر نه‌زانین مه‌به‌ستی شاعیر له(عه‌بولغه‌نی بۆتانی) کێیه‌و چۆن ژیاوه‌و چ که‌سایه‌تییه‌کی هه‌بووه؟ چ په‌یوه‌ندیی و کاریگه‌ریی له‌سه‌ر شاعیر بووه که بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی شیعری بۆ بهۆنێته‌وه‌و له یادی نه‌کات.
……………………………………..
دووه‌م شیعر که له‌سه‌ری ده‌وه‌ستین : ” پەساپۆرتی سەفەرێکی نامۆ ” … شه‌ونم زه‌ندی یه، ئه‌م شاعیره‌ش ده‌نگێکی بزربووه‌و ته‌نانه‌ت گرنگترین پرسیار له دوای خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌که لای من دروست بوو ئایا بۆچی دوای 20 ساڵ ئه‌م شیعره‌ی بڵاوکرده‌وه؟ ئایا مانای وایه بابه‌تی شیعره‌که هێشتا گه‌رموگوڕه که موعاناتهکانی ئافره‌تی کورده له کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا و ئه‌وسا نه‌یتوانیبێت بڵاوی بکاته‌وه یان ڕێگر له‌به‌رده‌میدا هه‌بووبن؟ یان شاعیر ده‌یه‌وێت وه‌ك یادگارییه‌ك و بۆ حه‌زو ویستی خۆی ئه‌و ئه‌رشیفه هه‌ڵبداته‌وه، یان چی تر شاعیر ئێستا شیعر نانووسێت و شانازی به‌و شیعرانه‌وه ده‌کات؟
بابه‌تی شیعره‌که باسی یاخیبوونی ئافره‌ت ده‌کات له‌و قه‌ده‌رانه‌ی به‌سه‌ریدا ده‌سه‌پێنن، به‌ڵام زمانه شیعریه‌که‌ی جارجار ده‌بێته دروشم و ساده‌بوونه‌وه‌و نائیستاتیکی، به‌ڵام وێنه‌ی جوانی به‌کارهێناوه هه‌رچه‌نده زۆر سه‌رنجڕاکێش و تازه نین، وه‌ك ده‌ڵێت:
بە دیار تەرمی هیواکانتا
فرمێسکی سوور هەڵدەڕێژی
به‌ڵی هیوا نابه‌رجه‌سته‌یه‌و ته‌رم به‌رجه‌سته‌یه‌و ئاوهاش وێنه‌یه‌کی شیعریی تێکه‌ڵ له واقیع و مه‌جاز دێته‌گۆڕێ، هه‌رچه‌نده زۆر نوێگه‌ری له خۆ ناگرێت و بێهیوایی له ناخی گوێگردا ده‌ڕوێنێت به‌ڵام هه‌وڵێکی شاعیرانه‌ی جوانه بۆ گێڕانه‌وه‌ی شکۆ بۆ شیعر.
ئه‌و ئاوها له‌م ده‌قه شیعریه‌ییدا ده‌ست پێده‌کات:
دەنگێک لە ناخەوە : ” ئێوارەیەکی نامۆیەو” ،
هەموو شتێ لە بەر چاوتا .. نامۆ دیارن …
هەر خۆتی و
لە نێو چوار دیواری ژوورەکەتا …
بە دیار تەرمی هیواکانتا
فرمێسکی سوور هەڵدەڕێژی …و
هێدی هێدی …
بە سەر ئەم تەرزە مەرگەت …
چرکەکانی کاتژمێری عومری بەهار نەدیوت …
دەژمێری و میلی کاتژمێری ژوورەکەت …
بە ئاوازە خەمناکەکەی ناخت
هاوبەشی ئەم خەمەتە …
……………….
گه‌ر ته‌ماشایه‌کی ئه‌م کۆپله‌یه‌ی سه‌ره‌وه بکه‌ین ده‌بینین له دوای پیاچوونه‌وه ده‌توانین زۆر زاراوه‌و ده‌سته‌واژه‌ی زیاده‌ی لێ لابه‌رین و پتهوترو تۆکمه‌تری بکه‌ین و هه‌مان ماناش بگه‌یه‌نێت، جا ئه‌مه کاری شاعیره‌کانه که چه‌ندان جار به شیعره‌کانیاندا بچنه‌وه‌و یان نیشانی که‌سی شاره‌زاتری بده‌ن و گوێ له ڕێنماییه‌کانیان بگرن، لابردنی (ده‌نگێك له ناخه‌وه ) شتێکی باشه جونکه هیچ سوودێکی نییه له‌وێدا، به‌ڵکو ئه‌و دوو دێره‌ی دوایی وته‌ی ناخ نین به‌ڵام واقیعێکن که ده‌بینرێت، 2 جار وشه‌ی نامۆ به‌کارهێنانیش له دوو دێڕدا خزمه‌تی پته‌وکردنی زمانی شیعر ناکات، پاشتر ئه‌وه ده‌ربڕینێکی نادروسته که ده‌ڵێت: (به‌سه‌ر ئه‌م ته‌رزه مه‌رگه‌ت) دیاره هه‌ڵه‌ی ڕێزمانی تێدایه‌و به‌ره‌نجامیش مانایه‌کی ئه‌وتۆ نابه‌خشێ، هه‌رچه‌نده ره‌نگه خوێنه‌ر بزانیت شاعیر مه‌به‌ستییه‌تی چی بڵێت! دواتر ئه‌م رسته درێژه تاقه‌تپڕوکێنه زیاتر به داڕشتن ده‌کات و هیچ جوانیه‌ك به شیعره‌که نابه‌خشێت و هیچ هونه‌رێکی ده‌ربڕین و زمانی تێدا نادره‌وشێته‌وه، به‌ڵکو وه‌کو گێڕانه‌وه‌یه‌کی ناهونه‌ریی وایه:
چرکەکانی کاتژمێری عومری بەهار نەدیوت …
دەژمێری و میلی کاتژمێری ژوورەکەت …
له‌پاشتردا زیاتر په‌یامی شاعیر روون ده‌بێته‌وه که ئه‌و به‌دوای جوانکاریی شیعریدا نه‌گه‌ڕاوه هێنده‌ی هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه په‌یامێك له‌ژێر ناوی شیعردا بۆ خوێنه‌رانی ساده‌ی هاوڕه‌گه‌زی خۆی بنووسێت و هانیان بدات تا گیانی جورئه‌ت و ئازایه‌تییان تێدا بخولقێنێت، ده‌شکرا ئه‌م بابه‌ته به گوتارێکی مه‌نتیقی و سۆسیۆلژی دابڕێژرێت و زۆر جوانتر ڕێڕۆشنی به ئه‌و خوێنه‌رانه‌ش بدات که هه‌نگاوه‌کانی ده‌ستپێکردن به‌و گۆرانکاریی و یاخیبوونه چۆن ده‌بێت و چۆن ته‌نانه‌ت ده‌توانن ڕێکخراوه دروست بکه‌ن و چالاکی جۆراوجۆر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ئه‌نجام بگه‌یه‌نن و رابگه‌یه‌نن، تا دوا هه‌ناسه‌ی شیعره‌که ئه‌م خاڵه لای شاعیر جێی مه‌به‌ست ده‌بێت و هه‌رچه‌نده سه‌ره‌تا به گوته‌ی ناخی خۆی ده‌ست پێده‌کات، به‌ڵام ئاوها کۆتایی پێده‌هێنێت:
…………………..
چ سەردەمێکە ” کچی ناسۆر ”
لە یا خی بوون … بسڵەمییەوە ؟
گەر ئەمڕۆ یاخی نەبیت …
سبەی بێ شک …نامۆتر دەبیت …
……………
ببە بە دەنگ …
بە زریانی تووڕەیی …
دنیا پڕکە بانگی سەربەستی
ورە بەرز … هەنگاو بنێ ….
ببە بە ڕەنگ …
بە ” نیگای خۆرێکی گەش ”
شەوی تاریک ڕاو بنێ .
ئێمه ده‌خوازین ئه‌م شیعرانه به‌رواری تازه‌یان لهسهربووایهو نوێبوونه‌وه‌ی ئه‌م زه‌مه‌نه تازه‌یه‌ی له‌خۆ بگرتایه‌و به زمانێکی هونه‌ری بڵندتر بنووسرانایهتهوه، به‌ڵام ئیتر ئه‌و پرسیاره هه‌ر لای شاعیره که خۆی وه‌ڵامی بداته‌وه ئایا هۆکار چییه له گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌و مێژووانه‌ی له‌سه‌ر شیعره‌کان نووسراون، دواجار هه‌ر ئومێدی سه‌رکه‌وتن و پێشکه‌وتنمان له ده‌ست دێت به ئه‌و خانمه به‌ڕیزه بڵێین و هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت بنووسن و هه‌نگاوی پێشکه‌وتن هه‌ڵبنێن..
……………………….
سیهه‌م شیعر : (وێنه شیعری نوێ) … سمكۆ محه‌مه‌د ، ئه‌م شیعره زیاتر کاریگه‌ریی زمانی رۆژنامه‌گه‌ریی له‌سه‌ره، ده‌ربڕین و شێوازه‌که‌شی زیاتر به گوته‌ی نه‌سته‌ق و حیکمه‌ت ده‌چێ وه‌ك له شیعرێکی هونه‌ریی که یه‌کێتی بابه‌تی تێدا ره‌چاوکرابێت و گرنگییه‌کی ورد به ده‌ربڕین و خوازه‌و مه‌جاز درابێت تیایدا، جگه له‌مه‌ش زۆر شاعیر پێش ئه‌و باسی نه‌ك ره‌نگه‌کانیان کردووه، به‌ڵکو رۆژه‌کانی هه‌فته و وه‌رزه‌کانی ساڵ و کاراکته‌ریی پیته‌کان و ئه‌ندامه‌کانی له‌ش و زۆر شتی تری له‌م بابه‌ته، که‌واته هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ده‌رده‌که‌وێت که ئه‌م شیعره وێنه‌کانی ناوی نوێ نین، ئه‌گه‌ر وێنه‌یه‌کی شیعریشیان له خۆ گرتبێت! بۆ نموونه با سه‌رنج بده‌ین که چۆن به ساده‌یی ده‌ست پێده‌کات و رسته‌ی ئاسایی قسه‌کردن به‌کاردێنێت و هیچ وێنه‌یه‌کی شیعریی تیا نییه، چونکه که ده‌ڵێین وێنه‌ی شیعریی مانای وایه وێنه‌یه‌کی فه‌نتازی تێکه‌ڵ له واقیع یان ته‌نیا ئه‌ندێشه‌ئامێز له خۆ بگرێت و له واقیعدا به جۆرێکی تر بێت، ئه‌گینا ئێمه هه‌ر ب رۆڵی گواستنه‌وه‌ی وێنه‌ی واقیع هه‌ڵده‌ستین و کامێرای مۆبایله‌کانیش ده‌توانن وێنه‌ی بگرن، ئه‌و ده‌ڵێت:
شه‌و هه‌میشه ره‌شپۆشه
خه‌ڵك زۆر به ناشیرینی باسی قه‌له ره‌ش ده‌كه‌ن
ئه‌مه راستییه‌کی ساده‌یه‌و ته‌نانه‌ت منداڵیش ئه‌و وه‌ڵامه ده‌داته‌وه که شه‌و ڕه‌شه، یان قه‌له ره‌ش ده‌نگێکی ناخۆشی هه‌یه و رۆشتن و ره‌نگیشی جوان و دڵخواز نییه. بۆیه لای خه‌ڵك ناشرینه..ئیتر چ پێویست ناکات ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه بئاخنینه ناو دهقێکهوهو ناوی شیعر‌و به‌ڵکو وێنه‌ی نوێی شیعریی لێبنێین! پاشتر هه‌روا به ساده‌یی شاعیر سه‌بجێکت ده‌گۆڕێ و دێته سه‌ر خه‌ڵک و ژیان و دوپشك و دڕنده‌کان …ئیتر نازانم ئه‌وانه چ په‌یوه‌ندییه‌کیان به ره‌نگی ره‌شه‌وه‌یه، له راستیدا ئه‌م ئاسته‌ی نووسین زۆر کاریگه‌ریی خراپی له‌سه‌ر شاعیره‌که‌ی ده‌بێت گه‌ر بیه‌وێت وه‌ك شاعیرێکی پرۆفیشناڵی جیاواز بخوێنرێته‌وه و به‌رهه‌می نه‌گوتراو و سه‌رنجڕاکێش و سه‌نگین پێشکه‌ش به دونیای شیعری کوردی بکات، له ڕاستیدا شاعیر له مێژه ده‌نووسێت و له‌مباره‌دا ئه‌زموونی هه‌یه ، به‌ڵام نازانم بۆچی شیعری خۆی ده‌خاته ئاستێکی واوه، خۆ که‌س زۆری لێنه‌کردووه که هه‌ر ده‌بێت بنووسێت، پاشان مه‌رج نییه هه‌رچییه‌ک بنووسین بڵاوی بکه‌ینه‌وه‌و ناوی شیعری لێبنێین، خۆ ئه‌مه هیوایه‌تی رۆژنامه‌نووسی نییه‌و خوێنه‌ران چاوه‌ڕوانی کاری جدی ده‌که‌ن، به تایبه‌تی و له لایه‌کی تره‌وه له واقیعدا دۆخی شیعری کوردی هه‌نوکه زۆر له خراپیدایه و که‌سانێكی زۆر هه‌ن به زۆر خۆیان به‌سه‌ر شیعردا هه‌ڵواسیوه‌و ته‌بیعه‌تی خوێنه‌ر تێک ده‌ده‌ن و که‌سانێکی تریش هه‌ن یان رانانی کتێب ده‌که‌ن یان رۆژنامه‌نووسی هونه‌رین که‌چی خۆیان لێ ده‌بێته شاره‌زای شیعر‌و ره‌خنه‌نووسی شیعر‌و که‌چی ئه‌مانه له کۆتاییدا هه‌ر خوێنه‌ران چه‌واشه ده‌که‌ن و دووریان ده‌خه‌نه‌وه له شیعر‌و سه‌ره‌نجام ناو و بابه‌تی شیعریش بێ به‌ها ده‌که‌ن…
دواتر شاعیر له‌باسی ره‌نگی سه‌وزدا باسی قاوه‌یی ده‌کات، که له راستیدا ته‌نیا گێڕانه‌وه‌یه‌کی ژیانی منداڵییه‌و به زمانێکی ناشیعریی ده‌ربڕینی لێکراوه، دواتر ده‌پرسین مه‌سه‌له‌ی شه‌خسی و خزمایه‌تی و نزیکیی خانه‌واده‌یی شاعیر‌و باسکردنی چ سوودێك به گوتار‌و په‌یامی ده‌ق ده‌گه‌یه‌نێت و ده‌گمه‌ن و رازاوه‌ی ده‌کات؟ ئایا ئه‌م کۆپله‌یه چ رامانێك و نوێبوونهوهیهکمان لا جێدێڵێت؟ باخوێنه‌ر خۆی سه‌رنج بدات و بزانێت چ چه‌شه‌یه‌کی ئیستاتیکی له‌و ده‌قه ره‌کیکه دا هه‌یه، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ڵێت:
(سه‌وز)
له‌نێو باخچه‌كه‌ماندا خاڵخاڵۆكه‌یه‌ك شك ده‌به‌م
له قاوه‌ییدا ره‌نگی بریقه‌ی دێت
من هێنده‌م خۆشده‌وێ . هه‌ندێجار ده‌بمه‌وه منداڵه وڕكنه‌كه‌ی جاران
هه‌رگیز بیری خاڵم ناكه‌م كه ره‌نگی سه‌وزی ئه‌و قاوه‌ییه
ئه‌و شا پیاوی ئه‌م ژیانه‌یه
من له کۆتاییدا تکا ده‌که‌م هێنده‌ی چاره‌کێکی ئه‌وه‌ی شیعر ده‌نووسرێت با بخوێنینه‌وه‌و خۆمان پڕ مه‌عریفه‌تی شیعریی بکه‌ین و به دوای بابه‌تی ره‌خنه‌یی تازه‌دا بگه‌ڕێین و خۆ فێری زمانی تر بکه‌ین، با له‌بری ئه‌وه‌ی شیعر ده‌نووسرێت چه‌ند ره‌خنه‌گرێکیش دروست ببن خه‌میان گرنگیدان بێت به لایه‌نی (شیعرێتی) شیعر‌و ئه‌کادیمیانه ره‌خنه بگرن و دوور بکه‌ونه‌وه له هاوڕێیه‌تی و من و تۆیی، هه‌رچه‌نده به سوپاسه‌وه ئه‌م هه‌وڵه له سنوورێکی بچووکدا له ماڵپه‌ڕی ده‌نگه‌کاندا بوونی هه‌یه‌و زۆر باشیش ڕێژه‌ی شیعره خراپه‌کانی سنووردار کردووه، به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه پێویستمان به زیاتره هه‌م له رووی چه‌ندێتی و هه‌م چۆنییه‌تییه‌وه.