![ئایا محه‌مه‌د عه‌لاوی ئه‌بێته سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق؟ … ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب ئایا محه‌مه‌د عه‌لاوی ئه‌بێته سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق؟ … ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب](https://dengekan.info/wp-content/uploads/2020/02/muhamadAlawi.jpg)
ئایا محه‌مه‌د عه‌لاوی ئه‌بێته سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق؟ … ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب
وادیاره حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات به پاڵپشتی حزبێكی كوردستانی ناوی ( محه‌مه‌د ته‌وفیق علاوی) یان داناوه ببێته سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و سیناریۆكی دانانی عادل عه‌بدولمه‌هدی دووباره ئه‌كه‌نه‌وه‌و هه‌ر هه‌موویان له خزمه‌تی جێبه‌جێكردنی فه‌رمانه‌كانی پاسداران و سوپای ئێرانن و له‌م دوواییدا حزبوڵلای لوبنانی له رێی محه‌مه‌د كوسرانی مشه‌خۆرو به‌رپرسی دوسییه‌ی ( فایلی) عێراق خوێ هاویشته ناو گه‌مه‌ی دانانی سه‌رۆك وه‌زیران و ئه‌مانه له سه‌ره‌تاوه جێپێی خویان قایم ئه‌كه‌ن وه‌ك هێزێكی توكمه كۆڵه‌كه‌ی ئێرانن له‌ناو خاكی عێراقدا داكوتراون.
پێكدادان و هه‌ڵپژان و ململانێی نێوان خۆپیشانده‌ران وخه‌ڵكی راپه‌ریوو هێزه چاره ره‌شه‌كانی ئیسلام به سه‌رۆكایه‌تی موقتدا سه‌در رابه‌ری ره‌وتی سه‌درو ره‌وته‌كه‌ی به‌ناو كڵاو شینه‌كان ، تێهه‌ڵچوون نییه له نێوان چینه جۆراوحۆرهكانی كۆمهڵگاو، زۆرانی ئابووری نییه له نێوان چینه زۆرانبازهكان و خۆكوژه‌كان به‌ڵكو هه‌ڵپژان وململانێیه له نێوان یه‌ك چین، چینێك بێبه‌شه له خه‌یرو سامانی وڵاته‌كه‌ی و به نه‌داری و هه‌ژاری وبرسێتی ئه‌ژی و، تاقمێكی دزو گه‌نده‌ڵ هه‌موو سامانی عێراقیان هه‌ڵلووشی و بۆیه خۆپیشاندان بۆ چاكسازی و له دژی گه‌نده‌ڵی ده‌ستێپێكردو، گه‌نده‌ڵكاران به سه‌رۆكایه‌تی شێتۆكهی توندره‌و داوڵهكهی ئێران موقته‌دا چه‌كیان هه‌یه‌و پشتیان به ئێران ئه‌ستووره‌و، به به‌رچاوی دونیا خۆپیشانده‌ران ئه‌كوژن.
عێراق به‌هێزترین به‌ڵگه‌یه به‌ده‌ست ئێرانه‌وه له حاڵه‌تی گفتوگۆ كردن له گه‌ڵ وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئهمریكاو، مانه‌وه‌ی عێراق له ژێر هه‌ژمون و كۆنترۆڵ وركێفی ئێران تا ئه‌و كاته‌ی گیروگرفت و كێشه‌كانی له گه‌ڵ ئه‌مریكا چاره‌سه‌ر ئه‌كات بژارده‌یه‌كی ئیستراتیژییهو ، موقته‌دا سه‌دریش به‌هێزترین داشی دامه‌یه به‌رامبه‌ر به راپه‌رینه مه‌زنه‌كه‌ی به‌غداو شاره‌كانی ناوه‌راست وخوارووی عێراق ، ئه‌و راپه‌رینه كه سه‌رئێشه‌ی بۆ عه‌مامه و په‌رۆ له سه‌ره‌كانی قوم و تاران درۆستكردووهو، هێرشی تاقمی سه‌در بۆ سه‌ر گۆره‌پانی { ته‌حریر} و، ههرشهكانی پیاوه به هێزه‌كه‌ی شیعه وجه‌ماوه‌ره دهبهنگهكهی داشێكی به‌هێزه دژ به خۆپیشانده‌ران و راپه‌رێنه‌كه ته‌نها زۆرانێكه له پێناو مانه‌وه‌ی ئێران و، به نه‌مانی تاقمی سیاسی گه‌نده‌ڵ و، دامه‌زراندنی حكومه‌تێكی نیشتمانی به پێی خواست و ئاره‌زووی شه‌قامی عێراقی مانای ئه‌وه‌یه سه‌ره‌تایه‌كه بۆ كۆتایی پێهێنانی رژێمی ئێرانی سه‌ركوتكه‌ر.
له پاش گفتوگۆ‌و وتهوێژێكی دوور‌و درێژ له نێوان هه‌ردوو سه‌ركرده‌ی شیعه موقته‌دا سه‌درو هادی عامری به ئاگاداری ئێران گه‌یشتنه ئه‌وه‌ی ناوی محه‌مه‌د ته‌وفیق عه‌لاوی وه‌ك پاڵێوراو بۆ سه‌رۆك وه‌زیران بده‌ن به به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمار‌و، پێشتر تاقمی عامری سه‌ر به ئێران سێ ناویاندا به سه‌رۆك كومارو هه‌رسێكیان جێی متمانه‌ی خۆپیشانده‌ران نه‌بوون و، هه‌روا نه‌یانتوانی له‌رێی مێلیشیاكان و چه‌كداره‌كانیان به كوشتن و گرتن وخه‌ڵك رفاندن خۆپیشاندانه‌كان له‌ناو به‌رن و، ئێران له‌وه ئه‌ترسێت راپه‌رینه‌كه سه‌ربكه‌وێت و به‌وه‌ش كونترۆڵیان به سه‌ر بارودۆخه‌كه نامێنێت و هه‌موو شتێك له ده‌ستیان ده‌رئه‌چێت و، هه‌ره‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كردووه ئه‌گه‌ر سه‌رۆك وه‌زیران به پێی نه‌خشه‌ی خۆیان نه‌بێت عێراق ئه‌سووتێنن.
ئه‌وه‌ی سه‌یره حزبی ده‌عوه‌ی شیعه سه‌ر به نوری مالكی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووتر دژ به دانانی محه‌مه‌د عه‌لاوییه به‌ڵام هه‌ندێك له لایه‌نه سوننییه‌كان پشتگیری لێئه‌كه‌ن و ترسی چاره‌نووسی سیاسی ئاینده‌یان لێنیشتووه به‌ڵام گرنگ دوابریاری لاوانی راپهرینهكهیه كه به هیچ شێوه‌یه‌ك گؤی ناده‌نه پرته‌و بۆڵه‌و بوختانی ناحه‌زان و ئه‌وانه‌ی ئه‌یانه‌وێت راپه‌رینه‌كه له‌كه‌دار بكه‌ن یان له قورسی و سه‌نگی كه‌مبكه‌نه‌وه و، بۆ ئه‌ومه‌به‌سته سیخور و كۆمه‌ڵێك شه‌للاتی له چه‌قو هه‌ڵگرو ده‌مانجه‌ی بێده‌نگی و دار حه‌یزه‌ران بڵاوكردووه‌ته‌وه بۆ تێكدانی راپهرینهكهو هیچ سوودیان نه‌بووه.
له پاش ده‌ستنیشان كردنی محه‌مه‌د عه‌لاوی به‌رامبه‌ر به خۆپیشانده‌ران كه هه‌ر زوو وێنه‌كه‌یان له دیوارداو له ژێری نووسیان گه‌نده‌ڵه‌و نامانه‌وێت و، بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی كاردانه‌وه‌یان له گرته‌یه‌كی ڤیدیۆ ( ده‌نگ و ره‌نگ) عه‌لاوی هه‌ندی ئه‌ركی خسته ئه‌ستۆی خۆی وه‌ك : سزادانی بكوژانی خۆپیشانده‌ران و دژایه‌تیكردنی گه‌نده‌ڵی و ناچێته ژێر باڵی هیچ حزبێك و ئه‌گه‌ر فشاریان خسته سه‌ر یه‌كسه‌ر ده‌ست ئهكێشێتهوه و، سه‌ره‌رای ئه‌مانه به ده‌نگی به‌رزو حه‌ماسه‌تی جه‌ماوه‌ر هه‌ر هه‌موویان ره‌تیان كرده‌وه‌و ، وتیان ئاسته‌نگی زۆر بۆ خۆی كابینه‌كه‌ی دروست ئه‌كه‌ێن نه‌گاته پهۆلهمان.
گه‌مه‌كه‌ی موقته‌دا سه‌در زوو په‌رده‌ی له سه‌ر هه‌ڵماڵرا به ناردنی چه‌ندین كۆمه‌ڵ له لایه‌نگیرانی بۆ گۆره‌پانی { ته‌حریر} و، به زه‌بری چه‌قوو ده‌مانچه‌و و شه‌ره تێڵا توانیان باره‌گای خۆپیشانده‌ران و خه‌ڵكی راپه‌ریو له ( چیشتخانه‌ی توركی) ده‌ربكه‌ن و، ئه‌م هه‌نگاوه‌ش هاوكات بوو له گه‌ڵ واژووكهی دوكتۆر به‌رهه‌م ساڵح ومتمانه به‌خشین به محه‌مه‌د عه‌لاوی و، راگه‌یاندنه پر درۆكه‌ی موقته‌دا كاتێ وتی: گه‌ل عه‌لاوی ههڵپژاردووهو، موقته‌دا وا ئه‌زانێت گه‌لی عێراق ته‌نها ئه‌و سهرلێشێواوانهی خۆیه‌تی.
له به‌غدا موقته‌دا توانی بۆ ماوه‌یه‌كی كورت ده‌ستبه‌سه‌ر مه‌یدانی { ته‌حریر} بگرێت و، پاشان زیاتر ریسوا بوو كاتێك خۆپیشانده‌ران سه‌ربه‌رزانه گه‌رانه‌وه مه‌یدانه‌كه‌و، ئێستا له به‌غداو كوت {واسط } وعه‌ماره { میسان} و به‌سره‌و ناسرییه { زیقار} و سه‌ماوه { موسه‌ننا} وحیلله {بابل}و كهربهلاو و نه‌جه‌ف و دیوانیه نایانه‌وێت عه‌لاوی پۆستی سه‌رۆك وه‌زێران وه‌ربگرێت و ، دانیشتوانی ئه‌و پارێزگایانه ئه‌ڵێن : محه‌مه‌د ته‌وفیق عه‌لاوی به‌شیكه له حزبه شیعه گه‌نده‌ڵه‌كانی ده‌سه‌ڵات و، ماوه‌یه‌كی دوور‌و درێژ كادری پێشكه‌وتووی حزبی ده‌عوه‌ی گهندهڵگار بووه. بۆیه كه‌س سوور نییه له سه‌ر ئه‌وه‌ی عه‌لاوی ببێت به سه‌رۆك وه‌زیران جگه له داشی دامهكهی ئێران موقته‌دا كه بووه‌ته ئامانجی خۆپیشانده‌ران و هه‌ر هه‌موو له دژی هاوار ئه‌كه‌ن و به گه‌نده‌ڵی سه‌ره‌كی ناوی ئه‌به‌ن.
خۆپیشانده‌ران و خه‌ڵكی راپه‌ریوی به‌غداو شاره‌كانی ناوه‌راست و خوارووی عێراق داوا ئه‌كه‌ن :
هه‌موو ئه‌زانن چۆن ( عادل عه‌بدولمه‌هدی) یان هێنا هه‌ر به‌و شێوه‌یه ( مه‌حه‌مه‌د عه‌لاوی) یان هێناوه‌و، له لایه‌ن حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات پشتگیری لێئه‌كرێت و نابێت دژ به ده‌ستیوه‌ردانی ئێران و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی بوه‌ستێت و ئه‌مه‌ش لای خۆپیشانده‌ران جێی قبولكردن نێیه و، ئایا عه‌لاوی ئه‌توانیت ئه‌ركه‌كانی به باشی به‌رێوه‌ببات وه‌ك هه‌ڵبژاردنێكی پاك و پوخته‌و پێشوه‌خته و، دۆزینه‌وه‌و ده‌ستنیشان كردنی بكوژانی خۆپیشانده‌ران و سزادانیان و، فایلی گه‌نده‌لكاران بجولێنێت و بدرین به داگا و، ئه‌بێت حكومه‌تی داهاتوو دوور بێت له تایفه‌گه‌ری و پشكپشكێنه‌و به فه‌رمانی گه‌نده‌ڵكاران كار نه‌كات و، به‌بێ ترس و ئازایانه بریار بدات و سه‌ربه‌خۆیی خۆی بپارێزێت وكار له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانی بكات و بتوانێت متمانه‌ی خه‌ڵكی راپه‌ریو مسۆگه‌ر بكات، هه‌ڵوێستی هه‌بێت له پاراستنی ئازادی و رێزگرتن له مافی مرۆڤ و، به‌و جۆره هه‌ڵسوكه‌وته كاره‌كانی حكومه‌ت به‌ره‌وپێش ئه‌روات و، خه‌ڵكی عێراق زۆر نه‌هامه‌تیان دیوه‌و كاریان ئه‌وێت نه قسه‌و باس و سۆز.
ئایا محه‌مه‌د ته‌وفیق عه‌ڵاوی ئه‌بێته سه‌رۆك وه‌زیران یان جه‌ماوه‌ری راپه‌ریو ئهیخهن و ناهێڵن بگاته ئاواته‌كه‌ی و، ئه‌گه‌ر بوو به سه‌رۆك وه‌زیران ئایا ئه‌توانێت مه‌رجه‌كانی ئێران پشت گوێ بخات و، رۆژانی داهاتوو توانای عه‌ڵاوی ئه‌خاته‌روو به‌رامبه‌ر به حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات و میلیشیاكانیان.
له هه‌مووی سه‌یرتر هه‌ردوو دوژمنه‌كه ئهمریكاو ئێران پێشوازی له هاتنی عه‌لاوی ئه‌كه‌ن و، ئه‌م دووانه هه‌رده‌م به دوای رزگاری گه‌لان ناگه‌رێن جكه له به‌رژه‌وندی خۆیان و، به‌م زوانه محه‌مه‌د عه‌لاوی بۆ خه‌ڵكی عێراق و ناوچه‌كه‌و دونیا ده‌رئه‌كه‌وێت.
5/2/2020