Skip to Content

من موسافیر و دوایین پێغەمبەری عەشقم … شیعری: ستیڤان شەمزینی

من موسافیر و دوایین پێغەمبەری عەشقم … شیعری: ستیڤان شەمزینی

Closed
by نیسان 15, 2020 General, Poems

من موسافیرێک بووم لە ژیاندا
لەبەر عەشق نەپەرژامە سەر هیچ
هەموو سووڕی ژیانم بریتی بوو
لە خوێندنەوەی دڵۆپێک فرمێسک
کە بۆ عەشق رژاوە
سەدان شەو بەدیار حنجەکردنی
سورەتی دڵشکانەوە رۆژم کردۆتەوە
دەیان ئێوارە لە پەنا ئازارەکانمەوە
وەک مۆمێکی بێدەنگ لە چاوەڕوانی
یەک هاتندا هێدی هێدی تواومەتەوە
من موسافیرێک بووم
هەر وەک سێوێکی ئاشق
ملم لە هەزار چەقۆی دڵڕەق سویوە
وەک کارمامزێکی سرک
سەدان هەوراز و کەندەڵانم بڕیوە
لەگەڵ هەر پەڵە هەورێکدا
چاوەڕوانی بارینی سۆز بووم
لەگەڵ هەر “با”یەکدا
چاوەڕوانی بۆنی عەتری ئەشق بووم
من موسافیرێک بووم
هەموو تەمەنم بەدیار خەونێکەوە بەڕێکرد
هەرچی گەڵای وەرزی خەزانە ئەمناسن
چی زەریاکانن قەرزاری فرمێسکەکانمن
چی ئەستێرەکانن هاوڕێی شەوە تەنهاکانمن
کوکوختییەکانیش شاهیدی مەستییەکانمن
من پیاوێکی موسافیرم
لە خەیاڵەکانمەوە ئەشق فوارە ئەکات
لە خەونەکانمەوە شیعر هەڵدەقوڵێ
لە تەنهاییەکانمەوە خوێنی ئەوین فیچقە ئەکا
لە نائومێدییەکانمەوە ئەسرین دەردێ
لە پێکەنینەکانمەوە گوڵە شەوبۆ دەڕسکێ
لە هەستی بێ کۆتاشمەوە تۆی لێ دەڕژێ
من پیاوێکی موسافیرم
بۆ سەفەرێکی کورت کورت هاتوومە ژیانەوە
لەو سەفەرەشدا
ئەمەوێ پێکەنین لەگەڵ لێوەکان ئاشت بکەمەوە
ئەمەوێ ئەوین بخەمە رستەیەکی تەواوەوە
ئەمەوێ دواین پێغەمبەری خۆشەویستی بم
ئەمەوێ ئینجانەکان پڕ بکەم لە گوڵی ئەشق
ئەمەوێ دارستانەکان پڕ بکەم لە خەندەی کوژراو
ئەمەوێ و زۆریش گەرەکمە
ئاسمان بکەمە کۆڵانێک بۆ ژوانی ئاشقان
شت زۆرە بمەوێ بیکەم
بەڵام بیرتان نەچێ موسافیرم، فریا ناکەوم
من پیاوێکی موسافیرم
گەڕیدەیەکم هەموو جوگرافیای دڵم تەی کردووە
کاپتنی کەشتی خەیاڵم و
رێی هەموو ئاسمانەکانم بڕیوە
من پیاوێکم لە دڵشکان و ئازار
لەوەتی کوژران هەیە، بۆ ئەشقی تۆ ئەکوژرێم
لەوەتی سووتان هەیە لەناو گڕی سینەتا ئەسووتێم
لەوەتی گریان هەیە من هەر ئەگریم و هیچ شتێ
جگە لە ئەوینی تۆ ژیرم ناکاتەوە
من پیاوێکی موسافیرم
بە کۆڵێ خەمی قووڵ و نەبڕاوەوە هاتووم
بە دڵێکی پەمەیی و خەونێکی سپییەوە هاتووم
هاتووم تا پێتان بڵێم ئەشق بکەنە ئاینتان
هاتووم تا بیرتان بخەمەوە ئێوە چۆن دڵی
ئەوینتان لە خۆتان تۆراندووە؟
هاتووم بیخەمەوە یادەوەریی کاڵتان
چەند دوورن لە خۆشەویستی و
چەندیش لەناو جەراعەتی کینەدا تواونەتەوە
هاتووم بڵێم من دواین پێغەمبەری ئەشقم
خواوەوەندی خۆشەویستی ناردوومی
بۆ بڵاوکردنەوەی ئاینی ئەوین
ئەوەشتان پێ بڵێم کە دوای من
هیچ پێغەمبەرێکی تر نایێ
هەر خۆمم دوایین پێغەمبەری ئەشق
هەر خۆمم …….

ئەڵمانیا – کۆڵن
21-11-2016
تێبینی: ئەم قەسیدەیە لە دیوانی “بەتیشکی عەشقت ئەدرەوشێمەوە”دا لە ساڵی 2017دا چاپکراوە

Previous
Next
Kurdish