فیزیای شیعر له دیوه‌خانی ئوده‌با …. ئاراس هه‌مه‌وه‌ندی/ رۆسته‌م عینایه‌تی
زۆرجار خودی هه‌ڵخه‌له‌تێن وامان فێرده‌کات خۆمان وه‌کو فریشته وێنا بکه‌ین، تاکو ئه‌و دڕنده‌یه‌ی له ناخماندا خۆی حه‌شارداوه‌و چرۆی کینه‌و ئیره‌یی و توانجدانمان تێدا ده‌ڕوێنێت ناهێڵێت تامی ژیان و جوانی و گیانی هاریکاری بکه‌ین، دان به بهرهندهییدا بنێین و ناقۆڵاییهکانیش وه‌کو خۆیان ببینین، بێ ئه‌وه‌ش تێکدانی ئه‌م هاوتایی و هاوکێشه‌یه زاتێکی ناجۆرمان لێ دروست بکات و که‌سانی ده‌وروبه‌رمان هه‌ست به‌و لهقبوونانه بکه‌ن و به‌ڵام خۆمان هه‌ر وه‌کو سووره‌ی به‌ر له‌شکر ته‌ماشای خۆ بکه‌ین و دان به‌و حاڵه‌تانه‌دا نه‌نێین.
ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمانه له‌م پێشه‌کییه‌دا: تیشکخستنه سه‌ر دیارده‌یه‌کی زۆر ناشرینه، که ئه‌گه‌ر له هه‌ر ڕشتێکی تری ژیاندا ببینرایه، ئه‌وا نه‌ده‌بوو له ڕشته‌ی ئه‌ده‌بدا بوونی هه‌بووایه، چونکه ئه‌دیب به حساب که‌سی هه‌ست زیندوو و خاوه‌ن ویژدانه، کرۆکی به‌رهه‌مه‌کانی دژی ئه‌و ناشرینیانهیه که خۆی له‌ده‌قه‌کانیدا وا نیشانی ده‌دات که پێوه‌ی ده‌ناڵێنێت.
لێره‌دا وه‌ك نموونه چه‌ند به‌رهه‌م و وته‌ی که‌سێکی زانستی ده‌هێنینه‌وه که له هه‌مانکاتدا خامه‌که‌شی بۆ بابه‌تی ئه‌ده‌بی و شیعر به‌کاردێنێت، هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌وه به‌راوردی هه‌ردوو بواره تیۆری و پراکتیکیه‌که‌ی ئه‌و جۆره له نووسین و نووسه‌ر ده‌که‌ین و له کۆتاییدا با پێکه‌وه ببینین و بڕیاریش بۆ خوێنه‌ر جێده‌مێنێت و هه‌ر ئه‌ویش سه‌ر پشك ده‌بێت بۆ قبوڵکردن و ره‌فزکردنی ئه‌م بیروبۆچوون و ڕایانه.
ئه‌و نووسه‌ره له لایه‌ك ڕه‌خنه له کاڵوکرچی ده‌قه‌کان ده‌گرێت، له لایه‌کی تر ره‌خنه له وتار‌و داڕشتن ده‌گرێت، دوایی دێته‌وه سه‌ر وێنه‌ی شیعریی و لووسوپووسیی!! نازانرێت به ته‌واویی ده‌یه‌وێت چی بڵێت، که‌چی له لایه‌کی تر که دێینه سه‌ر نووسینه‌کانی ئه‌م نووسه‌ره که به ناوی شیعر پۆلێنی ده‌کات، ده‌بینین هه‌موو ئه‌و قسانه‌ی نووسیونی وه‌کو توانجدان ئه‌وا به‌سه‌ر شیعره‌کانی خۆیدا دێنه دی و له‌و بواره‌شه‌وه نموونه‌ی شیعره‌کانی ده‌هێنینه‌وه، سه‌ره‌تا با دیقه‌ت له وته‌ی ئه‌م نووسه‌ره بده‌ین، ئه‌و له‌م باره‌یه‌وه ڕای خۆی وا ده‌نووسێت:
{{ بەداخەوە لە ئەدەبی کوردی‌دا زۆر کەس ھەن نەخۆشیی (بەرزەمن)یان ھەیە و وا دەزانن ھەرچی ئەوان دەینووسن دوڕ و گەوھەرە، لەکاتێکدا زۆربەی دەقەکانیان یان کرچ‌وکاڵ و وشەڕیزکارییە یان ھەندێک لەملاو بڕێک لەولا ھێنراون و ھەڵەی جۆراوجۆریان تێدایە و ھیچ سیفاتێکی نووسینی دەق و وتار و داڕشتن و وێنەی شیعری و چێژبەخشی و تەشویق و گرێچنی و لووسوپووسیی ڕستەسازی و تێگەیشتن و واتایان تێدا نییە}}.
پێش ئه‌وه‌ی بێینه سه‌ر قسه‌کردن له‌سه‌ر شیعره‌کان، با سه‌رنجی ئه‌م وته‌یه‌شی بده‌ین که چۆن له لایه‌کی تره‌وه ره‌خنه له ره‌خنه‌گران ده‌گرێت و به {خه‌سیو و فیشاڵ و به‌ربووك و که‌شوفش و چهنهلێدهر…} باسیان ده‌کات، خوێنه‌ر له کاتی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م وته‌یه‌دا راده‌ی فشاره ده‌روونیه‌کانی سه‌ر ناخی داته‌پیو و کاول ده‌خوێنێته‌وه، به‌وه‌ی چۆن ئه‌م قه‌ڵه‌مبه‌ده‌سته ئه‌وه‌ی له توانایدا بووه له ڕشانه‌وه ده‌ریبدات و شوێنگه‌ی خۆشی بخاته ژێر پرسیاره‌وه، به‌وه‌ی ئایا که‌سێك له شوێنگه‌ی به‌رپرسیاری ئه‌ده‌ب و ئه‌دیباندا بێت چۆن ئه‌م هێرشه ناڕه‌وایانه ده‌کاته سه‌ر ره‌خنه‌نووسان؟ له کاتێکدا ئه‌ده‌بی کوردی هه‌ژارترین ئه‌ده‌به له ره‌خنه‌دا، جگه له‌مه‌ش ئه‌مه داده‌نرێت به (مۆتیڤی کورهاندن) که به پێی یاساکانی مافی مرۆڤی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان: هه‌موو جۆره مۆتیڤێکی کورهاندن تاوان و قه‌ده‌غه‌کراوه، جا چ ره‌گه‌زیی بێت یان به هۆی ئینتیماوه بێت، یاخود به‌هۆی بیروبۆچوونی جیاوازه‌وه….هه‌روه‌ها ئه‌مه ئه‌و میسداقییهتهی (ئیتیحادی ئوده‌با) ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه که به‌وه‌ی ئایا ده‌بێت ئه‌مه نه‌کرابێته واجیههیهك بۆ بره‌ودان به باڵێکی شیعریی دژی ئه‌وی دی؟ هه‌ر ئه‌م تهکتیکهش له پشت بهرهندهبوونییهوه بێت بۆ ئه‌و پێگه ئیداریی و شوێنگه‌یه؟ (چونکه ئه‌و گوتانه‌ی ئه‌و به‌س وه‌کو رایه‌کی شه‌خسی لێکنادرێنه‌وه) بێ ئه‌وه‌ی له بیری ئه‌وه‌شدا بن که ئه‌م جه‌نگه له پێناوی چیدا ده‌که‌ن؟ له کاتێکدا ئه‌وه‌ی حسابی فاریزه‌ی دوای نوقتهشی بۆ ناکرێت له (کوردستاندا) هه‌ر ئه‌ده‌به… له ده‌ستدانی ئه‌و میسداقییهتهش کۆی بوونی ئه‌و ده‌زگایانه ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه به‌وه‌ی ئایا به شایسته‌و توانای ئه‌ده‌بی ئه‌و که‌سانه گه‌شتوونه‌ته ئه‌و شوێنانه؟ یان ئه‌و جێگایانه‌ش وێرانهیهکن خراپتر له باره‌گا سیاسییه‌کان؟ جا گه‌ر که‌سێك له ده‌زگا ره‌سمییه‌کاندا چه‌ند کارێکی گرنگی هه‌بێت، ئیتر چۆن ره‌خنه له سیسته‌می ده‌سه‌ڵات ده‌گرێت که به جۆرێك له جۆره‌کان ئه‌وان کۆڵه‌که‌یه‌کن تیایدا؟ هه‌روه‌ها به‌کارهێنانی پێگه‌ی ئیداریی بۆ سوکایه‌تیکردن به که‌سانی لاواز‌و ده‌ره‌تان و بێ په‌نا هیچ ئازایه‌تی تێدا نییه‌و ئه‌م جۆره‌ش له چه‌وساندنه‌وه هێجی که‌میر نییه له چه‌وساندنه‌وه‌کانی تر، هه‌ر له مه‌حرومکردنی ژه‌مه خوانێكهوه بیگره تا گه‌وره‌ترو گه‌وره‌تر… به‌هه‌رحاڵ ئه‌و له وته‌که‌یدا ئاوه‌ها ده‌نووسێت:
{{ ڕەخنەگری بەربووکی بواری ئەدەب، ھەمیشە نووسەری خەسیون، ئەمان بارستایییەک لە فیشاڵ و بەتاڵی بەسەر خوێنەری داماوی بڵاوکراوە پڕ لە ھەڵەوپەڵەکاندا دەبەشنەوە و بەردەوام دەسخەڕۆکەر و خوێنەر فریودەرن، ئەم بەربووکانە لە درێژدادڕی و چەنەلێدانی بێناوەڕۆک و کەشوفشی بێ بنەما و خۆھەڵکێشان بەولاوە ھیچی دیکە نین، نەکەی بخەڵەتێی بکەویتە ژێر کاریگەریی زبڵە نووسینەکانیانەوە، ئەوان ھەمیشە وەک بەرگدرووێکی قەڵپ، بەڕادان کار بۆ چەواشەکردنی خوێنەر دەکەن و گوێلەمستی دەقنووسی کۆڵەوار و وشەڕیزکردنەکانیانن، قەت ناتوانن ڕستە و وشەڕیزکاران بە بەرگی جوان داپۆشن، نە خولیا و خەونێکی گەورەیان ھەیە، نە بانەڕۆژێکی گەشاوە، ھاکا گوێبیستی پووکانەوە و بزربوونیان بوویت}}.
ئێستا با بێینه سه‌ر شیعره‌کانی ئه‌م شاعیره‌و بزانین چ تازه‌گه‌ریی و داهێنانێکی تێدایه‌و چ کاردانه‌وه‌یه‌ك له ناخی خوێنه‌ردا جێده‌هێڵێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش نووسینه‌که دابه‌شی ئه‌و سهبتایتله سه‌ره‌کیانه ده‌که‌ین که شایسته‌ی له‌سه‌ر دوانن و به زه‌قی له به‌رهه‌مه‌کانیدا ره‌نگی داوه‌ته‌وه:
– وشکیی خه‌یاڵدانی شیعر:
به حوکمی ئه‌وه‌ی ئه‌ندێشه ره‌گه‌زێکی سه‌ره‌کی داهێنانی شاعیره، که ده‌توانێت به هۆیه‌وه تازه‌گه‌ریی و نوێبوونه‌وه به یه‌که شیعریه‌کان ببه‌خشێت، له فه‌زای داهێناندا خامه ئازادییه‌کی ره‌هاش به‌ده‌ستدێنێت، که‌چی به پێچه‌وانه‌وه له‌ناو ئه‌م جۆره ده‌قانه‌دا هیچ زاراوه‌و وشه‌و پنتێکی نوێ نابینرێنه‌وه که زاده‌ی خه‌یاڵی خودی شاعیر بێت، و له ئه‌نجامدا کۆی شیعره‌که‌ش سه‌رنجمان راناکێشێت و وا هه‌ست ده‌که‌ین زۆر لهمهوپێش ئه‌و ده‌قه‌و ده‌قی ئاوهامان زۆر خوێندووه‌ته‌وه، له‌و شیعرانه‌دا که باسی شته‌کانیشی تیا ده‌کرێت و به‌کاردێن ، ئه‌وا هه‌ر راسته‌وراست باسی حه‌قیقه‌تی خودی شته‌کان ده‌کرێت، نه‌ك به‌س ناکرێن به سیمبوڵ و به هونه‌ره‌کانی وه‌ك پارادۆکس و میتافۆڕ ئاوێته ناکرێن و به سه‌لیقه‌ی هونه‌ریی و هۆنینه‌وه‌ی وه‌ستایانه مانای تریان لێ فه‌راهه‌م نایه‌ت، به‌ڵکو ده‌بینین ده‌قێکی ره‌ق و وشك له‌به‌رده‌مماندا ده‌یه‌وێت فێڵ له هه‌سته‌کانمان بکات و خۆی به شیعر ناوزه‌د بکات، به‌ڵام سه‌لیقه‌ی به‌رزی شیعریی خوێنه‌ر له کۆتاییدا جڵه‌و ده‌گرێته ده‌ست و حه‌قیقه‌تی ساده‌یی و راسته‌وخۆیی ئه‌و شیعره‌ی بۆ ده‌رده‌که‌وێت.هه‌رچه‌نده که‌سانێکی روپاماش ده‌ستخۆشی به‌رهه‌می وا بکه‌ن، که ره‌نگه له ئاستلاوازیی ئه‌و که‌سانه‌ش بێت، به‌ڵام ئه‌وه نابێته سه‌نگی مه‌حه‌کی هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و جۆره به‌رهه‌مانه، با نموونه‌یه‌کی ئه‌م شێوازه بهێنینه‌وه که چۆن شاعیر خه‌می مردنییه‌تی و بۆ ئه‌وه‌ی نیشانمان بدات چه‌ند کتێبی هه‌ن و چۆن خۆی رۆشنبیرکردووهو خوێندونییهتیهوه، ئاوها له ئێستاوه شینی کتێبه‌کانی ده‌کات:
ئەوان، ژووری كتێبخانەكانمان
بەتاڵ دەكەن
سەرجەم كتێبەكان دەخەنەناو
فەردەی گەنم و
گووشی پەتاتەو
كیسەی چیمەنتۆ و
عەلاگەی نایلۆنی پێڵاو و
كارتۆنی قەبەوە،
لەلاژوورێكی هەورەبانەكەی كەڵەكەدەكەن
– گێڕانه‌وه‌ی یاداشته‌کانی رابردوو:
مرۆڤ که نه‌یتوانی له قه‌وان و به‌رگی خۆی ده‌رکه‌وێت وه‌کو شاعیر، هه‌میشه یاده‌وه‌رییه‌کانی کانگایه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بن بۆ ئه‌وه‌ی لێیان ده‌ربهێنێت و بیانکات به‌شیعرو شیعره‌کانیش زۆر نزیك ده‌که‌ونه‌وه له زمانی قسه‌کردنی رۆژانه، به‌س جیاوازییان ئه‌وه‌یه که ئه‌م شیعرانه لاپه‌ره‌ی یاده‌وه‌ریه‌کانی مرۆڤ هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه‌و داخ و حه‌سره‌تی ئه‌و رۆژه ره‌سه‌ن و ساده‌و خۆشانه‌ی پێ هه‌ڵده‌ڕێژێت و مادام خوێنه‌ر یاده‌وه‌ریی هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌و رۆژو شوێن و که‌سانه‌دا، ئه‌وا له ئه‌نجامدا حه‌ماسه‌تی بۆ ئه‌و ده‌قانه ده‌جوڵێت، به‌ڵام ئایا له راستیدا شیعرن؟ به‌س به‌وه‌ی که له شێوازی ستوونی شیعردا داڕێژراون؟ ئه‌گینا وه‌ك چڕبوونه‌وه‌و گرنگی دان به فره‌مانایی، ئه‌وا خاڵیین له داهێنان و هیچ زیاده‌یه‌ك ناخه‌نه سه‌ر خه‌رمانه‌ی شیعری ره‌سه‌ن و نوی و ناوازه.
ئه‌گه‌ر ته‌ماشای تێکستی [خانووەکەی عەونی یووسفیان]ی شاعیر بکه‌ین، ئه‌وا زۆر به ئاسانی به‌ر ئه‌م شێوازه ساده‌یه ده‌که‌وین و خه‌م و ئاوات و توانای شیعرنووسینی شاعیر له‌م باره‌دا زیاتر وه‌دیار ده‌که‌وێت ، ئه‌و له‌و تێکسته‌دا ده‌ڵێت:
خانووه‌که‌ی عه‌ونی یووسفیان
له‌گه‌ڵ زه‌وی ته‌خت کرد
*
بولبولێکی خۆشخوانی
گۆرانیی کوردی و تورکمانیی
*
ئێستا زانیم
جێ‌وڕێ و سوکناشمان
ده‌ده‌نه به‌ر ده‌وه شۆفلان
– هه‌وێن و تێمای سواو:
شاعیر کاتێك نۆستالیژییانه له شیعر بگات و بخوێنێته‌وه و راهاتبێت، هه‌میشه هه‌ر له‌و بازنه داخروانهی بابه‌ته پێشینه‌کاندا ده‌خولێته‌وه‌و ده‌ترسێت لییان ده‌ربچێت و مامه‌ڵه‌ش له‌گه‌ڵ شیعردا هه‌ر له‌و بازنه داخراوه‌دا ده‌کات، نه‌ك ته‌نیا به نووسین؛ به‌ڵکو هه‌ر ئه‌و شیعرانه‌ش به جوان و په‌سه‌ند ده‌زانێت که ئاوها و وه‌کو شێوازی خۆی شته دووباره‌کانی تیا به‌کارهاتبێت، چونکه سه‌لیقه‌ی شیعریی ئه‌و وا ده‌گه‌شێته‌وه که گوێبیستی ئه‌و جۆره له نووسین بێت که تاکڕه‌هه‌ندیی سیمای سه‌ره‌کی ناسینه‌وه‌ی ئه‌و ده‌قانه‌یه، ئێمه که ئه‌م راستییه ده‌نووسین توشی هیچ روپاماییهك نابین به‌وه‌ی شوێنگه‌ی ئیداریی شاعیر له پێشچاوبگرین و چاو له خودی ره‌هه‌ندی شیعره‌کان بنوقێنین، ئه‌مه له کاتێکدایه قسه له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌کانی شاعیر ده‌کرێت نه‌ك خودی خۆی، چونکه مرۆڤ خۆی له خۆیدا ڕێزدارو پایه‌داره.
هه‌میشه ئاسان و که‌م مه‌سره‌فه خۆماندوونه‌کردن و نه‌گه‌ڕان به دوای سه‌ریه‌شه‌ی نوێگه‌ریی و داهێنان و به‌کارهێنانی شێوازی جودا و جۆراوجۆردا، هه‌رواش ئاسانه ده‌ستبردن بۆ شته‌کانی ده‌وروبه‌ر که له بهرچاوانن، زۆربه‌ی شاعیره کهمئاستهکان هه‌ر په‌لاماری ئه‌و شته سادانه ده‌ده‌ن و هه‌ر له قاڵبی خۆشیاندا ده‌یاننوسنه‌وه، واتا باڵنده هه‌ر باڵنده‌یه، تیشکی خۆر هه‌ر تیشکی خۆره….هتد(به‌و مانایه‌ی وشه زیاتر رۆڵی کامێرایه‌کی فۆتۆگرافی ده‌بینێت)، بۆ نموونه لێره‌دا له چه‌ند شیعرێکی جیاوازه‌وه هه‌ژاریی توانای شاعیر و به‌هره‌ی ئه‌م شاعیره ده‌خه‌ینه به‌ر تیشکی لێدوانه‌وه که ئه‌ویش دووباره‌کردنه‌وه‌ی وه‌رزه‌کانی ساڵه له زۆربه‌ی شیعره‌کاندا وه‌کو به‌هارو پایزو هاوین وزستان، ئاوهاش خیتابی کۆنی ئه‌م شیعرانه زیاتر بێزارمان ده‌کات و به‌لای هه‌ندێکیشه‌وه وایه به‌س ڕێکخستنی (سه‌روا) ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی شیعر له‌دایك بێت، که ئه‌مه زۆر هه‌ڵه‌یه: نموونه‌کان/
(یه‌که‌م: پاییز)
بای وەشت ھەڵدەکا لێرانە
بە نەغمە و نەیژەنینەوە
پاییز پڕ دەکا لە حوزن
بە ھەڵبەستی غەمگینەوە
(دووه‌م: به‌هار، هاوین)
گەر تۆ نەبای
سەرەتای ھەموو بەھاران
سەوزایی لە گیا دەتۆرا
لە ھاوینا
قرچە گەرمایی نەدەما
گەر تۆ نەبای
سەرەتای ھەموو بەھاران
سەوزایی لە گیا دەتۆرا
لە ھاوینا
قرچە گەرمایی نەدەما
گڕ قەت کڵپەی نەدەبینی
ئاسۆ بێ زەردەپەڕ دەما
پاییز ڕەنگە نارنجییەکەی
لە گەڵا و گوڵ دەسەندەوە
(سێ: خه‌زان)
گەڵا لە ھەڵوەرین یاخی
درەخت بڕیاریدا چیتر
بۆ خەزانی زەردەوەبوو
نەکاتەوە
خەمی ئاڵۆزی نێو ناخی
(چوار: زستان و پاییز)
تەنیایی
گەڵایەکی وشکەوەبووی
پاییزەیە
زستانی ساردی
بەسەرا دادێ
– هه‌ڵه‌ی خوازه‌و زمانه‌وانی:
گرنگی نه‌دان به ورده‌کاریی و بیرنه‌کردنه‌وه‌ی پێویست له بونیاتی تۆکمه‌و بنه‌ماکانی شیعرییه‌تی هۆنراوه‌و به‌کارنه‌هێنانی زمانی هونه‌ریی و خۆ ماندوونه‌کردن و رۆنه‌چوون به گوتنی نه‌گوتراوه‌وه، وا له زمانی شیعر ده‌کات شلۆق بێت و بگره هه‌ڵه‌ی زه‌ق و شتی پێچه‌وانه‌ش له ناو یه‌ك تێکسدا کۆ بکاته‌وه، نه‌ك به‌س په‌له‌کردن و پێدانه‌چوونه‌وه‌ی تێدا هه‌ست پێده‌کرێت، به‌ڵکو لاموبالاتی شاعیر ده‌رده‌خات و ئه‌و تێگه‌شتن و پاڵنه‌ره سه‌ره‌کیانه‌ی تێدا ده‌دۆزرێته‌وه که بووه‌ته هۆی له دایك بوونی تێکستی ئا له‌و جۆره‌ی پڕ هه‌ڵه‌و نوستالیژیایی، ئه‌مه له کاتێکدا هه‌ر ئه‌م نووسه‌ره له وته‌که‌ی سه‌ره‌تادا گازنده له‌و شاعیر‌و وتارنووسانه ده‌کات که شیعره‌کانیان کرچ‌وکاڵ ده‌نووسن و چێژبه‌خش نین و پڕ هه‌ڵه‌ن، خۆ ره‌نگه شاعیری ساده‌و خوێنه‌ری ساده‌ش ئه‌م سهرنجانهیان لا گرنگ نه‌بێت و هیچ حسابێکیشی بۆ نه‌که‌ن، چونکه سه‌لیقه‌ی ساده‌یی له شیعردا هه‌ر ئه‌وه‌یان پێ ده‌خوازێت ، و سه‌ریان ته‌قه‌ی دێت له‌گه‌ڵ تێکستی ئاست به‌رزو هه‌ر له‌م روانگه‌شه‌وه ئه‌و ده‌قانه‌ی به ئاست و زه‌وقی ئه‌وان ناخوات ئاوها تاوانبار ده‌کرێن به کاڵوکرچی و وشه‌ڕیزکردن! ببینن ئه‌و چۆن له جێیه‌کدا ده‌بێته زمان‌ناس و ره‌خنه له مامۆستایه‌کی زمانزانی زانکۆ ده‌گرێت، به‌ڵام چ ره‌خنه‌یه‌ك؟ باخوێنه‌ر بڕیار بدات:
* ئه‌و ئه‌م رسته‌یه‌ی ئه‌و مامۆستایه‌ی پێ هەڵەیه:
(شیعری یەك دێری یا شیعری نانۆ لە بیستەكان و هەشتاكانی شیعری كوردی ئامادەگی نەبوو)
ده‌ڵێت ڕاستكردنەوەکه‌ی ئاوه‌هایه:
(شیعری تاك دێڕی یان شیعری نانۆ لە بیستەكان و هەشتاكانی شیعری كوردی ئامادەیی نەبوو)
* دووباره ئه‌و ئه‌م رسته‌یه‌ی ئه‌و مامۆستایه‌ی پێ هەڵەیه که شیعرێکی گۆرانه:
(هەر چەند ئەكەم ، ئەو خەیاڵەی پێی مەستم)
ده‌ڵێت ڕاستكردنەوەکه‌ی ئاوه‌هایه:
(هەر چەن ئەكەم، ئەو خەیاڵەی پێی مەستم،)
* جارێکی تر ئه‌و ئه‌م رسته‌یه‌ی ئه‌و مامۆستایه‌ی پێ هەڵەیه:
دووجاران نووسراوە: (نەفەس كورتی)
ده‌ڵێت ڕاستكردنەوەکه‌ی ئاوه‌هایه:
(هەناسە كورتی).
***
ئێستا با بێین ئه‌م هه‌ڵانه؛ به هه‌ڵه‌کانی خۆی به‌راورد بکه‌ین و بزانین کامیان گه‌وره‌ترن؟
1-کورد یان ده‌ڵێت پشتی خۆیم لێ ده‌کا، یان پشتی خۆیم تێ ده‌کا، به‌ڵام بزانن شاعیر چی ده‌ڵێت:
(تاشەبەردێکی بنار کێوێکم
ئەوەی دێ، پشتی خۆیم پێ دەکا)
2-ئه‌و خوازه‌یه‌کی هه‌ڵه بۆ گه‌ڵای زه‌ردی وشكبوو به‌کاردێنێت، که ده‌ڵێت قه‌د هه‌ڵناوه‌رێت، له‌مه‌دا پێچه‌وانه‌ی سروشته و ناچێته زیهنی هیچ خوێنه‌رێکه‌وه، ئه‌مه‌ش راده‌ی که‌متوانایی و شاعیرێتی و بێ سه‌رنجیی ئه‌م شاعیره ده‌رده‌خات که که‌س پێش ئه‌و ئاوهای نه‌گوتووه:
تەنیایی
گەڵایەکی وشکەوەبووی
پاییزەیە
زستانی ساردی
بەسەرا دادێ
لە ماڵی پاییز پێی ڕێ ناگرێ
بۆ دەشت و دەرێ
وەیشوومە سەری پێ نەوی ناکا
ئەو یاخی بووە و
بڕیاری داوە
قەت ھەڵنەوەرێ.
3- له‌م کۆپله‌یه‌دا هه‌ڵه‌ی مانا هه‌یه، جگه له به‌کارهێنانه‌وه‌ی (کۆترو به‌هار) هیچ جوانی و ناوازه‌ییه‌کی تێدا نییه ئه‌گه‌ر خاڵخاڵۆکه ببێته کۆتره شینکه؟ بۆچی و چۆن؟ هه‌م له دنیای واقیعدا مه‌حاڵه، هه‌م له دنیای شیعردا ره‌فزکراوه‌ته‌وه، چونکه خزمه‌ت به هیچ ئیستاتیکایهك ناکات و هیچ بیرۆکه‌یه‌کی ئافراندنی تێدا نییه، دواتر ئه‌گه‌ر خاڵخاڵۆکه‌که یه‌که‌م پیتی ناوی ئه‌وی دۆزیبێته‌وه، ئه‌وا ده‌بوو بینووسیایه سێ پیته‌که‌ی تری ناوتی نه‌خشاند، ئه‌مه‌ش هه‌ر لاموبالاتی شاعیر ده‌خات له نووسینی شیعردا، دووباره وا لێکده‌درێته‌وه که گرنگی ئه‌م شاعیره زیاتر له ڕێکخستنی سهرواکاندایه وه‌ك (باڵ و ساڵ) نه‌ك ئایدیا‌و بیرۆکه‌ی به‌هێزی نوێ و شیعریی.. پاشان وا ده‌زانێت به به‌کارهێنانی ناوی خاڵخاڵۆکه و کۆتره شینکه شیعره‌که ناسك و سۆزدارو رۆمانسی سه‌رده‌چێت، که له راستیدا وانییه، یان ره‌نگه له ژێر کاریگه‌ریی شێرکۆدا بێت که ده‌ڵێت:
(شێرکۆ:
ئه م کاته و باش
من ناوم کۆتره شینکه یه و کچم
ماڵه که م وا له و گه ڕه کی مناره یه)
با بێینه‌وه سه‌ر شاعیره‌که‌مان که ده‌ڵێت:
خاڵخاڵۆکه‌یه‌کی باڵ مه‌یله‌و نارنجی
ئێواره‌یێ
به نیو باخی شیعره‌کانما
گوزه‌ری کرد
له نێو کووچه‌ی دێڕه‌کانیا
به دوای ناوی تۆدا وێڵ بوو
کاتێ گه‌یشته ترۆپکی یه‌که‌م پیتی
به خاڵه‌کانی سه‌ر باڵی
هه‌ر چوار پیتی ناوتی نه‌خشاند
که لێبۆوه
هه‌ر له‌وێ دای له فڕکه‌ی باڵ
وه‌ختێ له‌سه‌ر چڵی دره‌ختێ نیشته‌وه
بووبووه
کۆتره شینکه‌ی به‌هاری ساڵ
– زۆر به‌کارهێنانه‌وه‌ی واژهکان:
ئه‌و واژه سه‌ره‌کیانه‌ی شیعر له ده‌وریدا ده‌خولێنه‌وه بنه‌ڕه‌ت و بڕبره‌ی پشتی شیعره‌که پێکدێنن، هه‌میشه‌ش بۆ یه‌که‌مجاری خوێندنه‌وه‌کان؛ ته‌رکیزکردنی خوێنه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م لایه‌نه ده‌بێت بۆ گه‌ڕانه پێشینیه‌کانی به تانوپۆی هه‌ر ده‌قێکدا، به گه‌ڕان له دوای ئه‌م خاڵه زۆر ئاسان شیعری ساده‌و دووباره جیاده‌کرێته‌وه له شیعری تازه‌و نه‌گوتراو، لێره‌وه‌یه سه‌رنج ده‌ده‌ین ئه‌م شاعیره خاوه‌نی هیچ دنیابینی و گه‌مه‌ی زامانه‌وانی و روئیای شیعریی نییه‌و له بهرهنجامیشدا هیچ مۆرکێكی جیاکاریی و ئافراندن به‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌کانییه‌وه دیار نابێت ، ئێوه وردببنه‌وه له په‌لاماردانی ده‌سته‌واژه باوه‌کانی ناو په‌ڕتووکه‌کانی قۆناغه سه‌ره‌تاییه‌کانی خوێندن له‌م شیعرانه‌دا، هه‌ر شیعره‌کانیش سیمای دنیای منداڵان و نێوجهوانانیان پێوه دیاره، ئه‌و ئه‌گه‌ر هیچ بابه‌ت وهه‌وێنی شیعری ده‌ستنه‌که‌وێت یه‌کسه‌ر دنیای ته‌یرو ته‌وار، باڵنده‌و په‌له‌وه‌ڕ له‌به‌رده‌ستیدا حازر ده‌بێت و بێ هیچ سێ و دوو کردنێك په‌لاماریان ده‌دات و به‌کاریان ده‌هێنێته‌وه، ئه‌گه‌ر له ده‌قه‌کانی پێشووتری خۆشی‌دا به‌کاری هێنابن هه‌ر لای گرنگ نییه، وه‌کو به‌کارهێنانه‌وه‌ی (چۆله‌که‌و ڕیشۆڵه‌و کۆترو کۆترشینکهو پهرهسێلکهو ….هتد)، باسه‌یری لێكچوونی نێوان ئه‌م دوو ده‌قه جیاوازه بکه‌ین؛ بزانین بۆچی کردوونی به دوو شیعر. له‌کاتێکدا خاوه‌نی هه‌مان خاڵی هاوبه‌شی سه‌ره‌کین:
یه‌که‌میان:-
ڕیشۆڵەیەکی تەریوەی
سەرکزۆڵەی دڵ پڕ لە خەم
سەرگەردان و دیدە پڕ نەم،
نزایەکی بۆ خۆر ھەنارد،
خۆر ئێوارە
ڕووناکترین تیشکی خۆی لە
گڕکانەکانی زستانە
بە شنەی ئێوارە بۆ نارد،
دوای چەند ساتێ
ڕیشۆڵەی تەرەی ڕێ ونبوو
بە باڵی تیشکی زستانە
بە باوەشێ بریقەوە
بە چەپکێ جریوەی تازە
گەیشتەوە نێو ھێلانە
***
دووه‌میان:-
چۆلەکەیەکی گەردەن زەرد
لە بنچکی لێڕەوارێ
ویستی ھێلانەیێ چێکا،
لەودیو دوندێ
نوقم لە بۆی مێرخوزارێ
چەپکێ پرشنگی لە خۆر خواست،
خۆر بە کزەبای ئێوارە
گۆلمێ تیشکی نارنجیی
لە کەزیی زەردەپەڕ بۆ نارد..
لەو ڕۆژەوە
چۆلەکە و خۆر بوونە ھاوڕێ،
کە چۆلەکە، ھەموو ڕۆژێ
لەگەڵ تاریک و ڕوونی بەرەبەیانا
بای باڵی خۆی دەدا.. ئینجا
خۆر سەری لە کەل دەردێنا
…………..
لێره‌دا سه‌یر بکه‌ن سه‌ره‌کیترین خاڵی هاوبه‌ش که هه‌ردوو کۆپله پێکه‌وه گرێده‌دات و خوێنه‌ر واده‌زانێت هه‌ر یه‌ك کۆپله ده‌خوێنێته‌وه، بریتین له ده‌سته‌واژه سه‌ره‌کییه‌کان و ئاوهاش بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که هه‌ر پاشوپێش به زاراوه‌کان کراوه‌و بنیاتی ده‌قه‌که بۆش و مردوو ده‌رده‌چێت، ده‌رده‌که‌وێت که دنیای ئه‌م جۆره ده‌قه چه‌نده کۆن و خاوه‌نی مانای سواو و دوور له نوێگه‌رییه.
له یه‌که‌م کۆپله ریشۆڵهیهو له دووه‌مدا کراوه به چۆله‌که.
نه‌ك هه‌ر هێنده‌ش که هه‌ردووك باڵنده‌ن ، به‌ڵکو (هێلانه)ش دووباره ده‌بێته‌وه و خاڵێکی تری هاوبه‌شی نێوانیانه له هه‌ردوو شیعره‌که‌دا.
هه‌روه‌ها له‌یه‌که‌مدا ئێواره و له دووه‌مدا گۆڕدراوه به به‌ره‌به‌یان.
4 جاران وشه‌ی خۆر له کۆپله‌یه‌کی کورتی وه‌ك کۆپله‌ی 2دا به‌کارهاتووه، له کۆپله‌ی یه‌که‌میشدا 2 جاران.
ئیتر لێره‌دا ئێمه‌ش سه‌رزه‌نشتی خۆمان کرد که گوایا خه‌ریکی چیین و کاتی خۆمان به چییه‌وه به‌سه‌ر ده‌به‌ین؟ بۆیه هه‌ندێك کۆپله‌ی تر ده‌هێنینه‌وه له‌سه‌ر په‌له‌وه‌ر که دواییش له گۆڤاری رامان دا بڵاویشی کردوونه‌ته‌وه! با خوێنه‌ر خۆی سه‌رنجی دووباره‌یی و لاوازیی ئاستی وتاری شیعریی و دنیابینی شاعیر بدات تیایاندا:
(ده‌رباره‌ی : په‌ره‌سێلکه)
تا پەڕەسێلکەی ڕەوەزان
زەردەپەڕ بەخاک نەسپێرن
بە دەنووک و
شاپەڕی پڕ لە تیشکەوە
نەگەنەوە نێو ھێلانە،
خۆر لە شەرمان
ئاوا نابێ بەم زووانە
*
(جارێکی تر چۆله‌که)
چۆلەکەیەکی چۆماوان
لە دیدارێکی پڕ شکۆ
خاڵە زەردەکانی ملی
بە خۆر بەخشی،
خۆر قەفتەیێ تیشکی دایێ
لەبن بنچک و گەزەڵێن
ھێلانەیێ بۆ خۆی چێکا
جاویدان بێ تا ھەتایێ
*
(ئه‌مجاره شینە شمقاڕ و خۆر)
شینە شمقاڕێکی زەلان
بۆ دیدارێکی لەگەڵ خۆر
دەوەنێکی کردە جێ‌ژوان،
له کۆتاییدا داوا ده‌که‌م له‌م نووسه‌ره به‌ڕێزه وه‌ك ڕێزێك له شیعر ، با وه‌ستانێك وه‌ربگرێت و ماوه‌یه‌ك شیعری تیادا نه‌نووسێت با پشوویه‌ك وه‌ربگرین و سه‌لیقه‌مان بگه‌ڕێته‌وه شوێنی خۆی و بشزانێت ئه‌وانه‌ی به ناوی شیعره‌وه ده‌ینووسێت چ کاریگه‌رییه‌کی هه‌یه له‌سه‌ر خوێنه‌رانی شیعر‌و ئه‌وانیش کاردانه‌وه‌یان چی ده‌بێت، که لێره‌دا به‌شێك له‌و راو کاردانهوانهمان به راشکاوی خستووه‌ته روو، هه‌ر هیچ نه‌بێت با ڕێزێکیش بۆ شیعر بهێڵینه‌وه ..
ستۆکهۆڵم