ئێوارەیەک بەر لە مردن … ڕیاز حاجی
Closed
بەدبەختی
وێڵی کردووم ،ئازارەکانیشم
لە نێو خۆما پەنگی خواردووە،
نەئەکرێن بە شیعر و
نە ڕۆمانیش .
لەبەر خۆمەوە وڕێنە ئەکەم
نە کەسێک
لێم تێ ئەگات ، نە
خۆشم لە خۆم تێ ئەگەم ،
نازانم چی ئەلێم و چیم ئەوێت !
رەنگەکان
تێکەڵ و پێکەڵ ئەکەم ،
ڕەش و سپیم ،بۆ جیا ناکرێنەوە
رەنگەکانی تریش
بە هەمان شێوە.
بەم دەستە لەرزۆکانە،
ناتوانم قەڵەم بگرم .
چیتر شیعر نابێتە میوانم و
کۆتا شیعرم
بە نامۆیی ئەمێنێتەوە .
هەورێ ناکاتە باران !
تا دڵنەوایم بکا ،
من نازانم چۆن ؟ یان لە کوێ؟
گوڵی باخچەی هیوام ،
بە ئاوی ئومێد گەش ئەبێتەوە.
هەوا هێندە قورسە
هەناسەم تەنگ ئەبێ
خۆم نیازم وابوو دابەزم !
ئەڕۆم ئیتر ڕەنگە لەو دوونیا
درودی بەختەوەری ڕوم تێ بکات .
ڕیاز حاجی