Skip to Content

چایی و ماست! … ن/جەلال قادر

چایی و ماست! … ن/جەلال قادر

Closed
by كانونی دووه‌م 16, 2020 General, Literature

لەدڵی خۆیدا وتی :
تا مرۆڤ بەیانییان بە سەرمای زستان لەخەو ڕانەپڕێت و نەچێت بۆ کرێکاری، قەدری پارەداری و ژیانی خۆشگووزەرانی و گەرمای هاوین نازانێت.
لەگەل بەرەبەیان خۆی لەناو قاپووتە خاکییەکەی پێچایەوە و بە ئاسپایی لەدەرگەی ماڵ هاتە دەر.
بەم بەری بەیانییە جگە لە کرێکاروخەلکی کاسبکار و نەداران کەسیتری نەدەبینی. خواپێداوەکان درەنگتر لەخەو هەڵدەستن و قەیماخ وپەنیروڵۆڕ و هەنگوین و نانی چەور دەخۆن. لەم کاتەخۆزگەی بەو هاوڕێیانەی دەخواست کە زوو ئەم مەمڵەکەتەیان بەجێ هێشت و ڕزگاریان بوو لەدەست ئەم دەسەلات و سیاسیانە، کە هەر ڕۆژەی بە بیانوویەک میلەت بەشەڕ دەدەن.
بەدەم ڕێگەوە، ئەو ڕۆژانەی هاتەوە یاد، باوکی لەگەل مەلا بانگدان لەخەو هەڵدەستاو بەرەو مەیدانی کرێکاران دەکەوتە ڕێ. ئەویش لەژێر جێگەوە بیری لەوە دەکردەوە: ئاخۆ باوکم دەبێت چی بخوات و چۆن چۆنی پارەمان بۆ پەیدا بکات؟. کەچی ئێستا خۆی لەسەر هەمان شەقام ڕێدەکات و بیر لە رابووردوو دەکاتەوە، کاتێ باوک و باپیری لە سەر زەمینە هەمیشە ڕاکە ڕاکەیان بوە بەدوای تیکەیەک نانێکەوە و بە کۆیڵایەتی ژیاون.
لەچایخانەکەی سەرجادەکەی (رەحیم ئاوا) لەگەل کرێکارەکان دانیشت و داوای چایی و ماستی لە چایچییەکە کرد. وردە وردە ژمارەی خەلکی بێکار زێتر دەبوو، زۆربەشیان هەروەک ئەو چایی و ماست و نانی گەرمیان دەخوارد. هەرچەندە لەتوانایدا بوو قەیماخ و هەنگوین یان نۆکاو بکڕێت و بیخوات، بەلام ئەم لەمنداڵییەوە وا ڕاهاتبوو ئەگەر بۆ ژەمی بەیانیان ماست و چای نەخوات ڕۆژەکەی لێ تێکدەچێت. سەردەمانێک لەبەر هەژاری لەگەڵ خوشک براکانی سێ جەمە ماست و چایان دەخوارد، دێتە یادی جارێکیان ماستتەکە بەشیانی ناکرد، دایکی بڕێک ئاوی تێکرد و وتی : بخۆن تا سکتان دەتەقێت.
لەچایخانەکە پیرەمێردێکی قات لەبەر و شیک، زەڕبینێکی بەدەستەوەبوو. بەتەنیشتییەوە دانیشت و بزەخەندەیەکی کرد، لێیپرسی : دەتەوێت ناو لەپی دەستت بخوێنمەوە؟
سەیرێکی ناو لەپی دەستی خۆی کرد و وتی : پەنجا ساڵە ئەم دەستانەم ماندوون، ئێستا دەبێت تۆ چی تیا بخوێنیتەوە.
_ من دەتوانم ئاییندەت بخوێنمەوە.
+لەم ولاتە ئاییندەمان روون و ئاشکرایە.
پیرەمێردە فاڵچییەکە تووند دەستی چەپی گرت و خێرا ڕووانیە ناو لەپی و وتی : تۆ گەشتێکی دوورت لە پێشە!.
بەم وتەیەی سەری سوووڕما و ئارەزوویکرد، فاڵچییەکە ئاییندەی بخوێنێتەوە، خێرا لێیپرسی : چەندم لێدەسێنیت ؟
_ هەرچەند لەتواناتدایە، یان پارەی ژەمێک خواردنم بەرێ!.
بە چایچییەکەی وت : ژەمێ خواردن لەسەر حیسابی من بەم مێوانە بدە.
لەم کاتە کرێکارێک بە کۆخە کۆخ ، هەموو گیان دەڵەرزی، مێردمنداڵێکی دە ساڵانێکی لەگەلدابوو بەرانبەری دانیشتن و داوای ماست و چایان لە چایچیەکە کرد.
منداڵەکە کراسێکی شڕی لەبەردابوو، باوکەکە کە بەردەوام دەڵەرزی چاکەتێکی کۆنی پۆشیبوو، دیاربوو لە یەک دوو شوێن بە دوورمان دوورابوەوە. باوکەکە جەمانییەکەی دایە بانشانی و بە کوڕەکەی وت : چای کەم ڕەنگ بخۆ گەرم دەبییتەوە.
ئەویش هێشتاپاروەکەی بەدەمەوە بوو، لە باوکەکەی پرسی : نەخۆشییت؟
_ بەڵێ…سەرمام بوە…

  • بۆ کوێ دەچیت؟
    _ بۆ کرێکاری، ئیشێک هەیە دەبێت تەواوی بکەم. ئەم کوڕە بچکۆلەنەم یارمەتیم دەدات.
  • هەنگوین بخؤ گەرم دەبیتەوە.

هەرچەندە لە وتەکەی پەشیمان بوەوە، بەلام تازە قسە لەزار دەرچوو و ناگەڕێتەوە.
باوکە و کوڕە لەسەرخۆ نانی گەرمیان لەباوەش داناو پڕ بەدڵ تیکەیان لە ماستەکە دەدا و دەیانخوارد.
کابرای فاڵچی بەدەم نانخواردنەوە ڵێیپرسی : ئێستا ئامادەیت، ناو لەپی دەستت بخوێنمەوە.
ئەمش زەردەخەنەیەکی بۆ کرد و وتی : کاسبییەکەی تۆ خەراپ نییە، بەلام لەم ولاتە ناو لەپی دەستەکان وەک یەک وایە. ئەگەر ئاسمان گڕ بگرێت، ئێمە لێرە خوێن دەڕێژین.
_ مەبەستت چییە، چۆن دەبێت یەک چارەنووسمان هەبێت؟ تکایە دەستم بەرێ تا بیخوێنمەوە.
فاڵچییەکە بەزۆر دەستی ڕاکێشا و زەڕەبینەکەی لەچاوکرد و کەوتە خوێندندنەوەی.
ئەوش چاوی لە مێردمنداڵەکە بوو، کە خێرا لەتە نانەکەی دەخستە ناو ماستەکەو قوومی لە چایەکە دەدا.
لەهەمان کات گوێی لە فاڵچییەکە بوو پێیگووت : ببوورە ‌هێڵەکانی ناو لەپی دەستت گرژوخاوبوونەتەوە، ناتوانم بیانخوێنمەوە!.

زستانی ٢٠٢٠

Previous
Next
Kurdish