Skip to Content

سیستم لە ئاست جددیەت و گاڵتەجاڕیی … ئەحمەد ڕەسوڵ

سیستم لە ئاست جددیەت و گاڵتەجاڕیی … ئەحمەد ڕەسوڵ

Closed
by حوزه‌یران 17, 2020 General, Opinion, Slider


ئۆتۆرێتی لەسەر دیسپلین و یاسا بینادەکرێت.

کە دەڵێین یاسا دەبێت هێما بۆ ئەوە بکەین چ ڕستێک لە یاسا؟!


یاساگەلێک کە کەشوهەوای فەزای گشتی دەکەنە کەشوهەوای نێو دەزگاکان، دەزگاکانیش قاندراو بە هەوایەکی خنکێنەر. هەوای یاسا توندەکانی چاودێری و سزا. واتا هەواڵدان بۆ سیمیلاریزەکردنی فەزای گشتی “جا فەزای گشتی- واقعیی وەک شوێنەکانی پێکگەیشتن و کۆبوونەوەی هاونیشتمانییان لە بابەت پارک، ناوەندە کلتوری و فەرهەنگییەکان، شەقام و قاوەخانەکان …هتد بێت یان فەزای گشتی- مەجازی وەک تۆڕەکانی پێکگەشتنی کۆمەڵایەتی و ماڵپەڕ و ڕووبەرەکانی دەربڕینی بیروڕا و گفتوگۆی خەڵک لە ڕێگای هێڵەکانی ئینتەرنێت و ئامێرە تەکنۆلۆژیەکانەوە بێت” بە فەزای نێو دەزگا بیرۆکراتیەکانی جەستەی ئۆتۆرێتی خۆی. یاساگەلێک کە نوێنەرایەتی ئۆتۆرێتی دەکەن دژ بە هەناسەدانی ئازادانەی تاکەکەسەکان.
لێرەدا یاسا بەجێی ئەوەی ئازادیی فەراهەم بکات و بیپارێزێت خۆی دەبێتە مۆتەکە دژ بە ئازادیی تاکەکەسەکان. کەسەکان دەبێت ڕەفتار و گوفتاریان لە چوارچێوەی یاسا و دیسپلین بێت، هەڵبەت یاسا و دیسپلین کە لە خزمەت ئۆتۆرێتیدایە. واتا یاساکان و ڕێنماییەکان کە بەسەر دەزگاکاندا دادەسپێنرێت و دواتریش هەوڵدەدرێت هەمان ئەو ئەتمۆسفیرە کۆنتڕۆڵکراو و دەستبەسەرداگیراوەی نێو دەزگاکان بگوازرێتەوە بۆ نێو فەزای گشتی. واتا هەمانشێوەی ئەتمۆسفیری نێو دەزگاکان، ئەتمۆسفیری فەزای گشتییش کۆنتڕۆڵبکرێت و دەستیبەسەردابگیرێت.

لەم جۆرە سیستمەدا ئۆتۆرێتی هیچ نیە جگە لە دەسەڵاتدارێتی بەسەر کۆمەڵگا وەک ڕووبەرێکی گشتیی کۆمەڵایەتی، گروپ و تاکەکەسەکاندا بەمەبەستی هەرچی زیاتر بێدەنگکردنیان کاتێک سیستم پێویستی بەبێدەنگییە “هەڵبەت لەم دۆخەدا بێدەنگیی مانای نەبوونی بەرەنگاری و ناڕەزایەتی دەگەیەنێت” وە دەنگپێهەڵبڕینی کۆڕاڵئاسایان کاتێک سیستم پێویستی بە ماڕشی گەورەیە بۆ نمایشیی هێز، توانایی و گەورەیی خۆی. واتا لە نێو ئەم جۆرە سیستمەدا نەبێدەنگیی، بێدەنگیی ئینسانەکان خۆیانە و نە دەنگهەڵبڕینیان، هاتنەدەنگیی ڕاستەقینەی ئینسانەکان خۆیانە. بەڵکو هەم بێدەنگیی و هەم دەنگهەڵبڕینی خەڵک “لەم دۆخەدا”، بێدەنگیی و دەنگهەڵبڕینی سیستم خۆیەتی، بۆیە ئیتر شتێک نامێنێت بەنێوی دەنگ و بەرجەستەکردنی کۆمەڵگا بۆ ئەوەی لە نێو هەناویدایە، بۆیە شتێک بەنێوی ئازادیی تاک و گروپەکان لەمجۆرە سیستمەدا نەک ناتوانێت هەبێت بەڵکو دەبێتە هەڕەشە بەسەر سیستمەوە.
بۆیە ئەم جۆرە لە سیستم بەگشتی، دۆخی جدییەت و وابەستەیی دەکاتە دۆخی باو و زاڵ لە ژیانی ڕۆژانەییدا. دەزگاکان و فەزای گشتیی دەبنە شوێنی نمایشی یاساکان و دیسپلینەکان بە ئامانجی کۆنتڕۆڵکردن و بەڕۆبۆتکردنی تاکەکەسەکان.
ئۆتۆرێتی “لەمجۆرە سیستمەدا” واتا دەسەڵاتی بێسنوور و لەدەرەوەی کۆنتڕۆڵ و چاودێریی بازنەیەک لە کەسانی سەروویاسا و سەروولێپرسینەوە بەسەر تەواوی دەزگاکاندا، بەسەر دەسەڵاتدارێتی خۆشیدا. واتا ئەم جۆرە لە سیستم نە کۆمەڵگا و تاکەکەسەکانی کردووە بە ئامانجی خۆی بەمەبەستی لە خزمەتدابوون و پاراستنیان، وە نە بەرژەوەندی گشتیی و ژیانی پێکەوەیی ئینسانەکانی کردووە بە ئامانج، تەنانەت نە یاساکان و دەزگاکانیشی کردووەتە ئامانجی خۆی، بەڵکو ئەوەی لە ئامانجیدایە و لە هەناویدا چێنراوە بۆ لەخزمەتدابوون و پاراستن، دەسەڵات و ئۆتۆرێتیی بازنەیەکی بچوکە کە دەشێت بنەماڵەیەک بێت یان زیاتر وە یان گروپێکی پێکهاتوو لەگەڵیەکدا یان هەندێجار تەنها کەسێکە لە لوتکەی هەڕەمەکەدا.

سیستم وەک ڕوخسارێکی گرژومۆن، گاڵتەجاڕیی وەک دژوەستانەوە بە سیستم

ئیتر لێرەدا سیستم و ئۆتۆرێتی دەیانەوێت بچنە هەر کونج و کەلەبەرێکەوە و هیچ پنتێک نەمێنێتەوە لە ژیانی کۆمەڵگا و ڕووبەری گشتییدا دەستیانپێڕانەگەیشتبێت و بە یاسا و ئەمر و نەهییەکان دیسپلین و کۆنتڕۆڵنەکرابێت. بۆیە سیستم هەموو ڕووبەرێک بە جددیەت و ڕەسمییەتی خۆی دادەپۆشێت. واتا سیستم، هەم دەزگاکان و هەم فەزای گشتی “واقعی و مەجازی” دەکاتە شوێنی بەلاغە ڕەسمییەکان و قسە و گوتارە جددیەکانی دەسەڵات خۆی. بەڵام لێرەدا دەبێت هێما بۆ ئەوە بکرێت، کە پێشتر باسلەوەکرا کە بێدەنگی و دەنگهەڵبڕینی خەڵک ئەو کاتەیە کە سیستم دەیەوێت، واتا سیستم دیاریدەکات کەی ئینسان بێدەنگ بێت و کەی دەنگی هەبێت. بەهەمانشێوە سیستم خۆی ئەوەش دیاریدەکات کە چۆن و کەی و تا چەند بۆمان هەیە کۆمیدی و نوکتەباز بین. واتا ئەوە سیستمە کە دەمانکاتە بوقی دەنگدانەوەی نوکتە و گاڵتەجاڕییەکانی خۆی. ئۆتۆرێتی لە هەندێ ساتدا “کە زۆر نیین” نوکتەیەک و کۆمیدیایەک دێنێتە گۆڕێ و لە دوای ئەوەوە ئێمە بۆمان هەیە پێبکەنین و نوکتە و فشقیاتەکەی ئەو چەندین جار بڵێینەوە و سەرسام ببین پێی لە شادیهێنیی و خەندەزاییدا. تەنانەت لەم دۆخەدا ئەگەر تاکەکەسەکان پێکەنینان نەیات و نوکتەکەی ئۆتۆرێتیی و سیستم بە نوکتەکی خۆش و خەندەهێن نەزانن و دانەنێن، دەکەونە بەرەی دژ بە دیسپلین و دژ بە یاسا و لەوێوە دژ بە سیستم.
بەوپێیەی ئەم جۆرە لە سیستم هەر ناجددییبونێک بە دەرچوون لە دیسپلین دادەنێت و هەر جۆرە گاڵتەجاڕییەک بە لەقبوونی دەسەڵاتی خۆی دەزانێت، هەڵبەت جگە لەو ساتانەی کە خۆی بەرهەمهێنی ناجددییبوونە وەک پێشتر هێمای بۆ کرا، بۆیە هەموو کات و لە هەر شوێنێک سیستم لە ڕێگای یاسا ڕاگەیەنراو و ڕانەگەیەنراوەکانیەوە، لە ڕێگای دیسپلینە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانیەوە، شوناسیی جدییبوون و ڕەسمییەت وەردەگرێت. جدییەت و ڕەسمییبوون سەر بە سیستم و ناجددییبون و نارەسمییبوون دەبێتە لاساریی و بێگوێیی لە ئاست سیستمدا. لێرەوە گاڵتەجاڕیی و فوکاهەت مانای یاساشکێنیی و لادەریی “لادان” وەردەگرن و دەبنە دوژمنی سیستم. لە دۆخێکی وەهادا هەر جۆرە فشقیات، نوکتە و گاڵتەجاڕییەک کە بەدەر لە ڕێپێدان و مۆڵەتی دەسەڵات و سیستم بێت “واتا لە دەرەوەی ئەو سات و مەبەستە بێت کە سیستم و ئۆتۆریتی خۆی بەرهەمهێنی ئەو فشقیات و گاڵتەجاڕییەیە” و وەک کردەیەکی یاخیگەرانە و دژ بە سیستم لەلایەن سیستمەوە و وەک کردەیەکی شۆڕشگێڕانەی ئازایانە و ئازادانە لەلایەن خەڵکەوە هەژماردەکرێت.
کاتێک باس لەمجۆرە لە سیستم دەکرێت و ئەو خواستە توندەی دەسەڵاتخوازیی ئاماژەی پێدەکرێت، خۆبەخۆ مەرج نیە کە سیستم و دەسەڵاتدارێتیەک لە بەردەمماندا بێت لە بابەت کۆریای باکوور و بەدەر لەوە نەتوانین بۆ ناونانی هیچ سیستم و ئۆتۆرێتییەکیدی بەکاریبهێنین. سیستمێک و دەسەڵاتدارێتیەک کە لە کوردستان لە دوای ڕاپەڕێنەوە “بە تایبەت و بە دیاریکراوی لە دوای کەوتنی بەعسەوە لە ٢٠٠٣” پایەدارە و کاری بۆ دەکرێت لەمجۆرە سیستمەیە بەڵام هێشتا توانایی داپۆشینی هەموو درز و کەلەبەرێکی نێو کۆمەڵگای ئێمەی نییە و هێزی لەنێوبردنی ئەو پەڕاوێزەی خۆبەرجەستەکردنی خەڵک “بە هەموو شێوازەکانیەوە” ی نەبووە. واتا خواستێکی توندی دەسەڵاتخوازیی و هیرارکیەتێکی ئۆتۆرێتی کە هەنگاو بەرەو دامەزراندنی سیستمێکی لەوجۆرە دەنێن ئامادەن، بەڵام هێشتا توانایی سەراپاگیری و دیسپلینی نەگەیشتۆتە ئاستی کۆنتڕۆڵکردن و دەستبەسەرداگرتنی تەواوی ڕووبەری گشتی و هەموو کۆمەڵگا.
کۆمەڵگای کوردی لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ ەوە “هەڵبەت پێشتریش ناڕەزایەتی و بەرەنگاربوونەوەی سیستم بە جۆری جیاواز و لە وێستگەی جیاواز و لەسەر ڕووداو و بڕیاری جیاواز هەبوون، بەڵام مەودایەکی کۆمەڵایەتیی بەرفراوانیان نەبووە، بەڵکو ئەوە لە دوای ٢٠٠٥ ەوەیە کە نارەزایەتی و توڕەیی خەڵک بە جۆری جیاواز تەعبیر لە خۆی دەکات و لەسەر ئاستێکی گشتیی و کۆمەڵایەتیی بەرفراوان خۆی بەرجەستە دەکات” دەستیکردووە بە ئەزموونکردنی هەموو ڕێگاکانی بەرەنگاریی و بەرجەستەکردنی ناڕەزایەتی و توڕەبوونەکانی خۆی لە ئاست دەسەڵاتدارێتیەک کە جگە لە بەرژەوەندییەکانی خۆی و پترکردنی هەژموونی خۆی بەسەر کۆمەڵگاوە هیچیدیکە نازانێت. لە ساڵی ٢٠٠٦ و سوتاندنی مۆنیومێنتی شەهیدانی کیمیاباران لە هەڵەبجەوە تا ئێستا ڕێگاکانی نارەزایەتی توندوتیژانە، سوتاندن، خۆپیشاندانی بەردەوام و گردبوونەوەی بێشومار و تا دەگات بە ئۆپۆزیسیۆنی پەرلەمانی و دواتر بە هاوار و توڕەبوونەکانی سەر تیڤی و وتار و نوسین لە مێدیا و ئەم چەند ساڵەی دواییش لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا. بەڵام بە درێژایی ئەم هەموو ساڵانە و لە تەنیشت هەموو جۆرەکانی نارەزایەتی و کردەی بەرەنگارییەوە، شێوازێکی دیکەی بەرەنگاریی و دژوەستانەوە بە سیستم، بە دەسەڵاتدارێتی و بە تاکەتاکەی دەسەڵاتدارانیش و لەسەر هەر ڕووداو و دیاردەیەک، شێوازێکی کاریگەر و زوو بڵاوبووەوە بە نێو کۆمەڵگادا، شێوازی شیعری ساتیری، نوسینی کۆمیدی، کاریکاتێری ڕەخنەگرانە و فشقییات بە یاسا و دیسپلیەکان، ڤۆیسی قەشمەریکردن بە سیستم و ڤیدیۆی گاڵتەپێکردن و پێڕابواردنی هەندێجار، بە سیستم و دەسەڵاتدارێتیەکە، هەندێجار بە دەزگاکان و دەسەڵاتداران بووە. ڤیدیۆی گاڵتەجاڕانەی زۆر بڵاوبووەوە بە نێو خەڵکدا لە نموونەی ڤیدیۆکانی کۆچکردوو کاک عەبدوڵڵا هەڵەبجەیی، چەند ڤیدیۆکەی کاک سەردار “لەبەینی دوو کەوانەیا” لە ماوەی پێشوو، هەروەها لەم چەند ڕۆژەی پێشوو ڤیدیۆی کەسێکە لە پشت “وابزانم” بلۆکێکەوە بەشێوازی چاوشارکێ لە سەر کەمپەینی “کوا٤٠٠ملیارەکە؟”.
لەوانەیە هەندێک وابزانن یان وایڕادەگەیەنن کە گوایا ئەو شێوازە لە ڕەخنە و دژوەستانەوە بە ڕووی دەسەڵاتداراندا، بێکاریگەر و تەنانەت جۆرێکە لە خۆخاڵیکردنەوەی بێئەنجام کە کاریگەریی لەسەر هێوربوونەوەی توڕەیی خەڵک دادەنێت لە پەنانەبردنە بەر ڕێگاکانیتری بەرەنگاریی. بەڵام من بەپێچەوانەوە دەیبینم، جگە لەوەی یەکێک لە ئامرازە گرنگ و ئاسانەکانە بەدەست خەڵکەوە بۆ فشاردانان لەسەر دەسەڵات و دەسەڵاتداران و تەنانەت بەڕاددەیەک دەتوانین بڵێین کاریگەرە لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی میللیی و کۆیی لە بەڕووداوەستانەوەی دەسەڵات و دەسەڵاتداراندا، ڕێگایەکی کاریگەریشە لەسەر دەسەڵاتداران بەڕاددەیەک هێندەی وێنەی دەزگایەک یان دەسەڵاتدارێک بە چەند ڕستە و گوزارشێکی قەشمەرجاڕانەوە دەزگاکان و دەسەڵاتداران بێزار و نیگەران دەکات، لەوانەیە بە چەندین ئامرازی دیکەی فشاردانان نەتوانن ئەو کاریگەریە جێبهێڵن لەسەر دەسەڵاتداران. قەشمەریپێکردن و تانەلێدانی دەزگاکان بە گوزارش و وێنەی گەپئامێز و فشقیاتئامێزەوە دەتوانێ زەبرێکی کاریگەرتر بێت کە لە شکۆی ڕەسمیی ساختەچییانە و قاوغی بەتاڵی جدییانەی دەسەڵات و دەسەڵاتداران بدرێت.

Previous
Next
Kurdish