 
	لە پەراوێزدا … نەوزاد بەندی
Closed							
	
						
						
					— کە ڕەنجی ٣٠ ساڵی ھونەرمەندێک + یەک چەقەنەی چەکدارێ لە ڤێلایەکدا بەریەک ئەکەون و ئەبنە دراوسێ—
چەکدار : وەرە بالکۆنەکەوە
تۆ بە کەمانچە
شار پڕکە لە ئاواز
من بە دەمانچە
شار پڕ ئەکەم
لە ھەتیوو
بێوەژن و
لانەواز ..
- * *
کە لە توبی عەدلی ، تەماشای حەواصڵی شاعیرێ ئەکەن ، ئەمانە ئەخوێننەوە:
دڵم  پڕە
لە ھەواڵ و ھەوڵی  فڕاندنی یار
لە مۆڕەی باوک ..
لە  کەلەپچە..
لە ئیلقائلقەبزی پۆلیس..
لە  چەقۆی ئەبوئەڵقەی برا..
لەپەیژەی دز ..
لە نامەی نیوەتەواو کراو
و
نیوەقەدکراو
و
نیوە ھەڵدراو
بۆ 
حەوشەی یار ..
پڕە لە ڕەسمی ڕەش و سپی و
ڕەنگاوڕەنگ  و
جامی وێنەی
زەردھەڵگەڕاو
ئەمە دڵە
یان پاشماوەی
پۆلیسخانە و
حەپسخانە ؟
ئەمە شارە
یان زیندانە ؟


 
			 
			 
			