Skip to Content

دەنگی پێی ئاو … سوهراب سپهری

دەنگی پێی ئاو … سوهراب سپهری

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 3, 2019 General, Poems


خەلکی کاشانم،
ژیانم خەراپ نییە،
لەتەنانێکم هەیە، تۆزێك ئاوەز، نووکەدەرزییەک شێواز،
دایکێکم هەیە باشتر لە گەڵای دار،
هاوڕێیانێك باشتر لە ئاوی ڕەوان و 
خودایەکم لەم نزیکانەدایە،
لە نێو ئەو شەوبۆیانە ، لەدامێنی ئەو سنەوبەرە بەرزەوە،
لەسەر تەڤلی ئاو، لەسەر یاسای گیا،
موسڵمانم،
ڕووگەم گوڵێکی سوور،
شەملکم کانییە، بەردەمۆرم ڕووناکی،
پێدەشت، بەرماڵی من،
دەستنوێژ بە دڵەتەپێی پەنجەرەکان دەگرم،
لە نوێژمدا ڕێژگەی مانگ و ڕێژگەی شەبەنگ دیارن،
لەوبەری نوێژەکەم، بەرد دەبینرێ،
هەموو گەردیلەکانی نوێژم بوونەتە کریستاڵ،
ئەو دەمانە نوێژ دەخوێنم،
با بانگەکەی دابێت،
بای سەر گومبەتی دارسەوڵ،
من نوێژ دەخوێنم بەدوای “تەکبیرەالاحرام”ی گیادا،
بەدوای قامەتبەستنی شەپۆلەوە،
ماڵی خودام تەنشتی ئاوە،
ماڵی خودام لەژێر ئەرخەوانەکاندایە،
ماڵی خودام وەکوو سروە، دەشنێ باخ بەباخ،
دەشنێ شار بەشار،
“حجرالاسودی”من رۆشنایی باخچەیە،
خەڵکی کاشانم
نیگارکێشم،
بڕێک جار، قەفەسێک ساز دەکەم بە ڕەنگ،
دەیفرۆشم بە ئێوە،
تا بە گۆرانیی مێلاقە کە تێیدا بەند کراوە،
دڵی تەنیاییتان ببووژێتەوە،
چ خەیاڵێك، چ خەیاڵێك….دەزانم،
پەردەی وێنەکەم بێگیانە،
باش دەزانم، ئەستێرکی وێنەکەم بێ ماسییە،
خەڵکی کاشانم،
ڕەنگە ڕەچەڵەکم بگاتەوە،
بەگیایەك لەهیندستان، بەگڵێنەیەك لەخۆڵی “سیلك”،
ڕەنگە ڕەچەڵەکم بگاتەوە بە ژنێکی سۆزانی،
لەشاری بوخارا،
باوکم بەدوای دوو جار هاتنی 
پەرەسیلکەکان، بەدوای دوو بەفر،
باوکم بەدوای دوو نووستن لەژێر تریفەدا،
باوکم لەوبەری زەمەنەکانەوە مردووە،
ئاسمان شین بوو کاتی مردنی باوکم،
دایکم لەخەو ڕاچڵەکا ناکاو،
خوشکم جوان بوو،
کاتی مردنی باوکم، پاسەوانەکان بوونە شاعیر،
پیاوە بەقاڵەکە لێی پرسیم: چەند مەن کاڵەکت دەوێ؟
لێم پرسی: دڵت خۆش، سیرێك بەچەند؟
باوکم نیگارکێش بوو،
تاری چێ دەکرد، تاریشی ئەژەند،
خەتێکی جوانیشی هەبوو،
باخی ئێمە بەلای سێبەری زانستدا،
باخی ئێمە گرێدراوی هەست و سەوزایی،
باخی ئێمە نوختەی یەککەوتنی نیگا و قەفەس و ئاوێنەیە،
باخی ئێمە کەوانەی جەغزی شینی بەختەوەری بوو،
ئەو سەردەمە لووچکاندنمان لەخەو،
میوەی نەگەیشتووی خودا، بوو،
بەبێ فەلسەفە ئاوم دەخواردەوە،
تووتڕکم بە بێ زانست دەڕنییەوە،
بە قڵیشی هەنارێکەوە،
دەستم فوارەی تکا بوو،
بە جریوەی چۆلەکەیەك،
گیانم لەزەوقی بیستن دەسووتا،
بڕێکجار تەنیایی،
چاوی دەنا بەپەنجەرەکەمەوە،
شەوق دەهات و دەستی لە ئەستوی هەست دەکرد،
هزر گەمەی دەکرد،
ژیان لە بارانی جێژن، لە چناری پڕ لە چۆلەکە دەچوو،
ژیان لەوکاتەدا،
ڕیزی ڕووناکی و بووکەشوشە بوو،
باوەشێك ئازادی بوو،
لەو کاتەدا ژیان،
حەوزی مۆسیقا بوو،
لە کۆڵانی چۆکڵەقنگەدا منداڵی بەئەسپایی دوور دەکەوتەوە،
باری خۆمم لێ نا و
لەشاری خەیاڵاتی خاو ڕۆیشتم،
دڵیشم پڕ لە غوربەتی چۆکڵەقنگەکان،
بەمێوانیی دونیاوە دەڕۆیشتم،
بە سارای کەسەر،
بەرەو باخی عیرفان،
من بەرەو هەیوانی چراخانی زانست دەڕۆیشتم،
بە پلیکانی مەزهەبدا سەرکەوتم،
هەتا کۆتایی کۆڵانی گومان،
هەتا هەوای فێنکی بێنیازی،
تا شەوی تەڕی خۆشەویستی ڕۆیشتم.
لەناو ڕازی ئەڤیندا بۆ بینینی کەسێك دەڕۆیشتم،
ڕۆیشتم و ڕۆیشتم تا ژن،
تا چرای چێژ،
تا بێدەنگیی پاڕانەوە،
هەتا دەنگی پڕی تەنیایی،
زۆر شتم بینی لەڕووی زەوین،
منداڵێکم بینی مانگی بۆن دەکرد،
قەفەسێکی بێ دەرگام بینی، ڕووناکی لەوێ هەڵدەفڕا،
ئەڤین بە پەیژەیەك، سەردەکەوتە
سەربانی مەلەکووت،
ژنێکم بینی، ڕووناکی لە دەسکەواندا دەکوتا،
سفرەی نیوەڕۆیان نانی تێدا بوو،
سەوزە و قاپێکی ئاونگ و کاسەیەکی داخی خۆشویستی تێدا بوو، 
من هەژارێکم بینی دەرگا بەدەرگا،
سواڵی نەغمەی بولبولی دەکرد،
پاکەوانێکم بینی نوێژی لە توێکڵی کاڵەك دەبەست،
بەرخێکم بینی کۆلارەی دەخوارد،
گوێدرێژێکم بینی لە وێنجە تێدەگەیشت، 
لە مێرگی “ئامۆژگاری” ڕەشەوڵاخێکی تێرم بینی،
شاعیرێك لەکاتی خۆێندنەوەدا،
بە گوڵی سوێسەن دەیگوت: “ئێوە”
من کتێبێکم بینی وشەکانی لە ڕەگەزی بلوور،
کاغەزێکم بینی لەڕەگەزی بەهار،
مۆزەیەکم بینی بێ سەوزایی،
مزگەوتێکم بینی بێ ئاو،
لەسەرینی فەقیێەکی بێهیوا،
گۆزەیەکم بینی، لە پرسیار لێوڕێژ،
قاترێکم بینی بارەکەی “وتار”،
وشترێکم بینی سەوەتەی بارەکەی بەتاڵ لە”ئامۆژگاری”
شێخێکم بینی توێشەی “های و هۆ”،
شەمەندەفەرێکم بینی هەڵگری ڕووناکی،
من شەمەندەفەرێکم بینی،
فیقهی دەبرد و قورس دەڕۆیشت،
شەمەندەفەرێکم بینی هەڵگری سیاسەت، چەندە خاڵی بوو،
شەمەندەفەرێکم بینی تۆوی
نیلووفەر و نەغمەی کەناری دەبرد،
فڕۆکەیەکیش لەبەرزاییی هەزاران پێ،
لەجامەکانیەوە زەوین دیار بوو،
پۆپنەی پەپۆسڵێمانە،

خاڵەکانی باڵی پەپوولە،
وێنەی بۆقێك لە حەوزدا،
تێپەڕبوونی مێش بە کۆڵانی تەنیاییدا، 
تکای ڕوونی چۆلەکە، کاتێك لەچڵی چنار،
دێتە زەوین و
ئیحتیلامی هەتاو،
دەستلەملانی بووکەشووشە و بەیانی،
پەێژەیەک
بەرەو گوڵخانەی شەهوەت،
پەێژەیەک بەرەو سەردابی ئەلکهول،
پێژەیەک بەرەو لەناوچوونی گوڵی سوور و
ئاوەزی فێرکاری ژیان، دەڕۆیشتن،
پێژەگەلێک بەسەربانی ئیشراق و
ئەوانەی بەرەو سەکۆی خۆنوێنی دەڕۆیشتن،
دایکیشم لەخوارەوە،
لە بیرەوەری ڕووباردا، پەرداخەکانی دەشووشتن،
شار دیار بوو،
ڕواوە هەندەسەی سمنت و ئاسن و بەرد،
ساپیتەی بێ کۆتری سەدان ئوتووبۆس،
گوڵفرۆشێك داشکاندنی بۆ گوڵەکانی دەکرد،
نێوان دوو یاسەمین،
شاعیرێك جۆڵانەی هەڵدەواسی، 
بە دیواری قوتابخانە،
کوڕێك بەردی دەهاویشت،
منداڵێك دەنکە شڵانەی تف دەکردوە بە سەر بەرماڵی ڕەنگبزڕکاوی باوکیدا، 
لەخەریتەی جوگرافیای “خەزەر”، بزنێك ئاوی دەخواردەوە،
سوتیەنێکی بێ ئوقرە بەتەنافی جلەکانەوە دیار بوو،
چەرخی گارییەك لە داخی بەجێمانی ئەسب،
ئەسب لە داخی نووستنی گاریچی،
پیاوەگاریچیەکە لەداخی مەرگ،
ئەڤین دیار بوو، شەپۆل دیار بوو،
بەفر دیار بوو، هاوڕێیەتی دیار بوو،
وشە دیار بوو،
ئاو دیار بوو، وێنەی شتەکان لە ئاودا دیار بوون،
سێبەری فێنکی سیللولەکان لە کەفی خۆێندا،
لایەنی شێداری ژیان،
رۆژهەڵاتی کانگای مەراقی مرۆڤ،
وەرزی گەڕاڵی بە کۆڵانی ژندا،
بۆنی تەنیایی لە کۆڵانی وەرز،
بارۆشەیەك لە دەستی هاویندا دیار بوو،
سەفەری تۆو بە گوڵدا،
سەفەری ماڵەوماڵی لاولاو،
سەفەری مانگ بەرەو ئەستێرك،
هەڵقوڵانی گوڵی داخ لە خاك،
شۆڕبوونەوەی تەرزی مێو بەدیواردا، 
بارینی ئاونگ بە سەر پردی خەودا، 
هەڵبەزینی شادی لەخەرەندی مەرگەوە 
تێپەڕبوونی ڕووداو، بەدوای قسەدا،
شەڕی ڕووچنە و تکای ڕووناکی،
شەڕی پەێژەیەک لەگەڵ هەنگاوی بەرزی هەتاو،
شەڕی تەنیایی و نەغمەیەك،
شەڕی جوانی هەرمێیەکان لەگەڵ سەبەتەیەکی خاڵی،
شەڕی خوێناوی هەنار و ددان،
شەری “نازییەکان” و لاسکی ناز،
شەڕی تووتی و تەپاڕاوی،
شەڕی هەنیيە و ساردیی بەردەمۆر،
هێرشی کاشیی مزگەوت بە سوژدە،
هێرشی با، بە هەڵاتنی بڵقی سابوون،
هێرشی سوپای پەپوولە بەسەر پلانی “ئافەت کووژە”
هێرشی پۆلێك چوکلەقنگە، بەسەر ڕیزی بۆریچییەکان،
هێرشی هێزی سیاقەڵەم بەسەر پیتە زیوینەکان،
هێرشی وشە بۆ چەناگەی شاعیر،
گرتنی یەك سەدە بە یەك شیعر،
گرتنی باخچەیەك بە دەستی ڕیشۆڵەیەك،
گرتنی کۆڵانێك بە دەستی دوو سڵاو،
گرتنی شارێك بە دەستی سێ چوار ئەسپسواری دارینە،
سەرکەوتنی جێژنێك بە دەستی دوو بووکەشووشە و تۆپێك،
کوژرانی زڕزڕەیەك لەسەر دۆشەکی نیوەڕۆ،
کوژرانی چیرۆکێك لەسەرەتای کۆڵانی خەو،
کوژرانی خەمێك بە فەرمانی سروود،
کوژرانی تریفە بە فەرمانی نیون،
کوژرانی شاعیرێکی گرژ بە دەستی گوڵی سەهۆڵین،
هەموو دیمەنی زەوین دیار بوو،
شەقام بەکۆڵانی یووناندا دەڕۆی،
بایەقوش لە باخی شندل دەخۆێنێ،
با لە ملەی خەیبەر ڕایدەپێچا مەڵۆیەک پەڵاشی مێژوو بەرەو رۆژهەڵات،
بەسەر گۆلی ئارامی ” نگین” بەلەمێك گوڵی دەبرد،
لە”بنارس” سەرەتای هەر کۆڵانێك،
چرایەکی ئەبەدی داگیرسا بوو،
خەڵکم بینی،
شاکارەکانم بینین،
سارا و چیاکانم بینین،
ئاو و خاکم بینی،
ڕووناکی و تاریکیم بینی،
لەڕووناکیدا و لەتاریکیدا سەوزاییم بینی،
ئاژەڵم لەڕووناکی و تاریکیدا بینی،
مرۆڤم لەڕووناکی و تاریکیدا بینی،
خەڵکی کاشانم،
بەڵام،
شاری من کاشان نییە،
شارەکەی من ون بووە،
من بەتاقەت و سەبر،
ماڵێکم لەوبەری شەودا ساز کردوە،
من لەم ماڵەدا،
بە گومناوی شێداری لەوەڕ نزیکم،
من دەنگی هەناسەی باخچە دەبیستم،
دەنگی تاریکییش،
کاتێك لە گەڵایەکەوە دەڕژێ،
دەنگی کۆخەی ڕووناکی لەوبەری دارەوە،
دەنگی پژمەی ئاو لەدرزی بەردەوە،
جریوەی پەڕەسیلکە لەساپیتەی بەهارەوە،
دەنکی زوڵاڵی کرانەوە و بەستراوەی پەنجەرەی تەنیایی،
دەنگی بێ خەوشی،
داماڵینی کاژی ناڕوونی ئەڤین،
چڕبوونی زەوقی فڕین لەباڵدا،
زەنگ بردنی خۆڕاگری ڕووح،
من دەنگی پێي تکا دەبیستم،
دەنگی یاسایی خوێن لە دەمارەکان،
لێدانی کازیوەی کۆترە شینەدا،
لێدانی دڵی شەوی هەینی،
بزوتنی گوڵی مێخەك لە هزردا،
حیلاندنی پاکی راستی لە دوورەوە،
من دەنگی شنەی ماك دەبیستم،
دەنگی پێڵاوی ئیمان لە کۆڵانی تامەزرۆیی،
دەنگی دڵۆپی باران لەسەر برژۆڵی عيشق،
لەسەر مۆسیقای خەمباری ئیحتیلام،
لەسەر نەغمەی باخی هەنار،
دەنگی هەڵوەشانی شووشەی شادی لە شەودا،
شیتاڵبوونی کاغەزی جوانی،
پڕ و خاڵیبوونەوەی کاسەی غوربەت لە”با”
من لەسەرەتای زەوین نزیکم،
لێدانی دڵی گوڵەکان دەبینم،
شارەزام بە چارەنووسی تەڕی ئاو و خووی سەوزی درەخت،
ڕووحی من بەرەو تازەبوونەوەی شتەکان دەڕوا،
ڕووحی

من ساوایە،
ڕووحی من جار بەجار لە خۆشیاندا کۆخەی دێ،
ڕووحی من بێکارە،
دڵۆپەکانی باران و درزی خشتەکان دەژمێرێ،
ڕووحی من جار بەجار،
وەکوو بەردێك سەرەڕێى حەقیقەتە،
من دوو سنەوبەرم نەبینیوە لەگەڵ یەکدا دوژمن،
نەمبینیوە بی، سێبەرەکەی بفرۆشێ بە زەوین،
وزم بەخۆڕایی، سێبەری خۆی دەداتە قاڵاو،
بەبینینی هەر گەڵایەك زەوقی من گەشەی دێ،،
بنچکی خەشخاشێك،
شوشتوومی بەلافاوی هەبوون،
وەکوو باڵی مێروو ئاگام لە کێشی کازیوە هەیە
وەکوو ئینجانەیەك گوێم لە مۆسیقای ڕواندنە،
وەکوو زەمبیلێیکی پڕمیوە شەوقی گەیشتنم هەیە،
وەکوو مەیخانەیەک لە سنووری بارگرانیم،
وەکوو ماڵی قەراخی دەریا،
نیگەرانی چڕبوونەوەی درێژی ئەبەدیەتم،
هەتا بتهەوێ هەتاو و هەتا بتەوێ پەیوەندی و هەتا بتەوێ زۆری،
من ڕازییم بە سێوێك،
بە بۆنی بنچکێکی بەیبوون،
من بە ئاوێنەیەك و
پەیوەندێکی پاك ڕازییم،
من بە تەقینی میزڵدان پێناکەنم،
پێناکەنم ئەگەر فەلسەفەیەك مانگ دوولەت بکات،
من دەنگی باڵی کەڕەواڵە دەناسمەوە،
ڕەنگەکانی ژێر سکی “هودەرە” و شوێن پێ کەڵەکێفییەکان،
باش دەزانم ، ڕێواس لەکوێدا دەڕوێ،
ڕیشوڵە کەی دێ، کەو کەی دەخۆێنێ و هەڵۆ کەی دەمرێ، و
مانگ لە خەونی سارادا مانای چییە؟
مەرگ لە لاسکی پاڕانەوەدا و
تووتڕکی چێژ لەژێر ددانی دەست لەملاندا،
ژیان نەریتێکی خۆشە،
ژیان باڵ و پەڕێکی هەیە، فراوانتر لە مەرگ،
فڕینێکی هەیە بەقەد ئەڤین،
ژیان ئەو شتە نیيە،
کە لە لێواری باڵاڕفەی خوو لەبیری من و تۆ بچێتەوە،
ژیان جەزەبەی دەستێکی بەرچنەیە،
ژیان نۆبەرەی هەنجیرە ڕەشەیە، لەدەمی ترشی هاویندا،
ژیان بەرزی درەختە لەچاوی مێروو،
ژیان ئەزموونی شەمشەمەکوێرەیە لەتاریکییدا،
ژیان هەستێکی سەیرە، کەباڵندەیەکی کۆچەری هەیەتی،
ژیان بۆقی شەمەندەفەرێکە، بەخەونی پردێکدا ئاڵاوە،
ژیان بینینی باخچەیەکە لەپەنجەرەی بەسراوی فڕۆکەیەك،
هەواڵی ڕۆیشتنی مووشەکێکە بۆ ئاسمان،
هەستکردنەوەی تەنیایی مانگە،
بیرۆکەی بۆنی گوڵ لە ئەستێرەیەکی دی،
ژیان شووشتنی قاپێکە،
ژیان دۆزینەوەی قەرەپووڵێکە لە جۆگەی شەقامدا،
ژیان “بن ڕیشە”ی ئاوێنەیە،
ژیان گوڵ بەتەوانی ئەبەدیەت،
ژیان لێکدانی زەوینە لە لێدانی دڵی ئێمە،
ژیان هەندەسەی ساکار و یەكبوونی هەناسەیە،
لە هەر شوێنێکدا بم،
با هەبم،
ئاسمان بۆ منە،
پەنجەرە، هزر، هەوا، ئەڤین، زەوین، هەموو هی منە،
گرینگ نییە ئەوەی،
جاربەجار،
کارگەکانی غووربەت دەڕوێ،
من نازانم،
بۆچی دەڵێن: ئەسپ ئاژەڵێکی ڕەسەنە، کۆتر جوانە،
بۆچی لە قەفەسی کەس، سیسارك نییە،
سێپەڕە چی کەمترە لەگوڵاڵەسوورە،
دەبێ چاوەکانمان بشۆین، بەجۆرێکی دی بڕوانین،
دەبێ وشەکان بشۆین،
دەبێ وشە خۆی با و باران بێت،
چەترەکان دەبێ دابخەین،
بەژێر باراندا ڕێکەوین،
دەبێ هزر و بیرەوەری بگۆازینەوە ژێر باران،
لەگەڵ خەڵکی شار بەژێر باراندا ڕێ بکەین،
لەژێر باران هاوڕێیەکمان ببینین،
دەبێ ئەڤین ببەینە ژێر باران،
لەژێر باراندا لەگەڵ ژن بنویین،
لەژێر باراندا گەمە بکەیین،
لەژێر باراندا بنووسین و قسان بکەیین،
چاندی نیلووفەر بکەین،
ژیان بەردەوام تەڕ بوونەوەیە،
ژیان مەلەکردن لە ئەستێرکی ئیستایە،
جلەکانمان داکەنین،
تا ئاو هەنگاوێکە،
ڕووناکی تام بکەیین،
شەوی گوندێك و خەونی ئاسکێك هەڵسەنگینین،
لەگەرمی هێلانەی لەقلەق تێبگەیین،
یاسای چیمەن لەژێر پێ نەنیین،
لەباخی ڕەزدا گرێ چێژ بکەینەوە
کەمانگ هەڵهات زار بەقسە بێنین،
نەڵێین شەو خراپە،
نەشڵێین، گوڵ, ئەستێرە تێ ناگات لەڕوانگەی باخ،
دەسەچنەیەك بهێنین،
ئەم هەموو سوور و سەوزاییە ببەین،
بەیانیان نان و پەنیرێك بخۆیین و
لە قەمچی هەر وتەیەکدا نەمامێك بچێنین، 
تۆوی بێدەنگی لەنێوی دوو دەنگدا بپرژێنین و
نەخوێنین پەرتووکێك کەشنەی بای تێدا نییە، و
پەرتووکێك کەبە پێستی ئاونگ تەڕ نییە ،
کتێبێن کەسللولەکان چوارچێوەیان نییە،
نەمانهەوێت، مێش بفڕێ لەسەر قامکی سروشت،
خوازیاری مەرگی پەڵەنگ نەبیین،
بزانین ئەگەر کرم نەدەبوو، ژیان شتێکی کەم بوو،
نەبوونی “وەن” خەسار بە یاسای درەخت بوو،
ئەگەر مەرگ نەدەبوو دەستی ئێمە بەدوای شتێکدا دەگەڕا،
ئەگەر ڕووناکی نەدەبوو، یاسای فڕین دەگۆڕا،
بەر لە”مەرجان” بەتاڵییەك لەهزری دەریادا بوو،
پرسیار نەکەین لەکوێداین،
بۆنی گوولبۆری جوانی نەخۆشخانە بکەین،
نەپرسین بەختەوەری لەکوێدا هەڵدەقووڵێ،
نەپرسین بۆچی دڵی ڕاستی شینە،
نەپرسین، با و باپیران چ سروە و چ شەوێکیان بەڕێ کردووە،
ڕابردوو دونیایەکی زیندوو نییە،
ڕابردوو باڵندە ناچریکێنێ،
لەڕابردوو با هەڵناکات،
لەڕابردوو پەنجەرەی سەوزی سنەوبەر بەسراوە،
لەڕابردوو لەسەر خولخولەکەکان تۆز نیشتوە،
ڕابردوو ماندووییی مێژوویە،
ڕابردوو، بیرەوەری شەپۆلە بە قەراخی گوێچکە ماسیی سارد و بێ دەنگ ڕژاوە،
بڕۆێنە قەراخی دەریا،
تۆڕ هەڵدەینە ئاو،
گەشە لەدەریا بەدەست بێنین،
ڕێخێك لە زەوین هەڵگرین،
هەست بە قورسایی هەبوون بکەین،
جوێن بە تریفە نەدەین ئەگەر تامان لێ هات،
(بڕێکجار لەیاودا بینیمە
مانگ دێتە خوارەوە،
دەست دەگاتە ئاسمان،
بینیمە بوولبوول جوانتر دەخۆێنێ،
جار بەجار ئەو برینانەی کەبەپێمدا هاتووە،
بەبەرز و نزمی ژیان پەروەردەی کردووم،
زۆر جار لەکاتی ناخۆشیدا،
بارستایی گوڵ چەندین جار گەورەتر دەبوو، و
زیادەی کردووە ڕیسەی نارنج و تیشکی لەنتەر)
لەمەرگ نەترسین،
(مەرگ کۆتایی کۆتر نییە،
مەرگ پێچەوانەی بەرزە چڕ نییە،
مەرگ لە زەینی ئەرخەوانەکاندایە،
مەرگ لە کەش و هەوای خۆشی بیردا …
دانیشتووە،
مەرگ لە سروشتی شەوگاری لادێدا لە کازیوە ئەدوێ،
مەرگ لەهوشەی ترێ خۆی دەدا بەدەمماندا،
مەرگ لەگەرووی قوڕگی سووردا دەخۆێنێ،
مەرگ بەرپرسیارە لەجوانی باڵی شاپەڕەك،
مەرگ بڕێکجار ڕەێحان دەچنێتەوە،
بڕێکجار مەرگ ڤودکا دەنۆشێ،
زۆربەی کات لەسێبەر دانیشتووە و چاوی لەئێمەدایە،
هەموومان دەزانین،
سییەکانی چێژ پڕە لەئوکسیجنی مەرگ،
لەسەر قسەی زیندووی چارەنووس دەرگا دانەخەیین،
کەلەپشت پەرژینەکاندا دەنگی دەبیستین،
پەردە لادەین،
با هەست هەوایەك هەڵمژێت،
با ئیحتیلام بەژێر بنچکێکدا بحەسێتەوە،
با توانایی دەست بەگەمە بکات،
پێڵاوەکانی دەربهێنێت و
بەدوای وەرزەکاندا بازهەڵدات بەسەر گوڵەکاندا،
با تەنیایی گۆرانییەك بچڕێ،
شتێك بنووسێ،
بەشەقامدا پیاسە بکا،
ساکار بین،
چ لەبانکێکدا و چ لەژێر درەختێکدا ساکار بین،
پێناسەی نهێنی گوڵی سوور کاری ئێمە نییە،
کاری ئێمە ڕەنگە ئەمە بێت،
کەلە”ئەفسوونی” گوڵی سووردا مەلە بکەین،
هۆبەمان لەوبەری دیواری زانستدا بێت،
دەستمان لەجەزەبەی گەڵایەك بشۆین و بچینە سەر خوان،
هەموو بەیانییەك لەکاتی خۆرهەڵاتن لەدایک بین،
ورووژاندن بفڕێنین،
بەسەر فیکری هەوادا، ڕەنگ، پەنجەرە، گوڵی شێدار بپرژێنین،
ئاسمان بخەینە مەودای دوو هەبوون،
سییەکان لەئەبەدیەت پڕ و خاڵی بکەین،
باری دانایی لەپشتی پەڕەسیلکەدا بهێنینە زەویین،
ناو لەچنار، مێش، هاوین، وەربگەرینەوە،
سەرکەوین بەپێ باران، بەدرێژایی خۆشویستن ڕێ بکەین،
دەرگا بەڕووی مرۆڤ و ڕووناکی و سەوزایی و مێروو، ئاوەڵا بکەیین،
کاری ئێمە ڕەنگە ئەمە بێت،
لەبەیین گوڵی نیلووفەڕ و سەدەدا،
بەدوای نەغمەی ڕاستیدا بڕۆیین.

کاشان،گوندی چنار،هاوێنی 1343

سوهرابی سپهری

وه‌رگێڕ: سوهه‌یلا مێهه‌می


لە کتێبی: هەشت کتێب

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish