خوێندنه‌وه پێویسته …. به‌ختیار محه‌مه‌د
ئه‌وه‌ی كتێب نه‌خوێنێته‌وه، نابێته مرۆڤێكی هاوچه‌رخی ڕاسته‌قینه: كتێب خودێكی جیاواز به‌رهه‌م ده‌هێنێ؛ خودێك، كه هۆشیاره و تێده‌گا، كه ده‌بێ له پێناو چیدا بژی. كتێب له‌م ساته‌وه‌خته‌دا ده‌شێ (له ڕێی د‌رك و هۆشیارییه‌وه)، نیگه‌رانت بكا (واته له ئه‌نجامی زانینه‌وه ببیته مرۆڤێكی خه‌مۆكی و نیگه‌ران)، به‌ڵام ئه‌م نیگه‌رانییه له‌پێناو خوڵقاندن و په‌یداكردنی به‌خته‌وه‌رییه؛ ئه‌و به‌خته‌وه‌رییه‌ی، كه هه‌میشه له دوای ئازاره‌وه له دایك ده‌بێ.
مرۆڤی كتێبخوێن خاوه‌ن دۆزه (پرسه): دۆزی ناسینی ژیان و گه‌ردوون و مرۆڤ و بوون و نه‌بوون و مه‌رگ و مه‌ته‌ڵی بوونی خۆی. ڕاستییه‌كه‌ی ژیان مه‌ته‌ڵه، كتێب (زانست، عه‌قڵ، زانین) هه‌وڵ ده‌دا هه‌ڵی بێنێ. له‌و كاته‌وه‌ی مرۆڤ ویستوویه‌تی ژیان و بوونی خۆی بناسێ، بیری كردۆته‌وه؛ بیركردنه‌وه‌شی له ڕێی كتێبه‌وه گه‌ڵاڵه كردووه و به‌رهه‌م هێناوه (په‌ره‌ی پێداوه و به‌رجه‌سته‌ی كردووه)؛ كه‌واته كتێب جه‌وهه‌ری پرۆسه‌ی په‌ره‌ستاندنی ژیانی مرۆڤایه‌تی پێكده‌هێنێ.
كتێب خوێندنه‌وه شتێكی خودییه، هه‌روه‌ها پڕۆژه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیشه: خود له ڕێی كتێبه‌وه، هه‌م خۆی به‌رهه‌م ده‌هێنێ، هه‌م ئه‌وی دیكه‌ش به‌رهه‌م ده‌هێنێ. له‌مه‌وه كتێب، شارستانییه‌ت (به هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌كانییه‌وه) به‌رهه‌م ده‌هێنێ. هه‌میشه له پشت شارستانییه‌ته مه‌زنه‌كاندا كتێب (مه‌عریفه) هه‌بووه. شارستانییه‌تی مه‌زنی گریك كتێب (مه‌عریفه) به‌رهه‌می هێنا. هه‌تا ئه‌م ساته‌وه‌خته‌شی له‌گه‌ڵدا بێ مه‌عریفه‌ی مه‌زنی یۆنانی (فه‌لسه‌فه و هونه‌ر و زانست و ئه‌ده‌ب و ئایین و مۆسیقای یۆنانی) به‌خششی بێكۆتایی مه‌زنی خۆی پێشكه‌ش به هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌كانی مرۆڤایه‌تی ده‌كا. هه‌موو شارستانییه‌ته مه‌زنه‌كان (چین و هیند و ڕۆمان و ئیسلام و ڕۆژئاوای هاوچه‌رخ و… تاد.) كتێب و ته‌نها كتێب به‌رهه‌می هێناون و به‌رجه‌سته‌یان ده‌كا.
ده‌شێ، ئه‌گه‌ر كتێبه‌كان نهبونابایه، ئه‌وه هیچ ئایینێكی گه‌وره (زه‌رده‌شتیی، بوودایی، مه‌سیحیی، یه‌هوودیی، ئیسلام…) به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستایان به‌رجه‌سته و به‌رده‌وام نه‌بوونایه. هه‌موومان ده‌زانین قورئان زامنی مانه‌وه‌ی (جگه له فاكته‌ری دیكه) ئیسلامه؛ هه‌روه‌ك چۆن كتێبی پیرۆزیش به هه‌ردوو سه‌رده‌مه‌كه‌یه‌وه (كۆن و نوێی) زامنی مانه‌وه‌ی مه‌سیحییه‌ت و یههودییهته؛ كه‌واته كتێب خودێك به‌رهه‌م ده‌هێنێ (په‌روه‌رده ده‌كا)، كه ده‌توانێ داهێنه‌ر بێ. خودێك، كه ده‌توانێ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی زیندووش به‌رهه‌م بهێنێ.
×××
كتێب خوێنه‌وه (خوێنه‌ر)، ئه‌گه‌ر نووسه‌ر یان هونه‌رمه‌ندیش نه‌بێ، به‌ڵام ده‌توانێ دوو قسه‌ی باش، یان دوو كاری باش بۆ ئه‌وی دیكه و بۆ كۆمه‌ڵگا بكا و خۆشی ببێته كه‌سایه‌تییه‌كی كارای جوان و جیاواز؛ كه‌واته وه‌زیفه‌ی كتێب (ڕۆشنبیریی) وه‌زیفه‌یه‌كی ئه‌خلاقییشه. چ لایه‌نی ئه‌خلاقی و چ لایه‌نی جوانكاری و چ لایه‌نی مه‌عریفی، ته‌واوكه‌ری یه‌كترن. ئه‌م سێ ڕه‌گه‌زه ڕۆحی هه‌موو داهێنانێكی (ئه‌ده‌بی و هونه‌ری و زانستی…) ڕاسته‌قینه پێك ده‌هێنن. به نموونه: ئه‌ده‌ب (هونه‌ر) ته‌نها چێژ (جوانی) نابه‌خشێ، به‌ڵكو په‌یامیشی هه‌یه؛ وه‌ك برێخت ده‌ڵێ، په‌یامی گۆڕینی واقیعی هه‌یه. ته‌نانه‌ت سوریالییهكانیش پێیان وایه، كه ده‌بێ فیكر (ئه‌ده‌ب و هونه‌ر) له پێناو ((گۆڕینی بارودۆخی ژیان)) دا بێ.(1) به باوه‌ڕی ئێمه ئه‌وه‌ی ده‌ڵێ ئه‌ده‌ب (هونه‌ر) ئه‌م وه‌زیفه‌یه‌ی نییه، هه‌ڵه‌یه‌كی كوشنده ده‌كا. پێده‌چێ هه‌موو شاكاره نه‌مره‌كان، خاوه‌ن ئه‌م په‌یام و وه‌زیفه‌یه (پڕۆژه مرۆڤایه‌تییه‌ش) بووبن. تۆ بڵێی له ده‌ره‌وه‌ی مانادا (مانای مرۆیی به‌رزدا) هیچ به‌رهه‌مێك نه‌مریی ڕاسته‌قینه بۆ خۆی به‌ده‌ست بهێنێ؟
هه‌ندێك له‌و هونه‌رانه‌ی، كه مانای به‌رجه‌سته‌ی ئاشكرایان نییه (وه‌ك مۆسیقا)، ئه‌وه له‌ناو ڕۆح‌دا، به زمان و شێوازی خۆیان، له ڕێی هه‌ستی بیستنه‌وه، مانا (واتا و چێژ) دروست ده‌كه‌ن. ئێمه كه چێژ له پارچه‌یه‌ك مۆسیقا وه‌رده‌گرین، به‌خته‌وه‌رمان ده‌كا؛ به‌خته‌وه‌رییش پرسێكی ئه‌خلاقییه؛ ئه‌خلاقیش ڕاسته‌وخۆ به‌نده به مرۆڤه‌وه. له‌مه‌وه جوانی و ئاكار، پێكه‌وه، باشتر خزمه‌ت به ژیان و به مرۆڤ و به مرۆڤایه‌تی ده‌كه‌ن. هیچ ئه‌ده‌ب و هونه‌رێك بوونیان نییه له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م ئامانجانه. پێده‌چێ هیچ ئامانجێكی جوانكاریش به‌ده‌ر نه‌بێ له ئامانجه مرۆییه ئه‌خلاقییه‌كه. هنری جیمز ده‌ڵێ: ((هه‌موو هونه‌رێك ئامانجی هه‌یه و هه‌موو هونهرێكیش ئیستاتیكانه دیاریكراوه)).(2) دواجار هه‌موو شتێك مرۆڤ ده‌یكا و له پێناو مرۆڤدا ده‌كرێ. له‌مه‌شه‌وه هه‌موو شتێك به‌نده به چوارچێوه مرۆڤایهتییهكهوه.
—————————————–
په‌راوێزه‌كان:
1- بۆ ئه‌م بابه‌ته بڕوانه: السوريالية, ترجمة و اعداد: امين صالح (دار الفارابي, ط2: 2010م), ص 231.
2- بيتر تشايلدز, الحداثة, ت: د. باسل المسالمة (دار التكوين, ط1: 2010), ص 111.
به‌ختیار محه‌مه‌د