Skip to Content

لەبارەی ڕۆمانی ” خانەقای میرزا “.. رۆژگار خالید

لەبارەی ڕۆمانی ” خانەقای میرزا “.. رۆژگار خالید

Closed
by كانونی دووه‌م 31, 2024 General, Literature

لەبارەی ڕۆمانی ” خانەقای میرزا ” نووسینی میران ئەبراهام .


” بەیادی جەلالی میرزا کەریمی ناڵبەند ” و گێڕانەوەی ڕووداوەکانی” دوای جەنگی دووەمی جیهانی” و ” ڕووخانی کۆماری کوردستان”
نووسەری ڕۆمانەکە گەمەیەکی فکریمان لەگەڵ دەکات جارێک وەکو جەلالی میرزا کەریم ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە جارێکی دیکە وەک خێوێک شاهێدی لەسەر ڕووداوەکان دەدات و جارێکی دیکەش وەکو شاهێد و هاوفکری جەلالی میرزا کەریم دەبینرێت .
هەر بۆیە ئەم ڕۆمانە بەشێوەیەکی سەیر کاریگەری ڕووداوەکان و نەهامەتی و دەردەسەرییەکان دەگێڕێتەوە و پێمان دەڵێت ئێمەی کورد لەکوێی ئەم جیهانەدا بوونمان هەیە ؟! چونکە گێڕانەوەکان هێندە زۆرن و ئەوەندە بەخێرایی تێپەڕدەبێت ، بەجددی مرۆڤ گومانی بۆ دروست دەبێت .
لەگەڵ هەر گومانێکیش ترسێک دووبارە دێتەوە نێو ناخمان ئەمەیە ژیان و حەقیقەتی مێژوومان ؟!
هەرچەندە لە زۆربەی رووداوەکان لێکەوتەی خۆی هەیە و بۆ هەر رووداوێک وەڵامێکی جەرگبڕی هەیە و پێمان دەڵێت ئەوەیە مرۆڤبوون و کوردبوونمان ، زانینی حەقیقەتەکان چەندە زەحمەتە .
هەر نەتەوەیەک لەم گەردوونە یەک دوژمنی هەیە کەچی میللەتی کورد 3 دوژمنی هەیە ” عەرەب و فارس و تورک” ، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا دوژمنەکانیش هەموو کاتێک ” تاکی کورد و حزبی کورد و شارەکان دەکەنە دژی یەکدی ” .
بێگومان ناهۆشیاری تاکی کورد و پێدانی پارە و پۆست و نزمی نەفسیەتی بەشێک لە تاکی کورد هۆکارن بۆ ئەوەی شەڕی یەکدی بکەین و خوێنی یەکدی بڕژێنین !!
لەم ڕۆمانەدا تێدەگەین میللەتی کورد شەڕی زمان و ناسنامەی نەتەوەیی کوردبوون و شەڕی خاک و شەڕی کەرامەتی وەکو پێویست نەکردووە.
بەپێچەوانەوە ئەم میللەتە خەریکی بەگژ یەکداچوونی هاوزمان و هاوخوێنی خۆی بووە .
هەر بۆیە کوردبوون جێی مەترسی بووە چونکە تاکی کورد سوکایەتی بەهاونەتەوەکەی دەکات و جاسوسی بەسەرەوە دەکات و چاوی لە کەرامەت شکاندنێتی و دەیکوژێت و چاوی لە نامووسی ژن و کچێتی .
لەجیاتی ئەوەی بە کەرامەتەوە بژێت کەچی هەبوونی کوردێکی دیکە بەغەدر دەزانێت و پێی وایە تەنها ئەو کوردبێت بەسە !
لێکەوتەی ئەو عەقلیەتە ئەوەندە قورسە تروسکاییەک نییە ئینسان دڵی بۆی خۆشبێت .
لەڕووی ووجودی جەستەیی و لەڕووی دەروونی و لەڕووی کۆمەڵایەتی کێشەی گەورە دروست دەکا .
ئەم جۆرە کەسانە کارەکانیان ئەوەندە جێی شەرمە و سڵ ناکەنەوە لە خزمەتکردنی دەسەڵاتی سەردەمی حوکمڕانی پادشای و رووخانی دەسەڵاتی پادشایی و ئەمجارە بەردەوامی دەدەن بە خزمەتکردنی دوژمن و پاڵپشتی لە بەعسیەکان دەکەن و کاتێک دەسەڵاتیان بەسەر هەموو عێراقدا دەبێت خزمەتیان دەکەن و دەبن بە چاوساغییان .
ئەم ڕۆمانە مێژووی 80 ساڵی خەڵکی کوردستان و شاری سلێمانی و دەوروبەری دەگێڕێتەوە .
بە سەردەمێک دەناسرێت بەشێک لە شتەکان تاوەکو ئێستا وەکو خۆی ماوەتەوە و گۆڕانکاری بەسەرنەهاتووە .
_ هەژاری و چەوساندنەوە و زوڵم ستەم لە خەڵکی دەکرێت .
_ لەسەر ئاستی فۆڕمە گشتییەکە باس لە پێکەوە ژیانی ئایینی دەکرێت، بەڵام زۆرینەی خەڵکی دەیانەوێت پەیڕەوکارانی کەمینە لەناوبەرن و چاویان لە نامووس و کەرامەت و ژیانییانە .
_ نۆکەری بێگانە تاوەکو ئێستاش ماوەتەوە و خیانەتی نەتەوەیی و نیشتمانی هەیە .
_ ئینسان لە کەرامەتی خۆی دەترسێت .
_ تاوەکو بێ ئومێدی و دڵشکاندن و جێهێشتنی نیشتمان و ڕووکردنە دەرەوەی وڵات هەیە .
تاکە شتێک ئینسان ئومێدی پێی خۆشە پێکەوە ژیانی کۆمەڵایەتی لەنێو بەشێک لە مرۆڤەکان هەیە هەرچەندە لەڕووی ئایین و ئاستی دەرامەتی ئابووری جیاوازن .
لەپاڵ ئەوەشدا دواکەوتووی ئەو شێوە ژیانەی تێدابوونە تاوەکو ئێستا ڕەنگدانەوە و کاریگەریی لەسەر ژیانی خەڵکی ئێستاش هەیە .
دەتوانم بڵێم ئەوەی لێی تێگەیشتم ناوی بهێنم وەک دواکەوتووی دەستەجەمعی یانیش دواکەوتووی فکری دواکەوتوویی نەتەوەیی یانیش دواکەوتووی کلتووری .
کۆمەڵێک پرسیاری جددی هاتەپێش لەبارەی ئەو ڕۆمانە بەم شێوەیە وەک خۆی دەینووسمەوە .
لە ململانێی نێوان حزبی شیوعیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان پێشنیاری دامەزراندنی حزبێکی سیاسی نوێ لەباشووری کوردستان دێتە بەرباس ، ئاراستە فیکرییەکان بەم شێوەیە ئەم حزبە دەکرێت حزبی هیوا بێت لەلایەن مامۆستا ڕەفیق حیلمی دامەزراوە ؟!
ململانێی فکری و ئاراستەی جیاواز هەبووە لە نێوان شێرکۆ بێکەس و جەلالی میرزا کەریم و عبداللە پەشێو و جەمیل ڕەنجبەر لەبارەی گوتاری ڕوانگەی ، گوایە جەلالی میرزا کەریم جەمیل ڕەنجبەر وەلادەنێرن بۆیە شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو دەبن بە رەمزی شیعری نوێی کوردی ، بۆچی گوتاری ڕوانگە نەیتوانی ببێتە مینبەرێک بۆ رۆشنبیران؟!
دڵداری شاعیر لەکاتی نووسینی شیعری ئەی رەقیب دواتر شیعرەکەی دەبێت بە مارشی نەتەوەیەی میللەتێک 3 کەس بەدڵی بووە ، لەکاتێک 50 ساڵە شاعیرێکی وەک دڵدار نەیتوانیوە شیعری نەتەوەیی بنووسێت ئەگەر ئەوە دواکەوتوویی مەعریفی نەبێت چ ناوێکی دیکەی لێبنرێت؟!
تەنها 20 دانە کتێبی شیعری سروشت و دەروونی مامۆستا گۆران شاعیر فرۆشراوە لەشاری هەولێر ، تاوەکو ئێستاش شیعر و ئاواز و گۆرانی سوکایەتی پێدەکرێت لەلایەن خەڵکی باشووری کوردستان و بەتایبەتیش شاری هەولێر .
دانپێدانی شێرکۆ بێکەس و جەلالی میرزا کەریم لەڕاستی دا ڕوویداوە ، دواجار جەلالی میرزا کەریم وەک پێشەوا و پەیامبەری شیعری نوێی کوردی ناوی شێرکۆ بێکەسی دەهێنێت ئەوەیە سەرمەشق و ئاستی ڕۆشنبیری جەلالی میرزا کەریم و نووسەری ڕۆمانەکە کاتێک گەمەی فکریمان لەگەڵ دەکا .
دەیان رووداوی جەرگبڕ دەگەڕێتەوە ئەو کەسانەی ناویان هاتووە وەک کارەکتەری نێو ڕۆمانەکە و خیانەتیش دەکەن ئەمانە دوژمنی خەڵکی چەوساوە بوون سەردەستەیان ” شێخ لەتیف کوڕی شێخ مەحمود ” بۆچی بەشێک لە شێخەکان دژی خەڵکی بوونە و هەموو کاتێک لەبەرەی حوکمڕانی پادشایی و دەوڵەتی عوسمانی بوونە ؟!
پرسیارێکە هیچ کاتێک وەڵامی نەبووە بەڵام لە خوێندنەوەی ئەو ڕۆمانە زیاتر لە وەڵامێکی تێدا نییە ، درک دەکەی خاکی کوردستان وەک خانەقایەک بینراوە لەلایەن هەردوو نەتەوەی فارس و تورکەکان .

Previous
Next
Kurdish