Skip to Content

ڕۆمانى بەڕێگاوە وەک ڕۆمانى پێشبیناکار.. سه‌روه‌ر حمدامین حاجی*

ڕۆمانى بەڕێگاوە وەک ڕۆمانى پێشبیناکار.. سه‌روه‌ر حمدامین حاجی*

Closed
by كانونی دووه‌م 31, 2024 General, Literature


خوێندەوەیەک بۆ ڕۆمانی (بەڕێگاوە)ی دڵشاد کاوانی

ڕۆمانی بەڕێگاوە ڕۆمانێکی فەلسەفی و سیاسی و فکری و مەعریفییە، چەندین ڕووداو و بەسەرهات لەخۆدەگرێت، نووسەر لە ڕۆمانەکەی ڕەچاوی ئەوەی کردووە کە بۆ کێ دەنووسێت؟ خوێنەرەکانی کێن؟ ئاستی قووڵبونەوەیان چەندە؟ سەرەتا ڕۆمانەکە بە بەسەر هاتی کوڕێک دەست پێ دەکات بەناوی (نارسیس)، کە دەیەوێت باوکی بدۆزێتەوە. هەروەها نەخۆشییەک کە نابێت کەس قسە بکات و دەبێت هەمووان لاڵ بن.
لە جیهاندا ڕۆمان و شێوە و ژانرى ڕۆمانى مەزن گەلێک زۆرن، وەلێ ئەو ڕۆمانانە کەمن کە وەک ڕۆمانێکى پێشبینیکار بۆ کۆمەڵگە و مرۆڤایەتى دەنووسرێنەوە و بە ئاستێکى باڵاتر لە دید و ڕوانیینەکانى سەردەمى خۆیان پێش دەکەون و نووسەرەکانیان بە چاوێکى جیاوازتر لە ڕوودا و پێشهاتەکان دەڕوانن، چجاى ئەوەى لە نێو ڕۆمانووسانى کورد ئەم جۆرە دەق و ڕۆمانانە نابیدرێن.
ئەوەى جێگەى دڵخۆشییە ئێمە لەناو کورد دا، خاوەنى ڕۆمانى بە ڕێگاوەى دڵشاد کاوانین کە خاوەنى دوو ڕۆمانە هەردوو ڕۆمانى ڕۆماننووس، ڕۆمانى بەڕێگاوە و ڕۆمانى فڕینى پردەکان، وەک دوو ڕۆمانى پێشبینیکار ناسراوون، ئەوەى من دەمەوێت لیرە لەسەرى بوەستم تەنیا چوار پێشبینییە، کە لە ڕۆمانى بەڕێگاوە و لە کاتی خوێندەوەیدا ڕۆماننووس لە دوو ڕووداوى جیاواز دەیانخاتە بەرچاوى خوێنەر.

چوار پێشینییەکەى ناو ڕووداوەکانى ڕۆمانى بەڕێگاوە

یەکەم: نەخۆشی کڕۆنا، کە هەمووان کەرەنتینە بووین لە ماڵەوە، بەهەمان شێوە لەنێو ڕۆمانەکەش گێڕەوە هەمان شت بۆ خەڵک دەگێرێتەوە.
کە ئەم پێشبینییە لاى نووسەر کارێکى زەینییە وەک ئەوەی هیچ نەخۆشیەک بوونی نییە، تەنیا پڕوپاگاندەیەکى جیهانیی بێت بۆ ئەوەی خەڵکی سەرقاڵ بن و زوڵم زۆری دەسەڵاتدارانیان بیر بچێت و دەسەڵاتداران بۆ بەرژەوەندی خۆیان و مانەوە لەدەسەڵات سود لە پڕوپاگەندەی ئاوا ببین و هەرکەسێکیش بە ڕاستیەکەی بزانیایە ئەوا دەستگیر دەکرێت تەنانەت لێرەش هەر ئاوا شتەکان دەبینم دەبێت زۆربەی کاتەکان بە لاڵببیت.
دووەم: هەروەها ڕۆمانەکە باس لە ململانێی بنەماڵیەکی میر دەکات بەناوی میر ئەمبێز، کە نەوەکانى ئامۆزای یەکترن و شەڕی دەسەڵات دەکەن، ئەمەشیان هەر ئەو ململانێیەی دەسەڵاتی کۆمەڵگەکەی خۆمانی دەهێنامە بەرچاو تەنانەت هەندێ کات وەک پێشبینی دەهاتە بەرچاوەم و ململانێی ئامۆزاکانیشمان لەم هەریمەدا و لێرەدا لەو ماوەیەدا هەموومان بە چاوى خۆمان بینی.
سێیەم: نووسەر لە ڕۆمانەکەدا باس لە شوێنێک دەکات بەناوی (هەرێمی نێرگزان) کە بەشێک لە کاراکتەرەکان لەکاتی هەڵهاتن لە ڕووداوەکان دەکەوتنە ئەو شوێنە بە هۆی سەختی و دژواری شوێنەکەوە دەکەوتنە خوارەوە و لەوێ بەهۆی ژەهراوی بوون بە گوڵی نێرگزەوە دەمردن، بەڵام زەیرەکی پزیشکانی ئەو شوێنەوە جارێکی تر کاراکتەرەک زیندوودەبوونەوە، لێ ئەم ڕووداوەش کۆچی گەنجانی ئەهێنایە بەرچاوم، کە لەم ساڵانەدا ڕێگای سەخت و مەرگیان گرتۆتەبەر بەرەو وڵاتانی ئەوروپا بە ئومێد و خەونی ئەوەی لەوێ بگەنە شوێنکى ئارام کە هەمووان وەک یەک بن ژیانێکی باشتر بژین. وەک ئەو ژیانەی لە هەرێمی نێرگزان هەبوو کەوا کەس لە کەس جیاوازتر نییە و لەوەی تر دەوڵەمەند تر نییە، هەمووان هەمان خواردنیان هەیە، لەوێدا کەس نەخۆش ناکەوێت و کەس نامرێت و هەمووان وەک یەک وان، مافی کەس ناخورێت و پێشێل ناکرێت. ئەو خەونەی بەدرێژای مێژوو خەونی هەموو گەلێک بووە، لێ گەنجانی ئێمە زۆرێکیان لەو ڕێیەدا مردن و چیرۆکی هەندێکیان بە نەمری مایەوە، یاخود لە سنووری نێوان دوو وەڵاتدا بە هۆی ململانێی سیاسی گیریان دەخوارد.
هەروەک بینیمان بەشێکی زۆری کۆچبەران لەسنووری نێوان هەردوو وەڵاتی ئۆکرانیا و بیلاڕووسیا گیریان خواردبوو. هەروەک ئەوەی لە(هەرێمی نێرگزان)یش شتەکان پێچەوانە دەبوونەوە ئەوێش ئاژاوەی تێدەکەوێت کاراکتەرەکان لەوێدا گیریان دەخوارد و بە زەحمەت خۆیان لەو شوێنە ڕزگار دەکرد.

ئەوەی زۆر لەو ڕۆمانە چیژی بە من بەخشی بوو ڕەهەندە ئەفسانەی ڕۆمانەکە بوو، کەوای کرد توێژینەوەی دەرچوونم لەسەر ڕەهەندی ئەفسانەیی بێت، کە من وەک خوێنەرێک تا ئێستا یەکەم جارم بوو ڕۆمانێکی کوردیم خوێندبێتەوە، ببینم ئەفسانەی بەو شێوازە جوان و چێژ بەخشە مەزراندبێتەوە لە ڕۆمان بەرچاوم نەکەوتوە و ڕەنگە منیش خوێنەرێکی زۆر باش نەبم، نووسەر هەرسێ ئەفسانەی(نارسیس و ئۆدیب، ئەلیکترا) ی لەڕۆمانەکەدا بە شێوازێک سەرنج ڕاکێش مەزراندۆتەوە کە تەنانەت پەیوەندی خوێنی لەنێوان کاراکتەری(نارسیس و ئۆدیب) دروست کردووە.
چوارەم: لایەنێکی تری ئەو ڕۆمانە سادستیە، کە سادیزم: لە دەروونزانی دا نەخۆشیەکە کەسەکان وا لێدەکات حەز بە ئازاردانی دەروونی ئەوانی تر بکەن، هەروەها لە نێو ڕۆمانکەدا باس لە چەند گروپێکی توندڕەوە دەکات، یەکێک لەو گروپانە هاوشێوەی گروپی توندڕەوی داعش ئەهاتنە بەرچاوم، کە جگە لە جیهاد و خوێنڕێژی هیچ ئامانجێکیان نەبوو، ئەو شەڕەی فەڵەستین و ئیسڕائیل، ئەو شەڕە و پێکدانانەی نێوان ئاینەکان و گروپەکانی بیر خستمەوە کە لە نێو ڕۆمانەکەدا یەکێک لە گروپە توندڕەوەکان کە هەڵگری فکری مانسۆنییەت بوون لە لایەن سێ سەرکردەوە ئەوانیش( تۆماس، ئۆدیب، مێخۆی جولەک) سەرکردایەتی دەکران
گروپێکی ئیسلامی تریان لەلایەن (نارسیس، شێمراز، بێزواڵ) سەرکردایەتی دەکران و هەوڵیان ئەدا بە تونێلەکان بگەن بە کۆشکی سەرکردایەتی و نهێنییەکان، ئاژاوە و شەڕو کوشتارێکی زۆر دەنێنەوە تەنانەت لە نێو گروپەکانی تریش.
نووسەر لەناو ڕۆمانەکەیدا زۆر لێهاتوو و لێزانانە تەکنیکانی ڕۆمان نووسی وەک ( کات، ڕووداو، شوێن، کاراکتەر) بۆنمونە شوێن لە نێو ڕۆمانەکەدا هەموویان شوێنن لە کوردستان، کە نووسەر سەنحەتسازیەکی زۆر باشی تێداکردووە کە خوێنەر بە ئاسانی هەست بەوە نەکات کە ئەمانە شوێنی ڕاستین و شوێنی خەیاڵی نین لە واقیعدا بوونیان هەیە.
ئەوەی ماوەتەوە بیڵێم ئەوەیە من وای بۆ دەچم کەوا نووسەر بەشێکی ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکەی پێشبینی بۆ کردووە ڕوو بدەن، هەر لەبەر ئەمەش بێت ڕۆمانەکەی ناو نابێت بەڕێگاوە، ڕەنگە مەبەستی بێت بڵێت ڕووداوەکان بەڕێگاوەن، یاخود دەشکرێ پێمان بڵێت هەموومان وەک نارسیس لە هەمان ڕێگاین .ڕۆمانەکە وات لێدەکات خۆت لێ ببێت بە نارسیس، یان هەموومان نارسیسێکین و لەو ڕێگایەى ژیان لە ڕێکردن داین.
دوای خوێندنەوەی پێنج جاری وەک خوێنەرێکى ڕۆمانەکە ئەوە گۆشەنیگای من بوو، لێ نازانم لە چاوی خوێنەرێکی تر چۆنە و چۆن لە ڕۆمانەکە دەڕوانێ.
*بەکالۆریۆس لە ئاداب بەشی زمانی کوردیى زانکۆی سۆران.

سەرچاوەکان
“الجسور الطائرة” رواية كردية تتنبأ بمستقبل من الصراعات الرواية تهدف إلى إظهار آلام المجتمع الإنساني للحد من الجريمة والقضاء على الشر وترسيخ روح القبول المتبادل ونبذ الانغلاق والتطرف. الصيحفة العرب في لندن. العدد 12971.لسبت 2023/12/02
ڕۆمانى بەڕێگاوە چاپى یەکەم ساڵى 2020 چاپخانەى جەنگەل. تاران.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish