Skip to Content

دووتاگەریی Dualism.. سامانی وەستا بەکر

دووتاگەریی Dualism.. سامانی وەستا بەکر

Closed
by ئاب 8, 2021 General, Opinion

دوالیزم: دوتایی، دووتاگەریی و بەبێ خاترگرتن واتە “دووڕووی”، “الثنائیة” Dualism
درۆی هەمووان لەگەڵ هەمووان یان ماسکی دەمووچاو “پێرسۆنا” کە زیاتر بە ماسکی شانۆی گرێکی ناسراوە، ئەمە ساناترین پێناسەیە بۆ چەمکی دوالیزم.
دوالیزم یان دووتایی بەشێکە لە بوونی مرۆڤ واتە مرۆڤ لەباشترین کاتەکانیا هەم دووتاگەرە هەم دوو دووتاگەریشی پێخۆشە، تەنها ئەوە نەبێ بەگشتی خەڵک کەمتر هەست بە دووتایی خۆی ئەکات و زیاتر چاوی لەسەر بەرامبەرە،.دووتایی بوونی مرۆڤەکان زیانبەخشنین ئەگەر خودی کەسەکە بەمەبەست دووڕووی بە بارە خراپەکەیا بەکارنەهێنێ ، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ناوین وە بەتایبەتتر لە وڵاتی ئێمە ئێستا دوالیزم زۆر بەئاشکرا هەستی پێئەکرێ و لەسەر ئاستی کۆمەڵگە بەگشتی و چینی سیاسی بەتایبەتی بۆیە لێرەیا هەوڵئەیەم زیاتر دوالیزم یان دووتاگەریی بناسێنم و چەند نمونەیەکی دیاری هەنووکەیش بکەم بە بەشێک لەبابەتەکە هەتا ڕوونتر و ئاسانتر بگاتە خوێنەر.

مرۆڤ و دووتایی: هیچ کاتێ مرۆڤ ناناسرێ تا بەرژەوەندییەکانی نەکەوێتە ژێر هەڕەشەوە، مرۆڤ کاتێک بوونەوەرێکی میهرەبانە هەتا بەرژەوەندییەکانی پارێزراوبێت بەڵام هەر کە بەرژەوەندییەکانی کەوتە بەر هەڕەشە ئیتر دیووە ڕاستەقینەکەی خۆی پشانئەیا کە “دڕندەی”یە. مرۆڤ خۆویسترین بوونەوەرە بۆ نمونە، سەگێک هەرئەوەنەی هۆگری کەسێ بوو ئیتر بەژیانی خۆی پارێزگاری لێئەکا و بێ هێج دوو دڵییەک خۆی ئەکا بە خواردنی دڕندەیەک تا خاوەنەکەی پارێزراوبێت و ڕزگاربێت، کەچی مرۆڤ کڕین و فرۆشتن بەسەگەوە ئەکات! ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کە مرۆڤ بوونەوەرێکی بەرژەوەندی پەرستە نەک چاکەکار.
مرۆڤ کۆی کایەکانی ژیان لە بەرژەوەندی خۆی بەکارئەهێنێ بۆ نمونە هاوسەرگیری، هاوڕێیەتی، کارکردن، بەخشین، هاوکاریکردن، خۆ ئەگەر هەریەکێ لەمانە لەبەرژەوەندی نەما ئیتر ڕاستەوخۆ دەستبەرداری ئەبێت و دیوە ڕەشەکەی مرۆڤ بوون دەرەکەوێ، کاتێ مامۆستا قوتابیەکەی دەرناچێنێ ئنجا ئەتوانێ دیوی ڕاستەقینەی ئەو فێرخوازە بناسێ، یان کاتێک کەسێک لەکارەکەی دەرەکرێ ئنجا ئەتوانی کەسەکە بەباشی بناسی، واتە مرۆڤ خاوەنی دوو دیووە دیوێکی ئاشکراو بینراو دیار، لەگەڵ دیوێکی شاراوە کە ئەم دوو دیووەی مرۆڤ پێکەوە کەسێکی تەواو پڕمان پێئەناسێنێ و ئەمەش دوالیزمی مرۆڤ بوونە.

ڕاستگۆی و دەستپاکی و بەخشندەیی و مرۆڤدۆستی و سەرڕاستی…هتد ئەمانە هەموو کۆمەڵێ ڕەهەندی جوانی مرۆڤە بەڵام مرۆڤ کاتێک ئەم شتانە جێبەجێ ئەکات کە بۆی ئەگونجێ و هیچ لەسەر خۆی ناکەوێ و دژایەتی بەرژەوەندییەکانی خۆی ناکات بەڵام کاتێک کەمترین زیان بەر خودی مرۆڤ بکەوێ ئەوا ڕاستەوخۆ ماسکەکەی دەموچاوی فڕئەیات و ئەکەوێتەوە سەر بنچینە یان ئەسڵی خۆی و تەنها لەوکاتەشا ئەتوانرێ مرۆڤ وەک خودی بنچینەی خۆی کە هەیە بەبێ ماسک ببینرێ.
مرۆڤ هەمو شتێ ئەکا لەپێناوی خۆشبەختییا، واتە کۆی ئاکارە باشەکانی مرۆڤ هەموو لە پێناو خۆشبەختی خودی خۆی و کەسە نزیکەکانێتی چونکە مرۆڤ بۆی نالوێ خراپێ، لەئەگەری خراپی مرۆڤا ئەوا خۆشبەختی لەدەستئەیا هەربۆیە مرۆڤ ئەبێ بەناچاری باشبێ تا خۆشبەختی بەدەستبهێنێ.
مرۆڤ دژی درۆیە بەڵام یەکێک لە ئارەزووەکانی مرۆڤ ئەوەیە کە درۆی لەگەڵابکرێ، بۆ نمونە کەسێکی بەد ڕەوشت کاتێک خۆی دڵنیایە ئەوەی ئەیکا بەدڕەوشتییە بەڵام پێی خۆشە درۆی لەگەڵابکرێ و بە جوانڕەوشت ناوزەندبکرێ، یان مرۆڤی ناشرین بەگشتی و خانمان بەتایبەتی پێیانخۆشە پێیانبوترێ جوانن، ئەی چ سیاسییەکی گەندوڵ و دیکتاتۆر پێیخۆش نیە پێیبوترێ تۆ کاریزما و فریادڕەسی؟

دووتاگەریی لەگەڵ یەکتر: تۆی پیاو جوانی خانمان بەلاتەوە گرنگترین شتە کەچی ئەڵێی جوانی مەرج نیە! دەفەرموو بڕۆ چەندین ئافرەتی ڕەشت بەرزو سەرکەوتوو خاوەن بڕانامە ….هتد هەن کە لە زکماگەوە خاوەن پێداویستی تایبەتن و وەک هەر خاتوونێکیتر ئەشتوانن ببنە دایک، تۆی پیاویش کە جوانیت بەلاوە گرنگ نیە بڕۆ بیخوازە و بیکە بە هاوبەشی ژیان. لێکۆڵینەوەکانیش باس لەوە ئەکەن کە ئەو خانمانە هەمیشە ماڵیان پۆشتەیەو باشترین پێشکەشی مێرد و خێزانەکەیان ئەکەن بەڵام تۆی پیاو کە جوانیت بەلاوە گرنگ نیە هەر بە هۆکاری جوانی ئامادەنیت ببی بەهاوبەشی ژیانی، ئەمەش دووتاگەریی پیاو ئەسەلمێنێ کە کۆی ڕەگەزی مێ لەتای تەرازوویەک دائەنێ و جوانیەکەشی لە تاییەکیتر کەچی ئەشڵێ جوانی گرنگ نیە. ئەمە بۆ خانمانیش ڕاستە بەڵام ئافرەت لەپاڵ جوانیا گرنگی بەلایەنیتری پیاوان ئەیات و ئەشڵێ گرنگ نیە کە لێرەیا باسکردنی گرنگ نیە، ئەمەش دووتاگەریی هەردوو ڕەگەزە بەرامبەر یەک.
یان ئۆتۆمبێل، بێگومان ئەڵێی هۆکارێکە بۆ گەیاندن و ئاسانکردنی کارەکان، بەڵام تۆی مرۆڤ ئەگەر بۆت بلوێ گرانترین و بەرزترین مۆدێلەکان هەلەبژێری.

دووتایی و یاسا: هەمووان پێیانخۆشە یاسا هەبێت و جێبەجێشکری، بەڵام لەسەر ئەوانیتر نەک خودی کەسەکە خۆی، هەمووی داوای جێبەجێکردنی یاسا ئەکات کەچی کەسی جێبەجێکاری یاسا زۆر بێزراو ناشرین و پیاوخراپە. کاتێ ڕووی ڕاستەقینەی خود دەرەکەوێ کە یاسا بەسەر خۆیا جێبەجێکرا.
بەشێوەیەکی گشتی خەڵکی پەرلەمانی لە دەسەڵات یان حکومەت بەلاوە پەسەندترە، پەرلەمان یاساکان دروست ئەکات و دەریان ئەکا پاشان حکومەت جێبەچێیان ئەکا، بەڵام کاتێک یاسایەک لەبەرژەوەندی کۆمەڵێ خەڵکا نەبێت ئەوا ڕاستەوخۆ خەڵک و مێدیاش زیاتر هێرشئەکەنە سەر حکومەت و کەمتر ناوی پەرلەمان ئەهێنرێ، ئەمەش سەلمێنەری ئەویە کە خەڵک یاسای پێباشە بەمەرجێک دژی بەرژەوەندییەکانی خودی خۆی نەبێت بۆیە دژی جێبەجێکاری یاساکە ئەوەستێتەوە.

لێرە بەدواوە دوالیزمی کۆمەڵگە بەجێئەهێڵم و هەندێ دووتایی سیاسی وەک نمونە بۆ بوونی دوالیزم وەرەگرم.

دوالیزمی ئەمریکا و خۆشباوەڕی کورد:
ئەمریکا هەرگیز دۆستی کورد نەبووە بەڵکو دۆستی بەرژەوەندییەکانی خۆیەتی لەبەرامبەریشا کورد هەمیشە شاگەشکەی پەیوەندی باش بووە لەگەڵ ئەو وڵاتەیا و بە دۆستی خۆی زانیوە بەڵام ئەمریکا هەمیشە کوردی وەک ئامرازێک دژی نەیارەکانی بەکارهێناوە.
لەسەردەمی شۆڕشی ئەیلولا دۆستایەتی کوردی ئەکرد بۆ دورخستنەوەی لە سۆڤیەت و بەکارهێنانیشی دژی سۆڤیەت، لەبەرامبەر ئێراق لە دوای ساڵی ١٩٩١وە کورد ئەو ئامرازە بووە کە ئەمریکا دژی ئێراق پەنای بۆبردووە، لە جەنگی سوریاش جارێکیتر کورد ئەو چەکە بووە کە دژی سوریا و ڕاگرتنی هاوسەنگی هێز لەدژی ڕوسیا بەکاریهيناوە، ئەمە لە کاتێکایە کە هەمیشە کورد لە خەوی شیرینی دۆستایەتی ئەمریکایەو ئەو وڵاتەش هەرگیز بیریان بۆ دروستکردنی جوگرافیایەکی سەربەخۆ بەناوی دەوڵەیی کوردیەوە نەچووە، بگرە هەرگیز لە ئەجندای ئەمریکایا سەربەخۆی کورد بوونی نیە.
دووتاگەریی ئەمریکا لەگەڵ کوردا لەوەیایە کاتێ ئەبێ بە هاوڕێی کورد کە دۆستە دێرینەکانی پشتی تێئەکەن و شوێن پێێ لەناوچەکەیا لاوازئەبێ ئیتر بەناچاری قاچێکی لەسەر خاکی کورد جێگیرئەکاو قاچێکیشی هەر لە هەوایایە بەئومێدی ئەوەی کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ دۆستە دێریینەکنیا ئاسایی بێتەوەو بە هەردوو قاچ لەسەر خاکی دوژمنانی کورد ڕاوەستێ و کوێرانە تەماشای چەوسانەوەی نەتەوەی کورد بکات. بەڵام دووتاگەریی کورد لەگەڵ ئەمریکا لەوەیایە کە کورد هەر دەرس لە مێژوو وەرناگرێ و دەست لەگەندەڵی و خۆخۆری هەڵناگرێ و هەموو هێلکەکانی خستۆتە سەبەتەی کونەکەی ئەمریکاوە و لەبری ئەوەی پشت بەتوانای ناوخۆی خۆی ببەستێ هەمیشە چاوەڕوانی دۆستێکە کە بەردەوام میوانی ماڵی دوژمنانی کوردە.

تورک و درۆ: سەرەتا ئەبێ ئەوە بوترێ کە تورک دووڕووی بە مەبەست و بۆ بەرژەوەندی نەتەوەپەرستی بە دیوە خراپەکەیا بەکارئەهێنن.
دوالیزمی تورکە مەنگۆلییەکان و حکومەتەی ئەوەیە کە بە بەرنامە ڕەگەزپەرستی ئەچێنن و ڕق لەناو تورکەکانا بەرامبەر کورد بەپلەی یەکەم و ئەرمەن و نەتەوەکانیتریش بە پلەی جیاواز ئەچێنن ،کەچی کاتێ کەسێکی ڕەگەزپەرستی تورکی تۆرانی هێرش ئەکاتە سەر ماڵێکی کورد لە کوردستان و لە شاری کۆنیای کوردستان و حەوت ئەندامی خێزانەکە “ باوک، دایک، سێ خوشک و دوو برا” ئەکوژێ، وەزیری ناوخۆی تورک ئەڵێ بابەتەکە پەیوەندی بە نەتەوەو ڕەگەزپەرستییەوە نیە و کێشەی کۆمەڵاتییە، ئەمە دووڕووی و دوالیزمی تورکە بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی کە خۆیان لەسەردەمی کەمال ئەتاتورکی نەتەوەپەرستی فاشییەوە بە بەرنامە کاری بۆئەکەن.
لەوەش خراپتر دووتایی و دووڕووی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە کە لەبەر بەرژەوەندی ئابوری و ستراتیژی خۆیان بێدەنگی لە بەرامبەر هەموو ئەو تاوانانەیا هەڵەبژێرن کە تورکە مەنگۆلی و حکومەتەکانیان ئەیکەنە سەر کورد لەژێر ناوی جیاوازا.

دووتاگەریی هاوسەرۆکانی یەکێتی:
ئەنجامی دوای کۆنگرەی چواری یەکێتی و دەرکەوتنی دوو هاوسەرۆک ناواقیعی و جێگای پرسیاربوو، بەڵام ئەوەی کە لە ٨ی تەموزو ڕۆژانی دواتر تا ئێستاش ڕووئەیەن واقیعیتر و ئەنجامی ڕاستگۆیانەی دوای کۆنگرە بوو بەکەمێک درەنگ کەوتنەوە. هاوسەرۆک بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی جەندەرییە واتە دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لەنێوان نێر و مێ تا دیوە درۆزنەکەی دیموکراتی پێداپۆشرێ بەڵام کاتێک کۆنگرە بە هەڵبژاردنی دوو هاوسەرۆکی یەک ڕەگەز کۆتاییەت ئیتر ڕاستەوخۆ گوێبیستی پەیامێکی نەبیسترا، نەوترا و بێدەنگ و کپکراو ئەبێت کە بوونی کێشەی دەسەڵاتە لەنێو خێڵی جەلال تاڵەبانی لەسەر میراتی موڵکداری سیاسی ، هێز و مادی یەکێتی.
هۆکاری گیراکردن “قبوڵ”کردنی هاوسەرۆکی لەلایەن ماڵی تاڵەبانیەوە لە کۆنگرەیا بۆ ئەوە ئەگەڕێتەوە کە لاهوڕ جەنگی پێشتر ئیشی بۆئەوە کردبوو کە بەڕەکە لەژێر پێی ئامۆزاکانی ڕاکێشێ، بەکوردیەکەی لە کۆنگرەیا غافڵگیری کردن. هەرچی ماڵی تاڵەبانیە چاوەڕێی ئەوە نەبوون کە زۆرینەی سەرکردایەتی دەنگ بە ئامۆزاکەیان بات بەڵام لەناو کۆنگرەیا هیچ بژاردەیەکیان نەبوو بەڵکو زۆر هێمن و بە سیاسەت و بەناچاری بە سیستەمی هاوسەرۆکی ڕازی بوون و بەڵام هەر لەو ساتەوە دانەجیڕێ لە ئامۆزاکەیان دەستی پێکرد.
هەرچی لاهوڕ جەنگیشە بەهەمان شێوە و بەناچاری سیستەمی هاوسەرۆکی گیراکرد لەگەڵ ئەوەی زۆرینەی زۆری دەنگی سەرکردایەتی بەدەستهێنا چونکە ئەیزانی پارەو کلیلی قاسەی یەکێتی لای ماڵی مام جەلالە، بۆیە هەر لەسەرەتاوە لە هەوڵی دروستککردن و بەدەسهێنانی سامانێکی بارتەقای ئەوەی ماڵی مام جەلال بوو بەڕێگەی جۆراوجۆر، هاوشێوەی هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی و بەرپرسانی تری هەردوو زۆنی زەرد و سەوز کە زۆرترین کارە بازرگانییەکانیان نایاسایی و یاساغ و قاچاغە، ئەو کارەی لاهوڕ جەنگی بۆئەوەبوو کە هەروەکچۆن ئاسایش و دژەتیرۆری کۆنترۆڵ کردووە هەرواش بتوانێ سامانی یەکێتی بکەوێتەلا تا لەو ڕێگەیەوە چاڵەکە قوڵتربکات و هێدی هێدی کوڕانی مام جەلالی تیا نوقمکات و یەکێتی بۆ ماڵی شێخ جەنگی یەکلا ببێتەوە.
هەڵەکەی لاهوڕ جەنگی لەوەیابوو کە نەیزانی بەپارە چەک و هێز ئەکڕێ، پارەکەش لای کوڕانی تاڵەبانی بوو هەربۆیە ئەمان دەستیان زووتر وەشان و لاهوڕ جەنگیان لە نیوەڕۆیا خوارد پێش ئەوەی ئەو بیانکات بەژەمێکی چەوری ئێواران.
بەمە ئەوترێ (دوالیزمی “دوو ڕووی” خێزانی) کە لەیەکاتا ڕازی و هاوسەرۆک بیت و لەهەمان کاتیشا چاڵ هەڵکەنی و دانەجیڕێت بێت لەیەکتری و یاری بە بەرژەوەندی شارێک و هەرێمێکەوە بکەی.

دووڕووی بەرامبەر سلێمانی: جێی نیگەرانیە کە شەڕی بەرژەوەندی خێڵ و بنەماڵە لەسەر هێز و پارە و پۆست و کەسی یەکەم بێت بەڵام لە مێدیاکانەوە باس لەوە بکرێ کە ئەمە لەبەر بەرژەوەندی سلێمانیە، لەکاتێکا هیچ یەکێک لە بنەماڵەی تاڵەبانی و شێخ جەنگی خەڵکی ڕەسەنی سلێمانی نین هەر لەبەر ئەو هۆکارەش هیچ بەزەی و سۆزێکیان بۆ ئەو شارە نیە، ٣٠ ساڵی حوکمڕانی ئەوان گەواهی ئەوە ئەیات کە چیان بەو شارە کردووەو چۆن ڕەوڕەوەی بەرەوپێشچوونی ئەو شارەیان لەبەر قاچاخچێتی و بەرژەوەندی تەسکی حیزبی و خێزانی خۆیان ڕاگرتووە کە هەر خۆیان باڵادەست و تاکەهێز و بڕیاردەری ئەو شارە بوون، ئیتر ئەم دووڕووی دوالیزمە بەرامبەر سلێمانی لەپای چی کە ئێوە پەنجەکانی یەکتر ئەشکێنن و ئەو پەنجەیەیەی نەشکابێ ئەیکەن بەچاوی سلێمانیا.
ئەوەی لە ٨ی حوزەیران ڕوویا لە سلێمانی دوورو نزیک پەیوەندی بە پاراستنی بەرژەوەندی خەڵک و سلێمانیەوە نیە هێندەی چەسپاندنی دەسەڵاتی خێزانێکەو دوورخستنەوەی خێزانێکیترە لە دەسەڵات، هەڵبەتە نەک لەبەر هاوڵاتی و بەرژەوەندی گشتی بەڵکو لەبەر بەرژەوەندی کەسی و بنەماڵەی.

ئەوەی لە سلێمانی ڕووییا دووبارە کردنەوەی مۆدێلەکەی سعودیە بوو کە لەوێش یەکێک لە نەوەکانیی دوو برا، کودەتای کۆشکی کردوو دەسەڵاتی بۆ خێزانەکەی خۆی چەسپاند و لەوێش سیناریۆکە هەر ئەوەی سلێمانی بوو کە دواتر بەسترایەوە بە گەندەڵی قۆرخکردنی بازرگانی و پاراستنی بەرژەوەندی گشتی.
دوالیزمی زۆرینەی حیزبیەکانی هەرێم: ئەبێ ئەوە بزانرێ یەکێتی، سۆسیالیست، یەکگرتوو، کۆمەڵ، بزوتنەوە…..هتد هەر وەک پ.د.ک وان و لەلایەن بنەماڵەو لەناو بنەماڵەشا لەلایەن خێزانێکی بچوکەوە خاوندارێتی ئەکرێن تەنها جیاوازی ئەوەیە کە پ.د.ک ڕاستگۆیانە و بێ شەرم و سڵەمینەوە ئەوەی لای هەموو ئەندام و لایەنگر و خەڵکی و سەرکردایەتی حیزبەکە چەسپاندووە کە سەرۆکایەتی و خاوەندارێتی ئەو حیزبە تەنها بۆ خێزانی بارزانیە و لە ئێستاشا هەوڵەکە بۆ ئەوەیە کە بۆ کوڕانی مەسعود بارزانی یەکلابێتەوە، حیزبەکانی تریش هەرهەمان ڕێچەکەیان گرتووە بەڵام شەرمن و ترسنۆکن، ڕاستەوخۆ دانی پێانانێن ئەگەرچی ناڕاستەوخۆ کاریشی بۆئەکەن. هەرچی گۆڕان و نەوەی نوێشە لەژێر پرسایران تەنها حیزبی شوعی خۆی لە بە بنەماڵ بوون پاراستووە.

زیادبوونی بنەماڵەو دواڵیزمی حیزبی:
کورد ئەڵێ (ماڵ لەخۆ نەبوو میوانیش ڕووی تێکرد)، لە ساڵی ١٩٩١وە باشوری کوردستان گیرۆدەی سیاسەتی چەوت و خۆپەرستی و قۆرخکردنی دەسەڵاتی دوو بنەماڵەیە و هیوا و ئاواتی خەڵکی کۆتای هاتنی حوکمی بنەماڵەی و خێڵەکی بوو کەچی نەک ئاواتی خەڵکی ڕۆژی بەچاو نەبینی بەڵکو بەپێجەوانەوە بنەماڵە ڕەگی داکوتا و چەکەرەی کرد و ئێستا هەر بنەماڵەیەکیان بوون بە دوو یا سێ بنەماڵە و خێزانی هەمان خێڵ، هەریەکێ لەو خێزانانەش ئامادەسازی ئەکا بۆ دەسەڵات، جا لەڕێی کودەتای کۆشکەوە (إنقلاب القصر)وە بێت یان تەسفیەکردن و خوانەخواستە هێزی چەکرداییەوە بێت.

دوورووی بەهاری عەرەبی:
ئەوەی لە تونس ڕووییا ئەو ڕاستییە ئەسەلمێنێ کە ئەمریکا و زلهێزەکان پاشگەزبوونەتەوە لە بەهاری عەرەبی، زستان و هاوین و پایزەکانیان زۆر لە بەهار پێخۆشتربوو بەتایبەتی لەکاتێکا لەبەهارا تەنها ڕیشی درێژو جبە و عەمامە و لەچک و باڵاپۆشی و پاشەکشەی دیموکراسی ڕاستەقینە و کۆمەڵگەی مەدەنی و زۆربوونی هێزی میلیشیا و لێکترازان و گەندەڵی و بێ یاساییان ئەبینی، هەربۆیە هاوشێوەی ئەوەی لە میسر ڕووییا لە تونسیش هەروا تێئەپەڕێ و لێی بێدەنگ ئەبن.

سامانی وەستا بەکر
٤-٨-٢٠٢١ سوید-ستۆکهۆڵم

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish