Skip to Content

یاقوبێک لە یاقوت.. شیعری: نەوزاد بەندی

یاقوبێک لە یاقوت.. شیعری: نەوزاد بەندی

Closed
by ئه‌یلول 2, 2021 General

یاقوب ..
بیرت ئەکەم ..
وەک بیرکردنی ئەو چۆلەکانەی
لە مناڵیمدا ، هۆگرم بوون ..
زەڕنەقوتەکانیانم ئەلاواندەوە و
بە دزی دایکمەوە ، شلە و برنجم بۆ ئەدزین ..
بیرت ئەکەم ، بە بێ ئەوەی یەک تۆسقاڵ ئومێدم بە بینینت هەبێ ..بە بێ ئەوەی جارێکی تر ، هیچ مێز و کورسییەک کۆمان کاتەوە ..بیرت ئەکەم بە بێ ئەوەی هیچ قۆرییەک زاتی ئەوە بکا دوو چامان بۆ تێکا.. بە بێ ئەوەی هیچ شەقامێ ، بوێرێ وەک شەقامی ئوڵوس ، فەرشی ڕەشی پیاسەیەکمان بۆ داخا . . بە بێ ئەوەی هیچ ئۆتێلێ ، بوێرێ وەک ئۆتێلی ئیلهان ، دوو قەرەوێڵەی تەریبمان بۆ سپی پۆش کا ..
بیرت ئەکەم یاقوب ..
بە بێ ئەوەی نە برسی بم .. نە هەژار بم .. نە تینوو ..
بەبێ ئەوەی بە تەمای هیچ شتێکت بم ، بیرت ئەکەم ..
وەک ئەو پیاوە زاخۆییەی هێلکە و ڕۆنی بۆ ئامادە ئەکردین و ..وای ئەزانی بە سۆرانی پێی ئەووترێ : مام من بێ ڤیزەم ..وەک کەمال محەمەد ، کە ئەیووت خۆزگە پێش مەرگ و ماڵئاوا کردن ، شاد ئەبوومەوە بە دۆست و دوژمن ..
بیرت ئەکەم ، وەک دەرگایەک ، ئەمباتەوە بۆ کۆڵانە تۆزاوییەکانی لاویی .. ئەمباتەوە بۆ ناو مۆزەخانەکانی خەونبینین ..ئەمداتەوە دەست ئەو کۆترانەی کە بێدەنگ ، لەسەر پردی دەلال ، تەماشایان ئەکردین …
وەک شەقامە پاکە خەمبارەکانی ئەنکەرا ، کە جار و بار ، باسک و ڕانی سپی کچێ ، وەک ملوانکەیەکی ئەڵماس ، بە لاملیەوە دەردەکەوت ..
وەک ئەو ئێوارە ساردانەی ، ملپێچە شینەکەت ئەکردە ملت و ..ئەتووت با بچینە سەرشەقامێ ، پێ دەچێ ئەم ئێوارەیە ، دوا ئێوارەی تەمەنی کورتی هاوڕێیەتیمان بێ …
ئێ نازانم بۆچی بەو هەموو هێزەوە بیرت ئەکەم ..؟ نازانم .. نا ….
لەناو ئەو هەموو ئازار و بێ تاقەتی و ڤایرۆس و دەمامکەدا ، نازانم چۆن بەم ئێوارە ووشکە بێ ئاوە تاریکە تۆزاوییەدا ، لە هەناسەیەکمدا ، هاتیتە دەر و دووبارە ، سی ساڵ پێش ئێستات خستەوە سەر مێزەکەم ؟
نازانم چۆن ، بۆت باس کەم و یەکپارچە نەبم بە خەڵوز ؟
چۆن پێت بڵێم ، بیرت ئەکەم لە کاتێکدا ئەو هەموو نان و چایەم بێ تۆ خوارد .. ئەو هەموو هەنگاوەم بێ تۆ نا .. ئەو هەموو مۆڵ و مارکێتەم بێ تۆ کرد و .. ئەو هەموو بۆینباخەم بێ تۆ کڕی ؟
چۆن لە ڕووم بێ بەم پاییزی عومر و کۆڤیدە پێت بڵێم بیرت ئەکەم ، لە کاتێکدا ئەو هەموو ساڵە بە بێ تۆ ، هەناسەم دا و .. قەت داوەتی سییەکانم نەکردیت ..ئەو هەموو لێدانی دڵە ، بۆ ئۆرکێسترای ترپەیەکیشم نەبردیت ؟
نازانم چۆن ..
بەڵام ئێستا بیرت ئەکەم ..
حەزم ئەکرد دنیا هێندە بێتەوە یەک ، لە کۆڵانی ئەودیو ، بتبینم ..بۆنی چێشتی ئەمشەوتان بێتە حەوشەکەم .. هەڵمی کراسە شینەکەت بە تەنافەکەوە بیدا لە ڕوومەتی پەنجەرەکەم ..
حەزم ئەکرد جارێکی تر ، لە سکۆلەرشیپێکدا ، ناوێکی غەریب ببینم ، یاقوب خزر نەبی ..ناوێک کە بۆ یەکەمجار و بۆ دواجار ڕێکەوتم کرد و ..وەک جۆلانەی جەژنەکە ، هەر دوو نەفەس بوو ..
بیرت ئەکەم ..
یاقوب ..من زۆر بیرت ئەکەم .

Previous
Next
Kurdish