Skip to Content

ساڵڕۆژی لەسێدارەدانی (٢٨) کورد لە شاری کەرکووک … رەزا شوان

ساڵڕۆژی لەسێدارەدانی (٢٨) کورد لە شاری کەرکووک … رەزا شوان

Closed
by حوزه‌یران 20, 2020 General

رۆژی سێ شەمە (٢٣/ یۆنیۆ/٢٠٢٠) یادی (٥٧) مین ساڵڕۆژی لەسێدارەدانی (٢٨) رۆڵەی کوردی دڵسۆز و بێتاوانە لە شاری کەرکووکی کوردستانی داگیرکراودا.
لە رۆژی (١٤/ یۆلیۆ/١٩٥٩) لە شاری کەرکووکدا، بە بۆنەی یەکەمین یادی شۆڕشی (١٤/ گه‌لاوێژ/١٩٥٨) خەڵکی ئەم شارە کوردستانییەمان، لە کەرنەڤاڵ و رێوڕەسمێکی خۆشی و شادیدا بوون، بە ناوی شەقامەکانی شاری کەرکووکدا رێپێوانێکی خۆشیان بە جلوبەرگی نەتەوایەتییانەوە دەگێڕا، بە هێمنی و ئاسایی ئاهەنگ و رێورەسمەکە بەڕێوە دەچوو.. کورد و تورکمان و کلدۆئاشووری و عەرەب، بەبێ جیاوازی بەشدارییان لەم رێوڕەسمەدا کرد.. کۆمەڵێکی تۆرانی و چەقاوەسوو ، کە تا ئەمڕۆش هەرگیز چاویان بە کورد دا هەڵنایات و تا ئەمڕۆش نۆکەری تورکیان و لە لایەن تورکیای فاشستی و رەگەزپەرستەوە فەرمان و یارمەتی وەردەگرن و هاندەدرێن بۆ ئەوەی پیلان و گۆبەن لە دژی کورد لە شاری کەرکووک دا بگێڕن، بە دەست تێکەڵیش بوون لەگەڵ کۆمەڵێک لە کۆنەپەرستان و لە پاشماوەکانی لایەنگرانی دەسەڵاتی شاهانەی تیاچوو. ئەم کۆمەڵە تۆرانییە کەوتنە پیلانگێڕان و گۆبەن و ئاژاوەگێڕی ، بۆ ئەوەی خۆشی و شادی لە خەڵکی شاری کەرکووک تاڵ بکەن و دووبەرەکی و رق و دوژمنایەتی بخەنە نێوان پێکهاتەکانی شاری کەرکووکەوە. کەرکووکییەکانیان تووشی کارەساتێکی نەخوازراو کرد.. هەندێ لەم پیلانگێڕ و ئاژاوەچییانە، بەو ئاگرەی هەڵیان گیرسان هەڵپڕووکان.
لە دوای ئەوەی کە یاخێبوونەکەی سەرهەنگ (عه‌بولوه‌هاب شه‌واف) لە شاری مووسڵ شکستیهێنا.. ویستیان شەڕ و ئاژاوە بخەنە شاری کەرکووکی کوردستانییەوە. لە رۆژی (١٤/ گه‌لاوێژ/١٩٥٩) دا تۆرانییە بەکرێگیراو و پیلانگێڕەکان، بە هاوکاری هەنـدێ لە کۆنەپەرستان و بەعسییەکان، پیلان و کارەساتە نەخشە بۆداڕێژکراوەکەیان جێبەجێکرد. ئاژاوەیان خستە شاری کەرکووکەوە.. بە داخەوە کە کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.. سەربازانی عێراق لە شاری کەرکوکدا بەم کارەساتەوە تێوەگلان.
من ئەو کاتە منداڵ بووم لە پۆلی پێنجەمی سەرەتاییدا بووم لە شاری کەرکووک، زۆر لایەنی ئەو کارەساتەم لەبیر ماوە.. گەر بە درێژی و وردەکارییەوە باسی ئەو کارەساتە بکەین باسێکی دوور و درێژە، بۆیە زۆر لە سەرناوی نووسینەکەمان دوورناکەومەوە.
ئەو تۆرانییە پیلان گێڕانە، دوای کارەساتەکە خۆیان گەیاندە سەرۆک وەزیرانی عێراق، زەعیم روکن (عه‌بدولكه‌ریم قاسم) راستییەکانیان چەواشکردن و تاوانەکانیان خستە پاڵ کورد و پارتی شیوعی عێراقی لە کەرکووک. ئەوەبوو عەبدولکەریم قاسم هێزێکی سەربازی بۆ کەرکووک نارد.. کۆمەڵێکی زۆری کوردی بێتاوان و ئەندامانی حیزبی شیوعییان گرت و بەندیانیان کردن.. دادگایەکی سەربازی وێنەیی تایبەتیان دامەزراند، کە ئەفسەرێکی تۆرانی رەگەزپەرست ئەندامی سەرەکی دەستەی دادگایی کردنەکە بوو. دادگایی کردنەکەش تەنیا ناوی بەندکراوەکانیان دەخوێندەوە.. هەر ئەم پرسیارەشیان لئدەکردن ئایا تۆ کوردیت یا کورد نیت..؟! بێ ئەوەی کە هیچ بەڵگەیەکی تاوانبارکردن و هيچ گەواهدەرێک گەوای تاوانبارکردنیان بدات.. بێ ئەوەی کە رێ بە هێچ پارێزەرێک بدرێت کە داکۆکی لە بەندکراوە دادگایکراوەکان بکات و بێتاوانیان بسەلمێنێت.. ئەو (٢٨) بەند کراوە کوردەمان لە دوای چوار ساڵ بەندکردنیان لەسێدارە دران.
بۆ نموونە ئەوەی من دەیزانم، یەکێک لەو (٢٨) شەهیدەی کە لەسێدارە دران. ناوی (عه‌بدولره‌حمان محه‌مه‌د)ە، هاوسێمان بوو لە گەڕەکی شۆڕیجە لە کەرکووک، پیاوێکی باڵابەرزی سوور و سپی بوو، زۆر هێمن بوو، نە لە دوورەوە و نە لە نزیکەوە هیچ پەیوەندییەکی بەو کارەساتەی کەرکووکەوە نەبوو.. گۆرانیبێژێکی میللی کورد بوو، هەر شاییەکی بووک گواستنەوە، لە شۆڕيجەدا بکرایە، بانگی عەبدولڕەحمان دەکرا، بە گۆرانی فۆلکلۆری رەسەنی کوردیمان سێ شەو ئاهەنگی شایی و گۆرانی گەرم دەکرد.
فڕیشی بەسەر سیاسەتەوە نەبوو.
شەهید (شێخ مارف عه‌بدولكه‌ریم به‌رزنجی) یش، لەبەر ئەوەی کە کەسایەتییەکی رۆشنبیر و نووسەرێکی بەتوانا و شاعیر و رۆژنامەنووس و رەخنەگرێکی ئەدەبی ناسراوی کورد بوو لە شاری کەرکووک.. لە ساڵی (١٩٥٨) دا، ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری (شەفـەق) بوو، کە لە کەرکووک دەردەچوو. شێخ مارف ئەو چوار ساڵەی کە لە پێش لەسێدارەدانی لە بەندیخانەدا بوو. لە ناو بەندیخانەش بابەتی هەمەچەشنەی بە ناوی (پشـكۆ) وە دەنووسی و دەینارد و لە گۆڤار و لە رۆژنامەکاندا بڵاودەکرانەوە. شێخ مارف ئەندامێکی کارای پارتی شیوعی عێراقی بوو لە کەرکووک. بۆیە گرتیان و لە گەڵ (شێخ حوسێن عه‌بدولكه‌ریم به‌رزنجی) برای دا، دوو كه‌س بوون له‌و (٢٨) كورده‌ی کە له‌سێدارە دران، هەردووکیان بێتاوان بوون.. تاوانیشیان هەر ئەوەبوو، کە کورد بوون و کەسایەتی دڵسۆز و کوردستان پەروەری ناسراو بوون.
هەر ئەوانیش نا، بەڵکو هەموو بەندکراوەکان و لە سێدارەدراوەکان.. بێتاوان بوون. کوردێکی زۆری بێتاوان بوونە سووتەمەنی ئاگری ئەم کارەساتە.. وەکو وتمان دادگا تایبەتییەکە هیچ بەڵگەیەکی فەرمییان لە بەردەستدا نەبوو، کە تاوانباریان بسەلمێنن.
قسەیەکی شاکانی قەیسەرییەکانی روسیام بیردێتەوە، کە دەیانوت:”گـرتن و بەندکـردن لە ئێوە.. تاوانبارکردن و سزادانیش لە ئێمە”
لە رۆژی (٨/ فـێبروار/١٩٦٣) کە بەعسییە شۆڤێنی و رەگەزپەرستەکان عەرەب، لە رێگای کودەتایەکی خوێناوییەوە، جڵەوی دەسەڵاتی حوکمڕانی عێراقیان گرتەدەست، بە درێژایی حوکمڕانییان، چەندین رەشەکوژی و کۆمەڵکوژییان لە کورد کرد.. بە ئاگر و ئاسن وەڵامی داوا و مافەکانی کوردیان دایەوە. ژمارەیەکی زۆری تۆرانییەکان بوون بە بەعسی و گەنجەکەنیان چەکیان لە دژی کورد هەڵگرت و بوون بە (الحـرس القـومي – گاردی نەتەوەیی ) هەڵیان دەکوتایە سەر گەڕەکە کوردییەکانی شاری کەرکووک و شەڕیان دەفرۆشت و سوکایەتی و گێچەڵیان بە کورد دەکرد و چەندی کەسی کوردیان بە گرتن دا.. یەکی لەوانە باوکی رەحمەتیم بوو کە دوکاندار بوو فری بەسەر سیاسەتەوە نەبوو.. بە ئاشکرا دەیان وت ئێوەی کورد (انتم الکورد کلکم عوصات ـ ئێوە کورد هەمووتان یاخیبوون). تۆرانییەکان نامەردییەکی زۆریان بەرانبەر بە کورد کرد.
هەر لە ساڵی (١٩٦٣) دا تاوانبار و خوێنڕێژ زەعیم روکن (سەعید فەتحی ئەلسوقەیلی) کرا بە سەرکردەی سەربازی باکوور و دەسەڵاتێکی رەهاشی هەبوو، بارەگاکەشی لە شاری کەرکووک بوو.
تۆرانییەکان، وەکو بەرتیل پارەیەکی زۆریان دا بە (سەعـید فەتحی ئەلسوقەیلی) دا و شەوان لە ماڵەکانیان یا لە یانەدا، خوانی نانخواردن و خواردنەوەیان بۆ دەڕازاندەوە و کچی جوانیشیان بۆ رابواردن بۆ دەبرد. بەرانبەر بە رەفتارە قێزەوەنانەیان، دوو داوایان لە (سەعید ئەلسوقەیلی ) کرد. یەکەمیان: روخاندنی خانووەکانی (گه‌ره‌كی كۆماری) کە ئەو خانووانە بوون، کە هەژاران و کرێکاران و کاسپکارە کەم درامەتەکانی کوردمان، لەسەر زەوی رووتەنی بێ خاوەن و لە ناو شیوەکان و تەپلۆسکایەکانی گەڕەکە کوردییەکانی شاری کەرکووکدا، بە خشت و بە قوڕ و دار بە شێوەیەکی سادە و ساکار دروستیان کردبوون و تێیاندا حەوابوونەوە، نزیکەی چوار هەزار خانوویەک دەبوون هەموویان بە شۆفـڵ تەختکرد، هەڕەشەشیان لە خاوەنی ئەو خانووە رووخاوانە کرد، کە نابێت لە کەرکووکدا بمێننەوە. وەکو کورد دەڵێ:”ماڵ لە خاوەن ماڵ حەرام کرابوو” کەچی ژمارەی خانووەکانی (شاری الثورة) کە ئێستا ناوی( شاری الصـدر)ە لە شاری بەغـدا. چوار هێندەی خانووەکانی گەڕەکی کۆماری کەرکووک دەبوون، چەندین هەزار خانوو بوون، کە بە زیادە رۆیی عەرەبە شرووگییەکان و هەژاران دروستیان کرد بووون. ئەوانەیان نە رووخاند و بۆیانیان کردن بە تاپـۆ.. ئەمەیە بانێکە و دوو هەوا. ئەمەیە جیاوازی و رەگەزپەرستی و نایەکسانی و نادادپەروەری.
داوای دووەمی تۆرانییەکان لە (سەعید فەتحی ئەلسوقەیلی) ئەوه‌بوو، کە (٢٨) کوردی بەندکراوی تاوانبارکراو بە کارەساتی کەرکووکی ساڵی (١٩٥٩) بە زووترین کات لە سێدارە بدرێن.. یەکسەر تاوانباری خوێنڕێژ سەعید ئەلسوقەیلی بە بڕیاری ژمارە (٣٠) بە واژۆکردنی خۆی بڕیاری لە سێدارەدانی (٢٨) بەندکراوی بێتاوانی کوردی دەرکرد .

لە رۆژی (٢٣/ یۆنیـۆ/١٩٦٣) دا، لە بەردەم بنکەی تیپی دووەمی لەشکری عێراق، کە دەکەوێتە ناوەندی شاری کەرکووکەوە، هەر (٢٨) کوردە بەندکراوەکە لەسێدارە دران. هەر لە سەر داوای تۆرانییەکان، دوایی تەرمی شەهیدە لەسێدارەدراوەکانیان هاوردن بۆ گوڕەپانی (گەڕەکی موسەڵڵا) کە گەڕەکێکی تۆرانی نشینە، لە نێو باخچە بازنەییەکەی ئەو گەڕەکەدا، شەهیدەکانیان بە سێدارەدا هەڵواسین ، تۆرانییەکان ژنەکانیان هێنابوون و هەڵهەڵەیان لێدەدا و نوقڵیان دەبەخشانەوە، پیاوەکانیشیان نامەردنە بەردەبارانی تەرمی شەهـیدە هەڵواسراوەکانیان دەکرد و سووکایەتییان پێ دەکردن.
کورد لە شاری کەرکووکدا زۆر بەم تاوانە خەمباربوون و دەتووت خۆڵی مردوو کراوە بە سەر هەرە زۆری خەڵکی شارەکەدا، هیچ دەسەڵاتێکیشیان نەبوو.. بۆ وروژاندن و ئازاردانی دەروونی کورد بەو نامەردییە سووکایەتیان بە تەرمی ئەو شەهیدانمان کرد.. گەر کورد دانی بەخۆیدا نەگرتایە.. بەعسییەکان و تۆرانییەکان خۆیان بۆ ئەوەش ئامادەکردبوو، کە رەشەکوژی لە کورد بکەن.
ئەمانەی خوارەوە ناوی هەر (٢٨) شەهیدە نەمرەکانی شاری کەرکووک کە لە رۆژی
(٢٣/ یۆنـیۆ/١٩٦٣) دا، بەبێ تاوان لەسێدارە دران. بۆ ئەوەی ئەم تاوانە بخەینە بیری لاوانی نوێی کوردمان، تا هەمیشە یادی لەسێدارەدان و شەهیدکردنیان بەرز رابگرین:
١ـ شێخ مەعروف عەبدولکەریم بەرزنجی ٢ـ شێخ حوسێن عەبدولکەریم بەرزنجی ٣ـ نەجمەدین نادر ٤ـ عەبدولڕحمان محەمەد ٥ـ سەید نوری سەید وەلی ٦ـ ئیحسان حوسێن ٧ـ فەتاح ساڵح ٨ـ مەحمود عەلی بەستە ٩ـ موختار بەڵخش ١٠ـ عادیل حوسێن ١١ـ خورشید مەحمود ١٢ـ محەمەد حەسەن عەزیز ١٣ـ عەبدولجەبار پیرۆز خان ١٤ـ فاتیح مەلا داود ١٥ـ عەبدولمەجید حەسەن ١٦ـ خەلیل ئیبراهیم عەجەم ١٧ـ نوری مەلا عەبدوڵڵا ١٨ـ عەبدولحافڤ شەریف ١٩ـ نەعیم عەنبەر ٢٠ـ عەتا جەمیل ٢١ـ کەریم خەڵەف ٢٢ـ کەریم رەمەزان ٢٣ـ مەحمود مەجید (ئه‌بو شوارب) ٢٤ـ رەحیم سەعید ٢٥ـ مەهـدی مەردان ٢٦ـ گالب عومەر ٢٧ـ ئەحمەد محەمەد ئەمین ٢٨ـ حوسێن خورشید.
هەر لەساڵی (١٩٦٠) دا، تۆرانییەکان بە پشتیوانی ئەمنی کەرکووک، گروپێکی نهێنی کوردکوشتنیان بە ناوی (الكف الاسود: دەستی رەش) ەوە دانا. کە یەکێک لەو گروپە ناوی (حوسه‌ ئاوچی) بوو، ئێمە دەماناسی کە تۆرانییەکی خوێڕی بێێڕەوشت. بوو.. ئەم گرۆپە بە دەمانچە، بە نامەردی چەند کوردێکی ناسراو و بێتاوانیان لە ناو شاری کەرکووک دا تیرۆرکردن. ئەوانەی کە ناوەکانیان لەبیرم ماون، ئەم شەهـیدانەن:
١ـ محەمەد ئەمین شەربەتچی.. دوکانی شەربەتی لە بازاڕی جووت قاوەدا هەبوو.
٢ـ سەید وەلی کاکەیی.. دوکانی چاکردنەوەی مۆتۆرسکیلی هەبوو.
٣ ـ ئەحمەد رەزا.. کریکار بوو، کاری رۆژانەی دەکرد.
٤ـ فازڵ حاجی عەلی لەیلانی.. کووتاڵفـرووش بوو لە بازاڕی پشت قەڵای کەرکووک.
٥ـ هەر ئەو گروپە کوردکوژە (تـێزاب) یشیان پرژانـدە دەموچاوی (ئه‌حمه‌د رەزا) کە دوکاندار بوو لە بازاڕی خانی خۆرما.. تـێزابیان کردە دەموچاوی چەندین کوردی دیکە.
چەند کوردێکی کەشیان تیرۆرکرد، کە من ناوەکانیان نازانم.. وەکو وتمان تۆرانییەکان بە پشتیوانی ئەمنی کەرکووکەوە ئەم تاوانانەیان ئەنجام دا.
ئەو زانیارییانەی سەرەوە هیچ زیادە رۆییەکی تێدا نییە، زۆر لەوەش زیاتریان بەسەر کورد لەناو شاری کەرکووک دا هێنان.. بۆ نموونە قوتابخانەی ئامادەیی لە گەڕەکی شوڕیجەی کوردنشیندا نەبوو. قوتابیانی کورد دەچوون بۆ ئامادەیی موسەڵڵا.. قوتابییە تۆرانییەکان شەڕیان بە قوتابییانی کورد دەفرۆشت و ریان لێدەگرتن و گەلەکۆمەیان لێدەکردن و حکومەتیش سکاڵای کوردی پشتگوێ دەخستت.. چەندین قوتابی کوردمان ناچاربوون و چوون لە سلێمانی بۆ تەواکردنی خوێندنی قۆناغی ئامادەیی.
لە ساڵڕۆژی یادی ئەو (٢٨) شەهیده‌ سه‌ربه‌رزانه‌ی شاری کەرکووکی کوردستانی دا، هەموو ساڵێک بە ئەوپەڕی شکۆداری و رێزەوە، یادی شەهیدبوونیان بەرز رادەگرین.


رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠/ یۆنیـۆ/٢٠٢٠

Previous
Next
Kurdish