Skip to Content

پەیامێک لە ھەڵەبجەوە بۆ ملا بەختیارو حمەی حاجی مەحمود!.. بەهادین حاجی بەکر دارتاش

پەیامێک لە ھەڵەبجەوە بۆ ملا بەختیارو حمەی حاجی مەحمود!.. بەهادین حاجی بەکر دارتاش

Closed
by ئازار 22, 2023 General, Opinion

پاش تێپەڕبوونی ٣٥ ساڵ بەسەر کیمیابارانی ھەڵەبجەدا بەبۆنەی ساڵڕۆژی ھەمان ڕووداوەوە، دوو کەسایەتی دیاری سیاسی و سەربازی ھاتوون” پەردە لەڕووی گۆشەیەک لە ڕاستیەکانی ئەم شارە ھەڵدەدەنەوە” کە لە یەکەمین بەرکەوتەدا ھەر بینەرێک ئەوەی بۆ پرسیارە کە ئەگەر ئەم دوو کەسایەتیە شارەزان وشتێکی نوێیان پێیە ئاخۆ ھۆی چیە پاش ٣٥ ساڵ ئەم بڵقی ژێر ئاوە دەتەقێت. باجارێ لەمەیان گەرین و بزانین زانیاریە تازەکانی ئەم بەڕێزانە چین و کلیلی کردنەوەی کام گرێ کوێرەی خەڵکی ئەم شارەو ئەو ڕووداو تراژیدیایەن کەشارێکی تیدا دفنکرد.
لەم گێڕانەوەدا کاک حمەی حاجی محمود پانۆرامای نەخشەی سەربازی ئەم ڕووداوەو دەورو جێگەو ڕێگەی حیزبە سیاسیەکانی بازاڕی کوردایەتی سەربە جمھوری ئیسلامیان بۆ دەگێڕێتەوە. بەناو بەڵگەوە ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت کە چۆن لەو سەردەمەدا (بەرەی جود) دەبیتە بەشێک لە نەخشەی سەربازی ئێران و ستراتیجی شەرەکەی لە ناوچەکەدا، هەروەها چۆن ڕۆژێک پاش کیمیابارانەکە ئیدارەی ئەم شارە دەکەوێتە دەست جمھوری ئیسلامی و تەنانەت ڕێگە بە مانەوەو دواتر گەرانەوەی حیزبەکانی بەرەی جودیش نادەن.
کاک مەلا بەختیاریش دەڵێ…. یادی ھەڵەبجە دەکرێتەوە، جگە فاشیەتی بەعس لە ناخمدا برینێکی تر دەکولێتەوە ئەویش زامی ئەو تاوانبارانەیە کەلەکاتی کیمیاباراندا بەناو شاردا دەگەڕان و تەرمەکانیان ھەڵدەدایەوەو ملوانکەو ئەنگوستیلەو سعاتەکانی دەستیان کۆدەکردەوەو دەستی تاوانیان دەبردە گیرفانی قوربانیان….
ئەوەی لێرەدا جێگەی سەرنج و تیاڕامانە ھەڵوێستو تێڕوانینی ئەم دوو کەسایەتییە کە بەردەوام پێگەی باڵایان ھەبووە لە نێو ئەم حیزبانەی کەلەم ڕووداوەدا بەشداربوون، کەچی لێرەو لەم دەرکەوتنانەدا دەیانەوێ پاش ٣٥ ساڵ تازە ” زانیاری نوێ” بدەن و ئەستۆپاکی خۆیان بسەلمێنن. لەوەگەڕێن کە ھەرنەبێت بۆ خەڵکی ھەڵەبجە ئەم گێڕانەوانە تەنیا یەک ووشەی تازەی تێدا نیەو شتێک نەبوو کە تائێستە دەیان جار خەڵکی ھەڵەبجە ئەم داستان و گێڕانەوانەیان پشت سەر نەنابێت و ماندونەبووبن بە دەست چوینەوەی ئەم بنیشتەخۆی بندانیان. بەڵام با لێرەدا ئەو پرسیارە لە کاکە حەمە بکەین و بڵین ئایا ئەم دانپیانانەی ئێوە بەوەی کە لەو مێژووەدا لە دۆخی میلیتاریستی ناوچەکەدا چۆن بوون بە بەشێک لە جێبەجێکەری نەخشەکانی جمھوری ئیسلامی و تەنانەت قایمقامی خۆیان دانا بۆ ئەم شارەو لەمەش زیاتر تەنانەت ڕێگەیان نەدەدا بە گەڕانەوەی حیزبە ھاوپەیمانەکانیان کە بەرەی جودبوو.هەلبەتە بیرمان نەچیت تۆ لە بیرەوەریەکانتا زیاتر لە دە سال لەمەوەبەر زۆر لەمە زیاتر رۆشتوویت و دەلیت ئەگەر هیزە کوردەکان بەشدارنەبوونایە خەلکی هەلەبجە هەلدەهاتن، بەلام یەکیەتی ریگەی لە چوونە دەرەوەی ئەو خەلکە گرت.
بۆیە خەلکی کوردستان هەقیانە بەپێی ئەم قسانەی خۆشتان بێت ئێوەش وەک تەواوی حیزبەکانی بەرەی جوود بخاتە خانەی بەشداربوون لەو جینۆسایدەی کە بووە هۆی دفنکردنی شارێک، یان دەتەوەێ پاکانە بۆ ئەوە بکەیت کە ئەوە حیزبەکەی ئێوە نەبوو دواتر ئەو چەتەگەری و فەزاحەتەیان لەم شارەدا ئەنجامدا، ئەگەر گریمان ئەمە واشبێت ئایا ئێوە ئامادەن لەبەردەم دادگای کردنێکی عادلانەدا دانبنێن بەوەدا کە بەلێ ئەوە بەرەی جود بوو بە حیزبەکەی خۆشتانەوە کە بەشداربووە لە ویرانکاریەکانی ئەم شارەدا! .
بەڕاست کاک بەختیار پیاوە خوێنەوارو شرۆڤەکارەکەی یەکیەتی نیشتمانی ھەموو برینەکەی ناخی تۆ ئەوەیە کە چوار پێشمەرگەی حیزبەکەتان لە نێو شەتڵی لاشەی قوربانیاندا ئەلقەیان لە پەنجەی ژنانێک دەرھێناوە، یا ھێشتا ھیوایەکت ھەیە بەوەی کە بیتەوە بە ڕەقەمێک لە نێو ئەم حیزبەدا بۆیە ناتەوێ پاش ٣٥ ساڵ دان بنێی بەوەدا کە یەکیەتی نیشتمانی تەرەفەێکی بەرچاوی ئەنجامدانی ئەو تاوانەبوو کە لەم شارەدا خولقا، نەبادا ئەوەی کە ئێستەش وەریدەگریت بیبڕن و ئەوکاتە لە کوردەکەی ھەردوو جێژبن.
کیمیابارانی ھەڵەبجە چیمان پێدەڵبت؟!
بەلێ مەلا بەختیار دزینی ئەنگوستیلەکان ناخی ئازار دەدات و حەمەی حاجی مەحمودیش بەشەرمەوەو لەژێر لێوەوە دان بەوەدا دانێت کە ئەوانیش وەک حسک تیمێک بوون لەو سوپایەی کە جەڵەوی بەدەست جمھوری ئیسلامیەوە بوو کە پاش تاشینی سەروسمیلیان ئاوینەشیان دان بەدەستەوەو کەچی ئەوان هێشتا برابچکۆلەیان قبول بوو!
بەڵام ڕێگە بدەن با بزانین تاوانبارانی کیمیابارانی شاری ھەڵەبجە کێن و بۆ ھەموو تیرەکان ئاڕاستەی سەر سنگی بەعس و سەدام حسین دەکرێت ؟!.
ھەر لێکۆڵەرەوەو شرۆفەکارو سیاسەتمەدارو نووسەرو جۆڕنالیستێک دوای تێگەشتن لە ڕووداوی کیمیابارانی ھەڵەبجە بکەوێت، لەو بارو دۆخە حاڵی نەبێت کە چۆن ئەم ڕووداوە لە جەرگەی شەڕی ئێران و عێراق و میلیتاریزە بوونی ناوچەکەدا خولقاوە، لەوە حاڵی نەبێت کە ئەو جەنگە چ ئاراستەو ئامانجێکی وڵاتانی زلھێزی دنیا بەراورد دەکات و ھاوکات چۆن لەم دۆخی جەنگە مالویرانکەرەدا یاری بە ژیان و چارەنووسی خەڵکی ئەم ناوچە کراوە،ئەوا مەحاڵە قسەیەکی بۆ ووتن پێبێت کە بتوانێت شتێکمان لە ھەقیقاتی ئەم ڕووداوە نیشان بدات.
لیرەدا ئەوە بلین کە لە راستیدا باسەکە نەزانی و نا وشیاری ئەم زاتانە نیە، بەلکو جەوهەری ئەو مەسەلەیەی کە مەحالە ئەمانە بتوانن ئەنجامی بدەن پاراستنی ئەو بەرژوەندیەیە کە لە سایەی ئەم بارودۆخەدا بوونەتە خاوەنی، بۆیە هەر پرتەو بۆلەیەک ئەگەر بەقیمەتی سەرزنشتێکی کاتی هەر لایەنیکیش تەوابێت هیچ لە جەوهەری تاوانەکەو دەستنیشان کردنی تاوانباران ناگۆریت، کە لێرەدا لە چوار خالدا باسیان دەکەین!

تراژیدیای کیمیابارانی هەلەبجە لە جەرگەی کام بارودخی سیاسی ناوچەکەدا بوو ؟
ئەوەی لە کیمیابارانی هەلەبجەدا بە رەهای ئاماژەی پیدەکریت حزب و حکومەتی بەعس بووە، کە ئەمە تا ئەو شوینەی کە بەعتس فاکتەرێکی ئیجرائی و سەرەکی کیمیابارانی هەلەبجەدا بوو راست و رەواو واقعیە. بەلام کاتێک کە هەموو تیرەکان ئاراستەی سەر سنگی بەعسی فاشیست دەکرێتەوە، ئەمە هیچ نیە جیاواز لە پاکانە کردنێک بۆ داپۆشین و شاردنەوەی کارنامەی واقعی هەموو لایەنە تاوانبارەکانی تر لە ئەنجامدانی ئەو تاوانە مێژووییەدا. ئەمرۆ ئیتر پاش تێپەڕ بوونی 35 سال زۆرێک لە راستیەکان ئاشکرا بوون و ئەوە معلوم بووە کە حکومەتی بەعس تەنیا یەک تەرەفی ئەنجامدەری ئەم جینۆسایدە بووە، لەهەزارەی سیهەمدا بەهۆی ڕۆلی سوسیال میدیاوە بەرۆشنی ئاشکرابوو، کە زۆرجار لە زمانی خودی سەرانی ئەم حیزبانەوە، دانیان ناوە بەوەدا کە ئەوانیش بەشداربوون کیمیاباران کردنی ئەم شارەدا. بۆیە ڕۆلی حزب و لایەنەکانی بەرەی جود لە بەسەرئەنجام گەیاندنی ئەم تراژیدیایەدا فاکتۆرێکی زۆر ڕۆشنە بەدەلیلی ئەوەی کەبەکۆی گشتی بوونە بەشێک لەستراتیژی سەربازی حکومەتی جمهوری ئیسلامی ئیران لەو شەرە مالوێرانکەرەدا، بەتایبەت لە مەسەلەی هەلەبجەدا کەبووە هۆی کیمیاباران کردنی ئەم شارە. دەبێت ئەوەش بیربهێنینەوە کە سەرانی حیزبەکەی مەلا بەختیاردا بەرۆشنی دانیان بەوەداناوە کە حکومەتی عیراق راستەوخۆ لە سالی 1986دا پیان راگەیاندن گەر بیتوو بەهەر شێوەیەک لەشکری داگیرکەری حکومەتی جمهوری ئیسلامی بیننە هەر ناوچەیەکی شمالی عیراقەوە ئەوا هەرجۆرە چەکێکی کوشندە بۆ نابودکردنی ئەو شوێنە بەکاردێنین ئەگەر لەنێو شاری سلیمانیشدا بووبێت. ئایا بەراستی کەئێوەو هەموو بەرەی جود ئەو راستیەتان دەزانی لە کیمیابارانی هەلەبجەدا هێشتا خۆتان بە تەرفێکی جەنگەکەو ئەنجامدانی ئەو تاوانە نازانن؟!!

رۆلی ئەمریکاو ولاتانی زلهێز لە ئەنجامدانی کیمیابارانی هەلەبجەدا
کارەساتی هەلەبجەو ڕۆڵی هێزە نیودەوڵەتیەکان لە پرۆسەی کیمیابارانی هەلەبجەدا بە دوو مانا تەرفێکی تاوانەکەن، یەکەم لە چاونوقاندنیان لەو جینۆسایدە لەو سەردەمانەدا، کە ئەمەش بەشێکی لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە زۆرێک لە کۆمپانیاکانی ولاتانی وەک سویسرا، هولندە، ئەلمان، ئیتالیا، ئەمریکا کردوە پرچەک کردن و پێدانی موادی کیمیای کە تەنیا لەولاتیکی وەک نێجیریا لە سالی 1981دا 200 تەن مواد خامی کیمیای گەیاندە عیراق کە هاوکات لەو سالەدا وەزیری دەرەوەی عیراق سعدون حمادی لە دیدارێکی فەرمی کاربەدەستانی حکومەتی ئەمریکا ئۆکەی بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی وەرگرت بە پاساوی ئەوەی کە عیراق مافی خۆیەتی سیادەی خۆی بپارێزتو ئێمە دەخالەت لە مەسەلە ناوخۆیەکانی عیراقدا ناکەین. بۆیە دواجار ئەمریکاو زۆریک لە ولاتانی ئەوروپا وەک عیراق و ئیران و بەرەی جود دەچنە خانەی ئەو تاوانبارانەی کە دەبێت ڕۆژگارێک دادگاییەکی عەدالەتخوازانە هەر چوار لایەن بەتاوانی بەشداریکردن لە کیمیابارانی شاری هەلەبجە دادگای بکرێن!

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish