Skip to Content

پێویستە(ساڵنامەی نەورۆزیی)بکرێت بە فەرمی و بە جیهانی.. دکتۆر مەولود ئیبراهیم حەسەن

پێویستە(ساڵنامەی نەورۆزیی)بکرێت بە فەرمی و بە جیهانی.. دکتۆر مەولود ئیبراهیم حەسەن

Closed
by ئازار 22, 2023 General, Opinion


پێشەکی ..

یەکێ لە شارەزایانی مێژووی کوردستان دەنووسێ : ( کوردستان خەزنەیەکە هێشتا بە چاکی نە ناسراوە !) ئەگەر ئەو مێژوو نووسە بەم وتەیە ڕووی لە هەموو ئەوانەیە کە ئەو کوردستان نە ناسینە دەیانگرێتەوە ، ئەوا کورد خۆی بەشێ زۆری ئەو – نەناسین – ە دەیگرێتەوە ! مێژوونووسانی جیهان بە کۆن و تازەیانەوە بە ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاواییانەوە زۆریان لە بارەی کوردو کوردستانەوە گوتووە ! چاکیشیان گوتووەو خراپێش ؛ بەگشتی ئێمەی کوردیش نە چاکگوتنەکانمان بەباشێ وەرگرتووە ! نە وەڵامێکی زانستیانەشمان بۆ خراپ گوتنەکان هەبووە ، هەر بۆیە دەتوانم بڵێم .. مێژووی کورد زۆری لە بارەوە گوتراوو نووسراوە ، ئەگەر لە نێو ئەم نووسراوانە بێین و بە پێی زەمەن و هەر لە کۆنەوە ڕاست و زانستیە بەڵگەدارەکان کۆبکەینەوەو بێانهێنەوە پاڵ یەک ، ئەوا نەخشەی مێژووی کورد زۆر بە جوانی خۆی دەردەخات . ئەو مێژووناسانەی نووسیویانە 🙁 کوردستان لانکەی مرۆڤایەتیە – کورستان لانکەی شارستانیەتە ) لەم ڕاستی گوتنەشیان خێریان بە کوردستان نەکردووە ، بە هەوڵ و ماندوو بوون و لێکۆڵێنەوەی زانستیانە بەم ئەنجامانە گەیشتوون ، فەرموون بزانن بیرمەندو لێکۆڵەری ئیرانی ( دکتۆر عەلی شەریعەتی )چ تاجێکی زێڕین و گرنگ و بە نرخ دەنێتە سەری کورد و دەنووسێ : (شارستانیەتی یۆنانی ئەویش شارستانیەتێکە باپیرانی کورد ئەوانەی کۆچیان کردو لەگەڵ گەیشتنیان – بە یۆنان – دروستیان کردووە ،(…) وەک پێشتر گوتمان بناخەی شارستانیەتی یۆنانی لەسەر شانی کورد هەڵنراوە ، ئەو کوردانەی لە نێوان دوو ڕووباران دەژین ، ئەو شوێنەی بنکەی ڕۆشنبیری وشارستانیەت و فەلسەفەی جیهانە ؛ یەکەمین جێگا زانستی بیرکاری تێیدا گەشەی کرد نێوان ئەو دوو ڕووبارە بوو ،) (١) بە خۆڕایی نیە شوێنەوارناسی گەورە (ڕالف سوالکی ) دەست بۆ دەرگای ئەشکەوتی شانەدەر درێژ دەکات و دەڵێ 🙁 هەموو شارستانیەتەکان لە دەرگای ئەم ئەشکەوتەوە هاتوونەتە دەرەوە !)،(٢) هەموو ئەمانەو زۆری تر دەیسەڵمێنن کە کوردستان سەرەتایەو مێژووێکی کۆنی هەیە بۆ ژیانی مرۆڤ و سەرهەڵدانی شارستانیەت ، ئەم کۆنی و دەوڵەمەندی و گرنگیەی کوردستان ئەرکی لێکۆڵەری کورد زۆرو وردو گران دەکات !
لێکۆڵەری کورد پێویستە بە لێکۆڵێنەوەی زانستی و وردو پشو درێژیەکی بەردەوام گەورەو بچووک وکۆن و نوێی مێژوو و جوگرافیای کوردستان و کلتورو شارستانیەتەکانی ساغ بکاتەوە ! ساغ بکاتەوەو بزانێ چێ ڕوویداوەو چێ دروست کراوەو چێ ئەمڕۆ ماوەتەوە ، ماوەتەوەو خۆی بکاتە خاوەنی ؛ میللەتانی پێشکەوتوو بستێک خاک و ڕووداوێکی مێژوویی و خشتێکی شووینەواری و دابێکی کلتوری وەک چاوی خۆیان دەپارێزن ؛ دەیپارێزن و شانازی پێوەدەکەن ! کەچی بەداخەوە .. ڕۆژانە لە چواردەورو لە ناوەخۆش !! بە بەرچاومانەوە خاکمان داگیر دەکرێ و مێژوومان دەشێوێندرێ وشوێنەوارمان تێکدەدرێن و فەرهەنگ و کلتورمان سوکایەتیان پێ دەکرێ و دەبردرێن و دەشێوێندرێن !؟
ئەگەر واز لە هەموو کلتورە دزراوو شیوێندراوو داگیرکراوەکانمان بهێنین ؛ بە تەنیا ( نەورۆز ) وەربگرین .. دەبینین چ بەزمێکی پێدەکرێ ! لە کاتێکدا ساڵانە داگیرکەرانی وڵات لەسەرو بەندی جەژنی نەورۆز ڕێ لە مۆڤی کورد دەگرن بە ئازادی نەورۆز بکات و هەستی خۆی دەرببڕێ ؛ گەنجەکانمان و دەخەنە بەندیخانەو بریندار دەکەن و دەیانکوژن ؛ کەچی لە نێوان خۆیان بە توندی ملە لە سەر ئەوە دەکەن و هەریەکەیان نەورۆز بە هی خۆیان دەزانن !؟ لە ساڵی( ٢٠١٠) ئێران چەند ڕؤژێکی پێش نەورۆز ..نەورۆزی بە حەرام ناساندو قەدەغەی کرد کورد نەورۆز پیرۆز بکات ، کەچی پاش چەند ڕۆژێک نەتەوە یەکگرتووەکان جەژنی نەورۆزی وەک (جەژنێکی جیهانی ) ناساندو ڕێشەکەی بە ئیرانی درایە قەڵەم ؛ هەر زوو پەشێمان بوونەوەو باوەشێان بۆ ئەو پیرۆزباییانە کردەوە کە سەرانی جیهان بە بۆنەی نەورۆزەوە بۆیان دەناردن و پیرۆزباییان لێ دەکردن !! (٣) ترکیا شەڕی ڕاگەیاندنی لە گەڵ ئیران دەستپێکردو خۆی بە خاوەنی نەورۆز دەزانی و وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان کۆبوونەوەکەی نەتەوە یەکگرتووەکانی بە جێهێشت ، بە هۆی ئەوەی ڕێشەکەی بە ئیرانی ناوبردراوە ، هەموو ئەم کێشمە کێش و هەرایە کوردی لێ بێ ئاگا بوو !؟ لە کاتێکدا کورد لە هەمووان پتر خاوەنی نەورۆزە بە بەڵگەو بە مێژوو ! ئێستاش ساڵانە نەورۆزان سەرانی جیهان بەفەرمی و بە ئاشکرا پیرۆز بایی لە حکومەتی ئیران دەکەن وەک خاوەنی مێژوویی نەورۆز دەیناسێنن !؟
باپیرانی سۆمەر..
ئەگەر پێشتر ئەوەمان خوێندەوە کە پسپۆران کوردستان بە لانکەی مرۆڤایەتی و شارستانیەت دەزانن ، ئەوا ئەم – لانکە – یە بەردەوام مرۆڤی تێدا ژیاوەو قۆناغەکانی ژیانی تێدا بڕیوە ، هەر لە ڕاوچیەتی و ئەشکەوت نشینی و کشتوکال کردن و شوانکارەیی و شار دروستکردنەوە بیگرە تادەگاتە داهێنانی ئەفسانەو ئاین و فەڵسەفەو زانستەوە.. هەموو زانستەکان !
کوبیکلی تەپە ..ئەگەر بە وردی بۆ نموونە دوو شوێنی گرنگی وەک (دێرینکۆیۆ و کوبیکلی تەپ – گرێ مرازان) بیانکەین بە چەقی لێکۆڵێنەوەکەمان ، کە هەریەکە تەمەنیان بۆ (١٠ هەزار ساڵ) پێش زایین دەگەڕیتەوە ، دەبینین هەموو زانستەکان لەو ڕۆژگارە دا لە دروستکردنی ئەم دوو شوێنە دا بەکار هاتوون ؛ گرێ مرازان کە بە گەورەترین و کۆنترین پەرستگای جیهان ناسراوە و دەکەوێتە نزیک شاری( ئورفا)ی باکووری کوردستان ، وەک شووێنەوارناسی ئەلمانی ( کلاوس شمیدت ) باس دەکات و دەڵێ 🙁 ئەگەر بەتەواوی پشکنین لەم پەرستگایە دا بکرێ تیۆری دروستبوونی مرۆڤ گۆڕانی بەسەردادێ !)،(٤) کە تا ئەوکات (٦./.) شوێنەکە پشکنینی تێدا کرابوو! زانای شوێنەوارناس (کارۆل) لە بارەی ئەم شووێنەوە دەڵێ : ( بڕواناکەم ئەم شووینە تەنیا بۆ سروتی پەرستن بەکارهاتبێ ، ئەگەر ئەمە باوەڕت بێت سەرچێغ دەچێ و لە گرنگی کەم دەکەیتەوە ، (…) من لەو باوەڕەم ئەم ئاواییە تەنیا جێگای پەرستن نە بوووەو کاری زۆر تری تێدا کراوە .)،(٥) بەڵێ ..لێکۆڵەری کورد پێویستە بە دوای ئەو کارانە دابچێ کە جگە لە پەرستن ، لەم شووێنە دا کراون ، کە ئەم کارانە بەرەو ئەوەمان دەبات کە بەدوای دەزگاو سازی کۆمەڵایەتی جۆراوجۆری ئەوێ ڕۆژێ دا بگەڕێین !
ئەگەر سەیری ستوونە گەورەو لووس و گرانەکان بکەین و لە وێنەکان ورد بێنەوە ، دەبێ بپرسین ئەم ئەندازیارو هونەرمەندانە ئەو زانست و شارەزاییەیان لە کوێ وەرگرتووە ؟ لە کاتێکدا شووێنێکی لەم شوێنەکۆنترمان نیە کە ئەم جۆرە ئەندازیاری و هونەرەی تێدا کرابێت و بێژین ..بەڵێ پیاوانی ئەم کارە مەزنانە لەوێ ئەم زانست و هونەرەیان وەرگرتووە ! ئەم ستوونە لووس و گەورەوگرانانە بەچ ئامێرێک ئاوا ڕێکخراون ؟ چ کەسانێک و بە چ ئامێرێک ئاوا ئەندازەیی ڕایانگرتوون و توندیان کردوون؟ ئەو هونەرمەندانە کێ بوون و لە کوێ ئەم هونەرەیان بەدەست هێناوە ؟ هونەری کۆڵێن و هونەری بەرز کە لە وێنەکێشانی جۆراو جۆری گیانلەبەرەکان بەکاریان هێناون ! زۆر پرسیاری تریش ، کە وەڵامەکەیان تا ئێستا نەزانراوە .
دێرینۆکیۆ ..شاری ژێر زەمینی چێن لە ژێر چێن ، تا دەگاتە هەشت چین و هەندێک دەڵێن زیاتریشە ، ئەم شارە ژێر زەمینیە تەمەن ( ١٢ )هەزار ساڵە ، مەزەندەی ئەوە دەکرێ کە جێگای (٣٠ تا ٥٠ ) هەزار کەسی تێدا ببێتەوە بە مەڕوماڵات و کەرو ئەسپەوە ! پازدە هەزار کڵاو ڕۆژنەی هەواگۆڕێ تێدایە ، شەست دەرگای هەیە ، دەرگاکان لە ژوورەوە ڕا دادەخرێن و دەرگاکە بەردێکی خڕی یەک تەنی و نێو تەنیەوە هیچ کەس لەدەرەوە ڕا بۆی ناکرێنەوە ! لە ژوورەوەی ئەم شارە جێگای هەموو پێویستیەکانی ژیانی ئەوێ ڕؤژێی تێدایە ، تا دەگاتە پەرستگاش ؛ هەر بۆیە پسپۆران ئەم شارە بە ( شاری جنۆکان ) ناو دەبەن ، شوێنەوارناسان دەڵێن : ئەم شارە زۆر لە ئەهرامەکانی میسر گرنگترە ؛ لە بەر ئەوەی تەمەنی ئەم شارە ژێر زەمینیە (١٢) هەزار ساڵە ، کەچی تەمەنی ئەهرامەکان هەر( چوار) هەزار ساڵ دەبێت !(٦) ئەمەو لەگەڵ چەندین شوێنی تر لە کوردستان کە هەموویان تەمەنیان( دوازدە هەزار) ساڵ و بەسەرەوەیە وەک ( ئۆرهان تەپە – گرێ کچەڵ ) و( حەسەن کیف ) زۆری تریش کە هەموو ئەم شوێنانە پێمان دەڵێن : ( ئەو شارانە بەرهەمی سەر هەڵدانی شارستانیەتی بەردن )،(٧) بە چەندین هەزار ساڵ پێش ( شارستانیەتی قوڕ ) ئەم( قوڕو بەرد )ەش بە هۆی جیاوازی جوگرافیای شارستانیەتەکەیە ، دەنا هەر ئەو مرۆڤانەن کە( باپیرانی سۆمەر) یەکانیان پێ دەڵێن و ئەو باپیرانە بوون کە بە چەند هۆیەک لە کوردستانەوە بەرەو خوارەوە ڕؤیشتن و لەوێ( شارستانیەتی قوڕ) یان دروستکرد . کە چووونە خوارەوە کلتورەکەی خۆیان لە گەڵ خۆیان بردو چەند گۆڕانکاریەکیان تێدا کرد ، بەپێی پێویستی ئەو جوگرافیە تازەیە. بۆ نموونە : (کشتوکالی بارانی)یان کرد بە ( کشتوکالی ئاودێری ) بە شێوەی بەرزی شاخەکان بۆ پەرستگا ( زەقورە) یان دروستکرد ، ناوی شارە تازەکانیان بە هەمان کلتوری کوردستان ناونا؛ بۆ نموونە : ( ئوربل ) کە شاری هەولێری ئێستایەو پێشتر لە کوردستان بەم ناوەوە دروستیان کردبوو، هاتن شاری(ئور- و- ئورکو ئەرەک ) یان دروستکرد ، کە دەبینین( ئور)،(٨) وەک ناوی شوێن و شارلە هەردوو قۆناخ دووبارە بووەتەوە .. ئەمەو زۆری تر . دەبێ ئەوەش بزانین ئەوانەی چوونەتە خوارەوە هەموو خەڵکە کە نەبوون کە دواتر بە ( سۆمەر)یەکان ناسران ، بەو هۆیەەوە ئێستاش ساڵانە لە هەموو کوردستان شوێنەواری پێش چوونە خوارەوەو سەردەمی چوونە خوارەوەو دوای چوونە خوارەوەشیان دە دۆزرێنەوە ٠
سۆمەریەکان و کورد ..
لە سەت ساڵی ڕابردوو میللەتانی دەورو بەر( عەرەب و ترک و فارس ) و چەند میللەتێکی تریش زۆریان هەوڵدا سۆمەریەکان بەلای خۆیاندا ڕاکێشن و بیان کەن بە عەرەب و ترک و فارس . بەڵام ، خۆشبەختانە دواجار زاناکان و پسپۆران ڕێشەو بنەچەی سۆمەریەکانیان دۆزیەوە ! وەک ( نورەدین ئەبو حسین حسین ) دەنووسێ 🙁 ڕاکان جیاواز بوون لە بارەی بنەچەی سۆمەریەکان و لە کوێوە هاتوون ؟ بەڵام زۆرن ئەو زانا شوێنەوارناسانەی بە بەڵگەی ئەرکیۆلۆژی ئەوە دەسەڵمێنن کە ئەوانە لە چیاکانی زاگرۆسی ساردەوە هاتوونەتە خوارووی میزۆبۆتامیا لە قۆناغی یەک بە دوای یەکدا زانای شوێنەوارناس دکتۆر بەهنام ئەبوو سوف دەڵێ : سومەریەکان لەدەرەوەی وڵاتی دووڕووبارانەوە نەهاتوون، بەڵکە ئەو میللەتە لە سۆبارتوو بوون ، لە ڕۆژگارێکدا هاتوونەتە خوارەوەو شارستانیەتەکەیان لە گەڵ خۆیان گواستووتەوە ،)،(٩) ئەوەی ڕاکەی دکتۆر بەهنام ئەبوو سووف دەیسەڵمێنی ، کە درووستکردنی شارستانیەتێکی پێشکەوتوو وداهێنانی نووسین لە لایەن سۆمەریەکانەوە ، ئەوە دەسەڵمێنی کە سۆمەریەکان پێش ئەوەی بچنە خوارەوە بنەمای شارستانیەتێکی پێشکەوتوویان هەبووە ، ئەوەش جارێکی تر ئەوە دەسەڵمێنی کە سۆمەریەکان بەشێک بوون لە پێشینەی کوردەکانی زاگرۆس ، باشماوە شوێنەواریە دۆزراوەکانی کوردستان ، ئەوە دەسەڵمێنی کە کوردستان لانکەی شارستانیەتی یەکەمی هەموو مرۆڤایەتیە ، زانای ئەمریکایی پرۆفیسۆر (ڕۆبەرت .گ.براید وود ) دەنووسێ : ژیان لە ڕاوچیەتیەوە بۆ شارستانیەت و جێگیر بوون ، دوای ئەوە هات کە لە کوردستان کشتو کال و پیشەسازی دۆزرایەوەو پێشەکەوت و ماڵی کردنی گیانلەبەری کێوی و بە جێهێشتنی ئەشکەوت و ژیان لە ماڵێکدا دەرکەوت کە کەرەستەی پێشکەوتووی کشتوکالی تێدا دۆزرایەوە ، لە کاتێکدا ئەوکاتە خاکی خواروو لە ژێر ئاودابوون ، لوتکەی چیاکان پڕبوو لە جوڵەی ژیانێکی چاڵاک ، ئەوەی کە ئەمە دەسەڵمێنی دۆزینەوەی پاشماوە دێرینەکانە ئەوەی لە ئەشکەوتەکانی ( بێستوون ) لە ڕؤژهەڵاتی کوردستان دۆزراونەتەوە و تەمەنیان (١٠٠) هەزار ساڵە ،لە ( شانەدەر) لە ( ئاکرێ) و( چەرمو) لە خوارووی کوردستان و ئەشکەوتی ( جایۆنو) لە باکووری کورستان و ئەشکەوتی ( دوودەری ) لە ڕۆژئاوای کوردستان ، هەموو ئەوانەو زۆری تریش بۆ دەیان هەزار ساڵ دەگەڕێنەوە .) ،(١٠ ) ئەو مرۆڤانەی کە لە (١٠٠) هەزار ساڵ لەوە پێشەوە لە کوردستان بوون بە بەردەوامی ، هەر ئەوانیش لە سەرو بەندی (١٢) هەزار ساڵ پێش ئێستا لەگەڵ سەرهەڵدانی کشتوکال شارستانیەتی بەردیشیان داهێنا و بەردەوام بوون لە بەرەو پێش بردنی شارستانیەتیکەیان ، هەر ئەوانەن باپیرانی سۆمەریەکان و کوردبوون ، کە بەشێکیشیان دەچنە خوارەوەی دووڕووباران ، لەوێ بەردەوام دەبن و دەیان داهێنان دەکەن و زۆر پێشکەوتوو دەبن ، کە تا ئێستا مرۆڤایەتی شانازیان پێوە دەکات ، خاوەنی ئەو پێشکەوتنە ئەو باپیرانی یەو گروپە بوون کە دواجار بە( سۆمەری) ناسراون .
سۆمەرو زەگمەک..
ئەو سۆمەریانە وەک زاناکان دەڵێن : کە هاتوونەتە خوارەوە شارستانیەتەکەی خۆشیان لە گەڵ خۆیان هیناوە ، لە نێو ئەو شارستانیەتە زمان و کلتورو داب و نەریت و ئایینەکەشیان هاتووە ؛ کلتورێکی گرنگیان هەبووە کە جەژنی سەری ساڵ و ژیانەوەی دەمموزی بووە ، ئەو جەژنە لە ڕۆژی یەکەمی ساڵێ نوێی سۆمەریکان بووە ، جەژنی زەگمەک ..ئەو جەژنە پەیوەست بوو بە گۆڕانی سروشت و هاتنی بەهارو خوێندنەوەی فەلەک و هاوتا بوونی شەوو ڕؤژ لە کوردستان و زێندو بوونەوەی (دەمموزی ) و ڕێ و ڕەسمی پێشوازی و دەربڕینی خۆشی و شادی بە هۆی زیندوو بوونەوەی دەمموزی ، دەمموزی خوداوەندی( گیاو سەوزایی و مەڕوماڵات) …. هەر بۆیە ئەم جەژنە کۆنترین و گەورە ترین و پیرۆز ترین جەژنی ئەو سەردەمانە بوو ، لە کۆتاییەکانی سەدەی (١٩) زانای شوێنەوارناس ( هینری لایەرد ) تابلۆیەکی بازنەیی دۆزیەوە ، باوەڕ وابوو کە هی شای ئاشووری ( ئاشوور بانیبال ) ە ، بەڵام ، بە هۆی شیکردنەوەی تیشکی بە کۆمبیوتەر ، ئەوە سەڵمێندرا کە گونجاوە لە گەڵ سەقای ئاسمانی وڵاتی دوو ڕووباران و سەڵمێندرا کە سەر بە شارستاینەتی سۆمەرە .) ئەو تابلۆیە بۆ ماوەی (١٥٠) ساڵ مایەی سەرسامی زاناکان بوو ؛ تا لە ساڵی (٢٠٠٨) زاناکان بە پشت بەستن بە ئامیری تابلۆیی ، بۆیان دەرکەوت کە ئەو نووسراوەی لەسەر ئەو بەردە بازنەییە، بریتیە لە لێکۆڵێنەوەیەکی پێشکەوتووی ئەستێرەکانی ئاسمان ، لە گەڵ تێبینی سۆمەریەکان و کاریگەری بەریەککەوتین بچووکەمانگ لە ناوچەی (کۆفیلس) لە نەمسا . دەرکەوت ئەم تابلۆ بازنەییە ( یەکەمین ئیسترلاب) ە لە مێژوودا ، ئێستا ئەو تابلۆ بازنەییە لە مۆزەخانەی بەریتانی بە ژمارەی( ک٨٥٣٨ )،(١١) بە ناوی (نەخشەی ئەستێرەی سۆمەریەکان) ناسراوە و پارێزراوە . ئەو تابلۆیە ئەوە دەئسەلمێنی کە سۆمەریەکان زانستێکی فەلەکناسیی ئاڵۆزیان هەبووە . دیارە هەر ئەو زانستە فەلەکناسیەشە کە توانیویەتی (ڕۆژی هاوتا بوونی شەوڕۆژ) لە کوردستان بکات بە جەژنی سەری ساڵی سۆمەریەکان بە ناوی( زەگمەک )کە ئێستا ئێمەو جیهان بە ناوی – نەورۆز – دەیناسین !
دەمموزو نەورۆز..
تا ئێستا بۆ مان دەرکەوت کە ژیان لە کوردستان مێژووێکی زۆر کۆنی هەیەو ئەو مێژووەش هۆی دروست بوونی سەرهەڵدانی کشتوکال و گوندو شارە ، لە (١٢) هەزر ساڵ بەر لە ئەمڕۆلەم کوردستانەی خۆشمان بە بیروکاری مرۆڤەکانی ئەو وەختە (شارستانیەتی بەرد) سەری هەڵداوەو لە گەڵ پێشکەوتن و گۆڕانکاریەکان ، بەشێک لەو مرۆڤانەی کوردستان چوونەتە خوارەوەو لەوێ ( شارستانیەتی قوڕ) یان دروستکردووە هەر لەو وەختەش ئەو مرۆڤانە بە (سۆمەر) ناسرون ، وەک پێشتر گوتمان ئەو مرۆڤانەی کە لە کوردستان و باکووری دوو ڕووباران چوونەتە خوارەوە ، پێشینەی شارستانیەتێکی پێشکەوتوویان هەبووەو لەگەڵ خۆیان بردووە ، لە نێو ئەم شارستانیەتە ئایین و کلتوریش هەبووە ، لە نێو ئەم کلتورو ئایینە ( جەژنی زەگمەک) هەبووە ، ئەو جەژنە پەیوەست بووە بە زیندوو بوونەوەی دەمموزی لەو ڕؤژەدا ، زانای سۆمەرناس (جۆرج کەدەر) ڕای وایە زەمەنی ( داستانی دەمموزو عەشتار) بە ڕای هەندێک لە لێکۆڵەران دەمموزی یەکێکە لە زنجیرە پاشاکانی سۆمەر. پێش ئەوەی بە ناوی( سەردەمی لافاو) ناوبندرێ ، جۆرج کەدەر هۆکەی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە ، سەردەمی دەمموزی پاشا گەشانەوەو هات و بەرەکەت و هەرزانی بووە ، هەر بۆیە لە ئەفسانەی ( بەرەکەتی پیرۆز)،(١٢) ناوی بە زیندووێتی ماوەتەوە ، ئەو زەمەنەش هاوکاتە لە گەڵ زەمەنی سەرهەڵدانی کستوکال واتە (١٢) هەزار ساڵ بەر لە ئەمڕۆ . هەر بە هۆی ئەوەی دەمموزی ئەو سەردەم وەک خوداوەندێک ناسراوە ، بۆیە ڕۆژی زیندوو بوونەوەی کە هاوکات بووە لەگەڵ سەرەتای بە هار ئەو ڕؤژە زۆر پیرۆز بووەو کراوە بە جەژن ، جەژنێکی سروشتی ئایینی فەلەکی و کلتوری و ئەفسانەیی ، هەموو ئەمانەش لای خەڵکەکە نرخ و گرنگی و پیرۆزی خۆیان هەبووە ، هەر بەو بۆنەیەوە ڕۆژەکە کەدەکاتە ڕۆژی یەکەمی مانگی یەکەمی ساڵی نوێی سۆمەری کراوە بە سەرەتای ( ساڵنامەی سۆمەر)،(١٣) یەکان ، ئەو ڕؤژە پیرۆزە کراوە بە جەژنی زیندوو بوونەوەی دەمموزی خوداوەندو ژیانەوەی سروشت و هاتنی بەهارو کۆتایی بەفرو ساردی ، ئەمەش وای کردووە لە شەوی یەکەمی ئەم ڕۆژە ئاگرێکی گەورەو مەزن بکرێتەوەو وەک ڕاگەیاندنی هاتنی جەژن و زیندوو بوونەوەی دەمموزی و دەستپێکردنی جەژن ؛ هەموو ئەو هۆیانەی کەباسمان کرد ، وای کردووە جەژنی زیندوو بوونەوەی دەمموزی خوداوەند ( زەگمەک – نەورۆز ) گەورەترین و پیرۆزترین جەژنی خەڵکە کە بێت و ئەم گەورەیی و پیرۆزیەش هۆیەکی تری بەردەوامی ئەم جەژنەیە تا دەگاتە ڕۆژی ئەمڕۆ .
بە جیهانی بوونی جەژنی زەگمەک و نەورۆز ..
نەورۆز وەک جەژنی زەگمەکی کۆنی باپیرانی سۆمەریەکان ، لە سەردەمی کشتوکالی یەکەم واتە(١٠) هەزار ساڵ بەر لە زاین سەرهەڵدەداو لەگەڵ ڕۆژگار دێتە پێش ، تا دەگاتە سەردەمی پەیدا بوونی نووسین لەسەردەستی سۆمەریەکان لە (٣٢٠٠) ساڵ پێش زاین ، پاش پەیدا بوونی نووسین ئێتر داب و دەستووری نەورۆز لە باری زارەکی و سێنەبەسینەییەوە دەچێتە قۆناخی نووسینەوە ، سۆمەریەکان پاش ئەوەی نووسینیان لە قۆناغی تازیەیان ، واتە خوارەوەی دوو ڕووباران گەیاندە سەردەمی نووسێنەوەی کلتوەرە دەوڵەمەندەکەی خۆیان ، دەستیان بە نووسینەوەی داستان و ئەفسانەو پەندو ئەدەب و کاروباری ڕۆژانەی خۆیان کرد ؛ لە نێو ئەم نووسینانەدا (داستانی دەمموزو عەشتار) گرنگیەکی زۆری پیدرا ، خۆشبەختانەش ئەو داستانە (جەژنی زەگمەک – نەورز) ی بەتەواوی ڕوونکردەوەو هەمووان تێگەیشتن ..جەژنی نەورۆز – زەگمەگ چیەو کەی پەیدابووە ؟! ئەو جەژنە گرنگ و کۆن و مەزنە ، وەک گەورەترین جەژنی سۆمەریەکان و هەموو مێژوو ، دواجار هەر لە سنووری دەسەڵات و زەمەنی سۆمەر نەمایەوە ، هەر زوو بە چوار دەور دا بڵاو بووەوە ، هەر لەسەردەمی سۆمەر گەیشتە میللەتانی دەورو بەر وەک میسر لە سەردەمی فیرعەونەکان و یۆنان و هیندو ..تادوایی ! جۆرج کەدەر دەنووسێ (تەمموز لە ناو لێنانە سۆمەریەکەی واتە (کوڕی ئاوی مەزن ) هەر بۆیە لە نێو شارستانیەتە جیا جیاکان ناوی جیا جیای وەرگرت ، خۆی دێموزی سۆمەریە ، تەمموزی بابیلیە ، ئەدۆنیسی ئەغریقی وئادونی فینیقی و هەروەها ئەدۆنیس لە شارستانیەتی ئۆغاریتی .) ،( ١٤) ئەمەش مانای وایە داستانی دەمموزو عەشتار ئاوا زۆر بڵاو بووەتەوە ، کە داستانەکە گەیشتووەتە ئەم میللەت و وڵاتانە ، کەواتە جەژنی زەگمەک- نەرۆزیش گەیشتووەو پیرۆز کراوە ، ئەوە داستانە کە بە ناوی دەمموزیە ، دیسان هەر ئەو داستانە بە ناوی عەشتاریش زۆر بڵاو بووەتەوە ، ئەوەتە لە یۆنان بە ناوی ئەفرۆدێت و لە ئێرانی کۆن بە ناوی ئەنا هێتا بڵاو بووەتەوە ، دوا جار ئەم داستانە – عەشتارو دەمموزی – بە هەر ناوێک و لە هەر وڵاتێک و لە نێو هەر میللەتێک بڵاو بووبیتەوە ، جەژنی زەگمەک- نەورۆز ڕووە کارەکی و نەریتە بەردەوامەکەی بووە . ئەمە هەمووی لە پێش زایین بووەو ناوەکەشی واتە لە زەگمەکەوە گۆڕاوە بۆ ئەکیتۆو بۆ نەورۆزی بابیلی و لە ئێرانی کۆنیش 🙁 ناوی نەورۆز بە شێوەی نەوا سەرد واتە ساڵێ نو ناویان دەهێنا، خەڵکی ئێرانی ئاسیای ناوەڕاست ئەوانیش لەسەردەمی سەغدیان و خوارزمشاهیەکان نەورۆزیان بە نو سارد و نوسارجی بە واتای ساڵی نو ناودەبرد .)،(١٥ ) و لەسەردەمی ساسانیەکانیش بە نوک ڕۆژ و نوک ڕۆج ناودار بوو. تادەگاتە سەردەمی عەرب و ئیسلام ئەوانیش بە – نیروز و نوروز- باسیان کردووە .
ئەمانە هەمووی بۆ مان دەسەڵمێنن کە نەورۆز هەر زوو بە دنیادا بڵاو بووەتەوە ، شارستانیەتی سۆمەریەکان کاریگەری لەسەر زۆر وڵات و میللەت هەبووە ، لە وێشەوە جارێکی تر نەورۆز گەیشتووەتە ئەکەدی و بابلی و ئاشووەریەکان کە دەتوانین بڵێین : ئەم میللەتانە لەسەر شارستانیەتی سۆمەریەکان پێگەیشتن ، بۆ نموونە زمان و خەتی سۆمەری بۆ ماوەیەکی زۆر زمان و خەتی نووسینی ئەکەدی و بابیلی و ئاشووری بووە ، ئەوە جگە لە ئایین و پێشەو جۆری حکومکردنیان . هەروەها میللەتانی گوتی و ئیلامی و میتانی و لولوو حثی و هەموو ئاوانەی دواجار دێنەوە نێو مێژووی پێگەیشتنی کورد نەورۆزیان وەک جەژن و سەری ساڵ بۆ خۆیان یادکردوتەوەو بەرز ڕایانگرتووە .
ئەم زوو بڵاو بوونەوەی نە ورۆزو بەردەوام بڵاو بوونەوەی لە پاش زایینیش بەردوام بوو ، ئێستا مێللەتانێکی زۆر مێژووێکی دوورو درێژیان لە گەڵ ئەو جەژنە دا هەیە، هەر بۆ یە هەموو وڵات و میللەتێک مافی خۆیەت ئەو جەژنە بە هی خۆی بزانێ ، بۆ نموونە لەسەردەمی ساسانیەکان و بە ڕوونی لەسەردەمی (ئەردەشێری بابکان) پاشای یەکەمی ساسانیەکان ، لە ساڵی(٢٣٠) زایینی کە لەشەڕێکدا بەسەر پاشای یۆنان دا سەرکەوت ، لە فەرمانی سەرکەوتنەکە دا چەند خاڵێکی لەسەر پاشای یۆنان کرد بە ماڵ ، یەک لەو خاڵانە پێویست بوو ساڵانە شاو میللەتی یۆنان یادی – جەژنی نەورۆز – بکەنەوە ! ،(١٦) تا دواجار لە ساڵی (٢٠١٠) کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی نەورۆزیان کرد بە جەژنێکی جیهانی بە پێناسەی – کلتوری ئاشتی گەلان – لەو ڕؤژەوە ساڵانە نەتەوە یەکگرتووەکان و تەواوی وڵاتە مەزنەکان بە فەرمی پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە وڵاتی ئیران دەکەن و هەندێ جار لە کوردیش!!( ١٧ ) لە کاتێک دا وەک توێژەر (سەلیم مەتەڕ) دەنووسێ :(هەموو ساڵێک لە ٢١ی ئادار ، باپیرانمان بەردەوام لە (سۆمەر و ئاشوور و بابیل ) ئاهەنگیان گێڕاوە بۆ ماوەی ٣ هەزار ساڵ پێش ئەوەی (ئەخمینیەکان )بابیل داگیر بکەن و لە ساڵی ٥٣٩ی پ.ز و نەورۆز بکەن بە هی خۆیان !)،(١٨ )
ئیتر ئێستا نەورۆز بەو تەمەنی( دوازدە هەزار) ساڵیەوە لە هەموو جیهان بە کۆنترین جەژن ناسراوەو ساڵانە میللەتانی جیا جیاو وڵاتانی جیا جیا هەر یەکەو بە شێوەی خۆی ، بەڵام ، هەموویان لە یەک ڕؤژ دا ئەویش ڕۆژی یەکەمی ساڵێ نوێی( سۆمەری- کوردی) ە کە دەکەوێتە بەرامبەر ٢١/٣ی ساڵی زایینی ئاهەنگی تێدا دەگیڕن ! هەر بەو هۆیەوەش هەمووان مافی ئەوەیان هیە نەورۆز بە هی خۆیان بزانن؛ بەڵام ، ئەو ڕاستیە هەیە کە جەژنی نەورۆز هەر لە سەرەتاوە لە کۆردستان سەری هەڵداوە و هەر لە کوردستانیش بە دنیادا بڵاو بووە تەوە .(١٩)
ئێستا دەرکەوت کە سۆمەریەکان نەوەی ئەوانەن کە لە مێژووی کودستان پێیان دەڵێن : باپیرانی سۆمەریەکان ، ئەو باپیرانە لەو لانکەی مرۆڤایەتیەوە دەست پێدەکات کە مڕۆڤەکان لەدارستانەوە ڕوویا کردە ئەشەکەوت و پاش دەیان هەزار ساڵ لە ئەشکەت هاتنەدەرەوەو گوندیان دروستکرد ، دواتر شارو شارستانیەت ، ئەمەش هەمووی بەڵگەی مێژوویی و شوێنەواری و زانستی هەیە لە کوردستان ، کەواتە سۆمەریە کان نەوەی شێر حەلالی باپیرە کوردستانیەکانیان و کوردن ! ئەمەش بەر لەوەی لێکۆڵەرانی کورد ئەم ڕاستیە مێژووییە بزانن ؛ بیانیەکان پسپۆرو زاناو مێژوو ناس و شوێنەوار ناسەکان .. هەتا دەگاتە پسپۆرانی عەرەب و فارس و ترکیش ،کە پێشتر دەوڵەت و دەسەڵاتدارو هەندێک پسپۆر خەریک بوون مێژووی سۆمەریەکان پشێوێنن و بە دڵی دەسڵاتدارەکان پێناسەیان بۆ دروست بکەن ، بەڵام ، ئێستا زۆربەی سۆمەرناس و شارەزایانی مێژووی کۆن دان بەو ڕاستیە دادەنێن و سۆمەریەکان بە خەڵکێ دوو ڕووباران و چیاکانی زاگرۆش و کوردستان دەزانن ، جگە لەوە لێکۆڵێنەوە زمانی و فەرهەنگیەکانیش پشتگیری ئەو ڕایە دەکەن کە سۆمەریەکان بەشێکن لە مێژووی کورد . هنری فارنکفۆرد:( لە ساڵی ١٩٣٢ لە حەزەر سەرپەرشتی هەڵکۆڵێنی دەکرد ، ڕێککەوت شەوی نەورۆز کرێکارەکانی کە کوردی ئیزەدی بوون نمایشیکی کلتوری شەوی نەورۆز پێشکەش دەکەن ، ئەو شوێنەوارناسە سەرنجی نمایشەکە دەدات و توێژیێنەوی لەسەردەکات ، دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە ئەوەی کوردەکان لە یادی نەوۆز دەیکەن ، هەمان شتە کە سۆمەریەکان لە جەژنی زەگمەک دەیانکرد ، هەر بۆیە ناو لە توێژینەوەکەی دەنێ ( سرووتە دەمموزیەکان لە کوردستان )،(٢٠) و لە توێژینەوەکەدا دەنووسێ : ئەوەی ئێستا کوردەکان لە نەورۆزدا دەیکەن هەمان شتە کە سۆمەریەکان لە جەژنی زەگمەک دا دەیانکرد ، لە تەواوی توێژینەوەکەدا زۆر نموونەی وەک یەک و پێکچوو لە گەڵ داستانی دەمموزو عەشتار بە بەڵگە دێنێتەوە ).ئێستا ئەگەر داستانی دەمموزی داستانێکی سۆمەریە ، سۆمەریەکانیش بەشێکن لە پێکهاتەی کورد ، ئەوا زمانی سۆمەریش بەشێکە لە زمانی کوردی ، یەكێ لە مێژوو نووسەکان دەنووسێ : ئەوانەی دەقە سۆمەریەکان وەر دەگێڕن ، ناتوانن بە تەواوی وەری بگێڕن ، چۆن زمانی کوردی نازنن !! ،

،(٢١) کوردە سۆمەرناسەکان بە توێژینەوەکانیان پەیوەندی زۆریان دۆزیوەتەوە لە نێوان زمانی سومەری و کوردیدا و هەشن بە یەک زمانیان دەزانن .دەکرێ سۆمەریەکان وەک هۆزێکی گەورەی کوردی پێش مێژوو بناسین ، چۆن لە دوای سومەر زۆر هۆزی تری کورد دەرکەوتن و خاوەنی مێژوو شارستانیەتی خۆیانن ، بۆ نموونە گوتیەکان ئیلامیەکان ، لولوەکان و میتانیەکان و حثیەکان میدیەکان و… تاد . ئەو هۆزانەی پێش مێژوو ڕێشەیان لە نێو هۆزەکانی کورد دا هەیە کە پآش زایین چەندین دەوڵەت و ئەمارەت و دەسەڵاتیان دروستکرد .
گرنگی نەورۆز بۆ کورد ..
لە مێژوودا هیچ ڕووداوێک و بۆنە و جەژنێک هێندەی نەورۆز ڕوون و پڕ لە زانیاری نیە ! جگە لەوی کە زۆر کۆنە ،وەک دکتۆر کۆزاد محەمەد ئەحمەد دەنووسێ 🙁 باوەڕ وایە کە ڕێشەی نەورۆز بۆ سەردەمە زۆر کۆنەکان دەگەڕیتەوە .)( ٢٢ ) هەر بۆیە دەسەڵات و میللەتان و پاشاکانی دواتر هەمیشە بەردەوام بە گەورەیی و بە پیرۆزی و بە فەرمیەوە پێشوازییان لە جەژنی نەورۆز کردووە و لە بەڵگە نووسراوە کۆنەکان باسیانکراوە .
ئێستا نەورۆز بە تەواوی و بە فەرمانی نێوەندێکی گرنگی جیهانی کە ( نەتەوە یەکگرتووەکان ) ە بووە بە جەژنێکی جیهانی ، ئەم جیهانی بوونەی نەورۆز ڕێگای ئەوە بۆ کورد خۆش دەکات کە کوردستان بکات بە ( نێوەندی نەورۆزی جیهانی ) و بەو نێوەندەوە پەیوەندی کلتوری و ئەدەبی و هونەری سینەمایی و وەرزشی لە گەڵ هەموو ئەو وڵاتانە ببەستێ و ساڵانە میهرەجانی گەورەو نێو نەتەوەیی بۆ بگێڕدرێ و (خەڵاتی نەورۆزیی ) تێدا بەسەرکەوتووەکان ببەخشرێ. دیسان سەرۆکایەتی کوردستان پیرۆزبایی لەهەموو جیهان بکات بە بۆنەی نەورۆزو پیرۆزبایی تایبەتیش لەو وڵاتانە بکات کە لە پێش زایینەوە ساڵانە جەژنی نەورۆز پیرۆز دەکەن و جیهانیش پیرۆزبایی لە میللەتی کوردسان سەرۆکایەتیەکانی حکومەتی کوردستان بکەن .
گرنگیی ساڵنامەی نەورۆزیی..

ئێستا ئەم ڕاستیە مێژووییانە لە بارەی نەورۆز ڕوون بووە وە ..
یەکەم : نەورۆز لە کوردستان سەری هەڵداەو هەر لە کورد ستانیش بە دنیا دا بڵاو بووەتەوە.
دووەم : جەژنی نەورۆز هەر لەسەرەتاوە ڕۆژەکەی ١/١ ساڵی نوێی – سۆمەری – کوردی – دیار بووە و هیچ گۆڕانێکی بەسەر دانە هاتووە و هیچ جەژنێکی کۆن ئاوا ڕۆژەکەی جێگیرو ناسراوو بڕوا پێکراوو جیهانی نیە .
سێیەم : مێژووەکەی ( دوازدە ) هەزار ساڵە بە پێی زانستی شوێنەوارناسیی سەرهەڵدانی کشتوکال یەکەم جار .
چوارەم : نەورۆز پێش زاین و دوای زاینیش جەژنێکی جیهانی بووە ، بەتایبەت ساڵی( ٢٠١٠) زاینی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی کردی بە جەژنێکی جیهانی وەک( کلتوری ئاشتی گەلان ).
پێنجەم :ئێستا کۆنترین و گەورە ترین و بەردەوام ترین بڵاوترین جەژنی جیهانە .
شەشەم : نەورۆزو کوردستان و مێژووەکەی زۆر لەگەڵ تیوری ( دکتۆر سیزارە ئیملیانی) و هاڕاکانی دەگونجێ ، کە داوای ساڵنامەی (دوازدە ) هەزار ساڵەیی دەکەن .
حەوتەم : هیچ میللەت و وڵاتێک بۆ خاوەنداریەتی نەورۆز هێندەی کوردو کوردستان بەڵگەیی مێژوویی و شوینەواری لە دەست دا نیە .
هەشتەم : تا ئێستا جەژنی نەورۆز بەم تەمەنی (١٢) هەزارساڵیەوە لە هەموو ساڵنامە ناسراوو پێشنیارکراوکانی تری کوردستان وجیهان کۆنترو بەڵگە دار ترە .

گێڕانەوەی نەورۆزی دزراو..
لە ساڵی (٢٠١٠) کە نەتەوە یەکگرتووەکان جەژنی نەورۆزی وەک جەژنێکی جیهانی ڕاگەیاند و ڕێشەکەی بە ئێرانی ناساند ، من لە توێژینەوەیەک دا ساڵی ٢٠١٠ بە ناونیشانی ( نەورۆز هەر لە سەرەتاوە لە کوردستان سەری هەڵداەو هەر لە کوردستانیشەوە بە دنیادا بڵاو بووەتەوە .)،(٢١) بڵاوکردەوە ، لەو ڕؤژەوە بەردەوام توێژینەوە دەکەم و لە هەر توێژینەوەیەکی تازە دا بەڵگەی تازە تر بۆ کۆنی و کوردستانی بوونی نەورۆز دەدۆزمەوە ، تا دواجار گەیشتمە ئەو کە شووێنی یەکەمی سەر هەڵدانی نەورۆز شاری ( دێرینکۆیۆ) ی باکووری کوردستانەو تەمەنیشی نەورۆز (١٢) هەزار ساڵە ،(٢٢) ، بە پشت بەستن بەو هەمووئەو بەڵگانەی کە جەژنی نەورۆز بە جەژنی دوو ڕووباران و کوردستان دەزانن ، بە پشتگیری تیوری(دکتۆر سیزارە ئیمیلیانی)و هاوڕێکانی کە پێیان وایە ساڵنامەی زایینی بەشی گرتنە خۆی قۆناخە گرنگەکان و ڕووداوە مێژوویە گەورەکان ناکات ، هەروەها ئەرکی بەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستانە هەوڵی گێڕاندنەوەی ئەم نەورۆزە دزراوە بدات ، بەم شێوەیەی خوارەوە :.
١-پێکهێنانی کۆنفرانسێکی زانستی و داوەتکردنی پسپۆرانی کوردو بیانی و ئەو بەڕێزانەی بە توێژینەوەی زانستی نەورۆز بە جەژنی کوردستان و دووڕووباران دەزانن و دەتوانن بیسەڵمێنن، ئەم کۆنفرانسە ئەنجامەکەی ئەوە بێت کە نەورۆز تەمەنی لە (٣٠٠٠) ساڵ پترەو ڕێشەکە لەسەردەمی باپیرانی سۆمەرەو بۆ داستانی دەمموزی و عەشتار دەگەڕێتەوە ، کە تەمەنی ئەو داستانە بۆ زەمەنی سەرهەڵدانی کشتوکال دەگەڕیتەوەوتەمەنەکەی دەکاتە (١٢) هەزار ساڵ .(٢٣)
٢-پێکهێنانی لێژنەیەکی یاسایی دبلۆماسی بە فەرمانی پەرلەمان و بە پشت بەستن بە خاڵی یەکەم داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بکات چاو بەم بڕیارە دا بکێشیتەوەو هەڵەکەی خۆی لە بارەی – ڕێشەو مێژووی نەورۆز – ڕاست بکتەوە .(٢٤)
٣- ئەو لێژنە یاسایی و دبلۆماسیە داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بکات کە دان بە (ساڵنامەی نەورۆزیی – ساڵنامەی هۆلۆسین ) دابنێ و وەک ساڵنامەیەکی جیهانی قبووڵی بکات .
٤-حکومەتی هەرێم سوێند خواردنی ئەندام و پێکهێنانی حکومەتەکەی بخاتە ڕۆژی نەورۆز و پەرلەمان کار بە ساڵنامەی نەورۆزیی بکات .
٥-ئەو لێژنە سیاسی دبلۆماسیە لە گەڵ لێژنە مێژووییە کەی نەورۆز پەیوەندی بە ئەو وڵاتانە بکات کە هەر لە کۆنەوە ڕێز لە جەژنی نەورۆز دەگرن ، ئەوانیش ساڵنامەی نەورۆزیی خۆیان هەبێت (٢٦)
٦-ئەگەر لەم هەوڵەمان دا سەربکەوێن ، کوردستان بە فەرمی و پشتگیری نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێتە یەکەمین وڵات کە خاوەنی کۆنترین و گەورەترین جەژنی جیهانیە و هەر ئەو جەژنەش بووە بە جیهانی .
**
سەرنج و تێبینی :
بۆ ئەوەی باری ئەم لێکؤڵینەوەیە گران نەکەم ، لە نووسینەکەدا ناوی زاناو لێکؤڵەرو نووسەرەکانم نووسیوە ، ناوی سەرچاوەکان نانووسم و لە بەردەستن .
١- من لە دوو توێژینەوەی تر بە ناونیشانی (جیهان بەرەو(ساڵنامەی هۆلۆسین)
-.ی ساڵێ ١٢٠٢١-.. دکتۆر مەولود ئیبراهیم حەسەن
٢- دێرینکۆیۆ لە نێوان جیهانی ژێرەوەی داستانی دەمموزی و بەهه شتی ژێرزەمینی جەمشید دا…دکتۆر مەولود ئیبراهیم حەسەن – ئەوەم ڕوونکردوتەوە کە دێرینکۆیۆ شوێنی هاتنەوەسەر دنیای دەمووزییە. ن-
٣- نەوتەوە یەکگرتووەکان پێشتر ئەگەر هەستی بەوە کردبێت بڕیارێکی هەڵەی داوە ، دواتر کە ڕاستیەکەی بۆ ڕوون بووەتەوە ، هەڵەکەی خۆی ڕاست کردووتەوە ، کوردیش دەتوانی بە بەڵگە بیسەمێنی کە نەورۆز لە کوردستان سەری هەڵداوەو تەمەنیشی دوازدە هەزار ساڵە و ڕێشەکەی ئێرانی نیەو کوردستانیە ، ئەوا هەڵەکە ڕاست دەکرێتەوەو ماف بۆ خاوەنی دەگەڕێتەوە.

دکتۆر مەولود ئیبراهیم حەسەن
١/١/١٢٠٢٣ ی ساڵی نەورۆزیی – کوردی
٢١/٣/ ٢٠٢٣ ی ساڵی زایینی

—————————————
وێنەکان ..

١-شاژنی ئورکیش یان قنیتوم لە ئاهەنگێکی خواردنەوو گۆرانی و مۆسیقادا ، لەوەدەچی جەژنی سەری ساڵ بێت ،سەرچاوە توێژینەوەیەکی دکتۆر کۆزاد محەمەد .
٢-نوسراوێکی بزماری داستانی دەمموزی .
٣-تابڵۆیەکە سێ چێنی سۆمەریەکان دەردەخات ، چینی خوداوەنان ،چینی دەسەڵات ، چینی ڕەشەخەڵکەکە.
٤-وێنەی عەشتارو دەمموزی .
Previous
Next
Kurdish