Skip to Content

چیرۆک/ هەزار کانی.. عومەر سەید

چیرۆک/ هەزار کانی.. عومەر سەید

Closed
by ئاب 10, 2023 General, Literature
                 

نیوە شەوێک بیابان تایەکی گەرمی گرت. هەزار تلۆقی لێ دەرهات. بیابان تووشی پەتا بوو. هەزار تلۆق لە بری کیم، ئاوی سازگاری لێ هەڵدەقووڵا! هەزار کانی، سارد و سازگار، ئاوی ڕوون بە هەموو لایەکی بیاباندا ڕژا. قوڵپ قوڵپ هەڵدەقوڵا. ورد ورد بە لمدا جۆگەلەی دەبەست. سینگی بیابان، پڕ بوو لە ئاوی حەیات و پڕ لە دوڕ. هەزار کانی بە هەزار ئاراستەدا، لە بۆشایی لمدا تەوژمی دەبرد.
شەوی قەدر، کاتێ جوبرائیل ئەم دیمەنەی بینی، تاسا! خێرا لە ئاسمانی یەکەمەوە، خۆی گەیاندە ئاسمانی حەوتەم. بە خودای مەزنی فەرموو: بیابان پڕە لە کانی؟!
خودا سەرسام بوو، فەرمووی: بگەڕێوە و هەواڵی بیابانم بۆ بێنەوە، کانی و بیابان مەحاڵە!
وەک ئەوەی یاسای ئەزەل شێوابێ. ڕێوڕەسمێک لە گەردوون لای دابێت. قەدەرێک لە ڕاستەهێڵ یاخی بووبێت.
جوبرائیل داکشایەوە بەرەو زەوی. ڕێکوڕاست ڕوو بە عەرعەر. بڕوای بە چاوەکانی خۆی نەکرد! ئاو لە بیاباندا هەڵدەقووڵی و بە هەموو لایەکدا دەڕژێ! دوو فریشتەی بانگ کرد و پێی وتن: ئەوەی من دەیبینم ڕاستییە؟!
بەڵێ ئەوە ڕاستی بوو.
هەزار کانی لە بیاباندا تەقیون. لە هەر کانییەکیشەوە دەروێشێک دەرکەوتن. گڵۆپ گڵۆپ لە دڵۆپ دڵۆپی ئەو ئاوە. دەروێشانی بێ مەئوا هەڵکەوتن. چەشنی نەعشی سەراپای مەخلوق، وەک فەلەک لەو سوبحەدا. تەریقەتی یەئس مەوجی دەدا. سەروقژی درێژیان و پاشان ورد ورد هەموو جەستەی شڕۆڵ و شیتاڵ شیتاڵیان هاتەدەر. هەزار دەروێش لە هەزار کانییەوە و بەدەم دەف ژەنینەوە، وەک نەونەمام باڵایان دەکرد. چەشنی شمشاد بوون. وەک شەپۆلی دەریا، پرچیان شەپۆلی دەدا. دەنگی هەزار دەف، دەفی دروێشانی دێوانە، ئاوێتە بە دەنگی غەمگین و ماندووی هەزار قوڕگ، کە بە یەک ڕیتم و ئاواز هاواریان دەکرد: حەیی ئەڵا… حەیی… حەیی ئەڵا…. حەیی…..
لەگەڵ لێدانی دەفدا، تۆزێکی ئەرخوانی دەڕژا بە فەزادا.
شەوی قەدرە و خودای تەعالا خۆی لە ئاسمانی نەوییە و تەماشای سەفاسەف و ئەلقەی دەروێشان دەکات.
حەیی ئەڵا… حەی ئەڵا… حیی…
دەروێشانی تەریقەت، بە دەم دەف کووتانەوە گڕمۆڵە دەبن. لە ڕەنگی زەردی ڕوویاندا دەڕژا داخی سیا بە سەحرادا. سینەی ئەو شەوە زوخاڵستان بوو. لە ناوەنددا شێخ دێتەدەر. قەشەنگ و باڵا زەڕاف. لە ناوڕاستی حەشاماتدا، تیشکی لێ دەبارێ و بە دەنگی پڕ بڕواوە دەڵێت:
گەر ئاگری مەحەببتی شک بەم لە دۆزەخا
ئەو دۆزەخە بەهەشتمە، جەننەت دەکەم حەرام٭
هەزار دەروێشی حاڵگرتووی ڕوون چەشنی ئاو، کە بە دەم سەربادان و دەف کووتانەوە، غوبار دایاندەپۆشێت. بە تەهلیلەوە و ناڵەی ئازارەوە، دەوری شێخی خۆیاندا. سەدای دەف و دوو هەزار پێی پیرۆزی نێو کڵاش، عەرش و دنیا دێننە لەرزە.
کاتێ سێ یەکی شەو دەڕوات. خودا خۆیی دێتە خوار، لە نمایش دەڕوانێت و دەڵێت” من یدعونی فآستجیب له، من یسآلنی فاعطیه، من يستغفرنی فآغفر لة”
لەو بەرەبەیانە هێشتا تاریکەی بیابانەدا، مانگیش چەشنی هەزار دەفی دەروێشان چەشنی دەف دەردەکەوێ. زەمین لە ڕەنگ و شێوەی سیمای هەڵبزڕکاوی دێوانەیەکی سەر و ڕیش هەڵبزڕکاو! گەردوون لەسەر ڕیتمی ئەوان دەجمێ و دەخولێ.
خودا لە فریشتەکانی دەپرسێ: ئەممە حوسەینی کوڕی عەلییە، یا حوسەینی کوڕی مەنسورە؟!
زەمەن تاوێک دەوەستێ! دواتر عەکسی خۆی هەڵدەسوڕێ. وەک میلی کاتژمێرێکی پێچەوانە، دەگەڕێتەوە بۆ هەشت و هەشت.
شێخ خۆیی و ژن و منداڵەکانی، خۆیی و دەروێشەکانی، خۆیی و خەڵکوخوای ڕەشوڕووت، لە قەفەزی دیلیدا، مات و سەرگەردان دەردەکەون. بەدەم نمایشەوە، هەر هەزار دەروێش دەناڵێنن. سامناک و ترسناک هاوار دەکەن، بەرزتر و حاڵگرتووتر هاوار دەکەن:
شێخ حوسەینی هەزارکانی،* ڕوو دەکاتە عەرشی مەزن و بە ویقارەوە دەڵێت: لەم گەردوونە فراوانەدا، زەوی کەمێک گەورەتر بکەوە، تا ئێمەش حوجرەیەکمان هەبێ ئازادانە تێدا زیکری تۆ بکەین.
خودا فەرمووی: واز لە زەوی بێنە یا شێخ کە چڵک و ژەنگ دایڕزاندووە. تۆ و دەروێشەکانت وەرنە دەرەوە لە بیابان، دەتانخەمە بەهەشی بەرینەوە.
شێخ لە وەڵامدا بە خودای وت: بە تەنها هەسارەی موشتەری هەزار و سێ سەد جار لە زەوی گەورەترە، نابینی ئێمە لە هەر چوار لاوە تەنگمان پێهەڵچنراوە.
خودا ئەمری فەرموو: بیانبەن بۆ بەهەشت.
شێخ وتی:
نا… ئێمە سەد و هەشتا و دوو هەزارین، بە تەنیا و بێ ئەو هەموو خەڵکە لێرە ناڕۆم.
*شێخ حوسەینی هەزارکانی، ئەو پیاوە
ئەنفالکراوەیە کە لە کاتی پرۆسەی ئەنفالدا. بەعس بە مەرسومێک ئازادییان بە خۆیی و خێزانەکەی بەخشی. بەڵام ئەو ڕەتیکردەوە و وتی. نا، بە تەنیا و بێ ئەم خەڵکە لێرە ناڕۆم.


٭ مەحوی

Previous
Next
Kurdish