Skip to Content

چیرۆک شەقامە بازنەییەکان -9-… رەسوڵ بەختیار

چیرۆک شەقامە بازنەییەکان -9-… رەسوڵ بەختیار

Closed
by حوزه‌یران 3, 2022 General, Literature

ساردی و گەرمی لەشەقامە بازنەییەکان وەک گەرمی و ساردی هیچ شوێنێک نییە زۆرجار باس لەوڵاتان دەکەن و دەڵێن : ئەم ئەفریقیایە ئەوەندە گەرمە، هەتا خەڵکەشی رەنگی گەرمیان هەڵگرتووە، ئەوەتا رەنگیان دوای کوژاندنەوەی ئاگر رەنگی خۆڵەمێشیان گرترتووە

  • ئەوانە رەش نین، بەڵکو رەنگیان رەش بووە، بەڵام دەروونیان ئەوەندە سپییە، هەتا یپی پێستەکان سەریان سووڕماوە، سەیری ددانەکانیان بکە ئەوەندە سپییە، ئەوە رەنگدانەوەی دڵ و دەروونیانە.
    -سەیری سپی پێستەکان بکە دڵ و دەروونیان رەش رەش، سەیری ددانەکانیان بکە، رەشهەڵگەڕاوە.
    هەر لەسەرەتای زستاندا شەقامە بازنەییەکان ساردیەکەی جۆرێکە حەز بەوە دەکەی یەکسەر رووبکەیتە شارەکانی ناوەڕاست، چونکە بەڕاستی ساردە و زۆر بەزەحمەت گەرم دەبیەوە، دواتر لەگەڵ ساردییەکەی را دێی وەک هەموو خەڵک چاوەڕوانی شەپۆڵی سارد و بەفر و باران دەکەی، بەفر و ساردی هەراسانی دەکردی بەهیچ شێوەیەک بۆ ساتێکیش گەرم نەدەبییەوە، هەموو جل و بەرگەکانت دەپۆشی، کەچی هەر گەرم نەدەبوویەوە. دەمانویست بەفر و بارانێک کەمێ بوارمان بدا پیاسەیەک بکەین، هەناسەیەک بدەی نەوەک لەسەرمانا رەق ببینەوە.
    لە سەرەتای ساڵانی هەشتاکانی سەدەی بیستەم بارانە بەخوڕەکانی زۆر جار چەند رۆژێکی دەخایەند، خۆم شایەدم چل رۆژ باران بەردەوام بووە بێ ئەوەی لێی بکاتەوە، هەموو شوینە لابەلایەکانیش شێوەی لافاوی بەخۆیەوە دەگرت، ئەوەی جێگەی دڵخۆشی بوو لەناوەڕاستی زستاند بەفر بەرزاییەکانی بازنەی یەکەمی دادەپۆشی، بەڵام زستانەکە زیاتر سارد و سڕتڕ دەبوو،.
    تەنیا جوتیارەکانی دەرەوەی بازنەکان، کە لەبازنەکان نیشتەجێ بوو بوون حەزیان دەکرد زیاتر باران بێ، تا زەوییە کێڵدراوەکانیان زیاتر ئاو بخوا، ئاوی باران تا سەر زەوی بهاتبووایە، ئینجا دەیانگوت: ئەمساڵ دەغڵ و دان زۆر دەبێ، خەڵکی بازنەییەکانیش بەتەواوی لەباران بێزار بوو بوون، لەبەرامبەردا جووتیارەکان پێاندەگوتن: ئێوە دژ بەهەموو شتێک دەوەستنەوە، ئەو بارانە خێر و بەرەکەتە هەموو نەخۆشییەک لەگەڵ خۆیدا دەبا، دواتر ئەگەر گەنم و دەغڵ و دان نەبێ، ئێوە ئارد لەکوێ دەهێنن، ئەی ئاشەکان چۆن کاریان هەبێ.

    هەندێک گەڕەکی بازنەی دووەم، خانووەکانی کۆن بوون و کۆڵانەکانیشی تەسک بوون، ئاوڕۆکانی ئەو گەڕەکانەش وەک کۆڵانەکانی تەسک و باریک بوون، بۆیە زوو پڕ دەبوونەوە ئاوی پیسی زێرابەکان دەهاتە ناو کۆڵانەکان، خەڵکی ئەو گەڕەکانەی هەراسان دەکرد. تا شارەوانی دەگەیشت زۆربەی ماڵ و حاڵ نقوومی ئاو دەبوون. ئەمە هەموو ساڵێک دووبارە دەبۆوە، تا ئەم دوایانەش چارەسەرێکی وای بۆ نەکراوە، لەم ساڵانەی دوایدا بەهۆی فراوابوونی بازنەکان چەندین گەڕەک و شاری نوێ دروست بوون، ئەوەی لەنیوەندی بازنەکان دەژیان دەوڵەمەند بوون رۆیشتن بەرەو دوا بازنە، لەوێدا لەناو ڤێلەکاندا دەژین، بەڵام ئەم فراواابوونە چەندین زەرەری هەبوو، چونکە ئەم فراوانبوونە پلانێکی تۆکمەی لەپشت نەبوو، بۆیە لەمساڵدا واتە لە بیست و دووی سەدەی بیست و یەک بەهۆی بارانی بەخوڕ زۆر ماڵی هەژار تووشی لافاو بوونەوە، بەشێکیان هەرچی ماڵ و حاڵ هەزوو کەوتە ژێر ئاوەوە.

    کەچی لەسەدەی رابڕدو میسرییەکان لەشەقامە بازنەییەکان هاتبوون بۆ کاسبی لەوەرزی زستاندا زۆر بێزار دەبوون، چونکە لەژیانی خۆیاندا سەرمای وایان نەبینی بوو، بۆیە زیاتر حەزیان بەوە دەکرد لەو وەرزەدا بچنە شارەکانی ناوەڕاست و باشوور، میسرییەکانیش وەک خەڵکی شەقامە بازنەییەکان هۆگری هەموو شتێک بوو بوون، کاتێک دەچوونەوە وڵاتی خۆیان هەر زوو زوو دەگەڕانەوە، وەک ئەوەی غەریبی بکەن، زۆرجاران لەنێو شەقامدا خەیاڵ دەیانیبردووە بۆ رۆژانی منداڵی.

    مستەفا خەڵکی شاری ئەسیووت بوو، بۆ کاسبی هاتبووە شەقامە بازنەییەکان، زۆر جار بەزەردەخەنەیەکەوە دەیگوت: دەبوایە خەڵکی ئێرە بوومایە، سەیرە من لەکیشوەرێکی دیکەوە هاتووم، کاتێک دەچمەوە ئەسیووت، دەمەوێ هەر زوو زوو بگەڕێمەوە ئێرە، بەڵام زستانەکەی گەلێک ساردە، پیاو نازانێ روو لەکوێ بکات، هاوینەکەشی دەیپڕوکێنێ و خۆت لەو گەرمییە راناگریت.
    بەشێک لەقوتابیانی سوودان لەکۆلیژی زانست و ئەندازیاری دەیانخوێند ئەوانیش زۆر بێزار بوون لەزستنانی شەقامە بازنەییەکان.
    محەمەد کوڕێکێ باڵابەرزی رەش رەش خەڵکی شاری ئوم دەرمانی سوودان بوو، زۆر جاڕ لەیانەی کۆلیژ باسی لە زستان دەکردوو و دەیگوت: من قۆناغی یەکەمی کۆلیژی زانستم، هەموو سودانم بینیووە و لەو شارەی تیایدا لەدایکبووم، و تا ئەم کاتەش ساردی وام نەدیووە، ساردییەکەی زۆر وشکە، شتی وام نەدیووە، بەڵام شەڤامە بازنەییەکان سیحرێکی تایبەتی هەیە، ئەو بازنەییانەی ئێوە هەرگیز و هەرگیز تەواو نابێ، ئێوە زۆر خوش بەختن کەوتوونەتە ئێرە و خاوەنی ئەم بازنانەن.

    -دەزانم ئێوە بێزارن لەفەلەستینییەکان، ئەوان دژی هەموو شتێکی شەقامە بازنەییەکانن، ئەوان خۆیان بەشۆڕشگێڕ دەزانن، بەڵام دژ بەهەموو شۆڕشگێڕی دیکەن، ئەوان لێرە لەگەڵ رژێم دەستیان تێکەڵکردووە، بەشێکیان لەدائیرەی ئەمن دەوام دەکەن، لەگەڵ هەندێک خۆفرۆش راپۆرت لەسەر قوتابییەکانی شەقامە بازنەییەکان دەنووسن و خەڵک بەگرتن دەدەن.
    دەبێ ئەوەش بڵێین زۆرێک لەکرێکار و ئەندازیاری هیندی و پاکستانی لەو سەردەمەدا لەدەزگە فەرمییەکانی حکومەت کاریان دەکرد، وەک چاپخانە و چەند کارگەیەکی دیکەی حکوومی، بەشێک لەوانە مامۆستا بوون، وەک ئەوەی خزمەت بەرۆڵەی وڵاتەکەی خۆیان بکەن بەو جۆرە دڵسۆز بوون، ئەوان زانست و زانیارییەکی زۆریان لەلابوو، هەموو کات دەرگایان کرابۆوە بۆ هەر پرسیارێک، بەڵام ئەوان سەریان لەهەندێک بابەت دەرنەدەچوو، بۆیە هەندێکجار بەترسەوە پرسیاریان دەکرد: دەزانین زستانەکە سەختە، بەڵام شەوان لەگەڵ بروسکە گوێم لەتەقە دەبێ، ئەمە چییە، خۆ ئێران نەهاتۆتە ژوورەوە؟

    کاتێک متمانەی بەقوتابییەک بایە جوێنی بەرژێم دەدا، کاتێک هەستی دەکرد بەرامبەرەکە، لەگەڵیدا قسەی نەدەکرد پێدەکەنی و دەیگوت:بەهەڵە تێمەگەن مەبەستم رژێمی هیندستانە.
    لەو رۆژگارەدا شەوانی سەخت و سارد و سڕ پێشمەرگەی لایەنەکان دەهاتنە نێو دوا بازنەکان، زۆرجاران بەسەر ئەو ماڵانەیان دادا، کە پەیوهندییان لەگەڵ رژێم و ئەمن و جاشەکان هەبوو، هەندێک شەو تابەیانی شەڕ و کوشتار دوا بازنەی دەگرێتەوە، گەلێکجار رژێم بەهۆی جاشەکانیان گەڕەکانی دوا بازنەیان گەمارۆ دەدا، زۆرجاریش جاشەکان بەخۆیان دیواری هەندێک ماڵیان بەپەمپی بۆیە دەنووسی، هەموو نووسینەکانیش دروشم بوو دژ بەڕژێم، تا گەنجەکانی ئەو گەڕەکە بەگرتن بدەن و خەڵکی بازنەکان چاوترسێن بکەن، بەو شێوازە قێزەوەنەیان چەندین گەنجیان بردە بەردەم سێدارە، یان لە زیندندا گیانیان لەدەستدا.
    زستانی شەقامە بازنەییەکان لەگەڵ هەر شەپۆڵێکی دەریای ناوەڕاست رۆژ بەرۆژ ساردتر و ساردتر دەبێ، هەموو ئەو گەلانەی بەپێی شەپۆڵەکانی دەریای ناوەڕاستن و بەشێک لەدەڤەرەکەیان چیا و دۆڵ و کێوی تیادا بێ بەو شێوەیە زستانیان بەڕێ دەکرد.
    بەهار لەشەقامە بازنەییەکان زۆر کەمە و زۆر بڕ ناکا، دەتوانین بڵێن دە تا پانزدە رۆژە، لەدواتر یەکسەر گەرم دەبێ، تەنیا لەکاتی نەورۆزدا هەست بەفێنکی دەکەی، بۆیە گەرمێکی لەناکاو، زۆر جاریش تەپ و تۆزێکی لەگەڵدایە لەهەموو روویەکەوە بێ تاقەت دەکات، وەک ئەوەی لەبازنەیەکی سەحراوی بیت وایە و وشک برینگە،.
    هەست بەوەرزی پایز دەکەی تەنیا لەبەر ئەوەی بەچاوانی خۆت دەبینی چۆن گەڵای درەختەکان دەوەرێ، کەچی بەهەمان شێوە کەشەکە لەگەڵ و تەپ و تۆزدا زۆریش گەرمە، هەموو چاوەڕێ دەکەن زستان بێتەوە، بەڵکو ئەو تەپ و تۆزە کۆتایی بێ.

    لەهەشتاکانی سەدەی رابردوو، زۆر بەکەمی خەڵکی شەقامە بازنەییەکان بیری لەوە دەکردەوە گەشت بۆ سەر دەریا و بازنە فێنکەکان بکات، لەوانەیە لەبەر کەم دەرامەتی بێ یاخود ئەو کات رژێم لەشەڕدا بوو لەگەڵ ئێراندا رێگەی بەکەس نەدەدا گەشت بکات، نەوەک نەگەڕێتەوە یان لەدەرەوەی وڵات پەیوەندی بەئۆپزسێۆنەوە بکات.
    بەڵام لەدوای راپەڕین دەروازەکان کرایەوە زۆربەی ئەو خەڵکەی لەگەرمی هاوینی بازنەکان بێزاربوون، لەفڕۆکەخانەی شەقامە بازنەییەکان سواری فڕۆکە دەبوون بۆ ماوەی مانگێک یان دوو هەفتە خۆیان دوور دەخستەوە لەو شەقامانە.
    لەهەشتاکانی سەدەی رابردوو سەرەڕایی گەرمی، کەچی گەشتیارانی ناوەراست و باشووری عێراق روویان لەشەقامە بازنەییەکان و ئەو هاوینەهەوارانەی سەر بەو شەقامانە دەکرد، ئەوان وایاندەزانی هاتوونەتە بەهەشت، ئێستاش پیاو و ژنە بەتەمەنەکانیان خۆزگە بەو رۆژانە دەخوازن، کە هاتوونەتە شەقامە بازنەییەکان.
    رۆژێک لەچایخانەیەکی بازنەی یەکەم دانیشتبووم، چەند کەسێکی بیانی هاتنە تەنیشتم، پێدەچوو ئەو بیانیانە خەڵکی ئاسیای دوور بوون، چاوەکانیان بچووک بچووک ئەوەندە گەرمایان بوو هەموو لەشیان کەوتبووە نێو ئارەقە، یەکێکی خەڵکی شەقامە بازنەییەکانی لەگەڵ بوو و گوتی: بیرتان ناێێ کاتێک لەوێ بووین پە ئێوەم گوت: دەتانبەمە شوێنێک هاوینی بەڕاستی گەرمه و زستانیشی بەپێچەوانەوە زۆر سارد و سڕە.
    یەکێک لەو بیانیانە گوتی:گەرمییەکەی زۆر ناخۆش نییە بەڵام ئەوەی سەیرە رۆژ و شەوی وەک یەکە، باشە زستانیش بەو شێوەیە دەگەڕێنەوە تا بزانین ساردییەکەی چۆنە؟
    برادەرێک بۆی گێڕامەوە گوتێ : کاتێک لەیەکێک لەشارەکانی باشوور قوتابی پەیمانگەی مامۆستایان بووم، لەرۆژی دەرچوونمان هاوڕێیەکی بازنەکانی ئەو شارە زۆر لێم نزیک بوو گوتی: حەز دەکەم پەیوەندیمان هەر بمێنێ هەر کاتێک هاتمە باکوور حەز دەکەم بێمە شەقامە بازنەییەکان و ٮێم ٮو ماڵی ئێوە.
    -کاتێک دێییە شەقامه بازنەییەکان پێننج جار لەیەکەم بازنە بسوڕێیەوە دواتر وەرە بازنەی دووەم، ناوی من بێنە دەتهێننە ماڵی ئێمە.

    ئەوم لەبیرچووبۆە لەرۆژێکی گەرمی مااگی ئاب، بەنوێژی نیوەڕۆ لەدەرگە درا، کاتێک دەرگام کردەوە بینیم، ئەو برادەرەی باشوورە، کە لەپەیمانگە پێکەوە قوتابی بووین، دوای دانیشتن و کەمێک حەسانەوە گوتی: ماڵی ئێوەم زۆر بەئاسانی دۆزییەوە، بەڵام ئەو پێنج جارەی سوڕامەوە بەراستی ماندوو بووم.
    لەهاوینی ساڵانی هەشتای سەدەی بیستەم پێشمەرگە کەمتر روویان لەشەقامە بازنەییەکان دەکرد، بەدرێژایی هاوین چەند جارێک لەدەرەوەی شەقامە بازنەییەکان چالاکیان دەنواند، لەرەبیە و سەربازگە بچووکەکانیان دەدا، دواتر هەر بەو شەوە روویان لەکێوان دەکردەوە، دواتر هەواڵەکان دەگەیشتە هەموو شەقامە بازنەییەکانی تەی دەکرد.
    دوای ڕاپەڕین، زۆربەی ئەو شۆڕەسوارانە گەڕانەوە پێڵاوی لاستیکیان لەپێ بوو، ئێمە شانازیمان بەوانەوە دەکرد، کە ساڵانێک لەو دەشت و کێوانە و لەدەربەدەری خەباتیان کردووە، زوری نەبرد وەک ئەوەی پیشەی خۆیان بێ، بەشێوازی بیری حزبایەتی تەسک مامەڵەیان لەتەک خەڵکەکە دەکرد، خەڵکیش هەر خۆیان دژ بەیەک دەجوولانەوە، شەقامە بازنەییەکانیان وەک ساڵانی هەشتا تاریک کرد، تا وایلێهات شەڕی خۆ بەخۆییان کرد، یان ناویان لێنابوو شەڕی براکوژی، سەدان خەڵکی بێگوناه کوژران، بەهەموو چەکێکی بەردەست هێرشیان دەکردە سەر بارەگای یەکتری.
    شەڕ روژ بەرۆژ زیاتر پەرەی دەسەند، لەم شەڕەدا تەنیا خەڵکی شەقامە بازنەییەکان زەرەرمەندی یەکەم بوون، کۆڵانێکی بازنەییەکانی کردە دوو بەش، تا دەهات لەگەرمای هاوینی پڕوکێنەر شەڕەکە گەرمتر دەبوو، بەتۆپ و هاوەن لەبەرزاییەکانی بازنەی یەکەمیان دەدا، ئەوە جگە لەوەی دەزگای راگەیاندنی هەردوو لا بەجۆش و خرۆشەوە جوێنیان بەیەکتر دەدا وەک ئەوەی دوژمنی لەمێژینەی یەکتر بن، لەراستیدا دوژمنی لەمێژینەی یەکتر بوون، چونکە کاتێک لەشاح و کێوان بوون هەر بەو شێوە حەڵکی دێهاتەکانیان هەراسان دەکرد.

    راستە ئەو رۆژانە بەسەر چوون، کەچی کاریگەری ئەو شەڕانە تا ئێستا ماوەتەوە، چونکە خەڵکێک تا ئێستا دەیەوێ ئەو رۆژانە بگەڕێتەوە بەحسێبی خۆی تۆڵەی خۆی دەکاتەوە، ئەمە برینێکە، زۆر کەسی ئاوارەی وڵاتان کرد، هەرگیزاو و هەرگیز نایانەوێ بگەڕێنەوە، ئێستا زۆرێک لەوانە نایەنەوێ بەهیچ شێوەیەک هەواڵی هیچ کامە لەشەقامەکان بزانن.
    کاتێک ئەم وشانە دەنووسم لەژێر دیواری بەرزاییەکانی یەکەم بازنە دانیشتووم، بیر لەو رۆژانە دەکەمەوە، کە تا ئێستا کاریگەری ماوە، پێم خۆش نییە ئەم وشانە دەنووسم، بەڵام ئەمەی سەرەوە مێژووە.
Previous
Next
Kurdish