Skip to Content

ئیرادەیەکی بەهێزتر لە تیرۆر و بەبارمتەگرتن!… عەبدولڕەحمان گەورکی

ئیرادەیەکی بەهێزتر لە تیرۆر و بەبارمتەگرتن!… عەبدولڕەحمان گەورکی

Closed
by ئاب 2, 2022 General, Opinion



بەبارمتەگرتن لە لایەن هەر رەوت و لایەنێکەوە بەکار بهێندرێت جووڵە و کارێکی ناشیرین و ناشایستە. بە تایبەت ئەگەر لەلایەن حکومەتێکەوە ئەنجام بدرێت تاوانە و بەپێی جۆر و کات و ڕەهەندەکانی، ئاستی تاوانەکە دیاری دەکرێت. ڕژێمی ئێران، نموونەی کۆنکرێتی ئەمجۆرە حکومەتانەیە لە پێنج دەیەی ڕابردوو و خراپترینیانە لە جۆری خۆیدا. چونکە تێکەڵاوەی تاوانەکانیتری ئەم دەسەڵاتەیە، لەوانە کوشتن و لە سێدارەدان و تیرۆرکردن و بۆمبانانەوە بۆردومانکردن و هتد!
ڕژێمی ئێران بە بارمتەگرتنی هاووڵاتییانی وڵاتانیتر، دەستی بە حوکمڕانی کرد و بە درێژایی دەسەڵات، نەک تەنها هەرگیز خۆی لەم تاکتیکە تاوانکارییە دوور نەخستۆتەوە و ڕۆژانە ڕەهەندی خراپتری بۆ زیاد کردووە، بەڵکو بە درۆ(!) و لە ژێر ناوی بەرگریکردن لە ئێران و ئیسلام و خەڵک، دەستی داوەتە ئەمکارە و داو و دەزگا پێوەندیدارەکانی لە دەرەوەی وڵات و بە تایبەت باڵیۆزخانەکانی خۆی راسپاردووە بۆ پێشخستنی ئەمجۆرە تاوانانە.

سازان لەگەڵ بانکەوانی تیرۆر لە جیهاندا!
لە ماوەی ٤٤ ساڵی ڕابردوودا بەردەوام نموونەگەلێکی لەمجۆرە تاوانانە بووین کە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ئەنجام دراوە و بەداخەوە دەوڵەتانی ڕۆژئاوا بە سیاسەتی “سازشتکاری” مامەڵەیان لەگەڵدا کردووە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە کە ڕژێمی تێرۆریستی ئێران توانیویەتی بە شێوازی جۆراوجۆر، ئەم لیڤەرە بەکاربهێنێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی. بە تایبەت لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگاری و قەیرانەکان و لە سەرووی هەمووشیانەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تاکە ئاڵترناتیڤی دیموکراتی، واتا (ئەنجومەنی نیشتمانی موقاومەتی ئێران). دوایین هەنگاویشی بریتی بوو لە ڕێککەوتنی لەگەڵ حکومەتی بلژیکا، بۆ رزگارکردن و گەڕاندنەوەی تیرۆریستانی رژێمی ئێران بۆ لای خۆی. حکومەتی بلژیکا بە پەسندکردنی پرۆژە یاسای ئاڵوگۆڕکردنی زیندانیانی نێوان هەر دوو وڵات، یاریکردن لەسەر زەمینی ڕژێمی ئێرانی هەڵبژاردووە کە ئەمەش زۆر مەترسیدارە!
پێویستە بگوترێ یەکەم بەرهەمی ئەم ڕێککەوتنە ناشایستە، گواستنەوەی دیپلۆماتکار – تێرۆریست (ئەسەدوڵڵا ئەسەدی)یە لە زیندانی بلژیکاوە بۆ ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی تیرۆریستان. واتە هەر ئەو شوێنەی کە لە ساڵی 2018 بەرەو بۆمبانانەوە لە کۆبوونەوەی ساڵانەی موقاومەتی ئێران لە پاریس بەڕێکرابوو بەرەو ئەوروپا تا لە ژێر پەردەی دیپلۆماتێکدا ئەم کردە تیرۆریستییە ئەنجام بدات کە هەڵبەت دواتر دەستبەسەر کرا!
ئەم پیلانە گەورە تیرۆریستییە، تەنها چەند کاتژمێر بەر لە دەستپێکی کۆبوونەوەی ساڵانەی موقاومەتی ئێران لە لایەن پۆلیسەوە کەشف کرا، لەم کۆبوونەوەیەدا سەدان کەسایەتیی بەرجەستەی جیهان، لە پێنج کیشوەرەوە ئامادەی ببوون، لە نێویاندا خاتوو مریەم ڕەجەوی، سەرۆکی هەڵبژێردراوی موقاومەتی ئێران. دواتر دیپلۆماتکار – تیرۆریست (ئەسەدوڵڵا ئەسەدی) و تیمێکی تیرۆریستی چوار کەسی دەستگیرکران و لە پرۆسەیەکی دادوەریدا، سزای (20) ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا. سزای هاوشێوەش بۆ ئەندامانی تیمەکە دەرچوو.

بارمتەگرتن، لیڤەرێک بۆ بەرەوپێشبردنی تیرۆر!
ڕێژیمی ئێران لە ماوەی چوار دەیەی دەسەڵاتداریدا. هاوکات لەگەڵ گرتن و ئەشکەنجەدان، لە سێدارەدان و کوشتن، تیرۆر و بۆردومان و جۆرەها پێشێلکاریی گەورەی مافی مرۆڤ بەرانبەر بە خەڵکی ئێران، بارمتەگرتنی خەڵکانی وڵاتانیتر و بەتایبەتی خەڵکانی خاوەن دوو ڕەگەزنامە، بەشێک بووە لە بەرنامەی نەگۆڕ و ئەندازیاریکراوی، بۆ پێشخستنی ئامانجە تیرۆریستی و مەزنخوازییەکانی کە بە رێگەی جۆراوجۆری فێڵکردن و پیلانگێڕییەوە، راکێشی ناو ئێرانی کردوون و لەوێش، دوای درووستکردنی فایلی ساختە و هەنگاوی بەرایی و گونجاو لەگەڵ ئامانج و کێشە و قەیرانەکانیدا، گرتوونی و بۆ پێشخستنی ئامانجی تیرۆریستیی، یان مەبەستی سیاسی و ئابووریی، بە کاری هێناون کە بەپێی بەڵگەنامەکان، لە چەندین حاڵەتدا، “دانپێدانانی زۆرەملێ”ی لێ وەرگرتوون بۆ ئەوەی شەرعیەت بدات بە کردەی بارمتەگرتنەکەی.
لە کەس شاراوە نییە کە وەلی فەقیهی دەسەڵاتداری ئێران، هەمیشە “لیڤەری بارمتەگرتنی”ی لە کاروباری دیپلۆماسیدا بۆ مانەوەی ڕژێمەکەی بەکارهێناوە. عەلی خامنەیی بە هۆی سیاسەتی لاوازی دەوڵەتانی رۆژئاوا، لەمەڕ نەگرتنەبەری سیاسەتێکی بڕەڕی توند بەرامبەر بە دیپلۆماسیی بە بارمتەگرتن، توانیویەتی قازانجگەلێکی زۆر بکات و بەم شێوەیە، داواکارییەکانی بەسەر دەوڵەتاندا بسەپێنێت!
هەڵوێستی سازشتکارانەی دەوڵەتانی رۆژئاوا بەرانبەر بە داخوازییەکانی رژێمی بارمتەگری دەسەڵاتدار لە ئێران، نەک هەر نەیتوانیوە کۆنترۆڵی تیرۆر و فراوانخوازی رژێمی ئێران بکات، بەڵکوو رۆژانە شاهیدی تەشەنەکردن و پەرەسەندنی تیرۆر و بناژۆخوازیی ئەم رژێمەین کە ئەمەش وەک (پەڵەیەکی رەش) بە ناو چاوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە دیارە!
ئازارێکی هاوبەش بەرانبەر بە سیاسەتی سازان لەگەڵ رژێمی ئێران!
ڕێژیمی ئێران توانیویەتی بە ڕێگای باڵوێزخانەکانییەوە (بیخوێننەوە جاسوسخانە و شوێنی سیخوڕیکردن و خانەی تیرۆر) و لە ژێر پەردەی کاری دیپلۆماسیدا، مەودای بارمتەگرتنەکانی لە جیهان زیاتر بکات! مارك دوبۆویتز (MarkDubowitz)، سەرۆکی جێبەجێكاری دامەزراوەی بیركردنەوەی بەرگری لە دیموكراسیەكان، پێیوایە ئێران لە ناو قەیرانەكان و ململانێی لەگەڵ رۆژئاوادا، بەبارمتەگیراوەکان وەكو موزایەدە بەكاردەهێنێت: “بەدڵنیاییەوە کۆماری ئیسلامی ئێران خەڵكان بە بارمتە دەگرێت و چل ساڵە ئەمکارە دەکات و ئەم کارەی کردووە بە کەرەستەی شەڕ. خەڵکی بێتاوان دەستگیر دەکات. ئەم رژێمە بە تۆمەتی ساختە و جۆراوجۆر، خەڵکانێکی خاوەن دوو رەگەزنامە یان خەڵکانی وڵاتانی بیانی دەستبەسەر دەکات و بێ لێپرسینەوە و دادگاییکردنی دادپەروەرانە و ئاشکرا و، بێ رەچاوکردنی مافەکانی مرۆڤ و لە گەرماوگەرمی ململانێکانیدا لەگەڵ وڵاتانی جیهان، کەسانە وەک (کۆپۆنی مشتومڕ و موزایدەکردن) دژ بە وڵاتانی رۆژئاوا بە کار دەهێنێت. تۆقاندن و دروستکردنی ترس لە کورتخایەندا، بیانییەکان لە ئێران دوور دەخاتەوە، بەڵام لە درێژخایەندا تەنها باس لە ترس و دڵەڕاوکێی کۆماری ئیسلامی دەکات بەرانبەر بە خەڵکەکەی خۆی و لە کۆتاییدا خەڵک سەردەکەوێت”.
ئاڵاهەڵگری بەرەنگاربوونەوەی بەبارمتەگرتن و تیرۆری ڕێژیمی ئێران!
تا ئەو کاتەی سیاسەتی سازان و سات و سەودا بەسەر دەوڵەتانی رۆژئاوادا زاڵ بێت، هەڵوێستی دەوڵەتان لە ئاست سیاسەتی بەبارمتەگرتن ناگۆڕدرێت. ئەم ڕاستییە زۆر جار سەلمێندراوە. هاوکات لەگەڵ ئەم ڕاستییەش پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە قوربانییە سەرەکییەکانی سیاسەتی نەرم و نیانیی دەوڵەتانی ڕۆژاوا لەگەڵ ڕێژیمی دژەمرۆی ئێران، خەڵک و موقاومەتی ئێران بوون. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە موقاومەتی ئێران وەک (ئاڵاهەڵگری سەرەکی بۆ ئاشکراکردن و لەقاودانی سات و سەودای لەمجۆرە)، هەمیشە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی ئێران کاری کردووە و لە گۆڕەپانەکەدا باجەکەی داوە. لەم دواییانەدا مایکل فرایلیش، ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵی بلژیکا لە وتارێکدا روو لە موقاومەتی ئێران وتی: ئێمە بە تەنیا ناتوانین ڕێگری لە پەسەندکردنی پڕۆژە یاساکە لە پەرلەمانی وڵاتەکەماندا بگرین. هەر بۆیە پێویستمان بە یارمەتی و هەڵمەتی ئێوەیە”.
ئاشکرایە کە چارەنووسی هەر وڵاتێک لە لایەن خەڵکی ئەو وڵاتە و نوێنەرە هەڵبژێردراوەکانی و لە نیهایەتدا حکومەتی ئەو وڵاتە بڕیاری لەسەر دەدرێت. بەڵام تا ئەو جێگەیەی پەیوەندی بە خەڵک و موقاومەتی ئێرانەوە هەیە، پێویستە پیلانی موزایەدەکردن و سات و سەودا لەسەر حیسابی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی ئێران ئاشکرا و ریسوا بکرێت و ڕای گشتی جیهانی لێ ئاگادار بکرێتەوە و لەدژی هان بدرێن!

ویژدانی مرۆڤایەتی هاوچەرخ!
ئێستا هەموومان شاهیدی ئەوەین کە چۆن ویژدانی بەئاگا و بێداری خەڵکی بلژیکا و وڵاتانیتری جیهان بەم ڕێککەوتنە بێشەرمانەیە وروژێندراوە و وەک نموونە لە بلژیکا، بە سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاتە دەڵێن “تۆ له‌ هه‌موو جیهاندا ناوبانگ و ئابڕووی وڵاتەکەمانت بردووە!”. نابێت گومان لەوەدا هەبێت کە لە ئایندەیەکی نزیکدا حکومەتی ئەم وڵاتە ناچار دەبێت باجی ئەو کارە ناشیرینە بدات. هەروەک چۆن ئەندامێکی پەرلەمانی بلژیکا پەسەندکردنی ئەم پرۆژەیاسایە لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پارڵمانی بە “ڕۆژێکی ڕەش بۆ بلژیکا” ناوبرد و وتی: “دەبێت حکومەت (بلژیکا) شەرم بکات” و پرسیاری لەو کەسانەی دەنگی (ئەرێنی)یان داوە بە پرۆژە یاساکە کرد کە “ئایا دەتوانن لە ئاوێنەدا سەیری خۆیان بکەن؟”.
کەوایە ئەوەی دەکرێ وەک دەستکەوتێکی گەورە بەرجەستە بکرێت ئەوەیە کە نە ڕای گشتی جیهان، نە دیمەنی سیاسی و یاسایی و ڕۆژنامەوانی، مامەڵەیەکی وەها بێشەرمانەیان پێ قبووڵ ناکرێت. هەر بۆیە دادگای پێداچوونەوی برۆکسێل رێگەی بە گواستنەوەی دیپلۆماتکار – تیرۆریست (ئەسەدوڵڵا ئەسەدی)، بۆ ئێران نەداوە و داوای لە سەرۆک وەزیران و وەزیر کاروباری دەرەوە و وەزیری دادی بلژیکا کردووە ئامادەی کۆبوونەوەی دادگا بن!

عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و لێکۆڵەری سیاسی

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish