Skip to Content

جو لە روئیای عەرەبی و کوردییدا.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

جو لە روئیای عەرەبی و کوردییدا.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

Closed
by كانونی دووه‌م 13, 2024 General, Opinion

لەم دواییانەدا و لەگەڵ بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکەی (سایمۆر ھێرش) لە (نیۆرکەر) لەمەڕ تەواجودی ئیسرائیلییەکان لە کوردستان، میدیا عەرەبییەکان ئەم ھەواڵەیان قۆستەوە و بووە ئەرتیکڵێکی گرنگ بۆیان تا دوژمنایەتی گەلی کوردستانی پێ بکەن و شەقامی عەرەبیی ھان بدەن بۆ دژایەتیکردنی کورد، سەرکردایەتی سیاسیی کورد و میدیا حزبیی و سەربەخۆکانیش بێدەنگیان لە بەرامبەر ئەم حەملەی راگەیاندنە ھەڵبژارد و ھیچ دەنگیان لێوە نەھات، جگە لەو دەنگە نوزەڵەیەی سەرکردایەتی کورد کە جاروبار بۆ پاکانەکردن بەرز دەبێتەوە. من کارم بەسەر ئەوەوە نییە ھەواڵەکەی ئەو رۆژنامەنووسە راستە یان نا، من دەپرسم بۆچی کورد ھێندە سڵ لە جولەکە دەکاتەوە؟ بۆچی ئەوەندە پاکانە بکەین لە بەرامبەر عەرەب؟ ئاخۆ ئێمە مافمان ھەیە چاودێریی عەرەب بکەین دۆستی کێن و دۆستی کێ نین یان دەتوانین فشاریان بخەینە سەر چۆن دیپلۆماسیەتی خۆیان دادەڕێژن؟ ئەی کەواتە ئەوان چۆن ئەو مافەیان ھەیە؟ لێرەوە ھەوڵ دەدەین رۆشنایی بخەینە سەر روئیای عەرەبی و کوردیی لە بەرامبەر جولەکە و کاریگەریی سیاسیی و فەرھەنگی عەرەب لەسەر کورد دەربارەی روانین لە جولەکە.

روانگەی پان ناسیۆنالیزمی عەرەبیی

لە دیدی ناسیۆنالیزمی پەڕگیرانەی عەرەبەوە جولەکە یەکەمین مەترسییە بۆ سەر قەوارەی عەرەب، چوونکە بە بڕوای ئەوان جولەکە لە کەمیندایە بۆیان و دەیەوێ کار لە دەسەڵاتەکانیان بکات و یەکێتی وەھمیانەی عەرەب بەرەو لاوازیی و لەناوبردن ببات. ھەرواش کێشەی فەلەستین کە لە راستیدا بووە بە کێشەی ھەموو عەرەب ئەو رقەی ئەستوورتر کردووە کە لە بەرامبەر جولەکە ھەیانە، بەڵام دەبێ بگوترێ ململانێ و شەڕی جولەکە- عەرەب شەڕێک نییە سەرەتاکانی بگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی بیستەم و کاتی بنیاتنانی دەوڵەتی ئیسرائیل، بەڵکو رەگ و ریشاڵێکی سەدان ساڵە و بگرە ھەزار و چوار سەد ساڵەی ھەیە، رەنگە لەو ساتەوەختەوە دەست پێ بکات پێغەمبەری عەرەب (محەمەد) جووەکانی (یەسریب) بە نەفرەت دەکات و بە تۆمەتی ناپاکی و پیلانگێڕیی ھەر سێ ھۆزە جووەکەی ئەو شارە لە زێدی دێرینی خۆیان وەدەر دەنێ، دیارە ئەمەش لە رێگەی توندوتیژییەوە بووە، ھەر بەپێی ژێدەرە مێژووییە ئیسلامییەکانی خۆیان لەو ھەڵمەتانەدا سەدان جولەکە”بەنی قورەیزە” زیندە بە چاڵ کراون و ژن و سامانیان بە غەنیمە گیراوە و تاڵان کراوە، دواتریش پێغەمبەر (محەمەد) وەک سەرلەشکری سوپایەکی بەدەوی دڵڕەق چۆتە سەر تاراوگەکەیان لە قەڵای خەیبەر، لەوێش کوشت و بڕی لێکردوون و بە ناچاریی ئەوە جێگایەشی پێ بەجێھێشتوون.
ئەمە دەریدەخات ئەو ململانێیە ریشە و باکگراوندێکی مێژوویی ھەزار و چوارسەد ساڵەی ھەیە و ھەنووکەش ھەمان شت بە ناوی کێشە و دۆزی فەلەستینەوە درێژەی پێدەدرێت، لێ بە تێگەیشتنی من دەوڵەتانی عەرەبی ھەر خۆیان رێگرن لە بەردەم چارەسەربوونی قەیرانی عەرەب- ئیسرائیل بە رێگەی ئاشتی، چوونکە مانەوە و رەوایی سیاسیی دەوڵەتەکانیان بەندە بە مانەوەی ئەو کێشەیەوە. ئەوان (واتە دەوڵەتە عەرەبییەکان) دەوڵەتگەلێکن بە ناوی پاراستنی خاکی عەرەب و بەرگرییکردن لە ناسنامەی عەرەبیی فەلەستین کۆنترۆڵی دەوڵەتیان کردووە بەشێوەیەکی دیکتاتۆریی و پادشایی رەھا، لەسەرێکی ترەوە لەگەڵ چارەسەربوونی کێشەی فەلەستیندا کە دەبێتە ھۆی کرانەوەی دەروازەی دیموکراتی لە ناوچەکەدا، فاکتۆرێکی بەھێز دروست دەبێ بۆ لە بەریەک ھەڵوەشان و پووچەڵبوونەوەی ئەو بنەما و پاساوانەی رەوایی داوە بە دەسەڵاتی درێژخایەن و دیکتاتۆرییانەی دەوڵەتانی عەرەب.
ئەوساش شەڕەکە دەچێتەوە نێو ماڵی عەرەب خۆی، واتە شەڕی دیموکراتیزەکردنی ناوخۆ و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتە جیاجیاکانی کۆمەڵانی خەڵک و ھەوڵدان بۆ بنیاتنانی کۆمەڵێکی مەدەنی و ئاسایی کە تیایدا ھاووڵاتیان ماف و ئازادییەکانیان دەستەبەر بکرێ و بە یاساش زامن بکرێ، ئەو کات تاکی عەرەبیی ئامادە نییە ئازادیی و مافە سەرەکییەکانی دوا بخات، چوونکێ ھیچ ھۆکارێکی ماقوڵ و بابەتی بەدیناکات بۆ ئەو دواخستنە. بە ھیچ پاساوێکیش ملکەچ نابێ تا دەوڵەت خەمساردانە بە دیار مافە خوراوەکانییەوە بوەستێ، لەم حاڵەتەدا تاکی عەرەبی خۆی رادەپسکێنێ لە ستەمکاریی دەسەڵات و داوای ماف و ئازادییە کەسییەکانی خۆی دەکات، دەوڵەتانی عەرەبیش بۆ خۆدزینەوە لەمە و خەفەکردنی دەنگە ناڕازییەکان ھەمیشە تاکەکانی گەل بە دوژمنێکی ھەمیشەیی و داتاشراو دەترسێنن و زوو زووش وەبیریان دەخەنەوە، لەم نێوەندەشدا چاکترین و نزیکترین دوژمنیشیان ھەڵبژاردووە بۆ ئەم کارە، ئەویش گەلی جولەکە و دەوڵەتی ئیسرائیلە.

روانگەی پان ئیسلامیزم

ئیسلامگەراکان کە توخمێکی بنەڕەتیی و بەھێزی جووڵانەوەی ناسیۆنالیستی عەرەبن، بە دید و شێوەی تر لە دیدی ناسیۆنالیزم کاریگەرییان ھەیە لە قووڵکردنەوە و وێناندنی شەیتانیانەی جولەکە، ئیسلامگەراکان کە نوێنەرایەتی جەمسەری کۆنسەرڤاتیزمی کۆمەڵ دەکەن و بەرگریی لە عادات و نەریتی کلاسیکی و باوی عەرەبی دەکەن و وەک نەریتی ئیسلام دەیبیننەوە، بەردەوام لەسەر ئەم وەتەرانە کار دەکەن و ئیحساساتی تاکی عەرەبی بۆ دوژمنایەتی جولەکە دەورووژێنن. روونتر بڵێین، بۆ نموونە ئیسلامگەراکان دەزانن کۆمەڵی عەرەبی بە توندیی پابەندە بە چەمکی ئەخلاقەوە، دیارە ئەخلاقیش لە روئیای تاکی عەرەبیدا بەستراوەتەوە بە جەستەی مرۆڤ و ممارەسەی سێکسەوە، ئیسلامگەراکان دێن پڕوپاگەندەی ئەوە بڵاو دەکەنەوە جولەکە و زایۆنیزم لە پیلانی بەردەوامدان بۆ دروستکردنی فەسادێکی ئەخلاقیی لە کۆمەڵگە ئیسلامیی و عەرەبییەکاندا.
جگە لەوەش ئیسلامگەراکان بەو پاساوەش رۆشنبیریی و شارستانی رۆژئاوا رەت دەکەنەوە کە سترۆکتۆری ئەو رۆشنبیرییە جولەکەی لە پشتەوە وەستاوە! ئەمەش مانای وایە رۆشنبیرییەکی لە خشتەبەرە، (د.فەرەج عەلی فۆدە) نموونەیەکی جوان لەم بارەیەوە دەھێنێتەوە کە چۆن ئیسلامگەراکان دەیانووت جولەکەکان دەڵێن مارکس و داروین و فرۆید ھەرسێکیان لە خۆمانن و بۆ بەلادارێبڕدنی خەڵکانی تر دروستمان کردوون!. ئیسلامگەراکان بەرگ و پۆشاکی ئاینیی دەکەن بە بەری کێشەی نەتەوەیی و جوگرافیی نێوان عەرەب- جولەکە، ئەوانەی لە ئۆرشەلیم خۆیان بە کاروانی سوپا و ھاووڵاتیانی سڤیلدا دەتەقێننەوە بە ھاواری (اللە اکبر) کارەکە ئەنجام دەدەن و بە ئەرکێکی ئەخلاقی و ئاینیی دەزانن و وەک شەھیدبوونیش چاو لەو وەحشیگەرییە دەکەن.
ئیسلامگەراکان تەگەرەی یەکەم و سەرەکی و دیاری شکستپێھێنانی ھەوڵ و ھەنگاوەکانی ئاشتین، ئەوان لە ھەر چوار لای دنیای عەرەب و ئیسلامییەوە بە ناوی فەلەستین و دوژمنایەتی جولەکەوە ھاریکاریی ماددیی و لۆجیستی دەکرێن. ھەر لە بەرئەوەشی ئیسلامگەراکان بە چەشنی دەوڵەتە عەرەبییەکان رەوایی و شەرعیەتیان لەو کێشەیەوە وەرگرتووە، مانەوە و بوونیان بەستراوەتەوە بە بوون و مانەوەی کێشەی عەرەب- ئیسرائیلەوە. راستییەکی حاشا ھەڵنەگریش ھەیە ئەگەر دوژمنایەتی جولەکە و رۆژئاوا (کە بە لای ئەوانەوە داینەمۆکەی جولەکەیە) نەمێنێ ئیسلامگەراکان ناتوانن بۆ تەنیا یەک خولەکیش لە ژیاندا ھەناسە بدەن، کەواتە ئیسلامگەراکان شەڕی مان و نەمانی خۆیان دەکەن.

بیردۆزی موئامەرە و عەقڵی کلاسیکی عەرەبیی

بەشێک لە رۆشنبیرانی عەرەب، ئەوانەی ناسیۆنالیزمی پەڕگیرانە بەرچاوی لێڵ نەکردوون دەرکیان بەوە کردووە یەکێک لە ئیشکالییەتە ناوەکی و سایکۆلۆژییەکانی گەلی عەرەب وێنەکێشانی دوژمنێکی یۆتۆپی و وەھمییە، ئەمە جۆرە ترسێکە و بۆتە بەشێک لە ئەقڵ و ئایدیا و بیرکردنەوەی گشتیی عەرەب، ھەر ئەم ئیکشالییەت و عەقڵییەتە کلاسیکییە وای لێکردوون بە چاوێکی دوژمنکارانەوە سەیری ھەموو ئەوانی تری غەیرە عەرەب بکەن و بە مەترسیی لەسەر خۆیان لە قەڵەمی بدەن، ئەم ئیشکالییەت و فۆبیایە زیاتر بەرامبەر بە ئیسرائیل و رۆژئاوا و لۆبی جولەکە لەوێ دورست کراوە، ھەر وەک بە بەرجەستەیی دەیبینین عەرەب لە خەیاڵدانی خۆیدا جگە لە وێنایەکی ئەھریمەنانە ناتوانێ تابلۆیەکی تری جولەکە و رۆژئاوا ببینێت، ئەم گرێ دەروونییە ئاڵۆزە لە ھەموو چێوەکانی ژیانی سەرجەم ئەندامانی گەلی عەرەب رەنگی داوەتەوە و رەگی داکوتیوە.
بە پێی تێگەیشتنی ھەندێک لە رۆشنبیرانی عەرەب بە تایبەتی ئیسلامییەکانی چەشنی (سەید قوتب و محەمەد قوتب و فەتحی یەکون و عەفیف عەبدولفەتاح تەبارە و تاد..) جولەکە لە ھەوڵی بەردەوامدایە و داوی بەردەوام دادەنێ بۆ لەناوبردنی عەرەب و ناشیرینکردنی رووی ئاینی ئیسلام. لە راستیشدا زۆر پێم سەیر بوو کاتێک ئەوەم خوێندمەوە عەرەبەکان نەسرانییەت (بەپێی وتەی ئەوان) بە بەشێک لەماسۆنییەت حسێب دەکەن و ماسۆنییەتیش بە لقێکی کارای زایۆنیزم لە قەڵەم دەدەن!!، چوونکێ ئەمە شتێکە ناچێ بە عەقڵی ھیچ کەسێکدا کە دوو ملیار مەسیحی لە جیھاندا داردەست و شاگردی ٨-٩ ملیۆن جولەکە بن، ئەمە ھەر وەک ئەوە وایە بڵێین فڵانە کوڕ حەوت ساڵ لە باوکی بە تەمەنترە.
ئەم بیردۆزی موئامەرەیە کە لەوانەیە کەمترین حەقیقەتی تێدا بێت لە واقیعدا دەوڵەتە عەرەبییەکان و ئیسلامگەراکان بە مەبەستی درێژکردنەوەی بوونیان لە بەرھەمھێنانەوەی بەردەوامیدان، ئەوان ناتوانن بەبێ داتاشینی دوژمن بژین، چوونکە دوژمن دروستی کردوون و شەرعییەتی بەبوونیان داوە. لەوانەیە ھەندێک رەوایی ھەبێت لەو رقە ئەستوورەی عەرەب بەرامبەر جولەکە ھەیەتی، بەڵام دیسان دەبێت ھێما بۆ ئەوە بکرێ ئەوە دەوڵەتانی عەرەبن نان بەم مەسەلەیەوە دەخۆن و خەڵکی بێ ماف و بێبەش لە سەرەتایترین ممارەسەی ئازادیی، سەرقاڵی ئازادیی فەلەستین دەکەن و بە تلیاکی ھەبوونی موئامەرەی دەرەکی نەشە و سەوداسەرییان دەکەن تاکو نەزانن چی دەگوزەرێت لە ژێر سایەی دەسەڵاتی ملھوڕ و تۆتالیتاریی سەرانی عەرەبدا، تا ئاگادار نەبن چۆن سەروەت و سامانی وڵاتەکانیان لە خزمەتی سەرانی دەسەڵاتدا تەخشان و پەخشان دەکرێت.
سەدام حسێن یەکێک لەو سەرکردانە بوو دەیویست لە رێگەی بەکارھێنانی کێشەی فەلەستین و سەفسەتەی ھەبوونی پیلانی بەردەوامی جولەکە لە دژی عەرەب ببێتە سیمبولێکی نەتەوەیی و گشتگیری عەرەب، ھەر بە ناوی پاراستنی یەکێتی عەرەب و موئامەرەی ئیمپریالیزمی کوڕی شەرعی زایۆنیزم شەرعیەتی دابوو بە دەسەڵاتی سەرکوتکارانەی خۆی، ھەر ئەمەش وای لێکرد بەو ھەموو ستەمکارییەی خۆیەوە زۆرترین ھەوادار و لایەنگری ھەبێت لە ھەر چوار لای عەرەبییەوە و ئێستاش بەشێک لەوانە بە ناوی (موقاوەمە)وە لە عێراق دژ بە ھاوپەیمانان دەجەنگن. ئەرکی رۆشنبیرانی عەرەبە ھەوڵبدەن بۆ گۆڕینی ئەو خەیاڵدانە عەرەبییەی بە وەھمی دوژمن و بیرۆکەی موئامەرە ئاخنراوە، وەلێ ئەمە پێویستی بە زەمەن و شۆڕشێکی سەرتاپاگیر ھەیە، بەڵام کاری نەکردە نییە، رۆشنبیرانی عەرەب لەسەر شانیانە کۆمەڵی عەرەبیی بەو ئاقارەدا بەرن بە چاوی لۆژیک تەماشای دەوروبەری بکات نەک بە چاوی گومان و رق و گرێی دەروونییەوە.

جولەکە لە بەردەم چاویلکەی کوردییدا

ئەگەر بە چاویلکەی کوردیش لە جولەکە بڕوانین رەنگبێ لای ئێمەش ھەمان ئیشکالییەت ھەبێ لەلای عەرەبەکان ھەیە، چوونکێ باکگراوندی ئەقڵییەت و رۆشنبیریمان عەرەبییە “ھیچ نەبێت لە باشوور”، یان بە مانایەکی تر ھزر و رۆشنبیریی و خەیاڵدانمان گەمەکردنە لە بازنە و خولگەی عەقڵییەتی عەرەبی و درێژکراوەی ئەوە. لە دیدگای تاکی کوردیشەوە جولەکە ھەردەم وێنایەکی قێزەون و ناشیرینی ھەبووە و ھەرچی خوو و رەوشت و ئەدگاری ناشیرینی وەک ترسنۆکیی و بەدفەساڵیی و خۆپەرستیی و بێ ئابڕوویی ھەیە دراوەتە پاڵیان. ئەگەر سەیری ھەندێ رستە بکەین خەڵک لە ژیانی رۆژانەیدا بەکاریدەھێنێ ئەو راستییەمان لەلا ئاشکراتر دەکات، لە کوردەواریدا دەوترێت (خۆ من جولەکە نیم!!!) ئەم رستەیە لە کاتێکدا بەکار دەبرێت قسەکەر تاوانێک یان ناھەقییەکی بەرامبەر ئەنجام بدرێت، عەرەب وتەنیش (والعکس الصحيح) واتە ئەگەر جولەکە بوومایە شایستەی ئەوە بووم ئەو تاوانەم بەرامبەر بکرێت!!، ئەمەش رەواییدانە بۆ ئەنجامدانی ھەر کارێکی نێگەتیڤ بەرامبەر بە جولەکە، بێگوومانیش ئەمە زادە و ھەڵقووڵاوی عەقڵی کلاسیکیی و داخراوی کوردییە ھەروەک وتمان بارگاوییە بە پان ئیسلامیزم و ناسیۆنالیزمی عەرەبی. ئەمە ھەمان ئەو راسیزمەیە ھۆلۆکۆستی دروست کرد و ھیتلەری بەرھەم ھێنا لە ئەوروپادا.
نەزعەیەکی تری بێ مانای ئاریاییەکان و نەتەوە ھیندۆ ئەوروپییەکان ھەیە ناوی ئەنتی سامیزمە، بە شێوەیەکی ھەمەجی و عەفەویی لەلای تاکی کوردیش بوونی ھەیە. بەڵام کاتی پرسیارە دژە باوەکەیە، ئەویش ئەوەیە بۆچی ئێمە وەک کورد پابەندین بە راددەی پەیوەندیی عەرەب بە جولەکەوە؟ ئەوان ئەگەر شەڕێکی مێژوویی و خوێناویی لە نێوانیاندا ھەیە ئەی ئێمە چیمان ھەیە؟ ئەگەر جولەکە بەوە تاوانبار دەکەین بەوەی دەستی ھەبووە لە پیلانی نەگریسانەی ساڵی ١٩٧٥ی جەزائیر بۆ ھەرەس پێھێنانی جووڵانەوەی رزگاریخوازی کوردستان، ئەی بە چی پاساوی ئەو تاوانە بدەینەوە، کورد و سەلاحودینی ئەیوبی سەرکردەی کورد لە میانەی جەنگی دژی “خاچپەرستەکان”دا، ژمارەیەکی زۆری جولەکەشیان لەناو بردووە و لە زادگەی رەسەنیان لە فەلەستین دەریانپەڕاندوون.؟. کاتی ئەوەش ھاتووە کورد لەلای خۆیەوە چاو بخشێنێتەوە بە روئیای کلاسیکی خۆیدا لە بەرامبەر جولەکە، چوونکێ ئیمڕۆکە چانسێکی باش لەبەردەم ھەردوولادا ھەیە زیاتر لێک نزیک ببنەوە و پەیوەندیی ھاوبەش دروست بکەن.

لێکچوون

زۆر کارەسات و رووداوی تراژیدیی ھاوبەش لە نێوان کورد و جولەکەدا ھەیە. ھەردوولا “دوو کەمینە” بوون لە ژێر دەسەڵاتی عەرەبدا ستەمیان لێکراوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگیی لێکردووە، ئەوانیش ھەروەک کورد تا سەرەتای سەدەی بیستەم بێ دۆست و پشت و پەنا بوون و تەنانەت بێ چیاش بوون، ھۆلۆکۆست پرۆسەیەکە ھەر لە ئەنفال دەچێت، ئەو دوو پرۆسەیە ھەر ناوەکانیان جیاوازە ئەگەرنا لە واقیعدا یەک شتن، ئەویش قڕکردن و جینۆسایدکردنە، جولەکە بە عەقڵ و بیر و توانای ئابوورییان توانییان سەرکەوتن بەدەست بھێنن لە کاتێکدا تا سەرەتای سەدەی بیستەم بێ پشت و پەنا بوون، تەنانەت خەونەکەی “ھێرتزل” وەک یۆتۆپیا دەبینرا. کوردیش تەنیا بە بازووی خۆی ھەوڵیداوە، بەڵام لە دۆستایەتی و پشتگیرییدا دەیان ساڵ دوای جولەکە ئاوڕی لێدرایەوە ھەرچەندە ئەو ئاوڕدانەوەیە بەو شێوەیەی جولەکەکان نەبوو. جولەکەکان قوربانیانی دەمارگیریی و راسیزم و ستەمی نەتەوە سەر دەستەکان بوون، کوردەکانیش قوربانی ھەمان شتن، جولەکەکان ھەموو رێگاکانی لە ناوبردنیان لەسەر تاقیکرایەوە، کوردیش ھەر بەو جۆرە ھەوڵی لەناوبردنی درا (ئەنفال و کیمیاباران شاھیدە) کەواتە بەبێ ویستی ھیچ لایەک کۆمەڵێک رووداوی مێژوویی وێکچوو ھەیە لەنێوان کورد و جولەکەدا.

بەرژەوەندیی ھاوبەش

کورد ئێستا لە قۆناغی ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانی قەوارەی خۆیدایە و پێویستی زۆری بە دۆستایەتی و گرێبەندی ھاوبەشە لەگەڵ دەوڵەت و گەلانی تردا، بە حوکمی ئەوەی ھەڵکەوتەی جوگرافیای کوردستان کەوتۆتە نێوان چەندین دەوڵەتی نەیار و داگیرکەر کە ئامادە نین مافی کورد لە چوارچێوەی وڵاتەکەیدا بە رەسمی بناسن چجای ئەوەی لەسەر ئاستێکی باڵا گرێبەند و پڕۆژەی ھاوبەشیان ھەبێت، پێویستە کورد بە دوای دۆست و دەوڵەتی تردا بگەڕێت، یەکێکیش لە دەوڵەتە ھەرە نزیکەکان لە کوردستانەوە ئیسرائیلە. بە بەراوورد بە دەوڵەتانی تری رۆژھەڵاتی نێوین ئیسرائیل تاکە دەوڵەتی دیموکراتی و پێشکەوتووە لە ناوچەکەدا و دواڕۆژێکی رۆشن و ئاسۆیەکی گەشیش ھەیە لە بەردەمیدا.
ھەردوولا دەتوانن پێکەوە گرێبەندی بازرگانی و ئابووری ببەستن و پەیوەندیی نزیک و دۆستانەیان لەگەڵ یەکتر ھەبێت!، ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆ دادەنێت لەسەر باری سیاسیی و ئابووری کوردستان بە تایبەتی کە جولەکەکان خاوەنی سێ لەسەر چواری سەرمایەی ھەموو جیھانن و خاوەنی بەھێزترین عەقڵییەتی بازرگانی و ئابووری بازاڕن. لە بواری زانست و تەکنۆلۆژیادا جولەکە یەکێکن لە نەتەوە پێشەنگەکان، لە بواری سیاسیشدا لۆبی جولەکە بە تایبەتی لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا خاوەنی دەسەڵاتێکی بەرفراوانە و کاریگەریی و قورسایی خۆیانیان ھەیە. دوای ئەوەش مەرج نییە کورد بە تەنێ لەگەڵ ئیسرائیل پەیوەندیی دۆستانەی ھەبێت و گرێبەندی لەگەڵ ببەستێت، بەڵکو پێویستە لەگەڵ چەندین وڵاتی تر پەیوەندیی دۆستایەتی و بازرگانی و کۆنتراکتی ئابووری و سیاسیی ھەبێت، نەک کورد پەیوەندیی لەگەڵ جولەکە بکاتە قوربانی ویستی عەرەب و ئاوەزی کۆنسەرڤاتیزمی کوردەواریی.

دۆسێی فەلەستین و ئەدەبی بەرگریی کوردیی

ئەو دیمەنە توندوتیژانەی لە رێی شاشەی (تی ڤی)یەکانەوە دەیبینین گەلێک راستن کە سەربازانی جولەکە بە چ جۆرێکی ھۆڤانە سەرکوتی خەڵکی فەلەستین دەکەن، وەلێ ئەم حاڵەتانە پەرچەکردارە نەک کردار، بەڵام ھێشتا ئەمە مانای شەرعیەتدان نییە بەو دڵڕەقییەی ئەرتەشی ئیسرائیل. ئەدەبی بەرگریی کوردیی پایە و رەگەزێکی ھەرە سەرەکی پێکھاتووە لە ئەدەبی دیفاعکردن لە فەلەستین جا لە شیعر و چیرۆکەوە بیگرە تاکو دەگات بە نۆڤلێت و رۆمان. ھەروەھا چەندان شۆڕشگێڕی کورد لە کوردستانەوە چوونەتە فەلەستین و دیفاعیان لەو وڵاتە کردووە، دروست بەپێچەوانەوە ھەر فەلەستینییەکان بە تایبەتی ئەوانەی لە عێراق بوون دوژمنی سەرسەختی کورد بوون،. بڕوانن کاتێک مامەڕیشە چۆتە فەلەستین، سلێمانی لە ژێر حوکمی “ملازم محسین”ی فەلەستینیدا تاریکترین و رەشترین رۆژانی چەوساندنەوەی تێدا گوزەراوە. یان ئەو کاتەی شێرکۆ بێکەس قەسیدەی بۆ ئەریحا و کەرتی غەززە دەنووسی چەشنی غەسان کەنفانی، شاعیرە فەلەستینییەکان بە شکۆی دیکاتۆرێکی وەک سەدامدا ھەڵیاندەدا.
لە ئاستی رۆشنبیرانیشیاندا ئەوەتا (ئیدوارد سەعید) وەک لیبرالترین رۆشنبیری فەلەستینی، نکۆڵی لەوە دەکرد عێراق بە چەکی کیمیایی و قەدەغەکراو لە ھەڵەبجەی دا بێت. لەلایەکی ترەوە ئەو مەرگەساتانەی بەسەر کورد ھاتووە لە عێراق و ئێران و سوریا و تورکیا چەند جار زیاترە لەوەی فەلەستین، کەسێک نەبوو دیمەنی تراژیدیاکانی کورد بخاتە بەردەم ویژدانی مرۆڤایەتی و کۆمەڵی نێودەوڵەتی، لوتکە و یەکێتی عەرەب بێدەنگی دایگرت، سەرانی وڵاتانی ئیسلامی دەمی خۆیان دووری، بگرە نەک ھەر داکۆکییان لێنەکردین، بەڵکو وەک دوژمنی خوا و ئیسلام چەپڵەیان بۆ مەرگی ھەزارانمان لێدا و لەسەر ئێسک و پروسکی ئەنفال زەماندەویان سەدامی قەعقاع دەگێڕا.

کۆمەڵەی دۆستایەتی و ھاریکاریی

یەکێک لەو کەناڵە گرنگانەی پەیوەندیی نێوان گەلان و نەتەوە ژێر دەستەکان دامەزراندنی کۆمەڵە و یانەی دۆستایەتی و ھاریکاریی و یەکترناسینە، ئەمەش بۆ دروستکردنی فیدراسیۆنێکی فراوان لەنێوان ئەو گەلانەدا بۆ بەگژاچوونەوەی ستەم و توندوتیژیی لەسەر ھەریەکێکیان، ھەروەھا دەبێتە رایەڵێکی بەھێز بۆ تێگەیشتن لە دۆخ و باری سیاسیی و ئابووری و کولتووریی ھەر یەکێک لەو نەتەوە و کۆمەڵگانە، بۆ زیاتر سوود وەرگرتنیش لە ئەزموونی سیاسیی و فەرھەنگی یەکتر و لێک نزیکبوونەوەی زیاتر لە پێناوی ئامانجی ھەر لایەکدا. ئەمڕۆش لە کوردستان ھەلومەرجی دروستکردنی کۆمەڵە و یانەی لەم جۆرە ھاتۆتە پێشەوە یان بە مانایەکی زەرورەتی ئەو یانە و کۆمەڵانە ھاتۆتە پێشەوە.
یەکێکیش لەو گەلانەی دەبێت لە لیستی یەکەمدا بێت بۆ ھەڵبژاردنی لەلایەن کوردەوە گەلی جولەکەیە، جگە لە جولەکەش ھەقوایە ئەم ھەنگاوە پەل بھاوێت بۆ لای گەلانی تری وەک ئەرمەن و ئاسوری و ئازەر و بەلوج و ئەمازیغی تاد.. ھەموو ئەمانەش کارتێکردنیان ھەیە لە گۆڕینەوەی دید و بۆچوونەکان و سوودوەرگرتن لە شارستانێتی و کەلەپوور و مێژووی یەکتر، لەم چوارچێوەیەشدا کورد دەتوانێت سوودێکی زۆر وەربگرێت لە ئەزموونی جولەکە لە پێناو دروستکردنی دەوڵەت و پڕۆژەی نەتەوەسازییدا، دەتوانێت ھەموو ئەو ئالییەتانە بناسێ بوونە مایەی رابوونی گەلی یەھودیی و سەرھەڵدانی بیری نەتەوایەتی لەلایان.

دانپیانانێکی شەخسیی

لەم چاپتەرەدا دەمەوێ دانپیانانێکی شەخسی خۆم بخەمەڕوو ئەویش ئەوەیە: من وەک تاکێکی کورد جولەکەم خۆشدەوێت (ھەرچەندە ئەم وشەیە زۆر میللی و کلاسیکییە چوونکە لە سیاسەتی ھاوچەرخدا دوو شت بوونی نییە: خۆشەویستی و مۆراڵ)، بەڵام من جولەکەم خۆشدەوێ وەک ئەوەی ئەوان پێشەنگی زانست و فەلسەفە و مەعریفە بوون، ئەوان توانییان بە ژیریی و دانایی خۆیان ھاوڕەگەزەکانیان لە ھەر چوار لای گێتی لە ژێر چەتری نیشتمانێکی نەتەوەییدا کۆبکەنەوە، من (ھێرتزل)م خۆشدەوێت و حەزم دەکرد ئەو سەرکردەی من بوایە لە بری ئەو ھەموو سەرکردە زۆرانەی کە ھەر یەکەی چەند رۆژێکی ساڵ بۆ یادکردنەوەیان کراوەتە پشووی فەرمی و ھیچیشیان بۆ کورد نەکردووە، حەزم دەکرد (مەناحیم بێگن) سەرۆکی وڵاتەکەم بوایە نەک ئەوانەی دەستیان سوورە لە خوێنی یەکتردا. مرۆڤایەتی قەرزاری جولەکەیە و چاکەیان ھەیە بەسەر ھەر یەکێکمانەوە، لەوە زیاتریش رەنگبێ جولەکە و ھێزی جولەکە وای کردبێت ئێمە لەم بەشە نیشتمانەی خۆماندا وەھا بە ئارامی و سەربەستی بژین، نازانم وایە یان نا؟ بەڵام زۆر گومانم ھەیە جگە لە جولەکە بەرگریکارێکی ترمان ھەبێت.

———————————————————————-

*ئەم وتارە بە دووبەش لە ژمارەکانی (١-٢)ی رۆژنامەی (میدیای کورد) لە رۆژانی ١١و٢٧ی مانگی ئازاری ٢٠٠٥ بڵاوبووەتەوە. پاشتر لە بەرگی دووەمی کتێبی (قوتووی عەتار)دا بەشێوەی کاغەز دووبارە بڵاوکراوەتەوە لەلاپەڕە ١٦٧-١٧٧.

دوای نۆزدە ساڵ بەسەر بڵاوبوونەوەی ئەم وتارە رۆژنامەوانییە ھێشتا رق بەرامبەر بە جوو (ئەنتی سیمیتیزم) لەوپەڕی قووڵپی خۆیدایە منیش بە پێویستمزانی دووبارە ھەمان دید و روانگە بخەمەوە بەرچاو.

Previous
Next
Kurdish