Skip to Content

دونيای شيعر.. سەردار جاف

دونيای شيعر.. سەردار جاف

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 23, 2022 General, Literature

زنجيرە وتاری نووسين بەرەو نووسين


( ١ )

لە زنجيرەکانی پێشوو باسمان لەوە کرد کە لە ناو کورد دا هەموو لە رێوە پەنا بۆ شيعر دەبەن کە قورسترين ژانرە، ئێستايش گەرەکە بزانين کەرەستە پێويستييەکانی شيعر چين؟ وتمان سەرەتا و بێ هيچ ئامادەکارييەک تۆ دەبێ بەهرەيەک لە ناختدا هەبێ و گوژم بدات ئەو بەهرە هەڵقوڵاوی رۆحێکی پاکی شاعيرانە بێت، کە ئەو بەهرەت شک برد، يەکەم کار ئەوەيە کە تۆ ژانرێ دەست نيشان بکەی و لە سەری بنووسيت، ناکرێ تۆ کەشێک بی دژە رۆمانسی و شيعری رۆمانسييەت بنووسی، ياخود کەسێکی دژە فيکر بيت و شيعری فيکری بنووسيت ئەو دەمە نە دەتوانيت ئامانج و مەبەستەکەت بپێکی نە بە رۆحەوە دەينووسيت، يانی هەڵقوڵاوی ناخێکی پاک نابێت، پێويستە شيعری شاعيران و رەخنەگران بخوێنيتەوە، تا سەردەرکردوو بيت لە کون و کەلەبەرەکانی شيعر، کارامەییت لە زمانێکی جوانی شيعرييەتدا هەبێت، ئەمە رەنگڕێژێکی ئێستاتيکایی بە دەقی شيعری دەدا، ئەمڕۆ لە شيعردا زمان کۆڵەکەی سەرەکييە، کاتێکيش شيعرت نووسی و تەواو بووی هەوڵ بدە لە گەڵ هاوڕێکانت بەشدار بيت لە کۆڕ و کۆبوونەوەی خۆیی، ئەوەی بۆ شاعير گرينگە لەم رۆژگارەدا فێربوونی بنەما شيعرييەکان و داڕشتنێتی، دوو کۆپلە لە شيعری خەرمانەی مامۆستا ئەحمەد هەردی دێنينەوە بۆ ئەوەی لە سەر کێشی پەنجە بۆ ئێوەی شیبکەينەوە تا ئاشنايەتی پەيدا بکەن لە بڕگەکانی شيعری؛

چ سڕڕێکت لە ناو دڵدا، حەشارداوە بە پەنهانی
کە چاوت چەشنی ئاوێنە وەها بێ پەردە درکانی
ئەزانم دڵ هەيە، وەک مس ، کە ژەنگ دێنێ بە ئاسانی
دڵی تۆ زێڕی تێزابە لە کوێوە ژەنگی هەڵهانی ؟
جگە لەوەی ئێستا دێين برگەکان دەستنيشان دەکەين، هاوکات زانيتان کە دوو دێڕی شيعر دەبێتە بەيت، دواتر شتی ديکەيش ئاماژە پێ دەدەين با بێينە سەر بڕگەکان ؛
چ / سڕ / ڕێ / کت / لە / ناو / دڵ / دا / حە / شار / دا / وە / بە / پەن / ها / نی
کە / چا / وت / چەش / نی / ئا / وێ / نە / وە / ها / بێ / پەر / دە / در/ کا / نی
ئە / زا / نم / دڵ/ هە / يە/ وەک / مس / کە / ژەنگ / دێ / نێ / بە / ئا / سا / نئ
د / ڵی / تۆ / زێ / ڕی / تێ / زا / بە / لە / کوێ / وە / ژەن/ گی / هەڵ / ها / نی
لێرەدا ئەوەيشمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەم شيعرە کلاسيکييە، ١٦ بڕگەييە، ئەوەی بۆ ئێوەی تازە دەست پێکردوو گرينگە ئەوەيە بزانن کە وشەی دڵ لە دێڕی يەکەم و سێيەم يەک بڕگەيە، کەچی لە دێڕی چوارەم پيتی ( ی ) بۆ زيادکرا، ( د ) بە تەنها بووە بڕگەيەک، هەروەها لە وشەی ژەنگ کە لە دێڕی سێيەمدا هاتووە يەک بڕگەيە، کەچی لە دێڕی چوارەم بە زياد بوونی ( ی ) ئەميش بوو بە دوو بڕگە( ژەن ) بڕگەيەک و ( گی ) بڕگەيەکی ديکەيە.
لە شيعر نووسيندا هەوڵ بدەن وشە دووبارە ناکەنەوە، تەنها بۆ جوان بەخشی نەبێ، چونکێ دەبێتە مايەی سواوی بێ مانایی لە دەقە شيعرييەکەتدا، کەچی لە هەندێ حاڵەتدا جوانی دەکات و پێی دەوترێ (( جيناس ))؛
(( جيناس ئەوەيە دوو وشە وەک يەک بن، ئەمەيش چوار جۆری هەيە؛
أ / ” جيناسی تەواو ” ئەوەيە پيتەکانی ئەو دوو وشەيە لە چەشن و ژمارە و ريز و سەر و ژێردا تەن بە تەن يەک بن، جا ئەگەر هەردوو وشەکە يەک وشەيی بوون، ئەوا پێی دەڵێن ” جيناسی تەواوی موماسيل ” وەک لەم بەيتەدا؛

شەبەهی زوڵفە شەه گۆنەيە روو گەردانی
بە سەری ئەو کە بە سەودا سەر و سامانم دا
لێرەدا لە نێوانی دوو وشەی ” شەبەه ” دا جيناسی تەواوی موماسيل هەيە.
خۆ ئەگەر يەکێ لە دوو وشەکان لە دوو وشە دروست کرا بێ و ئەوی تريان يەک وشەیی بێ، ئەوا پێی دەڵێن” جيناسی تەرکيب ” وەک لەم بەيتەدا ؛
موتمەئين خاتر و ئەيمەن مەبە هەرگيز لە شەڕی
نەفسی ئەممارە، کە ئەم مارە لە گەڵ تۆ شەڕيە
ب / ” جيناسی ناقيس ” ؛ ئەوەيە يەکێ لە دوو وشەکە پيتێکی لەوی تريان زياتر بێ، ئيتر ئەو زيادەيە لە سەرەتاوە بێ يا لە ناوەڕاست يا لە دوای وشەدا، وەک وشەی ” پووش” و ” پووشوو ” لەم بەيتەدا:
رەقيب و موددەعی وەک پووش و پووشوون
بسوتێنين کە وەک بەرقين، لە بەر قين
ج / ” جيناسی موحەڕڕەف ” ؛ ئەوەيە کە دوو وشە لە هەموو شتدا يەک بن، تەنها سەر و ژێريان جياواز بێ، وەک ” جەنان ” و ” جينان ” ، بە پێی شێوە نووسينی عەرەبی، لەم بەيتەدا؛
جەنانی وەک جينان کردم بە ماوا
حەبيبەی ” ماڵياوا” ماڵی ئاوا
د / ” جيناسی موزاريع ” ؛ ئەوەيە دوو وشەکە وەک يەک بن و تەنها لە يەک پيتدا جياواز بن و ئەو دوو پيتەش کە تيادا جياوازن لە يەکەوە نزيک بن، وەک وشەی ” ديبا ” و ” زيبا ” لەم بەيتەدا؛
کوڕ تازە و تەڕ مادام سادە وەکوو خوشکی بێ
ئەمما کە روا سەبزە ديبا کوڕ و زيبا کچ
ه / ” جيناسی لاحيق ” ؛ ئەوەيە دوو وشەکە وەک يەک بن و تەنها لە يەک پيتدا جياواز بن و دوو پيتەکەش بە تەواوی جياواز بن، وەک سێ وشەت ” ئاسک ” و ” ناسک ” و ” باسک ” لەم بەيتەدا؛
ئەلا ئەی ئاسکی ناسک بە باسک
شکاندت گەردنی سەد شێری شەرزە)) (١)
شيعر دونيايەکی جوانی ئەفڕاندنە، تۆ کە تازە دەست بە نووسينی شيعر دەکەی گەرەکە لە دەقی شيعريدا رەوانبێژی لە بەرچاو بگريت، بۆ ئەمەيش هەوڵ بدە کێشی شيعريت ناڕێک و لاسەنگ نەبێت، چونکی ئەم لايەنە بەوردی سەرنجی دەدرێتێ، بۆ ئەوەی ئێستاتيکا بە شيعرەکەت بدەی ناکرێ و نابێ ئەم لايەنە فەرامۆش بکەی، هاوکات لە گەڵ ئەوەيشدا تواناکانت لە دوا دێری شيعرەکەدا دەربخە واتا دوا دێڕی شيعرەکەت تەواوی ‌‌ه‌ێزی ژانر و بيرۆکەی شيعرەکەت لە خۆ بگرێت، هەم خوێنەر سەرسام دەکەی هەم چێژيشی پێدەبەخشی و وای لێ دەکەی بۆ خۆی بير بکاتەوە و بە دوای بيری تۆدا وێڵ و عەوداڵ بێت، دەکارێ لە بەراييەوە وا لە خوێنەر بکەی تێکەڵ بە شيعرەکەت ببێ و لە گەڵيدا سەما و لەنجە بکات ئاوێتەی ببێ، تا لە پەيام و مەبەستەکەت هەم ورد بێتەوە هەميش تێبگات، کاتێک کە شيعرت نووسی يەکسەر مەچۆ سەر لاپتۆپ و کۆمپيوتەرەکەت و دەست بە نووسين مەکە، ئەگەر بکرێ دەفتەرێکی بەر باخەڵت هەميشە پێبێت، ناو بە ناو چی بە هزرتدا هات ياداشتيان بکە، بە مەرجێک لە چوارچێوەی يەک ژانردا بێت، يەکەی ژانر لە دەست نەدەی، پێش تايپ کردن بە رەشنووس دەست پێبکە ئەوەی مەبەستتە بينووسيت بە يەک وشە دەريببڕە، پاشان زۆر بە وردی و سەرنجەوە ديقەتی ئەو وشەيە بدە و بيری لێبکەرەوە، زۆر شتت دێتە ياد، تۆ کە لە قۆناغی سەرەتای نووسينی شيعردايت دەشێ چەندينجار ئەو رەشنووسە بسڕيتەوە تا دەگاتە پاکنووس کە ئەوە گرينگە و ئيتر دوای پاکنووس دەست بە تايپ کردنی بکە، کێش و سەرواکانيان دەسکاری بکە، هەندێ جار دەکرێ وێنا شيعرييەکانيش دەسکاری بکەيت و وێنای جوانتر نيشان بدەی، هەوڵ بدە خۆ لە بيری ئاڵۆسکاو و جەنجاڵ و سترێسی دوور بخەوە، پشوو بدە، چارە نەکرا، بچۆ درەوە و تەواو ئارامی بە هزرت ببەخشە با وەڕس و نيگەرانت نەکا، بە ئارامی ئاسوودەیی و هزرێکی نەرمەوە وەرەوە سەر نووسينی شيعرەکەت، ئەو کات بە بيرێکی جياواز و نا ماندووەوە دەگەڕێيتەوە و رەنگە شيعرێکی زۆر جوان بنووسيت و دەستخۆشانەت لێبکرێت، ئەم حاڵەتانە لەبەر چاو بگرە تا دەکەويتە سەر پێی خۆت و دوای ئەوە دەبێتە کارێکی ئاسایی و زاڵ دەبيت بە سەريدا.

سەرچاوە ؛
١ / ديوانی نالی /لێکۆڵينەوە و لێکدانەوەی ؛ مەلا عەبدولکەريمی مودەڕڕيس و فاتيح حەبدولکەريم، پياچوونەوەی ؛ موحەممەدی مەلا کەريم. أنتشارات کوردستان ، سنە

Previous
Next
Kurdish