Skip to Content

بەیازی ئازار.. شیعری داستان بەرزان

بەیازی ئازار.. شیعری داستان بەرزان

Closed
by ته‌مموز 3, 2024 General, Poems

بۆ تۆ دایەخان گیان
قەڵای مەریوان پاڵم دا پێوە
قەڵاکەم ڕمیا پال بەم کێوە؟

لە گۆرانی فۆلکلۆری کوردییەوە
ئیتر بۆ هەمیشە لە ناو میوەکاندا
لە ناو باخە بەرین و
خەیاڵاوییەکاندا
بە تەنیشت کانیاوە بیگەرد و
سازگارەکاندا
لەگەڵ باڵندەی ڕەنگین و
پەپولە دڵگیر و
درەختەکاندا
یادی ڕۆژانێک بکە
گەرم/ شێدار
تاریک/ دڵتەنگ
بێڕەحم/ بەدڕەفتار
دەستیان لێهەڵنەدەگرتیت
تاکو لێواری مەرگ
تەنگەنەفەس/ هێزلێبڕاو
من لە دەستپێکی ئەم شیعرەوە
لە خەمی تۆیە تەنگەنەفەسم
لە دووری تۆیە هێزلێبڕاوم!

بیری دوو منداڵی ڕووتەڵ بکە
عەسرێکی شینتر لەم شینەم
هەریەک بە تورەکەیەک گریانەوە
سەرمابردوو/ ژیان مردوو
خۆیان بە ماڵەکەتدا کرد
وەک دوو پەناهەندەی لە جەنگ هەڵهاتوو
بەدەم هەنسکی بێدادییەکەوە
سووتابوون وێنەی قەقنەس
داوایان لێکردیت
لە دڵە سەنگین و بیمارەکەتدا
داڵدەیان بدەیت
لە ئامێزتدا گەرمیان بکەیتەوە.

دوو منداڵ/ دوو فریشتە
بۆنی شیری ژانیان لێدەهات
هەڵمی ئازاریان لێهەڵدەستا
تامی کابووسیان دەدا
ڕەنگی بێکەسییان گرتبوو
بوون یان نەبوون
بۆ ئەوان وەک یەک بوو.

دوو منداڵ/ دوو فریشتە
ژیان لە پای هیچدا
تفی تێکردبوون
دوو منداڵ/ دوو فریشتە
ژیان لە پای هیچدا
شەقی تێهەڵدابوون!

ئەوان بێئاگا لەوەی
بۆنی نیگاری سەر سنگیان
تەڕ… تەڕ ماڵەکەتی سەرێژکردبوو
لە یادی ساڵانێکی دوورتر
کە تۆ بە تامەزرۆییەوە
خەونیان پێوە دەبینیت
کە تۆ بە جەرگێکی سووتاوەوە
هەموو خولیات بۆتە گەڕانەوەی
ڕۆژێک لەو ساڵانە/ بۆنێک لەو ساڵانە.

ئەوان بێئاگا لەوەی
کە تۆ لە خەونە شکاوەکانیاندا
پارچە.. پارچەی دڵی خۆت
پێکەوە دەلکێنیتەوە
کە تۆ هەر نەبێت
ڕەنگێک/ دەنگێک
لە گیانی خۆتتدا زیندوو دەکەیتەوە
لەو ساڵانەی هەموو خولیات بۆتە گەڕانەوەی
ڕۆژێک/ بۆنێک.

بە دڵی تواوەی ناو چنگیانەوە
هاتن و
لە ماڵەکەتدا
بوونە دوو قومری پێککراو
بوونە دوو مێروولەی بەجێماو
بوونە دوو هەناسەی سارد
بوونە دوو برینی بێدەرەتان
بوونە دوو ئاوازی بەر باران
بوونە دوو دەنکە ترێی سەرمابردوو
بوونە دوو ئاواتی لە دەستچوو
بوونە دوو دڵۆپ خوێنی گەرم
بوونە دوو بێچووە ئاهوی شەرم.

تۆ چرا بوویت
تۆ کانی بوویت
تۆ شنە بوویت
تۆ ئارامی
تۆ سەلاری
تۆ ئاگردان.

تۆ مانگ بوویت
بۆ شەوانێکی سووتاو
خۆرەتاو بوویت
بۆ دوو بێ بەرگی هەڵکوڕماو.

تۆ ڕێنیشاندەر بوویت
بۆ دوو هەڵهاتووی دەستی خێڵ
تۆ لەنگەری دوو کەشتی وێڵ
تۆ دیوار بوویت
لەبەردەم ڕەشەبای ستەمدا
تۆ خەندە بوویت
لە پاش لێشاوێک لە خەما
تۆ هێلانە
بۆ دوو زەڕنەقووتەی بەر زریان
تۆ ڕزگارکەر
بۆ دوو کاریلەی بەردەم کەڵبەی سووری گوورگەکان.

(وچانێک)

تۆ نەتهێشت شەقام ببێتە ماڵی دوو توتەڵەی فڕێدراو
تۆ نەتهێشت دوو کانیلەی نەشارەزا
ڕێگایان بکەوێتە بیابان
تۆ لە ناو پانتایی ڕەشی مردندا
ئازایانە/ ژنانە
بێ گوێدانە سەرکۆنەکان
بە ڕەنگی سپی نووسیت: ژیان.

دوو منداڵ/ دوو فریشتە
کە چەند هەنگاوێک
لەولا بۆسەی جەردەکانی شەوەوە
خەویان پێداکەوتبوو
دوو منداڵ/ دوو فریشتە
کە هێندەی چاوتروکانێکیان مابوو
بەدەم خەیاڵەوە
بگەن بە دەستەیەک لە مرۆڤانی/ مرۆڤخۆر.

دوو گوڵاڵەسوورە/ دوو دەنک بەهێ
زۆری نەمابوو هەڵبدرێنە ناو مەنجەنیقی
بێڕەحمییەکانی کۆمەڵ
دوو بێدەرەتان خەریکبوون
بکەونە سەرزاری ئەوانی وەک دەڵ
دوو ڕێبوار/ دوو سەرهەڵگرتوو
ملیان بە ڕێگای نەهاتەوە نابوو
کە تۆ بوویتە سەیوانیان
بوویتە ئامێز
بوویتە گەرمایی
بوویتە سۆز و
دڵنەوایی
بۆ ئەوان/ ئەوانی بەر تۆفان
ئەوانی هەڵهاتوو لە چنگی ژیان.

(وچانێک)

بە ڕۆیشتنی تۆ
ئێمە گوڵەباخ لە دەست دەدەین
چیمەن
حەوشە
گوڵی هەنار
دارنارنج و
سەربان
خۆرەتاو/ مانگ
بۆنی سێو
تامی زەیتوون
خولیای سەرمان.

ئێمە زۆر شەوان مانگمان بینیوە کە خەوتووە
لە پاش تۆ هیچ مانگێک نابینین!
لە پاش تۆ ئێمە مانگمان نییە!
مانگەکەی ئێمە تۆ لە کوێی؟

(وچانێک)

تۆ ئێمەت لە ڕۆژی ١٦/٣ ی شاری هەڵەبجە پاراست
تۆ ئێمەت لە گەرداوی ئەنفال دەرباز کرد
ئێمە دوو گوندی بچکۆلەی قەدباڵی چیایەک بووین و
تۆ نەتهێشت بکەوینە بەر شەپۆلی ڕاگواستن
ئێمە دوو گەنجی باریکەلەی سەر شەقامێکی سلێمانی بووین
تۆ نەتهێشت ملازم موحسین بە بینینمان خوێن بیگرێت و
هەر لەوێدا گولەبارانمان بکات
ئێمە دوو منداڵ بووین لەگەڵ ٤٠ منداڵی دیکەدا بۆ دەستڕێژی فیشەک ڕیزکرابووین
تۆ هیوایەکی وەهات پێداین ئێمە باڵبگرین.

ئێمە دوو پێشمەرگە بووین لە زیندانی ئەبووغرێب
لەگەڵ ژماردنی کاتی گەیشتن بە سێدارە
سروودەکانی ڕەنجدەران لە گەرووماندا
ئێمە دوو شەڕڤان بووین لە عەفرین
لە پاڵ گرمە گرمی بۆمبێکدا
(ئەی ڕەقیب)مان دەبێژا
ئێمە دوو گەریلا بووین لە دامێنی چیا
بەدیار چاوی تیژی درۆنێکەوە
(نەخشەی کوردستان)مان بەسنگەوە
ئێمە دوو خەباتگێڕبووین لە دەشتێکدا
لەتەک هوژە..هوژی موشەک
(ئاڵای کوردستان)مان هەڵکردبوو
تۆ وەک دەستی خودایەک
کە دەمێکە مرۆڤی پشتگوێخستووە
هاتیت و بۆ ئاسمانت هەڵکێشاین…
بە لەدەستدانی تۆ ئێمە دوو مەسیح
هەریەک خاچی خۆمان بە کۆڵەوە و
شار تەی دەکەین
کۆڵان… کۆڵان
شەقام… شەقام
بۆ ڕۆژانێک تۆ لێرەبوویت
بۆ ڕۆژانێک تۆ چەتربوویت
لە پاڵ تۆدا
ئێمە دوو شۆڕگێڕی سەربەرز
دەم و داوێن و دەست و دەرلینگ و دەمار و دینارمان پاک
کە لێرەنیت
دەم و دەمارمان بەسترا
داوێن و دەرلینگمان دڕا
دەست و دینارمان شکا
هۆ خەڵکینە پێمان بڵێن:
لە کوێیە خوا؟

(وچانێک)

بە دڵشکاوی ڕۆیشتی
لە سەردەمێک کە لەگەڵت سۆزی نەبوو
ڕۆرگارێکت بەجێهێشت
ڕووی لێت نەبوو
بە بێگەردیت باکی نەبوو
چاوقاییم بوو/ پەردەی نەبوو

تۆ پەڵەیەک خەڵکت جێهێشتن
کە مایەی نیگەرانیت بوون
ئەهلی بێ دڵی و
قسەی ڕەق
سەرمەستی حەز
شەیدای بەها پوچەکانی
دنیای سەرمایەداریی بوون

تۆ بێدەنگ بووی
تۆ پەرێشان
لەبەردەم مرۆڤ
چلۆن خۆی لەبیرچۆتەوە
نەتدەزانی بۆچی وەها
بەهای دڵان کاڵبۆتەوە
هەرچی دێت و
لاف لێدەدات
بە جانتا و
بۆن و
مەکرەوە
سەیرێک ناکات
چەند سادەیە
چەند بێخەون و
بێ بادەیە
سەیرێک ناکات
چەند گوناهە
نرخی خۆی داوە بە بادا

ئەو نازانێ بەڵێ ڕاستە
مارکە بەرزە
براند بەرزە و
کولیتی زۆر بەرزتر
ئەوەی گچکەیە و
هەتاکو دێت هەر کچکەتر
هاکا نەما و بووبە هەڵم
خۆیەتی و لە خۆی واوەتر

تۆ کە لە نەسلی باران بوویت
کەڵکی تۆی نەمابوو ژیان
تۆ کە بەخشندەیی خودا و
ئارامی ئەیوب لە گیانتدا
بێ باکانە/ دڵتەگانە
شەوگارت دەبەست لە ڕۆژان.

ئێوە نەوەیەک کە دەڕۆن
لەگەڵ خۆتان زۆر شت دەبەن
پێمان بڵێن.. بەر لە ڕۆیشتن
چی بکەین بۆ ئەوەی دوای ئێوە
بڕێک وەک ئێوە مرۆڤ بین؟
چی بکەین بۆ ئەوەی پاش ئێوە
وەکو ئێوە فریشتە بین؟

بۆ وادەڕۆن؟
دنیا بۆچی واچۆڵ دەکەن
کێ دەتوانێت بەبێ ئێوە
بەرگەی بگرێت و
درەختێک بێت بە پێوە؟
وەها دنیاکەتان چۆڵ کرد
هەر دەنگێ دێت
هەر بە تەنیا دەنگدانەوەی خۆی دەبیستێت
هەر ڕەنگێک دێت هێندە نابات خۆی بیردەچێت!

ئێوە مرۆڤانێک بوون
کە خودا لە پارچەی خۆی
لە دڵی خۆی
لە ڕووناکی و
لە پاکی خۆی
ڕەوانەی زەمینی کردن
تاکو نیشانمانی بدات
بە چ جۆرێک هێزی هەیە
مرۆڤی پەتی وەکو خۆی
مرۆڤی ڕوون و
بە نرخ بەدیبێنێت..

ئێوە کە جێگەی ئومێدی خودا بوون
کە نیشانتان دەدا مرۆڤ تاکو کوێ
هێزی هەیە هەر مرۆڤ بێت
ڕۆیشتن و بە بێزاربوون
پشتان کرد لە سەردەمێک
هەموو شتێک تێیدا بە نرخە
مرۆڤ نەبێت!

Previous
Next
Kurdish