Skip to Content

براکوژیی سیستماتیک.. نەوزاد بەندی

براکوژیی سیستماتیک.. نەوزاد بەندی

Closed
by ئاب 22, 2021 General

دوای هەزاران ساڵ لە یەکتر قڕکردن ، پێم باشە کورد ناوبنرێ : (براکوژ ) .. زمانی کوردی بگۆڕێ بۆ زمانی براکوژی .. کوردستانیش پێی بووترێ : براکوژستان ..

ئەمەی لێرە ئەگوزەرێ نە کێبڕکێی حیزبییە و ..نە کێبڕکێی کۆمپانیاکان و داهێنانەکانە ..
چونکە کاتێ کێبڕکێ ، کێبڕکێیە کە کار نەکاتە سەر قوتی هاووڵاتیان و ..موچەی فەرمانبەران و ..بازاڕی هەژاران ..
لە ووڵاتان کێبڕکێی کۆمپانیاکان لە ڕێی هەرزانکردنی نرخەوە دەکرێت ، لەوێدا هاووڵاتیان قازانج ئەکەن ، لێرە کێبڕکێی کۆمپانیاکان بۆ گرانکردنی نرخ و کوشتنی هاووڵاتیی هەژار و مامناوەندە ..
لە ووڵاتان کێبڕکێی حیزبەکان لە ڕێی دابینکردنی خزمەتگوزاری و ماف و هەلی کاری زیاتر و دابەزاندنی نرخەکانی بازاڕەوە ئەکرێت ، کێ زیاتر جێبەجێیان بکات ، ئەوەیان بۆی هەیە بێتە پێشەوە و ببێتە دەسەڵاتداری ووڵات .
ئەمەی لێرەدا ئەگوزەرێ براکوژییە.. لە تەماتە فرۆشێکەوە کە تەماتەی ڕزیوت بە فێڵ پێ ئەفرۆشێ هەتا ئەگاتە بازرگانێک کە کاڵای ئێکسپایەر و بێ کوالێتی بەسەر خەڵکدا ساغ ئەکاتەوە .. هەتا ئەگاتە سەرکردەی حیزبەکان کە هەوڵی سەرەکییان خۆ دامەزراندن و خۆ قایمکردن و خۆ بەهێزکردن و خۆ دەوڵەمەندکردنە ، لە دژی یەکتر و لەسەر حیسابی گوزەران و ژیانی هاووڵاتیانی هەژار و مامناوەند ..
ئێستا براکوژی لە تەماتەیەکەوە هەتا گەورەترین شت لە ئارادایە .. هەر هەموو میللەت و دەسەڵات کەوتوونەتە گیان و ڕۆح و گیرفان و داهاتووی یەکتریی .. کێ ئازایە داهاتی زیاتر لەوانی تر داڕنێ ، کێ زیرەکە هاووڵاتیان وا لێ بکا بە حوسن و ڕەزای خۆیان گیرفانەکانیانی بۆ ئاوەڵا بکەن و بڵێن : فەرموو قوربان ماڵ ماڵی خۆتە ..
براکوژیی ئابووری و مۆراڵی و کۆمەڵایەتی و سیاسیی ، زۆر لە براکوژیی چەکداری ودەستەویەخە ترسناکترە ، چونکە براکوژیی چەکداریی ئاشکرا دیارە کە کارێکی قێزەونە و ..دوور و نزیک ئەبێ ڕاوەستێنرێ و کۆتایی پێ بێ ..بەڵام براکوژییەکانی تر ، وەک براکوژیی لێکنادرێنەوە و هەزار و یەک پاساویان بۆ ئەهێنرێتەوە ، وەک بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و دابەزینی نەوت و تێکچوونی کەش و هەوا و زۆربوونی دانیشتووان و کەمبوونەوەی داهات و ….
بە جۆرێک ئەم جۆرە براکوژییانە ئەبن بە داب و نەریت و ..هەمووان یان زۆرینە پەیڕەویی لێدەکەن .. مرۆڤایەتی و مۆراڵ و نیشتمانپەروەریی بەهایەکیان نامێنێ و ..بچووکترین تاکی کۆمەڵگا هەتا گەورەترین تاکی دەسەڵات کە ڕۆژ ئەبێتەوە ، بیر لەوە ئەکاتەوە بە چ ڕێکارێک زۆرترین گیرفان ببڕێ و زۆرترین کەس هەژار بخا و .. ئێوارە زۆرترین داهات بباتەوە بۆ ماڵەکەی خۆی ..ئیتر چۆن و بە چ شێوەیەک ؟ بە ڕێگا و تولەڕێگاکانی براکوژیی ..


نەوزاد بەندی

Previous
Next
Kurdish