سترانی (خود)ـه‌م.. فازڵ عه‌ززاوی.. و: نه‌ژاد عزیز سورمێ
كه ته‌مه‌نم بوو به ده ساڵ
وتم : هه‌موو شتێك به‌ركه‌ماڵ ده‌بێ فازیڵ
ماده‌م وه‌رز هه‌ن و به دوای یه‌كدا دێن
ماده‌م زستان به بارانێت به‌سه‌ردا ده‌دا و
به‌هار به گوڵه كێویه‌كانی و
هاوین به ئابی پڕوكێنه‌ری و
پاییز به خه‌می قووڵی ..
ماده‌م له‌به‌ر ده‌رگه‌ی ماڵه‌باوان له كه‌ركووك داده‌نیشی و
چاودێری هه‌وری ڕه‌شی ئاسمانی سوور ده‌كه‌ی
هه‌ڵدێ و
فیل و ئه‌سپیشی به‌دواوه‌ن .
وتم له بیست ساڵی
ده‌چیته باخچه‌ی ( موسه‌ڵڵا ) و
سه‌ر له ئێواران پیاسه له پێده‌شتی (سه‌ید قزی) دا ده‌كه‌ی و
ئێواره‌دره‌نگانیش له چایخانه‌یه‌كی نێزیك قه‌یسه‌ری داده‌نیشی و
چاو له بێچووه له‌قله‌قه‌كان ده‌بڕی
كه له تۆقه‌لانی مناره‌ی( نه‌خشینه)دا كه‌وتوون
زیقه‌زیقت بۆ ده‌كه‌ن .
كه بوومه بیست ساڵ
نه له باخچه بووم نه چایخانه
له زیندانێك بووم له به‌غدا
پۆلیسه گوندییه‌كان پاسه‌وانییان ده‌كرد و
هه‌موو به‌یانییان له خه‌و خه‌به‌ریان ده‌كردینه‌وه
ئێمه‌ش به پێش شواڕكه‌كانییان ده‌كه‌وتین
كه له پشتمانیان ده‌دا
تا به ڕیزی دوور و درێژ
له خانه‌كان هه‌ڵتووتێین
وه‌ك ڕانه مه‌ڕێ
قه‌ساب ده‌یپشكنێ
به‌ر له‌وه‌ی بیانبه‌نه قه‌سابخانه
ده‌مانژمێرن ..
وتم : هه‌موو شتێك به‌ركه‌ماڵ ده‌بێ فازیڵ
ماده‌م هێشتا ژیان گشتیت له‌پێشدا ماوه و
دڵت به ئومێد ئاوه‌دانه
له سی ساڵیدا
ده‌گه‌ڕێیه‌وه ناو كه‌س و كارت و
براده‌ره ونه‌كانت ،
له ئاواره‌نشینه دووره‌كان بۆ ده‌گه‌ڕێنه‌وه
تا باسی شاره‌كانی ناو خولگه‌ی كاڕژۆڵه و
جه‌وسه‌رانت بۆ بكه‌ن ..
كه بووم به سی ساڵ
من خۆم ئاواره بووم .
وتم : قه‌ینا فازیڵ هه‌موو شتێ به‌ركه‌ماڵ ده‌بێ
له چل ساڵی ده‌گه‌ڕێیه‌وه لای شاعیره قه‌للۆشه‌كان
ئێواران
له‌سه‌ر ته‌خته‌كانی سه‌ر شۆسته دانیشتوون
چاوه‌ڕوانت ده‌كه‌ن
چای له چایخانه‌ی مه‌جیدییه ده‌خۆنه‌وه
تا هه‌مووتان پێكه‌وه
شه‌و له دوای شه‌و
له یانه‌ی عه‌دلییه‌دا مه‌ست بن و
جنێو به حكوومه‌ت بده‌ن
تا سپێده
به شه‌قامه چۆله‌كانه‌وه وه‌ربن ..
كه بوومه چل ساڵ
دیتم هه‌موویان ، یه‌ك به دوای یه‌ك
به پاسپۆرتی ساخته هه‌ڵدێن و
له‌گه‌ڵ قاچاخچیان
كه كه‌ره‌كانییان
له تووله‌ڕێی چیایه عاسی و مه‌ترسیداره‌كاندا
به پێش كه‌وتووه
سنوور ده‌بڕن ..
به‌م جۆره سه‌رخۆش بووین
جارێ لێره و جارێ له‌وێ
له به‌رلین یا قوبرس
له له‌نده‌ن یا پاریس
هه‌ندێ جاریش له دۆزه‌خ .
وتم : فازیڵ هه‌موو شتێك به‌ركه‌ماڵ ده‌بێ
ماده‌م لانی كه‌م یادگارییه‌كانت له‌گه‌ڵ خۆتن
له په‌نجا ساڵی ده‌گه‌ڕێیه‌وه سه‌ر
دره‌خته له‌بیركراوه‌كه‌ت
تا به ده‌ستی خۆت ئاوی بده‌یه‌وه
ده‌گه‌ڕێیه‌وه ماڵه‌كه‌ت
كه مۆرانه لێی داوه
تا سه‌ر له نوێ نۆژه‌نی بكه‌یه‌وه
بۆ كتێبه‌كانت
كه له ناو كارتۆن به‌جێهێشترابوون
جارێكی دی بیانخوێنیه‌وه .
كه بوومه په‌نجا ساڵیش
داره‌كه‌مانم دی
به ته‌ور ده‌بڕدرێته‌وه و
ماڵمان جوورجی ده‌كه‌وێتێ
كتێبه‌كانیشم خراونه‌ته بیر
ئێستا چی به‌خۆت ده‌ڵێی فازیڵ
له كاتێكا هه‌موو كه‌شتییه‌كانی پشتت سووتێنراون ؟
ئاخ ، نامه‌وێ هیچ بڵێم
هه‌رگیز هیچ ناڵێم
وازم لێ بێنن
نه‌فره‌ت ..
له یه‌ك چركه‌دا
گه‌یشتمه دیماهی
هه‌موو حیكمه‌ته‌كانی دونیا‌م ختم كردن
ته‌نانه‌ت پێش ئه‌وه‌ی بزانم
چی ڕووی دا .
سه‌رچاوه : لاپه‌ڕه‌ی فه‌یسی شاعیر
بڕوانه :
https://ar-ar.facebook.com/%D9%81%D8%A7%D8%B6%D9%84-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B2%D8%A7%D9%88%D9%8A-Fadhil-Al-Azzawi-753364701447926/