كام داستانی سه‌فه‌ر؟!.. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی
بێگومان مافی هه‌موو كه‌سێكه چۆن و له كوێدا ئاره‌زوو ده‌كات بژیت. ئه‌مه به‌شێكه له ئازادییه‌كانی تاك و له جارنامه‌ی گه‌ردوونی مافه‌كانی مرۆڤیش‌دا چه‌سپێنراوه. چونكه مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه و عه‌وداڵی به‌خته‌وه‌رییه، بۆیه له پێناو به‌خته‌وه‌ری خۆی و گه‌یشتن به ژیانێكی به‌خته‌وه‌رانه، ئاماده‌یه هه‌موو قوربانییه‌ك بدات و ئه‌وسه‌ری گه‌ردوون، تا ئه‌وسه‌ری ته‌ی بكات. له‌و ڕوانگه‌یه‌شه‌وه، له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه تاكو ئێستاش، لێشاوی كۆچكردن و جێهێشتنی نیشتمان، لای مرۆڤی كورد بوونی هه‌یه و به‌رده‌وامیشه، به مه‌به‌ستی گه‌یشتن به به‌هه‌شتی ئه‌وروپا. به‌شێكی زۆر له‌وانه، ئاماده‌نه پشت بكه‌نه نیشتمان و هه‌موو شتێك و هه‌رچی له نیشتمان هه‌یه، به ناشیرین و قێزه‌وه‌ن نیشانی بده‌ن. یان ئاماده‌ن هه‌موو ڕووشاندنێكی كه‌سی، وه‌ك گۆڕینی ئایین و نه‌ته‌وه و زمان و كولتووری نه‌ته‌وه‌ییش قبول بكه‌ن، ته‌نها له پێناو پارچه كاغه‌زێكی بێ هاو بێ ئه‌رزش، كه ناوی مافی مانه‌وه‌یه. ئه‌مه وێرای ئه‌و هه‌موو تێهه‌ڵدان و شكانه‌وه و ریسواكردنه به‌ده‌ستی پۆلیس و سنوورداشكردنه‌وه. بێگومان تا ئێره ئاساییه و به‌شێكه له تێگه‌یشتنی خۆیان و ئازادی كه‌سی خۆیان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئاسایی نییه و ده‌بێ ڕه‌ت بكرێته‌وه ئه‌وه‌یه، كه تۆ بێیت چیڕۆكی هه‌ڵاتن و سه‌وداسه‌ریت له‌گه‌ڵ قاچاخچی و جێهێشتنی ئازیزان و سووكایه‌تی پۆلیسی وڵاتان و هه‌موو شكانه‌وه‌یه‌كی دیكه، ناوبنێیت داستان. وه‌ك ئه‌وه‌ی مێژووێكی تازه‌ت له قاره‌مانییه‌تی و خۆڕاگریی و داهێنان تۆمار كردبێت.
چ ئازایه‌تی و جوامێرییه‌ك له‌وه‌دایه، كه‌سانێك شه‌ق و تێهه‌ڵدانه‌كانی پاسداران و ژه‌ندرمه و پۆلیسی وڵاتان، به داستان بزانن؟ نازانم ئه‌و كه‌سانه ئه‌و بوێریه‌یان له كوێ هێناوه، له كاتێكدا به ئاره‌زووی خۆیان و به خواستی خۆیان، ئه‌و ڕێگه‌یان هه‌ڵبژاردووه. كتێبی ( داستانی سه‌فه‌ر) نه‌ك ڕۆمان، وه‌ك ئه‌وه‌ی نووسه‌ره‌كه‌ی شوناسی ڕۆمانی داوه‌ته پاڵ، كتێبێكه له باره‌ی كۆچكردن بۆ هه‌نده‌ران و ڕووداوه دڵته‌زێنه‌كانی ئه‌م ڕێگه‌یه ده‌دوێت.
ئه‌م كتێبه، ده‌كرێ بڵێین جۆرێكه له یاداشتی ڕۆژانه‌ی ئاسایی، كه نووسه‌ره‌كه‌ی له ڕێگه‌ی سه‌فه‌ر بینیویه‌تی و ڕۆژانه تۆماری كردوون. ئه‌م سه‌فه‌ره، له ساڵه‌كانی شه‌ڕی ناوخۆ و سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كانه‌وه له هه‌ولێره‌وه ده‌ست پێ ده‌كات و به ئێران و توركییا و یۆنان ده‌ڕوات و دواتریش به ئه‌وروپا كۆتایی دێت. نووسه‌ر، دوای ئه‌وه‌ی له ڕێگه‌ی كۆچ به‌ره و هه‌نده‌ران، له‌گه‌ڵ چه‌ندانی تر به یاساغ سنووره‌كان ده‌بڕێت، ئیدی چه‌ندین نه‌هامه‌تی و سه‌ختی ده‌بینێت. ئه‌وان ناچارن، شیری به‌راز بخۆنه‌وه، شه‌ڕاب بنۆشن، گوێره‌كه بدزن، له‌م دێ بۆ ئه‌و دێ له ترسی پۆلیسی وڵاتان هه‌ڵبێن، ته‌نانه‌ت كه‌سانێك ڕابواردن و گه‌مه‌بازیشیان له‌گه‌ڵ ژن كردووه، ئه‌مانه و چه‌ندین ڕووداوی دیكه‌ش، كه‌چی كۆمێدیاكه له‌وه دایه، نووسه‌ری به ناو ئه‌و ڕۆمانه، ئه‌مه به داستان ده‌زانێت. بگره دوورتریش ده‌ڕوات و ده‌نووسێت:(هیچ پارتیزانێك وه‌ك ئێمه نه‌بوو) چ شه‌رمه‌زارییه‌كه، ڕۆیشتنت به خواستی خۆت له نیشتمان، به‌راورد بكه‌یت به پارتیزانه‌كان، كه هه‌موو چركه‌یه‌كییان، نێوانی مه‌رگ و ژیان بووه. چ نه‌نگییه‌كه، كه‌سێك جێهێشتنی نیشتمان، به پارتیزانی به‌راورد بكات، كه له پێناو ئامانجێكی گه‌وره و دۆزێكێكی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و مرۆیی گه‌وره، شه‌ڕی مه‌رگییان كردووه. یاخود ده‌نووسێت:( وه‌ك ئه‌وه‌ی له جه‌نگێكی گه‌وره دابین) بێگومان كه‌س نییه له ئێمه نه‌زانێت، كه چوونه هه‌نده‌ران به ڕێگه‌ی قاچاغ، چه‌ند سه‌ختی و نه‌هامه‌تییی تێدایه، كه زۆرجار به مه‌رگی كه‌سه‌كه خۆی كۆتایی دێت. له‌وه‌دا هاوسۆزین، به‌ڵام ده‌بێ بزانین ئه‌م كۆچكردنه، به هیچ شێوه‌یه‌ك شایه‌نی ئه‌وه نییه ناوی لێبنێیت داستان. گومان ده‌كه‌م نووسه‌ری ئه‌و كتێبه بزانێ داستان یانی چی، ده‌نا بوێری ئه‌وه‌ی نه‌ده‌كرد ئه‌و ڕووداوه بێ ئه‌رزشانه‌ی خۆیان له ڕێگه‌ی چوونییان بۆ هه‌نداران ناوبنێت داستان. چونكه ئه‌و سه‌فه‌ره‌ی ئه‌و، نه به‌هایه‌كی سیاسی، نه به‌هایه‌كی شۆڕشگێڕیی، نه به‌هایه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و مێژوویی نییه. به‌ڵكو ئه‌زموونێكی تاكه‌كه‌سیانه‌ی خۆیه‌تی و هیچ شتێك له مێژووی ئێمه ناهێنێته ئاراوه.
ئه‌وانه‌ی داستان تۆمار ده‌كه‌ن، ئه‌وانه نین كه به خواستی خۆیان و له ڕێی ناسنامه‌ی ساخته و سه‌وداسه‌ریان له‌گه‌ڵ دنیای قاچاغ‌دا، نیشتمان جێ‌دێڵن. به‌ڵكو داستان ئه‌وانه تۆماری ده‌كه‌ن، كه به بێ مووچه و به لووله‌ی تفه‌نگه‌كانییان، له به‌رامبه‌ر هێزێكی تاریكپه‌رستی وه‌ك داعش وه‌ستانه‌وه و ده‌وه‌ستنه‌وه. داستان ئه‌وه نییه سووكایه‌تی و تێهه‌ڵدانی پۆلیسی وڵاتانی ئه‌وروپی قه‌بول بكه‌یت، ته‌نها له پێناو گه‌یشتن به به هه‌شتی ئه‌وروپا. ئه‌گه‌ر داستان ئه‌و كاره ساده و تاكه‌كه‌سی و بێ به‌هایانه بووایه، ئێستا نیوه‌ی گه‌نجی كورد ده‌بووه داستاننووس.
نووسه‌ری به ناو ئه‌و ڕۆمانه، له كاتێكدا وه‌ك كۆچبه‌رێك ئه‌و هه‌موو ناخۆشی و شكانه‌وه‌یه‌ی له ڕێگه‌دا به ده‌ست پۆلیسه‌وه بینه‌وه، كه‌چی هێشتا له ده‌یان شوێنی كتێبه‌كه‌ی، به توانجه‌وه باسی كوردستان و نیشتمانه‌كه‌ی ده‌كات و هه‌وڵده‌دات وێنه‌یه‌كی ناشرین و بێ به‌های بۆ بتاشێت. یاخود به گاڵته‌جارییه‌وه باس له كرده‌وه و ڕه‌فتاری هاو زمان و هاونه‌ته‌وه‌كانی ده‌كات، وه‌ك ئه‌وی جانه‌وه‌رو مرۆڤی نێوجه‌نگه‌ڵه‌كان بن. چ كۆمیدیایه‌كه، شه‌ق و تێهه‌ڵدانه‌كانی پۆلیسی وڵاتان به داستان بزانیت و نیشتمانه‌كه‌شت به‌بێ به‌ها سه‌یر بكه‌ی و گاڵته به هاو زمان و هاونه‌ته‌وه‌یه‌كانت بكه‌ی! چ شه‌رمێكه، كۆچی خۆت بكه‌یته كتێبێك و بوێری ئه‌وه‌شت هه‌بێت ناوی بنێی داستان.
له مێژووی خه‌بات و تێكۆشانی ئێمه‌دا، به هه‌زاران قاره‌مان له زیندان وشاخ و شۆڕش و ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیدا، جوامێریی و قاره‌مانییه‌تی ئه‌وه‌نده گه‌وره‌یان نواند، كه به گیانی خۆیان ته‌واو بوو، كه‌چی هیچ كامییان ناوی ئه‌و قاره‌مانییه‌تییه‌ی خۆیان نه‌ناوه داستان. كه چی نووسه‌ری ئه‌و كتێبه‌كه، زۆر به شانازییه‌وه، چیڕۆكی ده‌رچوونی له نیشتمان، ناوناوه داستان و كردوویه‌تی به كتێب. به‌ڵام كتێبێك، كه ڕه‌نگه بۆ خۆی مانایه‌كی هه‌بێت. ده‌نا بۆ خوێنه‌ر، بوون و نه‌بوونی وه‌ك یه‌كه. دواجار وه‌ك خوێنه‌رێك كاتێ له خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و كتێبه نه ك (ڕۆمان) بوومه‌وه، پرسیارێك كه له خۆمم كرد ئه‌وه بوو،كه نووسه‌ری ئه‌و كتێبه، چ كارێكی گه‌وره‌ی مێژوویی و نیشتمانی و كه‌سی، بۆ خۆی و نه‌ته‌وه‌كه‌ی كردووه، تا ناوی بنێت داستان؟ ئایا جێهێشتنی نیشتمان و سه‌وداسه‌ری له‌گه‌ڵ قۆڵبرو قاچاخچییه‌كان و سنوورداشكردنه‌وه و تێ هه‌ڵدانه‌كانی پۆلیس و مانه‌وه له نێو پیسایی و ئاوه‌ڕۆی وڵاتان، شایه‌نی ئه‌وه‌ن ناو بنرێن داستان؟ نه‌نگییه‌كی زۆره نووسه‌رێك ئه‌م ڕووداوه كه‌سی و تایبه‌تییانه‌ی ژیانی خۆی، به داستانی بزانێت. هیودارم له چاپه‌كانی داهاتوو، وشه‌ی داستان له ناونیشانه‌كه لابه‌رێت، یاخود بیكاته سه‌فه‌ری جێهێشتنی نیشتمان وگه‌یشتن به ئه‌وروپا، ئه‌وكات منی خوێنه‌ریش هیچ سه‌رنجێكم نابێت.
——————————-
*په‌راوێز: داستانی سه‌فه‌ر، نووسینی: باهۆز مسته‌فا، بڵاوكراوه‌ی خانه‌ی كولتوور، 2020.
*ئه‌م بابه‌ته له هه‌فته‌نامه‌ی ڕێگای كوردستان، ژماره‌ی ڕۆژی 20/4/2021 بڵاوكراوه‌ته‌وه………