
لەگەڵ هونەرمەند رەزوان قادر.. هڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس
هونەرمەند رەزوان قادر: هونەری گرافیك هونەرێكی تایبەتە و وردەكاری و سەلیقە زۆری دەوێت
هونەرمەند رەزوان قادر: هەموو كات حەز دەكەم پرۆژە وپیشانگام هەبێت چەندین پیشانگەی تایبەت و هاوبەشم كردۆتەوە
هڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس
هونەرمەند (رەزوان قادر ڕەحمان) یەكێكە لەو هونەرمەندانەی كەشوێن پەنجەیان لە هونەری شێوەكاری كوردستان دیار وبەرچاوە خاوەنی چەندین پیشانگەی تایبەت و هاوبەشە، ماوەی 30 ساڵە خەریكی وێنەكیشان ونوسینە، چەندین خەڵاتی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەركی پێبەخشراوە سەرۆكی رێكخراوی شاوێر بۆ هۆشیاری ژینگەیە لەبواری نووسینشدا بەربەردەوامی لە گۆڤار ورۆژنامەكان دا لەبواری هونەری شێوەكاری دەنوسێت ماوەی 25 ساڵە لەرێگەی دیواربەندی خەریكی ڕازندنەوەی قوتابخانە.
هونەرمەند رەزوان، یەكێكە لەو هونەرمەندانەی كە قەڵغانی پەرلەمانی كوردستانی پێشكەشكراو، یەكەمین هونەرمەند بووە لە هەموو عێراق پیشانگەی ژینگەیی بكاتەوە ئەندامی كارای سەندیكای هونەرمەندانی كوردستانە ،ئەندامی كارای سەندیكای هونەرمەندانی عێراق، ئەندامی كارای سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانە، ئەندامی فیدراسۆنی رۆژنامەنوسانی نێودەوڵەتییە، ئەندامی كۆمەڵەی خۆشنووسانی كوردستانە، سەرۆكی رێكخراوی شاوێر بۆ هۆشیاری ژینگەیە.لەم رۆژانەدا لە هۆڵی میدیای شاری هەولێر دوانزەمین پیشانگەی تایبەتی خۆی كردوە ئێمەش لە نزیكەوە بەچەند پرسیارێك بەسەرمان كردوە.
*سەرەتا بۆ خوێنەرەمان باس لە ژیانی هونەری خۆت بكەیت ؟
من (رەزوان قادر ڕەحمان ) لەدایك بووی شاری هەولێر 1981 شێوەكارونوسەرورۆژنامەنوس وچالاكوانی بواری ژینگە/ دبلۆم لە شێوەكاری 2000 هونەرە جوانەكانی هەولێر / بەكالۆریس لە هونەر 2010 شیوەكاری كۆلیژی پەروەردە موسڵ/ بەكالۆریس لە زمانی ئینگلیزی كۆلیژی پەروەردە زانكۆی سەڵاحەددین 2016 تائێستا12 پیشانگەی تایبەتم كردۆتەوە بەشداری 220 پیشانگای هاوبەشم كردوە.
- چۆن بوو بواری هونەری شێوەكاریت هەڵبژارد؟
- من هەر لەمناڵیەوە بەهرەی وێنەكیشان هەبوو لەبەر ئەوەی خوێندنم بەزمانی عەرەبی مامۆستایەكی هونەری بەتوانام هەبوو ناوی مامۆستا( ئەمیرە ) كە خۆی عەرەب بوو و زۆر هانی دام و پاڵپشتم بوو لە پۆلی سێیەمی سەرەتایی بەشداری پیشانگای شێوەكار چالاكی قوتابخانەكانم كرد و لەسەر ئاستی هەولێر پلەی یەكەمم بەدەستهێنا بەتابلۆی (جوتیار زەوی دەكێڵێت ) هەروەها لەبواری شانۆش لە پۆلی پێنجەم بەشداری شانۆگەریەكم كرد وەكو ئەكتەر بەناوی ( قەندیلۆكە) لەشاری دهۆك كە رۆلی پیاوێكی پیرم بینی دوایی بۆ برەو دان بە بەهرەكەم چوومە پەیمانگای هونەرە جوانەكان بەشی شێوەكاری.
- كێن ئەوانەی هاوكارو پاڵپشت بوون ؟
- سەرەتا هاندەری یەكەمم خانەوادەكەم ودایك وباوكم زۆر هاوكاریان كردم هەروەها مامۆستایی سەرەتاییم مامۆستا( ئەمیرە) هاندەم بووە.
- بەرێزتان خاوەنی چەندین پیشانگەی تایبەت و هاوبەشن پێشوازی بینەران لەچ ئاستێك دایە؟
- من هەموو كات حەز دەكەم پرۆژە وپیشانگام هەبێت تائێستا 12 پیشانگەی تایبەتیم كردۆتەوە، بەشداری زیاتر لە 220 پیشانگەی هاوبەشی ناوەو دەرەوەی ووڵاتم كردووە ،لە ئێستادا ئەگەر سپۆنسەرو هاوكاری وپاڵپیشتی هەبێت، دوو پیشانگەش ئامادەیە بۆ نمایشكردن،تا ڕادەیەك پێشوازی هاوڵاتیان لە ئامادەبوونیان لە پیشانگاكان باش دەبینیم.
*لە زۆربەی قوتابخانەكانی هەولێر لەرێگەی تابلۆی سەر دیوارەكان شوێن پەنجەیت دیارە، ئەگەربكرێت باس لەوپرۆژیەت بكەیت؟ - ئەوەی ڕاستی بێت ماوەی 25 ساڵ زیاترە خەریكی ڕازندنەوەی قوتابخانەو باخچەی منداڵان و داینگەو نەخۆشخانەكانم، تائیستا زیاتر لە 10 هەزار تابلۆم كیشاوە لەسەر دیواری قوتابخانەكان و هەروەها 90% قوتابخانەكانی شاری هەولێرو دەوربەری من ڕازاندۆتەوە، زۆرێك لەو كارانە بەخۆبەخشی ئەنجامدرا بەتایبەت قوتابخانەكانە حكومیەكان ئەوان تەنیا بۆیییان بۆ ئامادە دەكردم منیش تابلۆكانم بۆ دەكێشان وە یـەكەمین هونەرمەندم لە كوردستان ساڵی 1995 لەرێگەی تابلۆ ونیگاری دیوار بەندی قوتابخانەی گوندێكم لەسەر ئەركی خۆم رازندۆتەوە.
- دیارە خۆت سەرۆكی رێكخراوی شاوێر ئەگەر باس لە كارو چالاكی ئەم رێكخراوە بكەیت؟
- رێكخراوی شاوێر رێكخراوێكی سەربەخۆی خۆبەخشە لە بواری پاراستنی وهۆشیاری ژینگە كار دەكات تا ئێستا زیاتر لە 10 هەزار پرۆشۆرو پۆستەری رێنمایی وئامۆژگاری ژینگەمان دابەشكردوە لە نێوەندەكانی خوێندنی ناوەوو دەرەوەی شاری هەولێر و زیاتر 1000 هەزار سیمیناری ژینگەمان ئەنجامداو هەورەها 105 هەلمَەتی پاككردنەوەی سەیرانگاكانمان ئەنجامداوە یەكەمین رێكخراوین لە سالی 2013 هەڵمەتی بەروو چاندمان ئەنجامداكاتێ (90 ) كیلۆ بەروومان چاند هەروەها دانانی دانەوێلەو ئاو بۆ باڵندە كیویەكان ئەنجام داوە، لە ساڵی 2016 زیاتر لە 500 هێلانە بۆ باڵندەكان لەناوچە شاخاویەكان و دارستانەكان دانا لەگەڵ چەندین پرۆژەی تر.
- لە بواری نووسینش بەرێزتان لەگۆڤارو رۆژنامەكان خامەتان رەنگینە، دەكرێت باس لە بواری بكەیت؟
- بەڵێ لە ساڵی 1998 دەستم بواری نوسین كردووە، لەبوارەكانی وەرزش وپەروەردە و ژینگە هەروەها چەندین ریپۆرتاژ م لەسەر دیاردە نەرێنییەكانی نێو كۆمەڵگا لە گۆڤارورۆژنامەكان بڵاوكردۆتەوە لەگەڵ چەندین كاریكاتێر لەسەر لاپەرەی گۆڤارو رۆژنامەكان بڵاوكردۆتەوە تائێستاش بەردەوامم.
- بەرێزتان چەندین خەڵاتت لەسەر ئاستی كوردستان وعێرا ق و نێودەوڵەتی وەرگرتووە دەكرێت ئاماژەیان پێبدەیت؟
- تا ئێستا زیاتر لە 500 پێنج سەدت خەڵاتی رێزڵینانم وەرگرتووەو قەڵغانی پەرلەمانی كوردستانیشم پێشكەشكراو هەروەها 350 رێزوسوپاسم وەرگرتووە لەگەل َ بروانامەی دكتۆرای فەخری لە وڵاتانی ئیتاڵیا و بەریتانیا و میسرو لیبیا و ئوردن.. وەلە وڵاتی تو نس خەڵاتی دووەم زیوینم لەپێشبڕكێ كاریكاتیر لەنێو 300 بەشداربوو لە وڵاتانی عەرەبیم بەدەست هێنا.
- وەك مامۆستایەك چۆن دەڕوانیتە ئاستی مامۆستایانی هونەر لە قوتابخانەكان ؟
- بەداخەوە لە قوتابخانەكان مامۆستایانی هونەر بەگشتی وەك پێویست گرنگی بەوانەكەی خۆیان نادەن و هەریەكەو وانەیەكی تر دەڵیتەوە و قوتابیان بێ بەش دەكەن لە چێژی هونەر و كپكردنی بەهرەكانیان لەلایەكی ترەوە زۆریك لە مامۆستایانەی وانەی هونەری دەڵێنەوە پسپۆریان هونەر، هەروەها هەندێك لەمامۆستایان لە وانەكەیان دا بەبیانووی نەبوونی پرۆگرامێكی تایبەت بەوانەی هونەر كەمتەرخەمن من خۆم ماوەی 10 ساڵە پەرتووكی هونەرەم داناوە وانەی لەسەر دەڵێمەوە لە هەمان كات دا پێشكەشی زۆریك لە مامۆستایانم كردوە كە قۆناغی بنەرەتی پۆلی 1 تا 6 پێك دێت ،كەپلان و دابەشكردنی كات و قۆناغەكانی وێنەكیشانی لە خۆدەگرێت ،بەجۆرێك ئەگەرمامۆستاكە پسپۆری هونەریشی نەبێت دەتوانێت سوودس لێوەربگرێت.
*ئەوپیشانگەی تایبەت بەژینگەت كردۆتەوەناوەڕۆكی پیشانگایەكە گوزراشت لەچی دەكات؟ - خۆم لەبواری ژینگەو كاری نوسین و بەردەوامم هەیە بۆیە بیرۆكەی پاراستنی ژینگە لە رێگەی تابلۆو بەباش زانی تائێستا زیاتر لە 35 تابلۆم كێشاوە كە تابیەتە بەجوانیەكانی ژینگە دركم بەوە كرد كە بەم شێوەیە ئاسانتر و زووتر دەگات بۆیە 5 پێنج پشانگەم بە تابلۆیانە كردۆتەوەو سەرەتا لە هۆڵی میدیا دواتر لە هەندێك لە قوتابخانەكان پیشانگاكام كردۆتەوە، و بەرنامەشم هەیەلە ساڵی نوێ خوێندن لە زۆربەی قوتابخانەكان بكەمەوە و بۆئەوەی قوتابیان ئاشنا بكەین بە پاراستن و خۆشەویستی بۆ ژینگە، هەروەها یەكەمین رێكخراو وهونەرمەندم لە هەموو عێراق پیشانگەی ژینگەیی بكەینەوە بە بیرۆكەی پاراستنی ژینگە لە رێگە تابلۆ و هونەرەوە لێرەوەش داوا لە وەزارەتی پەروەردە و بەرێوبەری گشتی پەروەردەی هەولێر دەكەم زیاتر پاڵپشت وهاوكارم بن بۆ ئەوەی تابلۆ وپیشانگە ژینگەیم بكەمەپرۆژەك لە زۆربەی قوتابخانەكان نمایش بكرێت.
- لە بواری هونەری گرافیك كۆمەڵە تابلۆیەكی جیاوازت كردووە وبەتایبەت لۆگۆی كەناڵەكانی راگەیاندن ئەگەر ئاماژە بەو لایانەش بدەیت؟
- هونەری گرافیك هونەرێكی تایبەتە و وردەكاری و سەلیقە زۆری دەوێت و نابێ هەڵەی تیدا بكەیت بۆیە زۆر هونەرمەند خۆی لێ نادەن و بەكارێكی قورس دەزانن بەتایبەت هەَلكۆلین لەسەر پلێت .من خۆم ماوەیەكی زۆرە خەریكی ئەو هونەرەم تا ئیستا 120 تابلۆیەم هەیە ،ئەگەر دەرفەت بڕەخسێت لە پیشانگەیەكی تایبەت كۆمەڵێك لە تابلۆ نمایش بكەم وتابلۆكانیش بریتییە لە كێشەو گرفتەكانی ناو كۆمەڵگا بەشێوەی تەعبیری و نوسینی چەند ئایەتێكی پیرۆزی قورئان وچەند پەندێكی پێشینان لەگەڵ چەند فەرموودە و وتەی ناوداران.

