ئێوارە وەك من و تۆ ! … ئەرسەلان مەحمود
Closed
ئێوارە،
رژانی تاریكی پەرداخی ئینكارییە،
لەنەهاتێكی تردا !!
—
ئێوارە،
جگە لەكۆن بوونی ڕۆژێكی نوێ،
شتێكی دی نیە لەئێسادا !
—
ئێوارە،
چۆن دەبێ بەو هەموو جوانیەوە،
بەرەو تاریكی بڕواو، لەباوەش شەودا
بخەوێ!!
—
ئێوارە،
روتبوونەوەی ڕۆژێكی ترە،
لەڕۆناكی !!
—
ئێوارە،
سەرئاوكەوتنی ڕۆژێكی ترە، لەدەریایی
بێ تۆییدا !
—
ئێوارە،
پژانی هەنارێكی ترە، لەباخچەی
بێ تۆییدا !!
—
ئێوارە،
هەڵوەرینی هەنجیرێك عومرە،
لەبەژنی دنیا !!
—
ئێوارە،
خواردنەوەی كەفی سەر گڵاسێك شینە،
بەلێوی ڕەش !!
—
ئێوارە،
سكوتێك ڕۆشناییە، لەچاوەڕوانی
نەهاتێكی تری تۆدا !!
—
ئێوارە،
پیاسەیەك لەناتەواوییە،
بەبێ تۆ !!
—
ئێوارە،
نێوانی ڕۆژو شەو نیە، بەدحاڵیبوونە،
وەك نێوانی من و تۆ، بەیەكەوە نایەن،
بەیەكەوە نابن !!