Skip to Content

بەراهەنی نەگەیشتە باشوور… سوهەیب فاروق

بەراهەنی نەگەیشتە باشوور… سوهەیب فاروق

Closed
by ئازار 28, 2022 General, Literature


لە بنەڕەتدا کە شیعر دێت تەکنیک و ئایتم و چۆنێتییەکانی لەخۆوەن، پێش تیۆر دەکەون، دواتر تیۆر دێت و لەسەر شیعر قسەی خۆی دەکات و ئەمە بۆ شاعیری ئەوسا وا ئەبوو، یانێ شاعیر کردە شیعرییەکەی جۆرێک لە ئیلهام بوو، پاشتر شاعیر تیۆرەکان دەناسێت بە پێی ویست و سەلیقەی خۆی تیۆرەکان لە شیعردا جێ ئەکاتەوە، واتە بەر دوو جۆر شیعر ئەکەوین “شیعری پێش تیۆر” و “شیعری پاش تیۆر” بە نموونە زۆرێک لەو تەکنیک و جۆر و ڕیتم و سەبکانەی سەردەمی کلاسیکی کوردی شاعیر پێشتر دەیزانین، دواتر شیعری لێ درووست ئەکردن، یانێ لانی کەم “نالی” و هاوسەردەمەکانی دەیانزانی تیلنیشان و مولەممەع و موستەزاد و هونەرەکانی بەلاغە چین، لە نوێشدا “شێرکۆ” و هاوسەردەمەکانی دەیانزانی بەکەسکردن و بەرجەستەکردن و مۆزیکی ناوەوە و دەقی واڵا و تێکەڵکردنی ژانرەکان چین، بەرە تازەکانی شیعری ڕۆژهەڵات، تەکنیکگەله نوێیەکانی وەک پارۆدی و پێرسۆنی و ئایرۆنی … تاد دەزانن، باس لەوە نییە شاعیرێک تیۆرێک بکات بە باڵای نووسینێکدا و بیکاتە شیعر ئەوەندەی ڕوونکردنەوەی دوو جۆر لە نووسینی شیعرە.
شیعری نوێ و ئەمڕۆیی هاوکاتی دۆخە پیشەییەکەی دنیا و ماددیبوونەوەی، پیشەیی بووەتەوە ڕاستەوخۆ جۆرێک لە زاڵێتی و دەرکەوتنی چۆنێتییە بەسەر چییەتیدا، لێرەوە لەم زاڵبوونی چۆنێتییەدا ڕێک بەر ئەوە دەکەوین، کە تیۆرەکان ڕەنگ دەدەنەوە له دەقدا، ئەمە ڕێک ئەوە دەخاتەوە، کە شیعری ئەمڕۆ چۆنێتییەکە لە چوارچێوەی تەکنیکگەلی ئەمڕۆییدا، شیعری “بەراهەنی” شیعرێکی زمانتەوەرە و زمان تیایدا جۆرێک لە خۆیەتی تێدایە، ئامراز نییە بۆ گەیاندنی پەیامی شیعریەت کایەکانی زمان خۆیان شیعریەتن، لەم جۆرە لە زماندا کە فۆڕم نوێنەرایەتیی دەکات، تا ڕاددەیەکی زۆر مانا ونە، ئەوەی هەیە چێژ و ڕامان و وردبوونەوە و وەستانە، لە جیاتیی ئەوەی شتێکمان پێ بڵێت شتێکمان پیشان دەدات، لێرەوە مانای شیعر نەک لە قەلبی شاعیردایە، بگرە هەر وجوودیشی نییە.
دۆخی شیعری کوردیی باشووری کوردستان، دۆخێکە کەمتر بەر تیۆرە نوێیەکانی شیعر کەوتووە، هێشتا جۆرێک لە زاڵێتیی “چۆنێتی” هەیە بەسەر “چییەتی”دا، لێرەوە کەمئاشنایی و نەشارەزایی لە تیۆرە نوێیەکان وا دەکات ئەدەبی بەراهەنی بێگانە دەر بکەوێت بەنیسبەت شیعری کوردیی باشوورەوە.

  • ئەم دۆخە بۆ وایە؟
    ١- جۆرێک لە سەرسامێتیی ئەدەبیی باشوورییانە تا چەند ساڵ پێش ئێستا بە وردی و بە ئێستاشەوە، بۆ ئەدەبی فارسی هەبوو لەو شوێنەدا کە چیگوتن هەیە نەک چۆنگوتن، بۆ وێنە چیگوتنی “سوهراب” و “لەنگەروودی” و “شاملۆ” دێتە ئەمدیو وەلێ چۆنێتییەکان ناگەن، تەنانەت لە دۆخە کوردییەکەشدا “سوارە” چۆنگوتنەکانی نایەن، زمانی سوارە کەمتر ئەگات، هێمن و هەژار دێن، وەلێ سوارە نایەت، “خەوە بەردینە” نایەت!
    ٢- “شێرکۆ بێکەس” و “لەتیف هەڵمەت” وەختێ نوێنەرایەتیی بەشێکی باش لە نوێگەریی ئەدەبی ئەکەن، هێشتا هەر چیگوتنەکەیان وەک ئەدەبی بەرگری ئەگات، ڕەهەندە تەکنیکییەکانیان کەمتر جێ ئەگرن.
    ٣- ڕوانینی باشوورییانە تا ڕاددەیەک ڕوانینێکی چییەتی-تەوەرانەیە، شاعیر دەیەوێت نوێنەرایەتیی کۆمەڵناس، فەیلەسووف، دەروونناس، ئاینناس بکات لە ڕێی شیعرەوە، ئیتر نوێنەرایەتیکردنی خۆی دوا ئەکەوێت، لای شاعیری گەورە و دیار بیستوومە کە شیعرێکی نووسیوە فەلسەفەیە، لای جیددیترینی شاعیرەکان بە ناو لامن شیعر دەبێت پڕ بێت لە مەعریفە، قسەکان لە بارەی زۆر شتەوەن لە شیعردا، لە بارەی خودی شیعرەوە نین، لە باشووردا شاعیرەکان کۆمەڵناسانە فەیلەسووفانە فرۆییدیانە عیرفانییانە دەدوێن، شاعیرانە نادوێن، شاعیری باشووری فەیلەسووفێکی شاعیرە، کۆمەڵناسێکی شاعیرە، شاعیرێتی دوا دەکەوێت و ڕشتەکانی تر پێش دەکەون.
    ٤- لای زۆرێک لە شاعیران زمان جەنگی پێ ئەوترێت، جەنگی تیا ناکرێت، خۆشەویستی پێ ئەوترێت، خۆشەویستی تیا ناکرێت، ئیشی پێ ئەکرێت ئیشی تیا ناکرێت، زمان خۆی نابێتە شت لە خۆیدا ئەبێتە شتێ ئەوی تر ئەڵێت، زمانی زۆرترینی شیعری نوێی باشوور ئەوی تر ئەڵێت، تا سنووری ئەوسەری دنیا شارەزایە و ڕۆشتووە، کەشفی جوگرافیای دنیای کردووە، وەلێ خۆی نەوتووە، کەشفی پۆتانسییەڵەکانی زمان”زمانی شیعری” نەکردووە، ئیش لە زماندا نەکراوە، ئیش بە زمان کراوە، زمان ڕەوڕەوەیەکە ئەوەندە لێ ئەخوڕرێ، ناخولقێنرێت(زمانی شیعری).
    ٥- لە جیددیترینی کۆڕەکان و نووسینە ئەدەبییەکاندا، هێشتا ئەوەی باوە یەکێتیی بابەت، ڕێنووس، ناوونیشانی شیعر، ڕێزمان و خاڵبەندی، وشە بە واتای فەرهەنگ، مانای شیعری باون، هێشتا دۆخی تەکنیکیی بەشی زۆری شیعری نوێی باشوورییانە لە سەردەمی خوازە و مێتافۆڕدایە، قۆناغی زمانیی دوای ئەوەمان نییە، پەخشانە شیعر و ڕۆمانە شیعر و دەقی واڵا لە برەودایە لێرەوە “بەراهەنی” دوا ئەکەوێت و ناگات چوون ئەوەی لای ئەدەبی بەراهەنی هەیە “پۆلیفۆنی” و “ئاشنایی سڕینەوە” و “ئایرۆنی” و جۆرێک لە هەڵوەشاندنەوەیە، ئەمە بۆ بەردەنگێک ک هێشتا باوەڕی وابێت شیعر ئەبێ بە لایەنی کەمەوە یەکێک لە پایەکانی چواندنی تێدا بێت، دەبێت خاڵی هاوبەشیشیان زۆر نزیک بێت “بەراهەنی” پوولێکی قەڵب ناهێنێت، بۆ یەکێک زەوقی ماناتەوەرانە بێت ئاشنایی سڕینەوە و وڕێنە یەک شتن، بۆ یەکێک هێشتا داڵغە ئەدەبییەکانی لە دەوری یەکیەتیی بابەت-دا بێت فرەدەنگی، تێکچوون و تێکدانە شیعریەت نییە.
    ٦- بەشە کوردییەکانی زانکۆکانی کوردستان وەک نوێنەری شارەزای تیۆرە ئەدەبییەکان بە ئەکادیمی، بەدەگمەن قبووڵی جۆرێک لە نوێگەریی شیعری دەکەن کە ئەمڕۆیی و جیهانییە، چەند دەنگێکی کەم نەبێت کە لە پەنجەی دەست تێپەڕ ناکەن، چوار ساڵ باشترین بەشی کوردیم خوێند، هێشتا نوێگەر هەر “گۆران” و “پیرەمێرد” بوون، بە هەوا بە هەزار حاڵ دامان بە لای بزووتنەوەی ڕوانگەدا، ئەویش وەک حیکایەت نەک پراکتیک، شیعر وەک کەرەستەیەک بۆ لێکۆڵینەوە تازە هێشتا لای”ئەحمەد محەمەد” و لە بارەی وێنەی شیعرییەوەیە، تازە “ڕەنج سەنگاوی” لێکۆڵینەوەی لە بارەوە دەکرێت، هێشتا شێوە و ناوەڕۆک باون، پێرار زانکۆی هەڵەبجە کۆڕیان بۆ “نەوژین سۆران” دەگرت، لەولاشەوە شیعری “هەندرێن، ئازاد سوبحی، ڕەفیق سابیر، ئەنوەر قادر، ئەنوەر مەسیفی، فەرهاد پیرباڵ، هاشم سەڕاج” تاکوتەرا ئاوڕیان لێ ئەدرێتەوە، خەریک نیم مافی شاعیربوون و ڕەخنەنووسین لە کەس بسێنمەوە هێنده دەمەوێت لە بارەی نوێگەریی ئەدەبییەوە بدوێم.
    ٧- ئەدەبیاتی فۆڕمگەرا و بزووتنەوەی فۆڕمالیستی تەنیا وەک حیکایەت گەیشتووەتە زانکۆکانی ئێمه و بڕێکی نوخبەش هەمان شێوە وەری گرتووە، مێژووەکەی و بەسەرهاتەکەی دەزانن وەلێ پراکتیزەکردنی زۆری ماوە، ئەمە بۆ تیۆرە مۆدێرنەکانی تریش هەر ڕاستە لێرەوە نەک هەر بەراهەنی ناگات “ئەنوەر مەسیفی” و “هاشم سەڕاج”یش ناگەن، “سەباح ڕەنجدەر” و “نەوزاد ڕەفعەت” شانسێکی وایان نادرێتێ، وەک بەراهەنییان لێ دێت، لێرەوە “فەرهاد پیرباڵ”یش وەختێک دەڵێت “وتم با وتی نا” یان وەختێک دیوە سوریالی و داداییەکەی دەرکەوت دەکات خەڵک وەک وڕێنە دەیبینێت، بەڵام “تەلعەت تاهیر” دەگات و ناوبانگیش پەیدا دەکات.

٭٭بەش بە حاڵی خۆم نامەوێت بڵێم چی شیعرە و چی شیعر نییە، تەنیا دەمویست بڵێم بەراهەنی نەگەیشتە ئێره و بۆیە نەگەشت.
٭٭فارسی نازانم بەراهەنی-م به وەرگێڕانی کوردی خوێندووەتەوە، بە فارسی بڕێک گوێم لێ گرتووە.


سوهەیب فاروق

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish