Skip to Content

هزر و ئازادی… ئازاد شکور

هزر و ئازادی… ئازاد شکور

Closed
by ئازار 28, 2022 General, Opinion

گرنگی بیرکردنەوە بۆ تاکی کورد

بۆچی گرنگە تاکی کوردی بیربکاتەوە؟ پێتڤیە لە دوو دۆخدا تاکی کوردی بیر بکاتەوە، کاتێک ئەگەر بیەوێت فێربێت، کاتێک ئەگەر ویستی گومان بکات یان ڕەتی بکاتەوە.لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین ئەوەهەڵبهێنجێنین، کاتێک تاکی کوردی بیرێکی سەلیم و ئەرێنیانە دەکاتەوە، دەبێت بە پێچەوانەی ئاڕاستەی واقیعی باو مامەڵەبکات. گرنگە خۆی داماڵێت لە هەموو نۆرمە ئاکاری و ئاین و ڕێسا کۆمەڵایەتیەکان، خۆی ڕزگاربکات لە کۆی بەها بە زۆر سەپێنراوەکانی وەکو داب نەریت و کەلتورو خێڵ و مێژوو و نۆرمە ئاینیەکان.
دەبێت سەرنج و تیشکی بخاتەسەر لایەنە تاریک و تەڵخ و ناڕوون وشاراوەکان، بەم کارەش گومان دەخاتە سەر ئەو ڕووداو و دیاردانەی کە گومانیان لێ نەکراوە، ئامانجیش هەنگاو هاویشتنە بۆ ژیانێکی ڕاستەقینەو پڕ مفا.
ئەمەش دەبێتە ڕاگرو پشتێنەیەکی بەهێز بۆ تاک، لەبری ئەوەی ببێتە تاکێکی گوێڕایەڵ و دەستەمۆ بەپێچەوانەوە دەبێتە تاکێکی سەربەخۆ و خاوەن ڕوئیا و ئیرادە و بڕوا بەخۆ بوو. ئەمەش فۆرمێکی هۆشیارانەی پێدەبخشێت.

ئایا دەکرێت بیرکردنەوەکانمان سنورداربکەین؟ بێگومان هیچ سنورو بەربەستێک نییە لەهەمبەر بیرکردنەوەکانمان، چونکی بیرکردنەوە تایبەت نیە بە لایەنێکی ژیان یان یەکێک لەکایەکانی ناو جڤاک، بەڵکو بەپێچەوانەوە بیرکردنەوەکانمان دەبێت سەربەست و ئازادبن، تیشک بخاتە سەر هەموو لێڵی و تاریکیەک و دیوی دووەمی ڕووداوەکانی ناو جڤاک شیبکاتەوە. فکر دەستی دەگات بەهەموو کەیس و گرفت پرسێک، پرسیار دەکات، بەدوای هۆکارەکان دەگەڕێت، پشت بەهیچ پێشبیرو لێکدانەوەیەک نابەستێت، ئەگەر بە فلتەری ئەقڵ و لۆژیکدا گوزەری نەکردبێت. تاکی بیرکەرەوە گومان دەکات بۆ ئەوەی بگاتە کەناری یەقین و دڵنیایی، ئەمەش دەیگەیەنێت بەو ئەنجامەی کە تێفکرین و بیرکردنەوە تەنها زانسێک نیە و بەس، بەڵکو دەتوانین بڵێن تەواوی زانستەکانی تری ژیان لەمنداڵدانی هزر و بیرکردنەوەوە درووست بوون، کەوابوو هەڵە نابین ئەگەر بڵێین “هزرو بیرکردنەوە زانستی زانستەکانە”. ئەگەر زانستی ئابووری تەنها لەژمارەو دراو بازاڕ بکۆڵێتەوە، یان ئاین تەنها لەمردن و دۆزەخ و ئیمان و بەهەشت بکۆڵێتەوە، مێژوو لەڕووداوە مێژوویی و بەسەرهاتەکان بکۆڵێتەوە، ئەوا بۆ بیرکردنەوەو فکر پێچەوانەکەی دەسەلمێنرێت، چونکی لەتەواوی ڕەهەندەکانی ژیان دەکۆڵێتەوە، هۆکارو چارەسەرییەکان دەخاتە بەرباس وشرۆڤەی دەکات، کەوایە بیرکردنەوەو فکر تەواو سەربەخۆیە و خاوەن ئیرادەی تایبەتی خۆیەتی و ناکەوێتە ژێرکاریگەری هیچ کەس و بیروبۆچون و ئایدۆلۆژیایەکەوە. بۆ نموونە: ئەگەر دەقێک لەگەڵ ئەقڵدا بکەوێتە دژبەری و بەریەککەوتنەوە، ئەگەر ئەو دەقە بەلێکدانەوەی ژیری و ئەقڵی نەسەلمێنراو پشت ڕاست نەکرایەوە، ئەوا لەکاتی داوەری کردندا، دەبێت نەقڵ و دەقەکە پشتگوێ بخرێت و ڕاستەوخۆ بکەوینە ژێر فەرمان و ڕێنمایەکانی ئەقڵەوەو پاپەندبین پێوەی. ئەمەش دەمانبات بەرەو ئەو ئەنجامەی کە بڵێین: پتەوکردنی پلەوپایەیی ڕەوای ئەقڵ و ژیری، لەکاروبارە جەوهەریەکانی ژیاندا، دەبێتەهۆی لەدایکبوون و بەرهەم هێنانی هزر.

بۆچی لە کۆمەڵگەی کوردی هزر ڕەت دەکرێتەوە؟

زۆر فاکتەر و هۆکارگەلی جودا هەن بۆ ڕەتکردنەوەی ڕۆڵی تێهزرین و بیرکردنەوە لە نێو کۆمەڵگەی کوردیدا، لێرەدا هەوڵ دەدەین بەشێک لەو فاکتەر و هۆکارانە بەدیاربخەین کە بوونەتە هۆی ئیفلیجکردنی ئەقڵ و ڕەواییدان بە ژیانێک کە نەقڵ ئاڕاستەی بکات، لەوانە:

هۆکاری سیاسی:

نەبوونی ئازادی سیاسی هۆکارێکی ڕاستەوخۆیە، کە فکرو بیرکردنەوە نەتوانێت جێگەی خۆی بکاتەوەو ببێتە جێی دڵخوازی تاکەکان، چونکی فکر و بیرکردنەوە پێویستی بەفەزایەکی ئازاد هەیە. هەڵبەت دەسەڵاتە سیاسیەکە بەجۆرێک ڕەگی داکوتاوە، بووە بە چیخێک و بەری ڕووناکی گرتووە. دەرفەت و مەودای گۆڕان و ڕیفۆرمی سیاسی نەداوە و لەو نێوانەشدا تاک ناتوانێت بەئازادی تێڕوانین و بیرکردنەوەکانی خۆی بەیان بکات. سیستەمی سیاسی ڕێگە لەهەموو جۆرە بیرکردنەوەیەک دەگرێت کە ئامانج لێی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و مەعریفی تاک بێت، چونکە بەجۆرێک لەلێدان بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆیان تەماشای دەکەن و لێی دەڕوانن. نموونەی زۆر هەن سەلمێنەری ئەو ڕاستیەن کە لە ژێر سایەی ئەو جۆرە سیستەمەدا بەدەیان نوسەر و ڕۆژنامەڤان بوونەتە قوربانی بیرکردنەوەکانیان، زۆرجار بەهۆی فشارو هەڕەشەو تیڕۆری کەسایەتیەوە ناچاریان کردوون دەستبەرداری بیرۆکەو فکرەکەیان بن، یانیش تیرۆری جەستەیی کراون. تەنانەت ئازادیەکان هێندە سنوردار کراون تاکێک کاتێک لائیرادانە بیەوێت بە قسەیەک یان بە نوسینێک ڕووبەڕووی ئەم نادادییە سیاسی و کۆمەڵایەتیە ببێتەوە ناچار بە پاشەگەزبوونەوەی دەکەن و داوای لێ دەکەن ڤیدێو و نووسینی پێچەوانە بڵاو بکاتەوە. ئەمەش وادەکات لەبری ئەوەی تاک بیرێکی ئازادانەی هەبێت بەپێچەوانەوە تاکێکی ئەنفالکراو و ئیفلیج و بێ ئیرادەو تێکشکاوی لێ بەرهەم بێت. بەجۆرێکە تاکەکان ناتوانن داوای مافە سەرەتایەکانی خۆیان بکەن، بەئاژاوەگێڕو گێرەشێوێن و لادەر وێنایان دەکەن، یان جۆرێک تۆمەتیان بۆ درووست ئەکەن کەدەستی دەرەکی و کار بۆ نەیارەکانی دەسەڵات دەکەن، هەر بەو بیانوانە خۆیان یاسایان بۆ دەردەچێنن و هەربەو یاسایە ڕووبەڕووی دادگایان دەکەنەوەو ڕاپێچی زیندانیان دەکەن، بۆیە دەتوانین بگەین بەو دەرئەنجامەی بڵێین: فکرو بیرکردنەوە بەبێ سەربەستی و ئازادی ناتوانێت گەشەبکات، هەربۆیە دەگەین بەو ڕاستییەی بڵێین فکر نەمامێکە لە سایەی ئازادی و سەربەستیدا شین دەبێت و گەشە دەکات. هەروەکو چۆن ئەنگلس بیرمەندی ئەڵمانی هەمان تێڕوانین و بۆچوونی هەیە، سەبارەت بەگەشەکردن و بڵاوکردنەوەی فکرو بیرکردنەوە لەجێگەیەک نشونما ناکات، ئەگەر ئەو جێگەیە پڕبێت لە ئامێری ئەشکەنجەدان و زیندانی نهێنی و ئامێری ئەشکەنجەدان و لەسێدارەدان و هەموو هۆیەکانی تیرۆر ئیتر چ تیرۆری جەستەیی یان تیرۆری کەسی بێت.

هۆکاری ئاینی:

ئاین یەکێک لەو فاکتەرانەیە کە بۆتە لەمپەرێکی گەورە لە هەمبەر گەشەکردن ونەشونمای فکر و بیرکردنەوەکانی تاکی کورد، چونکی خودی فکر لە ژێر ڕۆشنایی ئەقڵ و ژیریدایە و بەئاڕاستەیەک دەڕوات کە بە فلتەری ئەقڵدا تێپەر بێت، بەڵام ڕەوتە ئاینیەکان پێچەوانەی ئەم ئاڕاستەیە هەنگاو دەنێن، دژی ڕەوتە ئەقڵیەکانن و زیاتر لە ژێر هەژموونی دەق ونەقڵدان، لە دۆخێکی وەهاشدا بۆچوونی سەربەخۆ دەکەوێتە ژێر دەستهاڕی ئاینەوەو وردوخاش دەبن. ئەم سەرکوتکردنە توندە ناهێڵێت تاک سەربەستانە بیربکاتەوەو تەعبیر لەبیروڕای ئازادانەی خۆی بکات، چونکە فکر لەشوێنێک گەشە ناکات ئەگەر ئەو شوێنە توندوتیژی فیکری تێدا بێت، نمونە زۆرن لەمێژوودا کە ئەو فکرە سەربەخۆیانەی لەژێر چەپۆکی ئاین فلیقانەوە و لەنێو بران، چەندە زۆرن. لە نێو جیهانی ئیسلامی بە گشتی و دونیای کوردی بە تایبەتی کە ترۆری فیکری کراون، لە ڕابردوودا بینیمان کە بە دەیان فتوا دەرچوێنرا لە بەرانبەر کتێب و گۆڤارە سەربەخۆکان و دەنگە ئازادەکان و حەرامیان کردن، خوێنی نوسەرو شاعیرانیان حەڵاڵ دەکرد، سەرەڕای ئەو هەموو کوشتارو بڕینەی کە بە ناوی ئاینەوە دژی نەیارانی ئاین ئەنجام دران. بۆیە ئەوانە هەڵەن ئەگەر پێیان وابێت هەموان دەتوانن لەژێرسایەی ئاین پێکەوە هەڵ بکەن، هەموو بۆچونێکی پێچەوانەی ئاین ڕەتدەکرێتەوە. هەرکەسێکیش ئەگەر لەدەرەوەی ئاین تێڕوانیینەکانی خۆی بەیان بکات، ئەوا ئاین بەلادەرو گومڕاو موشریک تاوانباری دەکات، بەجۆرێک دەیکاتە کەسێکی نامۆو هەڵگەڕاوە و دواتریش لەنێوبردنی حەڵاڵ دەکرێت، لە مێژووی ئیسلامدا نموونەی وەها زۆرن، کاتێک موعتەزیلەکان ویستیان بەپشت بەستن بە ڕێنمایە ئەقڵیەکان شیکردنەوە بۆ ئاین و دەقە شەرعیەکان بکەن، بەڵام دەزگا ئاینیەکانی ئەوکات بەهەڵگەڕاوەو لادەر وێنایان کردن، بەجۆرێک ئاسەواریان سڕینەوەو کردنیان بە وانەیەک و بە بەردەوامی لە ڕێگەی پیاوانی ئاینیەوە، لەڕێگەی وتارەکانیان و بانگخوازە ئایینەکانیانەەوە وەک جۆرێک لەڕسوایی و گومڕاو سەرلێشێواو وێنەکانیان بۆ مووسڵمان و نوێژخوێنان دەگواستەوە، ئامانجیشیان لەمەدا ئەوە بوو تاکو هیچ کەس بوێری ئەوە نەکات ئەو کەلتورە زیندوو بکاتەوەو هەوڵی سەربەخۆیی فکر بدات. لە نێو ژینگەیەکی وەهادا و بەمجۆرە سانسۆرەوە و لەم شوێنە کەلەبەرو تەسک و تروسک و تاریک و نوتکەدا، فیکر ناتوانرێت گەشە بەخۆی بدات و شین ببێت. پیاوانی ئاینی لەمەدا بەتەنها نین و بە هاوکاری دەسەڵاتە سیاسیەکە لە هەوڵی زیاترکردنی هەژموونی خۆیاندان، بە هەردووکیانەوە هۆکاری سەرەکین لەپشت ئەم متبوون و دۆخە چەق بەستووەی فکردا، لە بەرامبەریشدا دەسەڵاتی سیاسی بەهاوکاری دەسەڵاتی ئاینی توانیویەتی لەسەر پێی خۆی بووەستێت، چونکی سەرەڕای پۆخڵەواتیەکانیان بەڵام ئاین ڕەوایەتیان پێ دەبەخشن ئەمەش بەسوود وەرگرتن لەعاتیفەی خەڵکی، چونکی زۆرینەی ڕەهای تاکەکان نوێژخوێن و ئیماندارن.
هەردولایان دووڕووی یەک دراون پێکەوە دەستیان خستووەتە بیناقاقای هەموو ئەوجۆرە بیرکردنەوانەی کە ئەگەری هەیە ببێتە مەترسی بۆ سەرعەرشی هەردوو دەسەڵاتی سیاسی و ئاینی.

بیرکردنەوە بە سروشتی خۆی دژی ئەوانەیە، چونکە قسە لەسەر ڕووداوێک دەکات هەموو ئایدۆلۆژیایەک دەخاتە بەرتێبینی و ڕەخنە، لەنێویاندا دەسەڵاتی ئاینی و سیاسی، بۆیە لەم سەروبەندەدا بیرکردنەوەکان ناتوانن لەژێر سایەی وەها سیستەمێکدا ئازاد و سەربەست بن، چونکە فکر پێویستی بەکرانەوەی ڕەها هەیە، نەک سانسۆر بەربەست، بۆنموونە فیکر بە گومانەوە دەپرسێت ئێمە بۆچی درووست بووین؟ ئایا ئامانج لەدرووستکردنمان چیە؟ یان ژیان چیە؟ ئەم کوشتوبڕ و ناکۆکییەی نێوان بەهێز و لاواز بۆ چ مەبەستێکە؟ ئەمانەو دەیان پرسی تر کە فکر خۆی بەخاوەنیان دەزانێت، بەڵام ئاین ڕێگە لەم جۆرە پرسیارانە دەگرێت، چونکە ئاین نایەوێت تاک بپرسێت، چونکە تاکیان لەوەدا کورت کردووەتەوە کە تەنها گوێگرو ملکەچ بێت. ئەمەش دڵخوازی فکر نییە، بۆیە پێی وایە ئاین مرۆڤی لاواز درووست دەکات بەجۆرێک لاوازی و هەژاری و گوێڕایەڵی بەدۆستی خودا لەقەڵەم دەدات، ئەمەش تەنها بۆ ئەوەی تاک بیرنەکاتەوەو جڤاک بەمێگەل بکەن، بیانخەنە خزمەتی دەسەڵاتی سیاسیەوە، نەبوونی ئازادییەکی وەها وادەکات تاک توانای بیرکردنەوەی نەمێنێت، بەهۆی ئەوەی جێگەیەک نییە ئازادیەکەی تیا بەیان بکات.

هۆکاری ژینگەیی:

فاکتەری ژینگەیی یەکێکی تر لەو هۆکارانەیە کە ڕێگرن لەبەردەم پێشخستنی فکر لەلای تاکی کوردی، چونکی ئەو ژینگه کۆمەڵایەتییەی کەتاکی کوردی تێیدا دەژێین ژینگەیەکە خوێندنەوەو فکر نەبووەتە کەلتور تێیدا. هاوڕێکانمان یان کەسە نزیکەکانمان هاندەرو ڕێگا خۆشکەر نین، ئەوژینگەیەیی کە لە ناویدا دەژیین، ژینگەیەکە دۆستی کتێب نیە و ئەهلی مەعریفە نین، هەرچەند بەزارەکی ئەو کەسە نزیکانەو ژینگەکەی دەوروبەرمان وەک کەسانێکی بیرکرەوەو ئەهلی ئەقڵ خۆیان وێنا دەکەن، دەڵێن پێویستە بەئەقڵ بڕیار بدەین نابێت لە ژێر کاریگەری هەست و سۆزدا بین، بەڵام ناتوانرێت وەک بیرکەرەوەیەکی ڕەسەن وێنایان بکەین، چونکی بیرکەرەوەی ڕەسەن ئەوجۆرە بیرکەرەوەیەن کە بە شێوەیەکی ڕژدو قوڵ بیردەکەنەوەو تێڕادەمێنن، کەسانێکن لەنێو دونیای تێڕامان و هۆشەکیدان، پرسیار دەکەن و بیردەکەنەوە و گومان دەکەن. کەسانێکن دەپرسن و بەدوای وەڵامدا دەگەڕێن، کەسانێکن تامەزرۆی ڕاستی وحەقیقەتن. خۆیان تەرکیز دەکەن و دەکۆڵنەوە. لە شەرامەر ئەم جۆرە بیرکردنەوەیەدا جۆرێکی دیکەی بیرکەرەوەمان هەیە کە زۆرینە پێکدێنێت، ئەم جۆرەیان زیاتر بیرکەرەوەی زارەکین و بیرکەرەوەیەکی ناڕەسەن و مردوون، ناتوانین هیچ بەرهەمێکی لێ وەدەست بخەین. ئەم جۆرەیان زۆرترین قسەو کەمترین بەرهەمیان هەیە، زیاتر نمایش دەکەن لەبری داهێنان، ڕۆچوون بەنێو دونیای دووفاقیدا.

پشتگوێخستنی ڕۆڵی فەرهەنگ و کتێب، یەکێکی تر لەو دیاردەترسناکانەیە کە تاکی کوردی لە تێفکرین و بیرکردنەوە دوورخستووەتەوە و تەکنۆلۆژیاو ئامێرەکانی هاوشێوە جێگەی گرتوونەتەوە، گەشتووەتە ئاستێک لەناو کورددا ڕۆڵی کتێب و خوێندنەوە بەگرنگ نەزانرێت، ئەگەر لەپێشوودا کەمینەیەک سەرقاڵی خوێندنەوەو پەرتووک بووبن، لەئێستادا لەوڕێژەیە زۆر کەمترە، چونکە ئێستا گۆڕینێک لەناو جڤاکدا ڕوویداوە، لەبری کتێبخانە تەلەفزێون و تەکنۆلۆژیا بووەتە میراتگری کتێب. هۆکارەکەشی وێڕای ئەوەی ڕەخنەیەکە ئاڕاستەی تاکەکان دەکرێت، هاوکات دەسەڵاتی سیاسیش ڕێگەخۆشکەرە بۆ بێ نرخکردنی بەهای کتێب، لەبری ئەوە ئامێری تەکنۆلۆژیان لەسەریەک ڕەوانەی ماڵەکان کردووە، ئێستا شاشەو تیڤی تەنها لەسەردیوارەکان هەڵنەواسراوە، بەڵکو لەگیرفانمان و لە کاتی پیاسە،لە کاتی سەردان، لە ناو پاس، لە کاتی پشوو، لە ناو تەوالێت، لە ناو تەکسی، لە سەر شەقامەکان، هەموو قوژبنێکی داگیرکردووە. وادەزانین کاتێک بە پەنجەگەورە کلیک لەسەر پارچەڤیدێویەک دەکەین ئەوا ئیتر ئێمە کارێکی زۆر گرنگ و گەورەمان کردووە، یان جیهانمان گرتووەتە دەست. کۆمەڵناسان ئەم دیاردەیە بە”پەنجەی گەمژەیی” ناوزەد دەکەن، ئالوودە بوون بەئەنتەرنێت و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان زۆرینەی ڕەهای کۆمەڵی کوردی گرتۆتەوە. تاک بەتەواوەتی لەخوێندنەوەو کتێب دوورکەوتووەتەوە، چونکە لەناو جڤاکدا وەک مەترسی و کارەساتبارو لەنێوبردنی زەین وێنا کراوە، بۆئەمەش هەم دیسان دەسەڵاتی سیاسی تۆمەتباری سەرەکییە، بۆیە ئێستا لەبەردەم بیرۆکەیەکی سیاسیانەداین. بۆئەوەی شارستانیەتیەک بسڕینەوە پێویست ناکات کتێبەکان بسوتێنیت تەنها ئەوە بەسە کە نەهێڵیت بخوێننەوە، ئێستا لەناو جڤاکی کوردیدا ئەم جۆرە ستایلە پەیڕەوی لێ دەکرێت، میدیا لەسەر میدیا درووست دەکرێت، بۆ شۆردنەوە و ئەنفالکردنی مێشکمان بە سەدان میدیای بێ مفاو سەدان بەرنامەو پڕۆگرامی بێ ئەتەکییەت لەناو ماڵەکان ئامادەگیان هەیە، ئامانجیش لەم کارە پاشکشەو کوشتنی توانایی مرۆی تاک و مژول کردنێتی بەشتگەلێکی بێ بەها. بەم کارەش تاک تووشی بێ توانایی و بێ ئیرادەیی دەبێت و دەبێتە تاکێکی هۆشبەرو تێکشکاو.

هۆکاری ئابوری:

گرفتی دارایی کاریگەری نێگەتیفی کردووەتە سەرتاکی کوردی، وای لە تاک کردووە نەتوانێت بخوێنێتەوەو بیربکاتەوە، چونکی سیستەمی سەرمایەداری بۆخۆی هۆکارە بۆ بەنجکردنی تاک، وادەکات کەتاک جگە لەبژێوی و پارویەک بۆ منداڵەکانی، نەیپرژێتە سەر هۆیەکانی تری خۆشگوزەرانی، داهاتی تاکی کوردی باشور ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕووەو ئیفلاسی دەچێت، قوت و بژێوی لای تاکی کوردی بووەتە پێشینەو ئەفزەلیەت، ژیان بەجۆرێک دژوارو قورس بووە، هەموو خۆزگەیەک ئەوەیە چۆن بتوانێت داهاتی زیاد بکات و ئایندەی منداڵەکانی فەراهەم بکات، تاڕادەیەک بتوانێت سەربەخۆی ئابوری بەدەست بهێنێت، بۆیە ئەگەر تاک هەموو غەمی ببێتە پەیداکردنی نان ئەو کات تاک توانایی بیرکردنەوە و خوێندنەوەوەی نامێنێت، بۆیە لەناو تاکی کوردیدا نان بەشێوەیەک لەپێشە تەنانەت پێش هەموو کایەکانی تری ژیان کەوتووە.

ئەگەر بڕیاربێت کومەڵگای کوردی بشوبهێنین بەدوو نهۆم، ئەوا بەتەنها نهۆمی یەکەم لایەنە ئابوریەکە داگیردەکات، هەرچی نهۆمی دووەمیشە، جڤاک و مۆڕاڵ و ئاین و سیاسەت و مەعریفەو ڕۆشنبیری و کایەکانی تری ژیانە، ئەگەر لەم نێوەندەدا وا مەزندەبکەین کەنهۆمی یەکەم دادەڕووخێت، ئەوا گومانی تێدا نییە، بەڕووخانی نهۆمی یەکەم، ئەوا نهۆمی دووەم خۆی هاڕەدەکات و دادەتەپێت و دەڕوخێت. ئەگەر ئەم بەراوردکارییە بۆ کۆمەڵگاو تاکی وڵاتێکی تر بەڕاست نەگەڕێت ئەوا بەپێچەوانەوە بۆ میلەتێکی وەکو کورد تەواو درووستە. ئەگەر تاکێک هەموو کاتەکانی خۆی بە کارو پەیداکردنی بژێویەوە تەرخان کردبێت، لایەنی دارایی فشارێکی زۆری بۆ هێنابێت ئیتر بۆ تاکی کوردی خوێندنەوەو بیرکردنەوە دەبێتە خەون و مەحاڵ، کارێکی تاڕادەیە قورس و تاقەت پڕوکێن.

هۆکاری خێڵەکی و ئەفسانەیی:

ئەمەش هۆکارێکی ترە بۆ وەستاندنی فکرو بیرکردنەوە، چونکی خێڵ کاری ئەوەیە بە کۆمەڵ خەڵک بکاتە مێگەل و دایبڕێنێت لەکایە مەعریفی و هۆشەکیەکان، هەرکەسێکی بیرکەرەوەو هۆشیار و تەیار بەمەعریفە ناتوانێت لەناو خێڵ کەلتورو داب ونەرێتدا هەڵبکات، چونکی ئەوانەی دوای خێڵ و دەربەگ و ئاغاکانیان دەکەون تەنها دەبێت گوێڕایەڵ و ملکەچ بن خواستەکانی گەورەکەیان جێبەجێ بکەن. ناتوانن لەدەرەوەی ئامۆژگاری و واعیزو فەرمانەکانی ئاغاکانیان مامەڵەو جمجۆڵ بکەن، کەسانێکی ملکەچن نەک سەربەخۆ، خەڵکی ناو ئەم خێڵە دوای داب ونەریت و ڕێوڕەسمە کۆمەڵایەتیەکان کەوتوون. نابێت هیچ کاتێک یاخی ببن، دەبێت بەردەوام بڵێن بەڵێ، هەموو کات ئامادەو تەیارن لەبەرانبەر هەر نەیارو دوژمنێک ئەگەرچی هەمیشە دوژمنەکان خێڵ و ئاغا و پیاوانی ئاینی و حیزب خۆیان بۆخۆیانی درووست دەکەن. لەسەر بنەمای دەمارگیری و خۆپاڵەوانکردن لەپێش چاوی ڕەعیەتەکەی، بەناوی عەشیرەت و داکۆکی لەخێڵەوە، تاکەکان ئیفلیج و بەنج دەکەن. ئامانجەکەش پێچەوانەی ئاخاوتنەکانی ئاغاکانە بەڵکو ئامانج و ستراتیژ مانەوەو دەستبەسەراگرتنی زەوی و زار و سامانی ڕەعیەتەکەیە و مانەوەی ئاغاکان خۆیانە لەسەرعەرشی کوێخایەتی، نەک دڵسۆز بۆ ڕەعیەت و خێڵ. بەجۆرێک نەوەکانیان ئامادەو تەیار دەکەن و دەیانکەن بە قۆچی قوربانی بەبیانووی شەرەف و تۆڵەو خیرەت و عەشیرەت و دەمارگیریەوە بەهەزاران قوربانی لێ کەوتووەتەوە، تەنانەت لەنێوان خودی عەشیرەتەکان بەسەدان کارەسات دروست بووە، بۆیە لەناو ئەم جۆرە ژیانەدا بەدڵنیاییەوە فکرو بیرکردنەوە ناتوانێت ئامادەی هەبێت، فکر بە کۆیلەکردن ڕەت دەکاتەوە فکر دەیەوێت تاک ببێتەوە بەخۆی، خۆی بڕیار لەسەرژیانی خۆی بدات، خۆی بۆ خۆی بیربکاتەوە نەک ئاغاو عەشیرەت، نەک کوێخا لەپێناو بەرژەوەندیەکەسیەکانی خۆیان بەناوی عەشیرەتەوە پاراستن لەعەرشەکەی خۆیان بکەن و دڵی دەسەڵاتی سیاسی خۆش بکەن، یان پیاوانی ئاینی و حیزب لە بری ئەوان بیربکەنەوە و بڕیار بدەن.

هەڵبەت ڕۆڵی ئەفسانەو خورافات و فاڵگرتنەوە هیچی کەمتر نیە لەفاکتەرەکانی تر، چونکە لەنێو ئەم جۆرە ژیانەدا تاک شوناسی لێ دەسەنرێتەوە، تاکێکە ئازادی و سەربەخۆیی لەدەست دەدات، بەناوی پیرۆزی و بەرەکەت و شفاوە شکۆ لە تاک دەسەنرێتەوە، ئەوکات تاک ون دەبێت، بوونی خۆی لەدەست دەدات، چونکی مرۆڤی بیرکەرەوە ئەو جۆرە تێڕوانینە ڕەت دەکاتەوە و هیچ شتێک بە پیرۆزو موقەدەس نازانێت، بەڵکو هەموو شتێک دەکەوێتە بەر تانەو ڕەخنەوە، ئەوانەی بڕوایان بە پیاو چاک و کەسانی پیرۆز هەیە خەڵکانێکن هەموو توانا فکریەکانیان لەدەست داوە، ئەمە بازرگانی کردن و دۆشینی تاکە بەناوی چاکە و پیاوی چاکەوە، ئەم کارەبۆ پڕکردنی گیرفان و کەڵەکە کردنی سەرمایەیەکی زیاترە، ئەم جۆرە مامەڵەیە دژبەرە لەگەڵ بیرکردنەوەدا چونکە ئیشی فکر دەربازبوونی تاکە لەدەست ئەو جۆرە بیرکردنەوە ناواقیعی و خورافاتە. بەشێوەیەکی گشتی بیرکردنەوە دەتوانێت لە ژینگەیەکدا جێگەی خۆی بکاتەوە کە ئەو ژینگەیە ئازادی و سەربەستی تێدا بەرقەرار بێت و ڕێگا بە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و ئازادانە بدات.

چارەسەرکردن:

دوو ڕێگە چارە لە بەردەمی تاکی کوردیدا هەیە کە فکرو بیرکردنەوە بکاتە مەنهەج، بە مەستی دەرچوون لە نێو ئەم دونیا جەنجاڵیەی تاک تێیدا کۆت و بەند کراوەو زنجیر لەگەردنی کراوە تێکشکێنراو و بێهۆشکراوە، ئەوانیش:

ڕێگای یەکەم: ئازادی

مەسەلەی ئازادی مەسەلەیەکە هیچ جێگەی سازشکردن و دەستبەرداری نیە، چونکە ئازادی واتا بوون، واتا بەهاو شکۆ و شوناسی تاک، سەرباری ئەو هەموو فشارو بارەقورسەی لە سەر شانی تاک وەستاوە، تاک پێویستی بەهێرشی پێچەوانە هەیە بۆ ئەمەش تەنها ئیرادەو بوێری پێویستە، دەبێت بەگژ واقیعی باودا بچێتەوەو خۆی خوڵقێنەری ڕووداوبێت ئەمەش بە ئیرادەو هێزێکی تۆکمەی وەک بڕوابەخۆبوون ئەنجام دەدرێت. نابێت تاک دابنیشێت و چاوەڕێی ڕەحم و کەرەمی ئەو لایەنانە بێت کە خۆیان هۆکارو فاکتەرن بۆ خوڵقاندنی ئەو دۆخە. هەڵبەت ئازادی بەو مانایەی کە دەبێت تاک یەکەمجار خۆی ئازاد بکات و لە خڵتەو خاشاکی نۆرمە ئاینی و سیاسی و ڕەهەندە کۆمەڵایەتی و ژینگە دەروونیەکان هاتبێتە دەرەوە، ئەوجا دەتوانێت داوای دەستەبەرکردنی ماف و ئازادیەکانی خەڵکانی تر بکات، تاک هەرتەنها بەرپرس نیە لەمافی خۆی بەڵکو لەسەریەتی ماف و داوای کەسانی تریش لەئەستۆ بگرێت، کەوابوو ئازادی تاک پەیوەستە بەسەربەخۆی تاکەوە، سەربەخۆیش واتا چۆن دەتەوێت ئاوا بژی، چۆن پێتخۆشە وەها بیربکەوە، چۆنت پێباشە وەها چێژوەربگرە، حەزت بۆکوێ بوو بۆ ئەوێ بچۆ. دەتوانین ئەم جۆرەیان بەوە کورت بکەینەوەو بڵێین: مەحاڵە تاک بەبێ ئازادی بتوانێت ببێت بەوەی کە پێویستە ببێت.

ڕێگای دووەم: بەکەلتورکردنی خوێندنەوە

خوێندنەوە دەرگای ڕزگاربوون و گەیشتنە بەئامانج، تێگەشتن و هۆشیاریە، هەمووچالاکیەکی ڕۆشنبیری یان جڤاکی بەبێ خوێندنەوە ناتەواوە، خوێندنەوە پرۆسەیەکی وراسی نییە، بەڵکو تاک دەبێت لەخۆیدا درووستی بکات، خوێندنەوە گرنگتر دەبێت ئەگەر کرا بە چێژ، کتێب پێویستە وەک شمەکێک لەشمەکەکان مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و لەشەقام و گەڕەکەکان بانگەوازی بۆ بکرێت، ئەگەر هات و کتێب بوو بە کەلتوور ئەوکات تاک لەخوێندنەوەی نەرێنی دوور دەکەوێتەوە. کتێب دەرگایە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی مەعریفی و هۆشیاریمان، ئەم بەرزی هۆشیاریەش وادەکات یاخی ببین، یاخیگەریەک ڕووبەڕووی واقعی باو ببێتەوە، یاخیگەریەکی ئیرادیانە نەک تەسلیم بوون. واتا هەمیشە بەکەم ڕازی نەبین، لەکات و ساتی خۆیدا ڕەنگەکان بناسینەوە، وەکو کوێر دەست نەکوتین، ئەم هۆشیاریەش ئازادیمان بۆفەراهەم دەکات و ڕووبەڕووی مەحاڵ و تەحەدیەکان دەبینەوە. هەرچەند ئەم بێبەهاکردنی کتێبە ڕەگێکی لەپێشینە و دوورودرێژی هەیە هەر لە باخچەی ساوایانەوە دەست پێدەکات تاوەکو قۆناغی زانکۆ، بەڵام ئەمە نابێتە بەربەست لەبەردەم تاک، چونکی تاک خاوەنی هۆشیاری و ئاگاییە، هیچ شتێک لەپێشیدا مەحاڵ و نەکردە نییە، بە مەرجێک ئەگەر ئیرادەو بڕوای بەخۆبوونی لەگەڵدا هەبێت.

خوێندنەوە هەمان واتای ئازادی هەیە، تەنها ئەوانە ئازادن کەدەخوێننەوە، چونکی ئازادی ترس و خورافات قاودەدات، کە هەردووکیان گەورەترین دوژمنی مرۆڤن. بۆیە بەبەردەوامی دەسەڵاتە شمولی و ستەمکارەکان ترسیان لەکتێب و نوسین هەبووە، هەمان حسابی ئاگرو بارووتیان بۆ کردووە، “مارکس و ئەنگڵس” دوو لەو بیرمەندە ئەڵمانیانە بوون کە نەیانتوانیوە لە وڵاتەکەی خۆیان تێزو تیۆریاو بۆچوونەکانیان بەیان بکەن، چونکە دژبەرییان لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی وڵاتەکەی خۆیاندا هەبوو، ئەمەش دەمانگەیەنێت بەو ڕاستییەی کە بڵێین: لەهەر شوێنێک ئازادی هەبوو ئەوا فکریش گەشە دەکات، پێچەوانەکەشی دروستە.
بەگشتی “وشە” خاوەنی وزەیەکە ستەمکار سڵی لێدەکاتەوە، هەروەکو چۆن ئاغاو دەرەبەگ دژی ئەوەبوون لەگوندەکان قوتابخانەو فێرگە بکرێتەوە، چونکە ترسیان هەبوو نەبادا لەنێو خێڵەکان نەوەیەکی هۆشیار درووست بێت، ئەوکات عەرشیان دەکەوێتە لەرزە، بەهەمان شێوەش لەنێو شارەکانیش ئەگەر نەتوانن ڕاستەخۆ دەرگای زانکۆ و قوتابخانەکان دابخەن ئەوا بەچەندین ڕێگەی تر چ بەپارە یان بەفشار ڕۆڵی مەعریفە بێ بەهاو بێ شکۆ دەکەن. دەربازبوونمان لەم تەنگەبەری تاریک ونوتکیە بەو ڕێگایە دەبێت کە تەنها کتێب بە دۆستی ڕەسەن و ڕاستەقینەی تاک بزانین، ئەوجا دەتوانین ئازادیەکەشمان بدۆزینەوەو، لەوقەیرانە سیاسی و ئاینی و جڤاکیە بە زۆر سەپێنراوانە ئازاد ببین. بە خوێندنەوە ئازاد دەبین، چونکە بیر دەکەینەوە، کە بیرمان کردەوە گومان دەکەین، گەر گومانیشمان کرد دەگەین بە حەقیقەت، حەقیقەت واتا ئەوشتەی کە خۆمان دەمانەوێت. لە ڕێی خوێندنەوەوە دەگەین بە بیرکردنەوە و دان بە شکۆی بیرکردنەوەدا دەنێین، کە دانمان بەوەشدا نا بوونی خۆمان شکۆدار دەکەین، هەروەک لە کۆجیتۆی دیکارت دا هاتووە “من بیردەکەمەوە کەواتە:من هەم”. ئێمە لە ڕێی بیرکردنەوەوە ئاشنا دەبین بە بەشێکی گرنگ لە بوون و شکۆدارییەکەی.

ئازاد شکور

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish