نزار قه‌بانی له نێوان شیعری رۆمانسی و رامیاریدا
لێکۆڵینەوە:
سۆران محه‌مه‌د
———————————————————
وابزانم ساڵی 1996 بوو نووسینێکی به‌راوردکاری نێوان شاعیری به‌ناوبانگی عه‌ره‌ب (نزار قه‌بانی) و شاعیری ناوداری کورد (له‌تیف هه‌ڵمه‌ت)م بڵاوکرده‌وه، ئیدی له‌و کاته‌وه وه‌ك له‌سه‌ر نووسین یان وه‌رگێڕان له‌باره‌ی نزار قه‌بانییه‌وه هیچ کارێکی ترم نه‌کرد، به‌ڵام هه‌ر چۆنێك و که‌ی بۆم بلوایه هه‌ر نزارم ده‌خوێنده‌وه، به‌تایبه‌تی وه‌ك شاعیرێکی ناودار و شیعره‌کانی له لایه‌ن زۆر گورانیبێژهوه کراون به‌گۆرانی، وه‌ك کازم ساهیرو ئوم که‌لسوم و چه‌ندانی تر… ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له لێکۆڵه‌ره‌وانی وێژه‌یی عه‌ره‌ب نزار وه‌ك درێژکراوه‌ی (نازك مه‌لائیکه) و (بهدرشاکر سه‌یاب) داده‌نێن به‌وه‌ی په‌ره‌ی به شێوازه‌که‌یان داوه‌و شتێکی تری لێ دروست کردوون، زمانێکی بێ گرێ و گۆڵ و ناسك و جارانێك رۆژانه‌شی به‌کارهێناوه‌و بابه‌تی تازه‌و هەنوکەیی خستووه‌ته ناو شیعره‌کانیه‌وه.
ئه‌وه‌ی زیاتر هانیدام ئه‌م نووسینه بنووسم، ئه‌و چه‌ند ده‌قه وه‌رگێراوه‌ی ئەم دواییەی نزار قەبانی بوون که له بڵاوکراوە ئهدهبییەکاندا وه‌رگێڕدرابوون و به‌کوردی کرابوون، نه‌ك هه‌ر ئه‌مانه به‌ڵکو زۆربه‌ی ئه‌و شیعرانه‌ی نزار قه‌بانی کراون به کوردی هه‌ر شیعره دڵداریه‌کانی شاعیرن و ئه‌مه‌ش وای له زۆربه‌ی خوێنه‌رانی کورد کردووه دیوه‌که‌ی تری شیعره‌کانی ئه‌م شاعیره نه‌ناسن، که هۆنراوه رامیاریهکانن و ئه‌وانیش نه‌ك یه‌ك و دووانن به‌ڵکو به تایبه‌ت له دووتوێی دیوانه شیعریدا کۆکراونه‌ته‌وه‌و هه‌مووشیان هۆنراوه‌ی رامیارین، به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی بێینه سه‌ر ئه‌م باسه‌و چه‌ند نموونه‌یه‌ك له‌م شیعرانه‌ی بهێنینه‌وه پێم باشه سه‌ره‌تا به کورته‌یه‌ك له ژیانی ئه‌م شاعیره ئاشنا بین:
نزار تۆفیق قه‌بانی له 21/3/1923 له خێزانێکی دیمه‌شقی له دایك بووه، باپیری (ئه‌بو خه‌لیل قه‌بانی) داده‌نرێت به یه‌کێک له پێشه‌نگانی شانۆکاری عه‌ره‌بی، نزار پاش ته‌واوکردنی به‌شی یاسا له زانکۆی سوریا ساڵی 1945 له بواری دبلۆماسیدا ده‌ست به‌کاربوو، له چه‌ند وڵاتێك ئه‌م ئه‌رکه‌ی وه‌ك دبلۆماتکارێك راپه‌ڕاند، هه‌تا له ساڵی 1966 دا ده‌ست له‌کارکشانه‌وه‌ی خۆی راگه‌یاند. یه‌که‌م دیوانه شیعری له ساڵی 1944دا بڵاوکرده‌وه به ناوی ( ئه‌سمه‌ره‌که پێی گوتم)، له ماوه‌ی نیو سه‌ده‌دا دیوانه شیعریه چاپکراوه‌کانی گه‌یشتنه 35 په‌ڕتوك.. شکستی جه‌نگی ساڵی 1967ی عه‌ره‌ب وه‌رچه‌رخانێکی کاریگه‌ری له ئه‌زموونی شیعری نزاردا به‌رپاکرد، که له به‌رگی شاعیری عه‌شق و دڵداریه‌وه ده‌ریکرد بۆ مه‌یدانی شیعری سیاسی، ته‌نانه‌ت قه‌سیده‌که‌ی به ناوی ( په‌راوێز له په‌ڕاوی شکست) لە کاتی خۆیدا گێژه‌ڵوکه‌یه‌کی به‌هێزی له جیهانی عه‌ره‌بیدا هێنایه‌گۆڕێ و تا کار گه‌یشته حاڵه‌تی قه‌ده‌غه‌کردنی هۆنراوه‌کانی له ده‌زگاکانی راگه‌یاندندا.
نزار له ژیانی تایبه‌تی خۆیدا زۆر نه‌هامه‌تی بینیوه، له‌وانه کوشتنی خێزانه‌که‌ی که ناوی (به‌ڵقیس) بوو له ته‌قینه‌وه‌ی سه‌فاره‌تی عێراقی له به‌یروت، که تێیدا کاری ده‌کرد، پاشتریش کوڕه خۆشه‌ویسته‌که‌ی خۆی ( تۆفیق قه‌بانی) له‌ده‌ستداو له هۆنراوه‌یه‌کدا ده‌یلاوێنێته‌وه به ناوی ( ئه‌میری ئه‌فسانه‌یی تۆفیق قه‌بانی).
شاعیر کۆتا قۆناغه‌کانی ژیانی له له‌نده‌نی پایته‌ختی به‌ریتانیا به‌سه‌ربردو زیاتر ڕووی کرده هۆنینه‌وه‌ی قه‌سیده‌ی رامیاری، له به‌ناوبانگترین هۆنراوه سیاسیه‌کانی (که‌ی بانگه‌وازی مردنی عه‌ره‌ب راده‌گه‌یه‌نن) و ( ئه‌ی خه‌ڵکینه، بوومه فه‌رمانڕه‌وا به‌سه‌رتانه‌وه)..
بەم جۆرە ئه‌و له له‌نده‌ن ژیا تا لە بەرواری 10/4/1998 کۆچی دوایی کرد‌و لاشه‌که‌ی ره‌وانه‌ی دیمه‌شق کرایه‌وه بۆ به خاك سپاردنی.(1)
هه‌ر له سه‌ره‌تای نووسینی شیعره‌وه بابه‌تی رامیاری به‌شێك له شیعره‌کانی نزار قه‌بانی ته‌نی بوون و داگیرکردبوون، هه‌ر ئه‌و شیعرانه‌ش بوون مشتومڕێكی زۆریان به‌دوای خۆیاندا هێنا له ناوه‌ندی رامیاریدا، زۆرێک له لێکۆڵه‌ره‌وان هۆکاری ده‌ست له کارکێشانهوهشی له کاری دبلۆماسی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سوریاش بۆ ئه‌و هۆنراوه‌یه‌ی ده‌گێڕنه‌وه به ناوی (نان و حه‌شیش و مانگ) نووسیبووی، که ئه‌و کات ئه‌م هۆنراوه‌یه‌ی له په‌رله‌مانی سوریادا خوێندرایه‌وه‌و وتوێژو مشتومڕی گه‌رمی ده‌رباره کرا.
نزار قه‌بانی داده‌نرێت به یه‌که‌م شاعیری عه‌ره‌ب هۆنراوه‌ی گله‌یی بۆ (جه‌مال عه‌بدولناسڕ) نووسی سه‌باره‌ت شکستی ساڵی 1967، ناونیشانی ئه‌و هۆنراوه‌یه‌ش (په‌راوێز له په‌ڕاوی شکستدا) یـه که تیایدا ده‌ڵێت:
ئه‌ی گه‌وره‌م سوڵتان
دووجار جه‌نگت دۆڕاند
چونکه نیوه‌ی گه‌لمان زمانی نییه
به‌های گه‌ل چییه بێ زمان؟
چونکه نیوه‌ی گه‌لمان گه‌مارۆدراوه وه‌ك مێرووله‌و جرج
له نێوان چوار دیوار(2)
ره‌نگه هۆی لاوازیی بواری ئازادی رادهڕبڕن له وڵاته‌کانی ئه‌و زه‌مانی شاعیردا، هۆکارێك بوو بێت بۆ بره‌و نه‌دان و گفتوگۆنه‌کردن له‌سه‌ر قه‌سیده سیاسیه‌کانی نزار قه‌بانی، به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه دوای مردنی شاعیر ئه‌م مه‌له‌فه هه‌ڵدرایه‌وه‌و تیشکێکی باشی خرایه سه‌رو ته‌نانه‌ت هه‌نێك له لێکۆڵه‌ره‌وان تواناکانی نزار قه‌بانی له شیعری رامیاریدا ده‌خه‌نه ریزی شاعیرانی تری ناوداری سیاسی عه‌ره‌بی وه‌ك (مظفر النواب) و ( ئه‌حمه‌د مه‌ته‌ر)ه‌وه.
رۆژنامه‌ی (ریاز) رایه‌کی پێچه‌وانه‌ی هه‌یه‌و له‌مباره‌وه نووسیویه‌تی: شاعیر نزار قه‌بانی له‌ساڵه‌کانی دواییدا په‌شیمان بووه‌وه له شیعره سیاسیه‌کانی و ئه‌مه‌ش هۆکاری سه‌یری خۆی هه‌یه، به پێی ئه‌و وتوێژه‌ی له‌گه‌ڵ گۆڤاری (هلال) ی میسری مانگی 6/1994دا ئه‌نجامیداوه، شاعیر تیایدا ده‌ڵێت:
” زیاتر له ساڵێکه شیعری سیاسیم ته‌ڵاق داوه، دوای ئه‌وه‌ی له هه‌وڵێکی بوێرانه‌دا ده‌مویست ره‌خنه‌ی خود ده‌ربڕم، هه‌موو ئه‌و شیعره سیاسیانه‌ی نووسیمن به بادا چوون، شیعری سیاسی عه‌ره‌بی به‌رده‌وامی و چه‌سپاوی بۆ نییه، چونکه له‌سه‌ر شانۆی عه‌ره‌بی گۆرانی ده‌ڵێت ئەم شانۆیەش زۆر بزۆزو پڕ گۆڕانه، شانۆیه‌که له یه‌ك چرکه‌دا بۆی هه‌یه کۆمیدیا تیایدا ببێته تراژیدیا، خۆشییه‌کان ببنه که‌لاك له چه‌ند خوله‌کێکدا، یه‌کینه فیدرالی و کۆنفیدرالیهکانیش هه‌ر له ره‌حمی دایکدا ده‌مرن پێش له‌دایكبوونیان، ئابه‌م جۆره هه‌موو ئه‌و قه‌سیده خۆڕاگرانه‌ی شه‌وانی هه‌ینی ده‌منووسین بۆ به‌یانی رۆژی شه‌ممه ده‌گه‌ڕانه‌وه بۆ لای خودای دلۆڤان، به‌هه‌موو راشکاویهکیشهوه ده‌ڵێم: هه‌موو ئه‌و داستانانه‌ی دنیامان پێ پڕکردن به هاتوهاوار، هیچ نه‌بوون جگه له رێپۆرتاژێکی رۆژنامه‌وانی، که مێژوو خستنیه زبڵدانی خاشاکهکانیهوه”.(3)
شایانی گوتنه وێڕای ئه‌م گوته‌یه‌ی رۆژنامه‌ی (ریاز) ئاماژه‌ی پێداوه، که تا چه‌ند به‌رده‌وامی بووه‌و و دروست بووه، پێویسته ئه‌و راستیه‌ش بڵێین که دوای ساڵی 1994یش شاعیر هۆنراوه‌ی رامیاری هه‌ر نووسیون، بۆ وێنه قه‌سیده‌ی سیاسی به‌ناوبانگی شاعیر ( که‌ی بانگه‌وازی مردنی عه‌ره‌ب راده‌گه‌یه‌نن) له دوا ساڵی ته‌مه‌نیدا واته له 1998 نووسیویه‌تی.
جگه له‌مه‌ش شاعیر هه‌وڵی جۆراوجۆری بووه له ساڵه‌کانی پێشووتری ته‌مه‌نیشیدا، وه‌ك کۆمه‌ڵه قه‌سیده‌ی ( قه‌سیده لێتووڕهبووهکان) که له‌سه‌ره‌تای هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی رابردوودا بڵاویکردنه‌وه، تێیاندا شاعیر هێرشێکی بێ پسانه‌وه ده‌کاته سه‌ر عه‌ره‌ب، چ له بواری مێژوو یان که‌له‌پوور، هەروەها به‌رگرییه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان، رۆشنبیریی و شارستانیش..
له‌م ده‌رفه‌ته‌دا چه‌ند کۆپله‌یه‌ك له‌دوو قه‌سیده‌ی رامیاریی به‌ناوبانگی شاعیر وه‌ك نموونه ده‌هێنینه‌وه که ئه‌وانیشمان له به‌ناوبانگترین هۆنراوه سیاسیه‌کانی شاعیر وه‌رگرتووه ( 1- که‌ی بانگه‌وازی مردنی عه‌ره‌ب راده‌گه‌یه‌نن)(4) و (2- ئه‌ی خه‌ڵکینه، من بوومه فه‌رمانڕه‌وا به‌سه‌رتانه‌وه).(5)
-1-
(که‌ی بانگه‌وازی مردنی عه‌ره‌ب راده‌گه‌یه‌نن)
هه‌وڵه‌ده‌م وێنه‌ی وڵاتێ بکێشم
له مه‌جازدا پێی ده‌گوترێ وڵاتی عه‌ره‌ب
پێخه‌فم پێوه‌ی چه‌سپاوه‌و
سه‌ریشم پێوه‌ی لکاو
تا بزانم جیاوازی چییه له نێو وڵات و که‌شتی…
به‌ڵام قوتوی نیگارکێشانیان لێ سه‌ندم.
نه‌یانهێشت وێنه‌ی وڵاتیش بکێشم…
*
هه‌وڵه‌ده‌م شێوه‌ی نیشتمان وێنابکه‌م؟
هه‌وڵه‌ده‌م شوێنی خۆم له سکی دایکم دهسخهمهوه
و دژی ته‌وژمی زه‌مه‌ن مه‌له بکه‌م…
و هه‌نجیرو باده‌م و قۆخێ بدزم،
وه‌کو باڵنده به دوای که‌شتیه‌کاندا راکه‌م.
هه‌وڵه‌ده‌م به‌هه‌شتی عه‌دن بهێنمه یاد
چۆن ئیجازه‌که‌م له نێوان رووباری عه‌قیق به‌سه‌رده‌به‌م…
و له سه‌ر رووباری شیر…
لێ کاتێ به هۆش دێمه‌وه… خه‌ونه‌که‌م هه‌ر زوو ره‌ویه‌وه
هیچ مانگێك نییه له ئاسمانی ئه‌ریحا…
ماسیش له ئاوی فورات…
و قاوه‌ش له وڵاتی عه‌ده‌ن…
*
من وا په‌نجا ساڵه،
چاودێری حاڵی عه‌ره‌ب ده‌که‌م.
ئه‌وان هه‌ر ده‌گرمێنن و نابارێن…
ده‌چنه ناو جه‌نگ و لێی ده‌رنایه‌ن…
ئه‌وان پێستی ره‌وانبێژی ده‌جوون
و هه‌رسی ناکه‌ن…
*
من وا په‌نجا ساڵه
هه‌وڵه‌ده‌م وێنه‌ی وڵاتێ بکێشم
له مه‌جازدا پێی ده‌گوترێت وڵاتی عه‌ره‌ب
جارێك به ره‌نگی شاخوێنبه‌ر کێشام
وجارێکیش به ره‌نگی توڕه‌یی.
کاتێکیش نیگار ته‌واو بوو، له‌خۆم پرسی:
گه‌ر رۆژێ هه‌واڵی وه‌فاتی عه‌ره‌ب بدرێ…
له چ گۆرستانێ ده‌نێژرێ؟
وکێ له‌سه‌ریان ده‌گری؟
له کاتێکدا ئه‌وان نه کچیان هه‌یه…
نه کوڕ…
و هیچ خه‌میش له گۆڕێ نیه،
که‌سیش خه‌مبار نابێ!!
*
ئه‌ی نیشتیمان: کردوویانی به زنجیره‌ی ترس
ئێواران به دوای رووداوه‌کانیدا ده‌چین.
ئه‌ی چۆن بتبینین گه‌ر کاره‌با بڕا؟؟
*
من… دوای په‌نجا ساڵ
هه‌وڵه‌ده‌م تۆماریکهم ئه‌وه‌ی دیتم…
گهلانێکم دی وایان گومانبرد پیاوانی لێپێچینه‌وه(6)
فه‌رمانی خودان.. وه‌ك سه‌ریه‌شه… وه‌کو هه‌ڵامه‌ت…
هه‌ر وه‌ك گه‌ڕیی…وه‌کو جهرهب…
عروبه‌م بینی له مه‌زادی شمه‌که کۆنه‌کان
به‌ڵام عه‌ره‌بم نه‌بینیه‌وه…!!
-2-
(ئه‌ی خه‌ڵکینه، من بوومه فه‌رمانڕه‌وا به‌سه‌رتانه‌وه)
ئه‌ی خه‌ڵکینه:
من به‌رپرسم له خه‌ونه‌کانتان که ده‌یبینن..
و له هه‌موو نانێك که ده‌یخۆن
و له‌و ده‌یه‌ی(7) – به‌دزی منه‌وه- ده‌یخوێننه‌وه
ده‌زگای ئه‌منی کۆشکم هه‌واڵم ده‌ده‌نێ
هه‌واڵی چۆله‌که‌کان.. و هه‌واڵی گوڵه‌گه‌نمه‌کان
و هه‌واڵی ناو زگی دووگیانیشم پێده‌ده‌ن
ئه‌ی خه‌ڵکینه: من زیندانهوانتانم
و من زیندانکراوتانم.. بشمبورن
من مه‌نفام له کۆشکه‌که‌مدا
خۆر نابینم، ئه‌ستێره‌ش، و گوڵی ژاڵه نابینم
له‌و کاته‌وه‌ی هاتمه سه‌ر ده‌سه‌ڵات به منداڵی
هه‌موو پیاوانی سێرك له‌ده‌ورم کۆبوونه‌وه
یه‌ك (نای) لێده‌دا..
یه‌ك ته‌پڵ
یه‌كێ (جوخ) (8) سڕ، یه‌کێ نه‌عل..
له‌و کاته‌وه‌ی وه‌ك منداڵێ هاتمه سه‌ر ده‌سه‌ڵات
جارێك راوێژکارانی کۆشكم نه‌یانگوت (نا)
هه‌رگیز وه‌زیره‌کانم نه‌یانگوت (نا)
چ جار له ڕوومدا، سه‌فیره‌کان نه‌یانگوت (نا)
هیچ له خانمه‌کانم له سه‌ر جێی خۆشه‌ویستی نه‌یانگوت (نا)
وایانفێرکردم سه‌یری خۆم بکه‌م هەرەمەزن
لهبهلهکۆنهکهشمهوه: گه‌ل وه‌كو لم
جا بمبورن گه‌ر ببمه هۆلاکۆیهکی نوێ
له پێناوی کوشتن هیچ رۆژ که‌سێکم نه‌کوشتووه
به‌ڵکو هه‌ر بۆ خۆشی ده‌تانکوژم
——————————–
سه‌رچاوه‌و په‌راوێز:
…………………………
1- :ar.wikipedia.org/wiki/نزار_قباني
2- mawdoo3.com شعر_نزار_قباني_الممنوع
3- جريدة الرياض: alriyadh.com/811488
4- net..shabab -اجمل-قصائد-نزار-قباني-السياسيه
5- القصائد-السياسية alkottob.com/book/585 /
6- پیاوانی لێپێچینه‌وه: رجال المباحث
7- عشر: ده‌یه. مانای خوێندنه‌وه‌ی ده ئایه‌ت.
8- جوخ: جۆرێکه له قوماشی خوری پاڵفته، ئه‌سڵی ئه‌م وشه‌یه تورکیه، جوخ سڕ: به‌و که‌سه ده‌گوترا له‌و سه‌رده‌مه‌دا پێڵاو و پۆشاکی سوڵتانی خاوێن ده‌کرده‌وه.
تێبینی:
ماوه‌یه‌کی باش پێش ئێستا ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌م نووسی، له کاتی خۆیدا ناردم بۆ رۆژنامه‌کانی وه‌کو پاشکۆی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و ره‌خنه‌ی چاودێر‌و ئاژانس..به‌ڵام ئه‌وان بڵاویان نه‌کرده‌وه‌و منیش وازم لێهێنا، ئه‌و کاته ڕێزدار (پشکۆ ناکام) شیعره سیاسییه‌کانی نزار قه‌بانی ته‌رجه‌مه نه‌کردبوون، بۆیه له‌م نووسینه‌دا باس نه‌کراوه‌و مه‌به‌ست ته‌رجه‌مه‌کانی ئه‌و نییه بۆ شیعره سیاسییه‌کانی نزار قه‌بانی، که‌جێی ده‌ستخۆشین.