Skip to Content

سێبەرێکی هەورامانی.. هۆمەر نۆریاوی

سێبەرێکی هەورامانی.. هۆمەر نۆریاوی

Closed
by ئایار 11, 2021 General, Literature


(ئاوڕێک بۆ سەر وێستگەکانی ژیانی وەلی فەتتاحی)

1 – وەلی فەتتاحی،نووسەر و وەرگێڕ،ساڵی 1343ی هەتاوی(1965)لە گوندێکدا لەدایک دەبێت کە هونەر،لەوێندەرێ زایەڵەی بڵند دەبێت. “شۆشمێ”،هەمان زێدەکەی وەلی مامۆستا و وەرزشوانە. سەردەمی زارۆکی لە گوندی “شۆشمێ” وەپشت سەر دەنێت. دواتر ڕوو لە شارۆچکەی “نەوسوو”دەکات کە هەر لە کۆنەوە،ناوەند و مەکۆ بۆ هونەر بە هەر هەموو لق و پۆپەکانیەوە دەبێت و بە دەیان سیمای هونەریی و ڕووناکبیر لەوێوە سەر هەڵدەدەن و پاشانیش لە هەر هەموو کوردستاندا ناویان دەکەوێتە سەر زاران.
2 – دووەم قۆناخ لە ژیانی وەلی فەتتاحی هاوکاتە دەگەڵ دەستپێکی شەڕی ئێران و ئێراق(1988-1980) کە مخابن بەشێکی فرەی هەورامان چۆڵ و جەماوەرەکەی ئاوارە و ڕوو لە شارەکانی دوو ستانی کرماشان و سنە دەکەن. شەڕی ئێران و ئێراق کە دەست پێ دەکات، هەورامان بێناز دەکەوێت و بەشی فرەی گوندەکانی خاپوور و چۆڵ دەکرێن. کێ وەک گەورە هونەرمەندی کورد”ئۆسمان هەورامی”توانیویەتی هاواری دڵەی لە دەست ئەو چۆڵبوونەی دەڤەرە نازەنینەکەی دەرببڕێت کە لە گۆرانییەکی ناخهەژێندا دار و بەردی هەورامان دەلاوێنێتەوە. بە دوای ئەو ڕەوشە ماڵکاولکەرەدا، ماڵباتەکەی “وەلی”ش وەک زۆرینەی خەڵک،ئاوارەیی دەبێتە بەشی. شاری نەوسوو، ساڵی 1359ی هەتاوی(1980)دەکەوێتە دەست سوپای ڕژێمی بەعسی ئێراق و شار بە جارێ چۆڵ دەبێت و ئەوێندەرێ دەبێتە مەکۆی کوند و بۆکوێرەی شوومی زەمەن.
3 – سێیەم وێستگەی ژیانی وەلی فەتتاحی، شاری “پاوە”ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت کە خۆی و بنەماڵەکەی لەوێندەرێ دەگیرسێنەوە.وەلی ،خوێندنی دواناوەندی لە پاوە کۆتایی پێ دێنێت و دواتر بۆ خانەی مامۆستایان دەردەچێت و لە گەورە شاری کرماشان خوێندنەکەی کۆتایی پێ دەهێنێت. پاش تەواوبوونی خوێندنەکەی،دەبێتە مامۆستای خوێندنگە و قوتابخانەکانی دەڤەری هەورامان و 30 ساڵی تەمەنی لە پێناو وانەوتنەوە و فێرکردندا وەپشت سەر دەنێت.
4 – لە چوارەم قۆناخی ژیاندا، وەلی فەتتاحی دەبێتە مامۆستای قوتابخانان و گەلێک ساڵان لە خوێندنگەکانی ناوچەی باوەجانی و ڕوانسەر بە کاری وانەوتنەوەوە خەریک دەبێت و ئەوەی لە هەگبە زانستییەکەیدا دەبێت،دەیگوێزێتەوە بۆ خوێندەواران. ئەوانەی لە نزیکەوە ئاشنای وەلی مامۆستا دەبن،هەمووان باس لە خاکەڕایی ئەم مرۆ ڕۆحسووکە دەکەن کە چلۆن وانەکانی ژیان،فێری قوتابییان دەکات و لەسەر بنەمایەکی مرۆیی،بۆ سبەی باریان دەهێنێت و پەروەردەیان دەکات.
5 – لە دوا قۆناخی ژیاندا ئەم سیما فەرهەنگییە،خۆ لە شاری ڕوانسەردا دەبینێتەوە. شارۆچکەی “ڕوانسەر”ی سەر بە هەورامان،یەک لە وێستگە سەرەکییەکانی ژیانی وەلی مامۆستا دەبێت کە هەر لەو شارۆچکەیەوە،گۆشەیەکی دی لە خەباتی دەست پێ دەکات کە ئەویش ئاوێزابوون بە باڵای چاند و زمانی کوردییە کە دەستکەوتی ئەم خەباتەیش،چەندان کتێب و دەیان وتارە. ئەم سیما خەمخۆرەی چاند و زمانی کوردی لە ناوچەی هەورامان، یەک لە دامەزرێنەرانی ئەنجوومەنی فەرهەنگی-ئەدەبیی “میرزا ئەحمەد داواشی”لە شارۆچکەکەی ڕوانسەرە کە ئەم بنکە چاندییە،دواتر تەکانێک بە بزاڤی ڕۆشنبیریی کوردی لەو ناوەدا دەدات. ئیتر تا دێت زێتر بە دوای حەز و خولیاکانیدا دەچێت. بە واتایەکی دی،هەر لێرەوەیە کە پتر ئاوێتەی دنیای چاند و فەرهەنگ و ڕۆشنبیری دەبێت. بە هاریکاری کۆمەڵە مرۆیەکی خەمخۆر،ئەنجوومەنی فەرهەنگی-ئەدەبیی میرزا ئەحمەد داواشی دادەمەزرێنن ئەرچی ئەم ئەنجوومەنە لە لایەن کۆمەڵە گەنجێکی ئەوێندرێوە وەبەر ڕەخنە دەکەوێت کە گوایە زێتر خۆ لە قاوخێکی کۆندا دەبینێتەوە و دەرکە لە ڕووی لاوان و داواکارییەکانی ئەم توێژە ناکاتەوە بەڵام بۆ وەلی فەتتاحی ئەم ئەنجوومەنە دەیخاتە سەر ڕێبازێکی نوێ و هەر لێرەوە ڕوو لە دنیای فەرهەنگ و زمان دەکات و دەست دەداتە نووسین لەسەر گەلێک پرسان و دیالێکتی هەورامی بۆ زمانی نووسینەکانی دەکار دەهێنێت. ڕاستە وەلی درەنگ دەست پێ دەکات بەڵام زۆر زوو دەتوانێت ڕێ ببڕێتە نێو کۆمەڵەی فەرهەنگیی هەورامانەوە.
وەلی،بۆ بەشێکی نووسینەکانی،زمانی ساتیر و تەنز دەکار دێنێت. ئەم زمانی ساتیرە،هەندێک جار ڕەخنەگرتنە لە کۆسپ و کەند و لەندەکانی بەردەم ڕووبەری جڤاکی بە گشتیی و کۆمەڵەی چاندیی بەتایبەت. بڕێک جاریش داکۆکی و لاگریکردنە لە زمان و چاند و دابونەریتی کوردی و هەروەها بەها واڵا مرۆیییەکان.
بەشێکی تری نووسینی ئەم سیما فەرهەنگییە،ڕووی لە گلێرکردنەوە و لێکدانەوەی سامانی زەنگینی ئاواز و مێلۆدی و گۆرانیی ڕەسەنی دەڤەری هەورامانە.
وەلی فەتتاحی، هەرگیز لە هەمبەر ئەوەی لە کۆمەڵدا ڕووی دەدا،تەنیا سەیرکەر نەبوو؛ پێنووسێکی پەرۆش بەرانبەر کۆمەڵگەکەی بوو. بەردەوامیش پێنووسەکەی بە هەمان مەبەست دەسووڕاند.
لە هەمبەر نووسەر و هونەرمەندانی دەڤەرەکەی بەوپەڕی خاکەڕاییەوە خامەکەی دەخستە گەڕ و دەیەویست ئەم نەریتە بۆ بەرەی ئەمڕۆ و سبەی نێو کۆمەڵەکەی بگوێزێتەوە کە ڕێز لە سیما خەمخۆرەکانیان بگرن.
هەر لە گەرمەی ئەم ئاوێزانبوونە بە ڕووبەری وێژەی کوردیدایە کە ئەوینێکی پاکژ و ڕۆچوون بە نێو جیهانە ڕەنگاڵەییەکەی ئەشقدا، وەلی دنە دەدات ڕوو لە وەرگێڕان و گوێزتنەوەی دووبەیتییەکانی باوە تایەر هەمەدانی بۆ سەر زمانی کوردی(دیالێکتی هەورامی)بکات. مەگین هەر ئەوەی سووتاوی ئەوینێکی بێگەرد بێت تا لە زمانە پاراوەکەی باوە تایەری لوڕ بگات!
وەلی بەو دەردەوە موبتەلا بوو هەر بۆیە دەست بۆ دووبەیتییەکانی باوە تایەر دەبات.
هەر کەس بێ دەردا،با هەر مەردە بۆ
دڵ عەشقش نەبۆ،با پەژموردە بۆ
بوڵبوڵ مەچڕۆ سەحەر،ئەو گوڵی
هەر کەس بێ عەشقا،ئیمان هەردە بۆ
(دوو بەیتییەکانی باوە تایەر هەمەدانی،وەلی فەتتاحی)
لە گەرمەی چالاکیی فەرهەنگیی و ڕۆشنبیریدا مخابن مەرگ بەرۆکی پێ دەگرێت و لە تەمەنی پێگەییشتن دا پەڕی ژینی هەڵدەوەرێت و ئۆغری دوایی دەکات و هەورامانەکەی و شاری نەوسوود دەبێتە دواهەواری و بۆ هەمیشە لە ئامێزی خاکی نیشتمان دا ستار دەگرێت.
“فەتە”،(کۆمەڵە تەنز) ،”چریکەی ئەهوورایی”(گۆرانیی و ئاوازەکانی هەورامان) و وەرگێڕانی”دووبەیتییەکانی باوە تایەر هەمەدانی” بۆ سەر دیالێکتی هەورامی،چەند بەرهەمێکی چاپکراوی وەلی فەتتاحی دێنە ئەژمار.
جێی ئاماژەپێدانە کە ڕۆژی سێشەممە،5ی ڕەشەممەی 2720(23ی فێبریوەری 2021)،”وەلی فەتتاحی”،نووسەر، وەرگێڕ و تۆرەوانی کوردی هەورامانی،لە تەمەنی 56 ساڵیدا ئۆغری دوایی دەکات و بۆ هەر هەمیشە لە باوەشی خاکی پیرۆزی نیشتماندا ئۆقرە دەگرێت. جێی ئیشارەت پێدانە کە شاری “نەوسوو”،بۆ هەمیشە دەبێت بە ئارامگەی ئەم کەسایەتییە گەلپەروەرە.


پاکژترین ئینتیزار
هەر دوێشەو بوو،
لە دوو سووچی
ئەم جەنجاڵستانەی ئێستا،
بە جووت باسی میهرەبانی
جارانمان بۆ یەکدی دەکرد،
ئۆخژنیشمان بۆ ناخ و دڵ دەگوێزتەوە.
دڵی،پڕی لە وەنەوشەی نیشتمان بوو،
کەچی ئەیوت:
تۆ نازانی برالە گیان چلۆن لێرە،
بە هەر هەنگاوێ بۆ ژیان،
کەلەبەرەکەت
لێ دەتەنن بە تەمتومان!
هەر کە ئەمدواند،
کوڕە خرتۆڵە دەروون میهرەبانەکەی هەورامان،
چۆڕچۆڕ ئەسرینی دەوەراند.
وەک خودی خۆم،
غوبەرتێکی ئەم زەمەنە تەنگەبەرە،
لە دەوری ناخی ئاڵا بوو.
“وەلی”خۆی بوو،
هەستم دەکرد،
هێشتاکە هەر،
هەمان کوڕە هەر هەمیشە دەم بە بزەی
خوێندنگەکەی دوێنێی عومرە،
وەک”سەراو هەوڵی”یەکەی جاران، ئارامیی پێیە بۆ دڵان. لەمێژە”وەلی”دەناسم، هێور وەکوو سپیدارە کۆنساڵەکەی”حەوزەلارە”،
کەچی نەیهێشت، جارێکی تر
بە دیداری شاد ببمەوە،
ئەم بەهارە.
سەد بەهار بێ و سەدیش بچێ،
شێوەی میهرت،
تازە لەسەر ناخم نەخشە و
هەرگیز هەرگیز،
لە دڵ ناچێ.
ئیتر بنوو وا بەهارە،
بە خەیاڵی هەورامانێ گوڵاڵەسوورە
داتدەپۆشم،
کە لە خەیاڵدانی مندا،
پاکژترین ئینتیزارە.

  • سەراو هەوڵی: یەک لە خۆشترین سەیرانگەکانی جارانی شاری پاوە دێتە ئەژمار کە لە نزیک خوێندنگەکەی دواناوەندیی سەردەمی ئێمە (دواناوەندیی شەهیدانی هەشتەمی گەڵاڕێزان) بوو کە بە هەزار داخ و کەسەرەوە، ئەم مەکۆ دیرۆکییەیش بە دەردی مرۆی ئەم سەردەمەوە گیرۆدەیە و ئێستا تەنیا یادەوەرییەکەی ماوەتەوە.
  • حەوزەلارە: یەک لە شوێنە هەرە دڵاواکانی شاری “نەوسوو”ی سەر بە “پاوە”ی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە شوکر هێشتا سێبەرەکەی،میهر بۆ دڵان دەگوێزێتەوە.

هۆمەر نۆریاوی

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish