Skip to Content

ئێران.. ئاڵترناتیڤ و تایبەتمەندییەکانی و گەرەنتی ڕاستەقینەی دواڕۆژ!… عەبدولڕەحمان گەورکی

ئێران.. ئاڵترناتیڤ و تایبەتمەندییەکانی و گەرەنتی ڕاستەقینەی دواڕۆژ!… عەبدولڕەحمان گەورکی

Closed
by ته‌مموز 17, 2022 General, Opinion


تێڕوانینێک بەسەر دوایین پێشهاتەکانی تایبەت بە ئێران
عەبدولڕەحمان گەورکی, نووسەر و لێکۆڵەری سیاسی


سەبارەت بە ئێران ساڵێکی تایبەتمان لە بەرە. چونکە رووبەڕووبوونەوەی خەڵک و موقاومەتی ئێران دژ بە حکوومەتی ئێران پێی ناوەتە قۆناغی کۆتایی خۆیەوە. راپەڕینە جەماوەرییەکانی دژ بە کابینەی (ئیبراهیم رەئیسی)، کە لە نێو خەڵکی ئێراندا بە “جەللادی ٦٧” ناسراوە، “بەربڵاو” و لەوەش گرنگتر “بەردەوام” بووە. هاوکات، موقاومەتی ئێران وەک تاکە “بەدیلی دێموکراتیک” بەرانبەر بە حکومەت، چالاکییەکانی خۆی لە پانتایی و بەردەوامییەکەیدا زیاتر کردووە و ئەم دووانە، بازنەی لەسەر مانەوەی دەسەڵاتی ئاخوندی بەرتەسک کردووەتەوە. هەر وەک شاهیدی ئەوەین کە دیکتاتۆری دەسەڵاتدار، لە هەنگاوێکی سەیر دا(!)، پاشماوەی دیکتاتۆری پێشووشی هێناوەتە مەیدان بۆ هاوکاریکردنی!
رۆژی دووشەممە 26ی بانەمەڕی ئەمساڵ (1401کۆچی خۆری)، مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا سەردانی ئەلبانیای کرد و چاوی بە موجاهیدینی خەلق کەوت لە ئەشڕەفی3 و لەگەڵ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران کۆبووەوە. ئەم دیدار و کۆبوونەوەیە لە لایەن کۆماریخوازێکی دیار و کاریگەر، کە تا مانگی ژانویەی ٢٠٢١ وەک وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کاری کردووە، لە هاوکێشەکانی پەیوەست بە ئێراندا جێگەیەکی تایبەتی بە خۆی بەخشیوە. پۆمپیۆ وێڕای ئاماژەدان بەوەی “حکومەتی ئێران لە لاوازترین خاڵی خۆیدایە” وتی: “سەرەڕای ئەو هەموو دەسەڵاتەی هەیەتی، پێویستە ئەمریکا داوای هاوکاری بکات لە موقاومەتی ئێران بۆ ئەوەی رووبەڕووی حکوومەتی تاران ببێتەوە”.
پۆمپیۆ وێڕای جەختکردنەوە لەسەر ئەو راستییە کە “ئێمە وەک گروپێکی ناسراوی سیاسیی راستەقینە لە واشنتۆن و جیهاندا پێویستمان بە ئێوەیە”، وتی: “بۆ راستکردنەوەی سیاسەت بەرانبەر بە ئێران، بەبێ گوێدانە ئەوەی کێ لە کۆشکی سپیدا دەسەڵاتدارە” حکومەتی ئەمریکا پێویستی بەوەیە کە پەیوەندیی هەبێت لەگەڵ موقاومەتی ئێران و ئەمەش یەکێکە لە هۆکارەکانی ئامادەبوونم لە ئەشڕەفی3″.
منیش ئەم رستەیە لە پۆمپیۆ بە قەرز وەردەگرم، کە وتی: “زۆرێک لە ئێمەی رۆژئاوایی دەزانین کە دەبێ فێڵێکی رژێمی ئێران وەلا بنێین کە گوایا لە ناو دەسەڵاتی ئێراندا شتێک هەیە بە ناوی میانڕەو. سەرکوتکردنی شۆڕش ناتوانێت بۆ هەمیشە بەردەوام بێت. هێزەکانی موقاومەت لە ناوخۆی ئێران لە هەموو کاتەکانی پێشوو بەهێزترن”.
وا دیارە ئەو رەوتەی بەڕێز پۆمپیۆ نوێنەرایەتی دەکات و شەخسی خۆی، شارەزایەتییەکی تەواویان هەیە لەسەر دۆخی سیاسی ئێستای ئێراندا و زۆر باش دەزانن کە دەبێ چی بکەن و چ هەنگاوێکی گرنگیان بەم ئاراستەیەدا هەڵگرتووە. چونكه‌ ئه‌م سه‌فه‌ره‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ هێڵێکی سیاسی و ستراتیژێكی نوێ و وه‌رچه‌رخانێكی گه‌وره‌یە به‌ ئاڕاسته‌ی دروستدا بەرەو داهاتووی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا.
بە پشت بەستن بەم سیاسەت و ستراتیژە و لە هەڵکشانێکی دیکەی رووداوەکانی تایبەت بە ئێراندا، دەبینین کە (مایک پێنس)، جێگری پێشووی سەرۆک کۆماری ئەمریکا (تا مانگی ژانویەی 2021)، سەردانی ئەلبانیا و بارەگای سەرەکیی موقاومەتی ئێرانی لەو وڵاتە(واتا ئەشرەف ٣)کرد. مایک پێنس لە دیدارەکەیدا لەگەڵ خاتوو مریەم رەجەوی وتی: “شانازییەکی گەورەیە بۆ من کە لێرە لە (ئەشرەف ٣) لە ئەلبانیا بم کە تیایدا بڵێسەی ئازادی لە ئێران بەردەوام و بە باشی دەدرەوشێتەوە. من زیاتر لە (5000) میل لە ماڵەکەمەوە لە ئیندیانا لە ئامریکا دوور کەوتوومەتەوە بۆ ئەوەی ئەمڕۆ لێرە بم. چونکە ئێمە ئامانجێکی هاوبەشمان هەیە. گەلی ئەمریکا لەگەڵ ئێوەدایە. ئەوان پشتگیری لە ئامانجەکەتان دەکەن بۆ دامەزراندنی کۆمارێک لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی ئایین و دەوڵەت، دیموکراسی و نائەتۆمی، کە دەسەڵاتەکانی لە ئیرادەی خەڵکەوە وەردەگرێت.
مایک پێنس کە لەوانەیە لە ساڵی ٢٠٢٤دا ببێتە کاندیدی پۆستی سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە نێو ئاپۆڕای موجاهیدیندا وتی: “ئێمە لە تەنیشت خەڵکی ئێراندا وەستاوین. ئەم دەسەڵاتەی ئێستای ئێران هەمیشە دەیەوێت ئەم جیهانە هەڵخەڵەتێنێت تا پێیان وابێت هیچ ئاڵترناتیڤ و بەدیلێک نییە بەرامبەریان، بەڵام ئاڵترناتیڤ هەیە. ئەم ئاڵترناتیڤە بە باشی رێکخراوە و بە تەواوی لێهاتووە و لەلایەن خەڵکەوە پشتیوانی دەکرێت، و خاتوو (مریەم رەجەوی) سەرۆکایەتی دەکات”. پێنس هەروەها وتی: “رژێمی تاران دەیەوێت جیهان هەڵخەڵەتێنێت کە خۆپیشاندەران و راپەڕینکاران لە ئێران خوازیاری گەڕانەوەی دەسەڵاتی (دیکتاتۆری حەمەرەزاشا)ن. بەڵام دەمەوێت گەرەنتی ئەوەتان پێ بدەم کە ئێمە بە درۆکانیان هەڵناخەڵەتێین”.
مایک پێنس لە بەشێک لە وتارەکەیدا وتی: “بەداخەوە پشتیوانیکردنی لاوازی ئیدارەی ئۆباما و بایدن لە راپەڕینەکانی ئێران و خۆ بە دوورگرتنیان لە لە گرتنەبەری هەنگاوی کردەیی بۆ پشتیوانیکردن لە راپەڕینی خەڵکی ئێران، وای لە کاربەدەستانی رژێمی دیکتاتۆری ئێرانی کرد تا زیاتر لە جاران ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان سەرکوت بکەن. بەڵام چرای هیواخوازی بۆ ئێرانی ئازاد هەرگیز ناکوژێتەوە. ئەم راستییە ئێستا لە جاران روونترە بۆ ئێمە کە ئەمڕۆ لێرەین لە ئەشرەف3. چونکە من ئەوە لە سیمای هەر یەک لە ئێوەدا دەبینم و ئەو توانا و متمانە بەخۆبوونەی لە رووخسارتاندا دەبینم ئەوەم پێ دەڵێن کە خەڵکی ئێران رۆژێک ئازاد دەکرێن”.
بەڕێز پێنس لە درێژەی قسەکانیدا وتی: “داوا لە ئیدارەی بایدن دەکەم لە تەنیشت خەڵكی ئێراندا بوەستێت و لە هەموو دانوستانەکانی ئەتۆمی لەگەڵ (ڕژێمی) تاران بکشێتەوە و پشتیوانیکردنی خۆی لە ئۆپۆزسیۆنی رێکخراوی ئێران رابگەیەنێت. توندوتیژی و دڕندەیی رێژیمی ئێران بەڵگەی ئەو راستییەیە کە ئەم رێژیمە لە جاران لاوازترە. گەورەترین نیشانەی لاوازی رێژیمی ئێران، دەستنیشانکردنی (ئیبراهیم رەئیسی)یە وەک سەرکۆماری حکومەتی ئێران. تاوانەکانی ئیبراهیم رەئیسی بێ سزا نامێننەوە و دەبێت وەک تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دادگایی بکرێت. هیچ دەسەڵاتێکی ستەمکار ناتوانێت بۆ هەمیشە بمێنێتەوە. لەناو دڵی هەموو مرۆڤێکدا ئاگرێکی نەکوژاوە هەیە کە بۆ رزگاری دەسوتێت”.
ئەم دوو دیدار و کۆبوونەوە مێژوویی و گرینگە، کە هاوکاتن لەگەڵ پەرەسەندنی راپەڕینە جەماوەریەکان لە شار و ناوچە جیاجیاکانی ئێراندا، ناهاوسەنگی رێژیمی زۆر زیاتر کردووە و ئاسۆێکی روونی خستۆتە بەردەم خەڵک و موقاومەتی ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. چونکە “سیاسەتی سازشتکردنی رۆژئاوا” لەگەڵ رژێمی ویلایەتی فەقیهی ئێران، لەمپەڕێکی زۆر گەورەی خستۆتە سە رێگای گۆڕانکاری لە ئێران. دەکرێت ئەم دیدار و کۆبوونەوە و بەسەرکردنەوانە، وەک سەرەتایەک بەرەو کۆتاییهاتنی سیاسەتی سازشت و موداراکردن لەگەڵ رژێمی ئێران سەیر بکریت.
ئه‌گه‌رچی ئه‌م دوو دیدار و کۆبونەوەیە، هەڵگری په‌یامگەلێکی گرینگن دەرباره‌ی بارودۆخی ئێران، به‌ڵام لەبەر ئەوەی هاوکاتە لەگەڵ (گردبوونەوەی ساڵانەی موقاومەتی ئێران) زۆر گرینگن. ئەم گردبوونەوەیە لە 23ی تەمموزی 2022 بە شێوەی حزووری و ئۆنلاین دەست پێدەکات و بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت. لەم گردبوونەوەیەدا، بە ئامادەبوونی سەدان کەسایەتی و پەرلەمانتار و شاندی وڵاتانی جیاجیا لە پێنج کیشوەری جیهانەوە و هەروەها بە ئامادەبوونی خاتوو مریەم رەجەوی سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی موقاومەتی ئیران بەڕێوە دەچێت و دوایین پێشهات و رووداوەکانی پێوەندیدار بە ئێران باس دەکریت.
کاردانەوەکان!
دوابەدوای دوو گەشتە گرنگ و مێژووییەکەی مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا (تا مانگی یەکەمی ٢٠٢١) بۆ ئاڵبانیا و “ئەشرەف ٣” و دیدار لەگەڵ خاتوو (مریەم رەجەوی)، شاهیدی شەپۆلێکی کاردانەوە بووین لە لایەن هێز و ڕەوتەکان و بە تایبەت لە لایەن ڕژێمی دەسەڵاتداری ئێرانەوە. شەپۆلێک کە پێش هەر هەڵسەنگاندن و لێکۆڵینەوەیەک، ئاماژەیە بۆ گۆڕانکارییەکی گەورە لە پێوەند لەگەڵ ئێراندا. رق و تووڕەیی رژێمی ویلایەتی فەقیهی ئێران لە لایەک و لە لایەکی دیکەشەوە، دڵخۆشی و خۆشحاڵبوونی خەڵک و لایەنە جەماوەرییەکان. ئەوەی سەرنجڕاکێشە، هەڵبەز دابەز و هات و هاواری لایەنانێکە کە لە ژێر دروشمی جیاوازدا، خۆیان بە ئۆپۆزسیۆنی ئەم رژێمە دادەنێن!
رووداوەکانی هەردوو دیوی سنوورەکانی ئێران، بەڵگەی ئەو ڕاستییەن کە حکومەتی دیکتاتۆری ئێران لە لاوازترین دۆخی خۆیدایە و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵک و بە تایبەت چالاکیی یەکینەکانی شۆڕش (کانون های شورشی) لەناوخۆی ئێراندا و درەوشاوەیی موقاومەتی ئێران لە لوتکەی هێز و گەشەسەندندایە.

ئاڵترناتیڤی دیموکراتی و ڕاستەقینەی ڕێژیمی ئێران
دیدار و کۆبوونەوەکانی ئەم دواییانە بە شێوەیەکی بەرچاو تیشک دەخەنە سەر تاکە بەدیلێکی دێموکراتیکی دژ بە ڕژێم (واتە ئەنجومەنی نیشتمانیی موقاومەت). لەم ساڵانەی دواییدا و بە تایبەت لە چەند مانگی ڕابردوودا، هەوڵێکی زۆر درا لەلایەن دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئێران و هەندێک کۆڕ و کۆمەڵی سازشتکار لە ڕۆژئاوا، بۆ لادانی ڕێڕەوی ڕاپەڕینە جەماوەرییەکانی ئێران و لەناوبردنی (یان لانیکەم پەکخستنی) ئەم ئاڵترناتیڤە . لە ناخی ئەم جۆرە هەوڵانەدا، پێویستە پەنجە بخرێتە سەر پرۆژەیەک کە وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران، بە دزەکردنە ناو ڕیزەکانی راپەڕینکاران لە ناوخۆی ئێران و بەرزکردنەوەی درووشمی “ڕۆحی ڕەزا شا شاد بێت” دەستی پێکردبوو و بۆ ئەم پرۆژەیەش، پاشماوەی دیکتاتۆریەتی پێشوویشی خستە خزمەت خۆیەوە لە دەرەوەی ئێراندا. مەبەستی سەرەکی ئەم کارە بریتی بوو لە هێشتنەوە و مانەوەی دەسەڵاتی دیکتاتۆری لە ئێران!

تایبەتمەندیی بەرچاوی ئاڵترناتیڤ بۆ ئێران و ناونیشانەکەی!
تا ئێستا زۆر شت دەربارەی تایبەتمەندییەکانی بەدیلێک بۆ ڕژێمی دیکتاتۆری ئێران وتراوە و دەتوانرێت زیاتریشی بۆ بگوترێت. بەڵام ئەوەی دەکرێ وەک گرنگترین تایبەتمەندی ئاماژەی پێبدرێت، “مێژووی هەبوونی و مانەوەی و خۆڕاگریی بەدیل”ە، کە تایبەتمەندییەکی ناوازەی (ئەنجومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران)ە، وەک درێژخایەنترین هاوپەیمانی سیاسی لە مێژووی ئێراندا. بە تایبەت کە “سازمانی موجاهیدینی خەلقی ئێران” ئەندامی ناوەندییەتی، و خاوەن مێژووی خەبات و تێکۆشانە بەرانبەر بە دوو دیکتاتۆرییەت و تێپەڕبوونی بە ناو گەلێک ڕووداو و تاقیکردنەوەی مێژوویی خوێناوی و تێچووی زۆریشی بۆ داوە. بەجۆرێک کە بارودۆخی ئێران بە هەر ئاراستەیەکدا بڕوات، ئەم هێزە ڕێگای بە ڕووی ئاڵترناتیڤە دەستکرد و ساختەکاندا(!) داخستووە و ئایندەی ئێرانی لە بەرژەوەندی گەل و نیشتماندا مسۆگەر کردووە!

گەرەنتی بۆ دواڕۆژی ئێرانێکی ئازاد!
جگە لە ڕابردوویەکی گەش و تێپەڕبوونی سەرکەوتووانەی بە ناو زۆرێک تاقیکردنەوەی هەناسەبڕ لە مێژوودا و لە ناخی خەباتی دژ بە دیکتاتۆرییەتدا، کە دەتوانێت نیشاندەرێکی باش بێت بۆ هەڵسەنگاندنی هێزێکی ڕەسەن و خۆڕاگر و سەقامگیر لە کۆمەڵگادا، ئەم هێزە دەبێت خاوەنی بەرنامەی جیدی و پلانی ڕوون بێت بۆ داهاتوو. هەر لە یەکەم ڕۆژەوە، موقاومەتی ئێران ستراتیژیی خۆی لەسەر ڕووخاندنی ڕژێمی ویلایەتی فەقیهی ئاخوندی راگەیاند و باجێکی قورسیشی بۆ دا. بە واتایەکی تر، تاکە هێزی گۆڕەپانەکەیە کە هەرگیز لە ستراتیژەکەی و لە دروشمە سەرەکییەکەی خۆی، واتا “نە شا و نە ئاخوند” لای نەداو و نەخشە رێگا و رێبازە گشتییەکەی بریتی بوو لە رەتکردنەوەی دیکتاتۆرییەت لە ئێراندا، بە ئێستایشەوە.
بە ڕەچاوکردنی بەڵێن و قوربانیدانی بێسنوور و بۆ گەرەنتیکردنی پلان و سیاسەت و پڕۆژە ڕاگەیەندراوەکانی موقاومەت بۆ ” ئێرانی ئازادی دواڕۆژ”، پێویستە پەنجە بخرێتە سەر پلاتفۆرمی ١٠ خاڵیی خاتوو مریەم ڕەجەوی، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەم ئەنجوومەنە. پلاتفۆرمێک کە لە لایەن زۆرینەی هەرەزۆری خەڵکی ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت و پاڵپشتیکردنی بەشێکی بەرفراوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشی لەگەڵدایە. لەم پلاتفۆرمەدا جەخت لەسەر ئازادییەکان، مافەکانی ژنان، مافەکانی نەتەوەکان، جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت، پێکەوەژیان و ئاشتی لەگەڵ وڵاتان و بەتایبەت وڵاتانی دراوسێی ئێران و هەروەها ڕەتکردنەوەی چەکی ناوکی کراوەتەوە.
پێوەرەکانی ئاڵترناتیڤ و پرسی ڕۆژی سیاسەت لە ئێران
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا هەوڵی بەرفراوان دراوە لە لایەن هەندێک لە دەوڵەتانی سازشتکار بۆ هێنانەکایەی بەدیلێک بۆ ئەم ڕژێمە. بەڵام نەبوونی شەرعیەتی جەماوەری و ئامانجە دژە نەتەوەییەکانیان و بە تایبەتی هەبوونی تاڵترناتیڤی راستەقینە و دێموکراتیک، واتە ئەنجومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران، هەموو ئەم هەنگاوانە شکستیان هێنا و نەیانتوانی لە ئیعتباری جەماوەری و جیهانی بەهرەمەند بن.
ئیدیعاکارانی ئەم جۆرە ئاڵترناتیڤانە و هەروەها ئەوانەی دەڵێن “هیچ ئاڵترناتیڤێک بۆ ئەم رژێمە نییە”، ئامانجێکی هاوبەشیان هەیە. ئەوان خوازراو و نەخوازراو، دەیانەوێت “دیکتاتۆرییەت” لە ئێراندا بپارێزن. بەڕێز مایك پێنس، لە وتارەكەیدا لە (ئەشرەف 3) و لەناو ئاپۆرەی موجاهیدیندا وتی: “ڕژێمی ئێران دەیەوێت خەڵك هەڵخەڵەتێنێت، کە گوایا خەڵكی ئێران خوازیاری گەڕانەوەی “دیكتاتۆرییەتی شا”ن. ئێمە بەو درۆیە گێل نابین کە دەڵێت دیکتاتۆرییەتی شا، جێگەی ئەم دیکتاتۆرییەتە بگرێتەوە. دەسەڵاتی ئێران دەیەوێت جیهان هەڵبخەڵەتێنێت کە باوەڕی بەوە هەبێت کە هیچ ئاڵترناتیڤێک بۆ دۆخی ئێستا هەبوونی نییە. بەڵام ئاڵترناتیڤ بوونی هەیە و بە باشیش ڕێکخراوە و بە تەواوی کارامەیی هەیە و لەلایەن خەڵکەوە پشتیوانی دەکرێت. هەموو ئەوانەی ئەمڕۆ لە ئەشرەف ٣ گردبوونەتەوە و جێگەی ئومێدن بۆ خەڵکی ئێران”.
دوا وتە!
ئەو پێشهاته گرینگ و گەورانەی تایبەت بە ئێران و موقاومەتی ئێران رووی داوە لە ماوەی چەند ساڵ و مانگی رابردوودا، تیشت دەخەنە سەر چەند پەیامی روون و لەوانە:
رژێم لە لاوازترین دۆخی خۆیدایە و هێنانە سەرکاری “ئیبراهیم رەئیسی” وەک “سەرۆك كۆمار” گەورەترین هەڵەی حیساباتی (عەلی خامنەیی)یە و نیشانەی بن بەست و چەقبەستوویی تەواو و لاوازبوونی رژێمە لە رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكاندا.
سیاسەتی سازشتکردن و نەرم و نیانیی ڕۆژئاوا بەرانبەر بە ڕژێمی ئیران شکستی هێناوە و هەبوونی ڕەوتێک بە ناوی “سەڵتەنەتخوازی لە کۆمەڵگای ئێران”دا بێ بنەمایە.
موقاومەتی ئێران وەک “تاکە ئاڵترناتیڤی ڕاستەقینە و دێموکراتیک” و “ڕێکخراو و پێکهاتوو” دژ بە ڕێژیمی ئێران توانیویەتی بەسەر زۆر ئاستەنگەکاندا زاڵ بێت و پلاتفۆڕم و سەکۆیەکی ڕوون و کردەیی بێت بۆ داهاتووی ئێران، کە زۆرینەی خەڵکی ئێران و بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی جیهانیش پشتیوانی لێدەکەن.


mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish