Skip to Content

زۆرلێکردن لەئایندا … مە حمود عەبدوڵڵا

زۆرلێکردن لەئایندا … مە حمود عەبدوڵڵا

Closed
by ئه‌یلول 12, 2018 General, Opinion

ئاین باش بێت، یان خراپ ڕاست نییە.وە ئەو ئاسودەییەی ئیمان بەمرۆڤی دەبەخشێت ،هەمان ئاسودەیی ناپێگەیشتوییە،واتا ئیمان دەرەنجامی ناپێگە یشتوییە.”لای کانت ناپێگەیشتویی نەتوانینی بەکار هێنانی فەهم و زانینی خۆتە بە بێ گەڕانەوە بۆ ئەویتر”
باوەڕدارانیش بەزۆری لەکاتێکدا دەکەونە چاڵی تاریکی ئاین، کە هێشتا تەمەنێکی کەمیان هەیە لەوتەمەنەدا کە یۆتۆپیایەکیان بۆ دروستدەکرێت بەردەوام وەک ئومێدێک بۆژیان و مردن لەنەستیاندا دەمێنێتەوە . ئەو نەستەی کەوەک کونە ڕەشەکانی گەردونە لەدەروندا بە ئاسانی ئەستێرەی عەقڵ قوتدەدات.لەلایەکیترەوە باوەڕهێنان بە یۆتۆپیای ئاین جگە لەڕاکردن لەواقیع و بێچارەیی مرۆڤ شتێکیتر نییە.مرۆڤ ناتوانێت ئەوە قبوڵ بکات کە”فڕێدراوەتە جیهانەوە” و چونکە پێی وایە ئەو ڵەوە گەورەترە کە مەبەستێک لەپشت خەلقکردنییەوە نەبێت و،ناتوانێت ئەوڕاستییە قبوڵبکات کە” ئەویش ئاژەڵێکی پێشکەوتووە” .

مرۆڤ کاتێک دەکەوێتە داوی باوەڕەوە کە ناتوانێت سەرنجێکی ڕۆشنگەرانەی هەبێت بەرامبەر ئاین، کاتێک مێشکی پڕدەکرێت بە ئاین کە نەزانە لێرەوە کە بەردی ئیمان بە ئاسانی لە گۆمی نەستدا نایەتە دەرەوە و ئیمان دەبێتە هەست و نەستی.لەبنەڕەتدائاین بناغەیەکی عەقڵانی نییەو لەسەر خورافات دامەزراوە،لەگەڵ پێشکەوتنی هزری مرۆڤ ئەویش پێشکەوتووە گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە،بەرەبەرە بەرگی ئەفسانەی لێداماڵڕاوە بەڵام بەتەواوی نەیتوانیوە لە ئەفسانە ڕزگاربێت و بەشێکی دەقە ئاینییەکان بریتین لە ئەفسانەکان،دەتوانین بڵێین ئاین بۆتە بەشێک لە” پێکهاتەی هزری کۆمەڵگا و تائێستا بەردەوامە.”

مرۆڤ تەمەنێک بەڕێدەکات لەگەڵ یۆتۆپیایەک کە لەمناڵییەوە بۆی دروستبووە ،کاتێکیش بە ئاگادێتەوە کە نیوەی ڕێگاکەی بڕیوە بەرەو یۆتۆپیاکەی و لەلایەکیتریشەوە ناتوانێت بە م ڕێگایەدا بگەڕێتەوە هەرچەندە هەواڵی نەمانی یۆتۆپیاکەش ببیستێت دوعادەکات هەواڵەکە درۆبێت.ئەوەیە کێشەی بڕواداران کە”حەزدەکەن ئاین ڕاستبێت” ئەم حەزەش بەردەوام خۆی دەسەپێنێت بەسەربیرکردنەوە دا و دەبێتە وەهمێک کە بە ئاسانی بە تۆڕی عەقڵەوە نابێت. ڕەنگە گەیشتن بەم ڕاستییەش مرۆڤ توشی شێوانێکی دەرونی بکاتەوە.چونکە بەڕاستی عەقڵ وڵامەکانی بۆ چارەنوسی مرۆڤ دڵخۆشکەرنین!بەڵام ناکرێت بە درۆ دڵمان خۆشبێت، ڕاستی تاڵە .
کێشەی مرۆڤ ئەوەیە ناتوانێت لەیەک کاتدا باوەڕ بە دوو شتی جیاواز بێنێت،ئەگەر باوەڕ بە عەقڵ بهێنێت دین لەدەست دەدات و ئەگەر باوەڕیش بە دین بێنێت عەقڵانیەت لەدەست دەدات ،و بەتەواوی دەکەوێتە ژێردەستی هەست و نەستەکان و وەک خەوێنەرێک و ئیتر بۆکۆیی بوێت ئەیبەن بۆ بەهەشت و جەهەنەم و …بەڵام مرۆڤ ناتوانێت ڕۆشنگەرانە دونیا لێکبداتەوە و بەدوای هەست و نەستەکانیشیدا بچێت.

ئەوە گەورەیی و ناوەڕۆکی ئاین نییە کە مرۆڤی گرتووە و ناهێڵێت بەرەو عەقڵانیەت بچێت، بەڵکو ئەوە هەست و نەستەکانن .ئەوە”خەنجەری ئاینە کە دراوە لە ئەندێشەو دانایی لەبیرکردنەوە جیاکردۆتەوە” بەڵێ هەست و نەستەکان زۆر لەمرۆڤ دەکەن کە باوەڕداربێت،زۆرلێکردنی ئاین لەوێدایە کەمرۆڤ دەخاتە ژێر دەستی هەست و نەستەکان!ئەمە زۆر لێکردنێکی ناڕاستە و خۆیە،ئاخر هەست و نەستەکان وامان لێدەکەن حەزبکەین ئاین ڕاستبێت .بەشێکی زۆری باوەڕ بەهۆی ئەوەوەیە کە ئاین هیچ سنورێک ناناسێت و بە گوێرەی هەست و نەستەکان هەموشتێک لێکدەداتەوە جا لەبەر ئەوەی مرۆڤ توشی دەردی هەست و نەستەکان دەبێت ئەگەر وڵامەکانی ئاین نازانستیو مەنتیقیش بن و گومانیش دروستبکەن دیسان ئاین ئەو گرفتەش چارەسەردەکات و پێی دەڵێت”گومان لەشەیتانەوەیە”بۆیە زۆر بە ئاسودەیی تۆبەیەک دەکات تەوبە لەبیرکردنەوە،خوایە تەوبە جارێکیتر بیرناکەمەوە نەک بمریت!مرۆڤ حەزدەکات ئاین ڕاستبێت،چ باوەڕدار چ بێباوەڕ،واتا لەبنەڕەتدا دژایەتی دین دژایەتی دەردی هەست و نەستەکانە نە خودا،ئەوە ی کە هەرکەس ڕەخنەی لەدین گرت بەدوژمنی خوا دادەنرێت لەلایەن باوەڕداران ئەوە تەنیا فێڵێکی بەرگری دەرونییە و ڕاکردنە لە وەڵام دانەوە و هەر وەها ئاسودەیی دەرونییشە.باوەڕدار بەم خۆ کەڕکردنە هەم خۆ لەوەدەدزێتەوە کە چارەنوسی بداتە دەست عەقڵ و هەم سەرێشە بۆخۆی دروستناکات. باوەڕدار کەبیریش بکاتەوە بیر لە ئاین دەکاتەوە .

ڕەنگە باوەڕدارێک بڵێت ئەی تۆ چۆن لەدەردی هەست و نەستەکان ڕزگاربویت،ئەرێ کێ ناڵێت تۆش حەزناکەی ئاین ڕاست نەبێت؟ بەڕای من ڕزگاربون لە داوی ئاین تەنیا پەیوەست نییە بە زانین و فەهمی مرۆڤەوە بەڵکو بەیوەندیشی بە بونی ڕۆحی یاخیبونەوە هەیە دەبێت بتوان یاخیببیت،ئاخر مرۆڤ کە بترسێت دەبێت لە تاریکییەکەدا ڕابوەستێت ،پاشان ئەوە ئەزمونێکی دورو درێژە دەستبردنە بۆ ترسەکان و پوچڵکردنەوەیان،لەهەمویگرنگتر توانای قبوڵکردنی دەرەنجامەکە یە ،قوڕسترینکار بۆ مرۆڤ هەڵگرتنی چارەنوسی خۆیەتی”ڕاستی قورسە بۆیە هەڵگری کەمە”
تائێرە زۆرلێکردنێکی سروشتی ئاشکرایە بەهۆی گرفتاربونمان بەدەردی هەست ونەستەکان. جۆرێکیتر زۆر لێکردن لە ئایندا هەیە ،ئەویش سەرچاوەکەی کۆمەڵگایە،واتا لە ڕێگای لێدان لەکەسایەتی مرۆڤ ئاین ڕێدەگرێت لەوەی مرۆڤ بە ئاشکرا باوەڕ نەبونی خۆی بەیان بکات ،یان ئەگەر باوەڕی خۆی نەشارێتەوە ڕەنگە کەسایەتی لەکەداربێت”بەهۆی نا پێگەیشتویی باوەڕدارانەوە” بانمونەیەک لە قورئان وەربگرین کە چۆن دەرچون لە نەریتی کۆمەڵگای کردووە بە چەکێک دژی تاک.

هەرچەندە لەقورئاندا ئاماژە بەوە دەکرێت کە زۆر کردن لەدیندا نییە،بەڵام لە لایەکیترەوە ڕێگە لە مرۆڤ دەگرێت کە ئازاد بێت و سوکایەتی بەهەر کەسێک دەکات کە باوەڕناهێنێت ئەمەش جۆرێکە لە ستەم و زۆرلێکردن سەرنجی ئەم ئایەتە بدەن “ولقد انزلنا الیک وما یکفر بها الا الفسقون” ئەم ئایەتە سوکایەتیدەکات بەو کەسانەی بڕوا ناهێنن و هەرکەسێک باوەڕی نەبێت بە بەبەدکاری ناودەبات! لەچەندین شوێنیتر ئاماژە بەوەدەدات کە ئەوانەی باوەڕناهێنن بەدکارن،ئەمەش کاری هەموکەس نییە و ناتوانێت ڕوبەڕوی کۆمەڵگایەک بێتەو ە کە بەتەواوی خۆی داوەتە دەست هەست و نەست و خوڕافیاتەکانی. هەم هەست و نەستەکان و کۆمەڵگا ،هەم خێزان و پەروەردە وهەم ترس وادەکات مرۆڤ نەتوانێت باوەڕەکەی بخاتە ژێرتیشکی عەقڵ و سەربەخۆ هەڵیسەنگێنێت.

مە حمود عەبدوڵڵا

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish